لەهەولێر تا باكۆ بیانووی ئێران بەئازەربایجان

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئازەربایجان دوای 30 ساڵ پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دواجار باڵیۆزخانەكەی لەتەلئەبیب-ی پایتەختی ئەو وڵاتە كردەوە، ئەوەش بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی تووڕە كردوەو بەڕاشكاوی رایانگەیاندوە تەلئەبیب هۆكاری توندبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان باكۆو تارانە.
تاران بەبەردەوامی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات كە لەخاكی ئازەربایجانەوە چەند جارێك هێرشی لەدژی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەكانی ئێران ئەنجامداوەو لەبەرامبەریشدا تاران هەرێمی كوردستانی بەبیانوی بوونی ئەندامانی سەربازیی ئیسرائیل بۆردوومان كردووە.
پریشكی ململانێكانی ئیسرائیل و ئێران جگە لەئازەربایجان بەرۆكی هەرێمی كوردستانیشی گرتووە، سوپای پاسداران لەساڵی رابردوودا بەبیانوی بوونی بنكەی ئیسرائیل بە 12 موشەك ماڵی بازرگانێكی لەهەولێر كردە ئامانج.
كۆماری ئازەربایجان دووەم وڵاتی جیهانە لەدوای ئێران كەزۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەكەی موسوڵمانی (شیعە)ن، بۆیە هەر لەو سۆنگەیەوە گرژبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و باكۆ مایەی سەرنجەو دوور نییە قوڵبوونەوەی كێشەكان زیان بەكورد نەگەیەنێت.
وەزیرانی درەوەی ئێران و ئازەربایجان لەدوو رۆژدا زیاترین پەیوەندیی تەلەفۆنیان پێكەوە ئەنجامداوەو میدیاكانیش ئاماژەیان بەوە كردووە كۆماری ئیسلامی بەڕاشكاوی پەیوەندیی نێوان تەلئەبیب و باكۆی بەقبوڵنەكراو زانیوەو لەبەرامبەردا ئازەربایجان جەختی لەسەربەخۆبونی سەرەوەیی سیاسی و سەبازیی وڵاتەكەی و پەیوەندییەكانی كردووەتەوە.
هەرێم گیرۆدەی ململانێی ئیسرائیل و ئێران لەئازەربایجان
ئەگەرچی زیاتر لەساڵێكە ناكۆكیی و گرژیی لەپەیوەندییەكانی نێوان تاران و باكۆ هەیە، بەڵام ئەو گرژیانە بەهێرشكردنەسەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لەڕۆژی هەینی (27/1/2023) لەتاران توندیی زیاتری بەخۆیەوە بینی و ئازەربایجان باڵیۆزخانەكەی بەتەواوەتی داخست و رایگەیاند تەنها كونسوڵخانەكەی لەشاری تەبرێز ئەرك و كارەكانی نێوان باكوو تاران جێبەجێدەكات.
كۆماری ئیسلامی ئێران تائێستا باڵیۆزخانەكەی لەباكۆ دانەخستووەو كونسوڵخانەكەی لەهەرێمی نەخجەوان بەردەوامە لەئەرك و كارەكانی.
لەم هەفتەیەداو دوای 30 ساڵ پەیوەندیی نێوان ئازەربایجان و ئیسرائیل كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لەتەلئەبیب گرژییەكانی قووڵتر كردەوەو كۆماری ئیسلامی ئەو هەنگاوەی بەناپاكیی ئازەربایجان بەرامبەر موسوڵمانانی جیهان ناوبرد.
هەر لەچوارچێوەی ئەو گرژیانەدا سوپای ئازەربایجان لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا دوو مانۆڕی سەربازیی لەسنورەكانی دەریای قەزوێن و هەرێمی نەخجەوان ئەنجامدا كەئەوەش پەیامی روون و ئاشكرابوو بۆ تاران، چونكە هەردوو ئەو ناوچەیەی مانۆڕە سەربازییەكەی تێدا ئەنجامدرا هاوسنوور بوون لەگەڵ ئێران.
وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان لەماوەی دوو مانگی رابردوودا دەستگیركردنی زیاتر لە 60 كەسی بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ دەسەڵاتی تاران راگەیاندووەو كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت زۆربەی ئەو كەسانەی كەدەستگیركراون پێشەواو مامۆستای ئایینی بوون.
لەكرماشان تا باكۆو هەولێر
ئێران لەساڵی 1984و لەكاتی جەنگ لەگەڵ عێراق دەستیكردووە بەدروستكردنی ژمارەیەك بنكەی ژێرزەوی بەمەبەستی شاردنەوەی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكە جەنگییەكانی كەژمارەیەكیان دەكەونە زنجیرە كێوەكانی زاگرۆس لەڕۆژهەڵاتی كوردستان.
دوای ئەوەی یەكێك لەو بنكانە لەناوچەی كرماشان لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆردومان كرا، ئێران لەڕێكەوتی (13/3/2022) دەستی بەموشەكبارانكردنی ماڵی شێخ باز بەرزنجی لەهەولێر كردو رایگەیاند سێ ئەفسەری ئیسرائیلی لەو هێرشەدا كوژراون و نزیكەی حەوت برینداریش بەفڕۆكەی ئەمریكی بۆ ئوردن گوستراونەتەوە.
هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو هێرشانە رایگەیاند هێرشە موشەكیەكانی سوپای پاسداران تەنها زیانی ماددی لێكەوتووەتەوەو هیچ كوژراوێكی لێنەكەوتووەتەوە.
پێشتر محەمەد باقری، سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران هۆشداریی دابوو كەئەگەر ئیسرائیل لەهەر وڵاتێكەوە هێرش بكاتەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوا ئەو وڵاتەش لەلایەن سوپای ئێرانەوە دەكرێتە ئامانج و جەختی لەوە كردبووەوە هەر وڵاتێكی ئیسلامی و عەرەبی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە ئەوا ناپاكیی بەرامبەر جیهانی ئیسلام كردووە.
ئازەربایجان زیاتر لە 432 كیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەل ئێران هەیەو دوو سەدە پێش ئێستا بەشێك بووە لەخاكی ئێران، بۆیە زۆر ئاساییە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆستانە بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە كەوڵاتێكی وەك ئیسرائیل بكرێتە بیانووی سەرەكیی تێكچونی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە، دۆستایەتیی 200 ساڵە بۆ دوژمنایەتیی بگۆڕدرێت.
ئیسرائیل ساڵی 2019 رێككەوتنێكی سەربازیی، ئەمنیی و هەواڵگریی بەڕەسمی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان ئیمزا دەكات و ئەوەش نیگەرانیی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێدەكەوێتەوەو سایتی ویكیلیكس ئاشكرای كردبوو كە لەساڵی 2009 ئیسرائیل رێككەوتنێكی لەگەڵ ئازەربایجان كردووە، بەپێی رێككەتنەكە دەبێت باكۆ لەبەرەی جەنگ لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت و پابەندبێت بەڕێككەوتنەكەوە.
لەساڵی 2020 تائێستا سوپای ئێران و سوپای پاسداران زیاترین مانۆڕی سەربازییان لەسنورەكانی ئازەربایجان ئەنجامداوەو ئەوەش توندبوونەوەی لێدوانی بەرپرسانی تاران و باكۆی لێكەوتووەتەوە.
باكۆو تاران لەتوندترین و ئاڵۆزترین قۆناغی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوانیاندان، بەڵام شارەزایانی سیاسی پێشبینیی جەنگی سەربازیی ناكەن بەتایبەت كەئاڵوگۆڕی بازرگانیی و پەیوەندییەكانی نێوان روسیاو توركیا دەتوانێت ئاوێك بكات بەئاگری ململانێی ئەو دوو وڵاتەدا.
چاوەڕواندەكرێت هاوشێوەی رێككەوتنی سعودیەو ئێران لەچین لەسەر دەستی روسیاو بەنێوەندگیریی توركیا، رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی نوێ لەنێوان تاران و باكۆ بێتەئاراوە بەتایبەت كە نە روسیاو نە ئێران نایانەوێت لەئێستادا بەرەیەكی جەنگ لەو ناوچانە بكرێنەوە.
