وڵاتانی G7 داوای درێژکردنەوەی گرێبەستی دانەوێڵەی دەریای ڕەش دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیرانی کشتوکاڵی گروپی حەوت لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند هێزە ئابوورییەکانی گروپی حەوت (G7)  داوای "درێژکردنەوەی جێبەجێکردنی تەواو و فراوانکردنی" ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشەوە دەکەن.

ئەو ڕێکەوتنە بۆ هەناردەکانی دانەوێڵە لە دەریای ڕەشەوە  لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیاوە لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو لە ئەستەنبوڵ واژۆ کرا و ڕێگە بە ئۆکرانیا دەدات زیاتر لە 27 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە چەند بەندەرێکی دەریای ڕەشەوە هەناردە بکات.

ڕوسیا کە لە مانگی شوباتی ساڵی 2022 دا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپیکرد، جەختی لەوە کردۆتەوە ب کە ڕێگە نادات ڕێککەوتنەکە لە دوای 18 ی مانگی پێنجی ئەمساڵ بەردەوام بێت، چونکە لیستی داواکارییەکانی بۆ ئاسانکاری هەناردەکردنی دانەوێڵە و پیتێنەری وڵاتەکەی جێبەجێ نەکراون.

لەم بارەیەوە وەزیرانی کشتوکاڵی کۆمەڵەی حەوت لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژی لە میازاکی ژاپۆن ڕایانگەیاند " ئێمە بە توندی پشتیوانی لە درێژکردنەوە و جێبەجێکردنی تەواوی ڕێکەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش دەکەین."

 لە بەیاننامەکەدا هاتووە " ئێمە سەرکۆنەی هەوڵەکانی ڕوسیا دەکەین بۆ بەکارهێنانی خۆراک وەک ئامرازێک بۆدروستکردنی  ناسەقامگیری و دووپاتی پابەندبوونی خۆمان دەکەینەوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو فشارانەی ڕوسیا بە بەکارهێنانی خۆراک دروستی دەکات ."

لە بەیاننامەکەدا باسلەوەشکراوە  کە ئەندامانی کۆمەڵەی حەوت "ئامادەن" بۆ پشتیوانیکردنی چاکبوونەوە و بنیاتنانەوەی ئۆکرانیا، لەوانە بە دابینکردنی شارەزایی لەبنیاتنانەوەی ژێرخانی کشتوکاڵی.

هاوکات بڕیارە، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگی لاڤرۆڤ لەم هەفتەیەدا لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە نیویۆرک گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی دەریای ڕەشی ئۆکرانیا بکات .

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار