ئۆکرانیا سزای ئابوریی 50 ساڵ بۆ ئێران دیاریی دەکات
ئێران تۆمەتبارە بە هاوکاریی روسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا
2 ساڵ لەمەوپێش
ئۆکرانیا رایگەیاند؛ بەهۆی بەشداریی ئێران لە هێرشەکانی روسیا دژی وڵاتەکەی سزای ئابوریی درێژخایەن بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.
وەزارەتی داریی و ئابوریی ئۆکرانیا رایگەیاند؛ پلانێکی 50 ساڵەی ئابورییان دژی ئێران ئامادە کردوە و ئەو پلانە بە پەسندکردنی ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگریی نیشتیمانی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ جگە لەو سزایانی هاوپەیمانانی ئۆکرانیا دژی تاران دەیسەپێنن، وڵاتەکەی ژمارەیەک سزای درێژماوەی دیکەی دژی ئابوریی ئێران ئامادە کردوە کە بە زوتین کات دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی داریی و ئابوریی ئۆکرانیا رونی کردوەتەوە کە ئەو سزا ئابورییانە دژی ئێران بۆ ماوەی 50 ساڵ بەردەوام دەبێت.
پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندبو زیاتر لە هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران رادەستی روسیا کراوە و بڕیاربوە موشەکی ئێرانی رادەستی روسیا بکرێت بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڕیاری رادەستکردنی موشەک بە مۆسکۆ-یان راگرتوە.