سکرتێری گشتیی ناتۆ: ئۆکرانیا دەبێتە ئەندامی ناتۆ
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" رایدەگەیەنێت، پاڵپشتی تەواوی ئۆکرانیا دەکەن بۆ سەرکەوتن بەسەر روسیا و دەشڵێت، "ئۆکرانیا دەبێتە ئەندامی ناتۆ و سەرجەم وڵاتانیش لاریان لەوبارەیەوە نیە".
ینس ستۆڵتنبێرگ ڕۆژی هەینی پێش کۆبوونەوەی گروپی پاڵپشتیکەری ئۆکرانیا لە بنکەی ڕامشتاین لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا لە داهاتوودا دەبێتە ئەندامێکی ناتۆ، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ناتۆ ڕێککەوتوون لەسەر ئەندامێتی ئەو وڵاتە.
سکرتێری گشتی ناتۆ وردەکارییەکانی لەو بارەیەوە نەخستەڕوو، تەنها باسی لە هاوکارییەکانی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا کرد و ڕایگەیاند کە ناتۆ تا سەرکەوتن بەسەر ڕووسیادا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا.
سکرتێری گشتی ناتۆ ئەوەشیخستەڕو، ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیارە بەشداری لە لوتکەی هاوپەیمانێتی پاڵپشتیکاری وڵاتەکەی لە لیتوانیا بکات، بۆئەو مەبەستەش بەفەرمی بانگهێشتمان کردوە و دڵخۆشین بەقبوڵکردنی بانگهێشتنامەکە".
کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا لە مانگی (حوزەیران/7)ی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
ڕووسیا زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر بە بیانووی پەیوەستبوونی ئۆکرانیا بۆ ناتۆوە هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە و زیاتر لە ساڵێکیشە ئەمەریکا و ئەندامانی ناتۆ پاڵپشتی دارایی و چەک بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن.