دوایین زانیاری لەسەر هەوڵەکانی وڵاتانی بیانی بۆ چۆڵکردنی سودان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی پێکدادانی کتوپڕی سودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF) هەزاران هاوڵاتی بیانی لەنێویاندا دیپلۆماتکاران و کارمەندانی فریاگوزاری لەو ناوچەیە گیریان خواردووە و وڵاتان کاردەکەن بۆ گواستنەوەی هاوڵاتییەکانیان .
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردۆتەوە پێدەچێت گواستنەوەی زۆربەی ئەو هاوڵاتییە بیانیانە لە ڕێگەی بەندەری سودانەوە بێت لەسەر دەریای سوور، کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە نزیکەی 650 کیلۆمەتر (400 میل) لە باکوری خۆرهەڵاتی خەرتوم.
ئەمە دۆخی هەندێک لە چۆڵکردنەکانە:
ئەمریکا:
هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە هەموو کارمەندانی حکومەتی ئەمەریکا و یاوەرو خێزانەکانیان لەگەڵ چەند دیپلۆماتێکی وڵاتانی دیکەیان لە باڵوێزخانەکەیان بە بەکارهێنانی هەلیکۆپتەرێک و لە کاتی گواستنەوەکەدا هیچ جۆرە هێرشێک نەکرایە سەریان.
هەروەها باڵیۆزخانەکە ئۆپەراسیۆنەکانی بە گشتی ڕاگرتووە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، بەڵام کارمەندە ناوخۆییەکانی باڵوێزخانەکە ماونەتەوە.
هاوکات واشنتۆن پلانی نییە هەماهەنگی بکات بۆ چۆڵکردنی هاوڵاتیانی دیکەی ئەمەریکا لە سودان، بەڵام بەدوای بژاردەکاندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات کە وڵاتەکە جێبهێڵن.
بەریتانیا
سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕیشی سوناک ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا هەموو کارمەندانی دیپلۆماسی و خێزانەکانیان لە سودان گواستۆتەوە.
وتیشی حکومەت بەدوای هەموو ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ کۆتایی هێنان بە خوێنڕشتن و دڵنیابوون لە سەلامەتی هاوڵاتیانی بەریتانیا کە هێشتا لە وڵاتەکەدان.
فەڕەنسا
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند دەستی کردووە بە گواستنەوەی دیپلۆماتکاران و هاوڵاتیانی خۆی لە سودان.
بەڵام سوپای سودان و RSF هەریەکەیان ئەوی دیکەیان تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر کاروانێکی فەڕەنسی. سوپا دەڵێت RSF تەقەی لە کاروانەکە کردووە و هاوڵاتییەکی فەڕەنسی بریندار کردووە.
هاوکات ڕێکخراوی RSF ڕایگەیاند لە کاتی گواستنەوەی هاوڵاتییەکاندا لەلایەن فڕۆکەی سوپای سودانەوە هێرشی کراوەتەسەر و بووەتە هۆی برینداربوونی هاوڵاتییەکی فەڕەنسی و کاروانەکە گەڕاونەتەوە بۆ ناو باڵوێزخانەکە.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە یان برینداربوون نەداوە.
ڕوسیا:
باڵیۆزی مۆسکۆ لە خەرتوم بە میدیاکانی ڕوسیای ڕاگەیاندوە لە کۆی نزیکەی 300 ڕووسی لە سودان 140کەسیان دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن ، وتیشی پلانی گواستنەوەی ئەو هاوڵاتییانە دانراوە بەڵام هێشتا مەحاڵە جێبەجێ بکرێت چونکە ناچاردەبن بەسەر هێڵەکانی پێشەوەی شەڕدا تێبپەڕن.
باسیلەوەشکرد، نزیکەی 15 کەس کە لەنێویاندا ژنێک و منداڵێک هەیە لە کڵێسایەکی ئۆرتۆدۆکسی ڕوسیا گیریان خواردووە کە نزیکە لە ناوەندی شەڕی قورس لە خەرتوم.
میسر:
میسر داوای لە هاوڵاتیانی کرد لە دەرەوەی خەرتومن سەردانی کونسوڵخانەکانی بەندەری سودان و وادی هەڵفا لە باکوری وڵاتەکە بکەن بۆ ئامادەکاری بۆ گواستنەوەیان و داوای لە هاوڵاتیانی کرد کەلە ناوەندی خەرتوم دەمێننەوە خۆیان لە ماڵەکانیاندا بشارنەوە هەتا بارودۆخەکە باشتر دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە پێویستە پرۆسەیەکی " وردی و سەلامەت و ڕێکخراو" هەبێت بۆ ئەوەی 10 هەزار هاوڵاتی میسر لە سودانەوە بگەنە ماڵەکانیان.
ئەو وڵاتە دەشڵێت یەکێک لە دیپلۆماتکارەکانی بەهۆی تەقەکردنەوە بریندار بووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات.
سعودیە و کوەیت:
سعودیە ڕۆژی شەممە 91 سعودی و نزیکەی 66 هاوڵاتی وڵاتی دیکەی بە کەشتی دەریایی لە بەندەری سودانەوە گواستەوە بۆ جەدە لە دەریای سوور.
هاوکات کوەیتیش دەڵێت هەموو ئەو هاوڵاتییانەی کە ویستویانە بگەڕێنەوە ماڵەوە گەیشتوونەتە جەددە.
ئیتاڵیا:
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ڕایگەیاند نزیکەی 140 هاوڵاتی ئیتاڵی لە سودانەوە گواستراونەتەوە، لەگەڵ نزیکەی 60 کەس بۆ وڵاتانی دیکە وەک سویسرا و ڤاتیکان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
وڵاتانی دیکە:
ئەردەن دەڵێت چوار فڕۆکەی سەربازی ناردووە بۆ گواستنەوەی نزیکەی 260 هاوڵاتی.
کۆریای باشوور ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی سەربازی دەنێرێت بۆ گواستنەوەی 25 هاوڵاتی خۆی لە سودان.
کەنەدا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانی لە سودان ڕاگرتووە و دیپلۆماتکارانی کەنەدا بە شێوەیەکی کاتی لە شوێنێکی پارێزراو لە دەرەوەی سودان کار دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێک لەسەر هەوڵەکانی چۆڵکردن بدات.
سویدیش مۆڵەتی داوە بۆ ناردنی هێز بۆ یارمەتیدان و چۆڵکردنی کارمەندانی باڵیۆزخانەکە و خێزانەکانیان.
هەروەها هۆڵەندا ڕایگەیاند کە بەشداری لە هەوڵەکان دەکات بۆ چۆڵکردنی هاوڵاتیانی لەو وڵاتە
هاوکات سەرچاوەیەک لە وڵاتی ئەفریقا ڕایگەیاندووە لە جیبوتی، کە چەندین هەوڵی چۆڵکردنی تێدایە، فڕۆکەکان لە ئیتاڵیا و بەریتانیا و کەنەداوە چاوەڕێی گڵۆپی سەوز دەکەن بۆ ئەوەی بفڕن بۆ خەرتوم.