ڕۆیتەرز: هێزی ئاسمانی ڕوسیا بە هەڵە شارێکی خۆیانی بۆردومان کردوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فڕۆکەیەکی جەنگی ڕوسی سوخۆی-34 بە هەڵە بۆردومانی شاری بێلگۆردی ڕوسی نزیک سنوری ئۆکرانیا کرد ولە ئەنجامدا سێ کەس برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزبڵاویکردەوە، دوێنێ ڕوسیا بە هەڵە بۆمبێکیان لە شارێکی ڕوسی هەڵداوەتە خوارەوەو لە ئەنجامدا سێ کەس بریندار بوون و چەندین باڵەخانەو سەیارە زیانیان پێگەشتووە.
پارێزگاری شاری بێلگۆرد کە ناوی ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ شەوی ڕابردوو باری نائاسایی ڕاگەیاند و وتی لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکان بە درێژی 20 مەتر بۆردومانکراوەو. وتیشی چوار ئۆتۆمبێل و چوار باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە و سێ هاوڵاتیش بریندار بوون.
لەم بارەیەوە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند فڕۆکەکەیان کە لە جۆری شەڕکەری سەروو خێرایی دەنگ سو-34 بە ڕێکەوت و هەڵە تەقەمەنی هەڵداوەتە خوارەوەو ڕوداو بووە.
وەزارەتەکە وتیشی هەندێک لە بیناکان زیانیان بەرکەوتووە و ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەیەک لە ئێستادا بەردەوامە.
هەرێمی بێلگۆرد یەکێکە لەو ناوچانەی باشوری ڕوسیا و سنوری بە ئۆکرانیاوەیەو چەک و تەقەمەنی تێدا هەڵدەگیرێت.