سوید رێگە بە ناتۆ دەدات هێزەکانی لە خاکی وڵاتەکەیدا جێگیر بکات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکوەزیرانی سوید، ئوڵف کریستیرسۆن رایگەیاند، رێگەیان بە هێزەکانی ناتۆ داوە بە شێوەیەکی کاتی لە وڵاتەکەیدا جێگیر بکرێن.
کریستێرسۆن و وەزیری بەرگریی سوید، پال جۆنسن لە گوتارێکی هاوبەشدا کە بۆ رۆژنامەی Dagens Nyheter نووسیوویانە، ئاماژەیان بەوە داوە کە هەڕەشەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان بەردەوامە، بۆیە حکوومەتی سوید رێگەی بە سوپا داوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئامادەکاریی بکات بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە داهاتوودا.
له گوتارەکەدا هاتووە: "رووسیا هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەرمان، لە ئەگەری هاتنەپێشەوەی قەیران یان شەڕدا پێویستە بتوانین بە خێرایی سەرچاوە سەربازییەکانی گەلانی دیکه بهێنینە ناوچەکەمان. وەک حکوومەتی سوید رێگەمان دا سەربازانی ناتۆ بەشێوەیەکی کاتی له ناوچەکەماندا جێگیر بن".
لە حوزەیرانی ساڵی 2022ەوە سوێد بانگێشتکراوە ببێتە ئەندامی ناتۆ. بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام، پێویستە هەر 31 ئەندامەکە رازی بن، بەڵام تورکیا و هەنگاریا هێشتا ئامادە نین گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن.
تەنیا ئەو وڵاتانەی بوونەتە ئەندام، بڕگەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆ دەیانگرێتەوە کە دەڵێت، هێرش بۆ سەر یەک ئەندام، بە هێرش بۆ سەر هەمووان دادەنرێت.