ئەمریکا یاسای ژینا پەسند دەکات

بەهۆی یاسای ژینا سزای زۆرتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت

وێنەیەکی ژینا ئەمینی کە لەسەر دیوارێک لە ئەمریکا کێشراوەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا گەڵالەکردنی یاسای ژینا ئەمینی پەسند دەکات و دەبێت سەرۆکی ئەمریکا پابەندی ئەو یاسایە بێت بۆ سزادانی زیاتری ئێران.

ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) بە کۆی دەنگی نوێنەرانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان گەڵالەی یاسایەکی بە ناوی مەهسا(ژینا ئەمینی) پەسند کرد و دواتر لە ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێتەوە دەنگدانی گشتییەوە.

دارێڵ ئیسا، نوێنەری کۆمارییەکان لە کۆنگرێس کە سەرپەرشتیی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەو دەستەیەی کرد رایگەیاند؛ ئەمریکا دەبێت سود لە هەمو تواناکانی خۆی وەرگرێت بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بکات دەستبەرداری ئازاردانی ستەمکارانەی هاوڵاتییانی ببێت.

بە پێی یاساکە دەبێت سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای 90 رۆژ لە پەسندکردنی یاسای ژینا، ساڵانە دەستنیشانی بکات چ بەرپرس و دامەزراوەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێران سزا بدرێن و ئەوانەشی کە سزادانیان لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا رەت دەکرێتەوە دەبێت رونکردنەوەی لەسەر بدرێت.

لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا، بەرپرسانی ئەمریکا پڕۆسەی زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1-یان راگرت و رایانگەیاند؛ سەرنجی واشنتۆن لەسەر پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان دەبێت و سزاکان دژی تاران توندتر دەبێتەوە.

  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار