هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالینا بایربوک ڕایگەیاند کە ئەڵمانیا ٢٠ ئاسەواری  برۆنزی بینینی لە مۆزەخانەکانی ئەڵمانیا ڕادەستی نەیجیریا کردەوە. ئالینا بایربوک، لە لێدوانیکیدا بۆ ڕۆژانامەنوسان لە ئەبوجا وتی، ئەمڕۆ کارێکمان کرد کە زۆر لەمەوبەر دەبوو بمانکردایە، ئەو ٢٠ پەیکەر برۆنزیەی بینینمان گەڕاندەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەم بڕیارەی ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت  کە سەرەتای ئەمساڵ ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی لەگەڵ نەیجیریا واژۆکرد بۆ ئەوەی هەر ١١٣٠ پەیکەر وئاسەوارەکانی کە لە مۆزەخانەکانی ئەڵمانیادایە ئاشكرا بکەن، کە لەنێویاندا پەیکەری کەسایەتی سیاسیەکانیش هەیە. لە میانەی ڕادەستکردنەوەکەدا هەریەک لە جۆفری ئۆنیامای وەزیری دەرەوەی نەیجیریا و لای محەممەد وەزیری زانیاری  ئامادەبوون لەگەڵ  کلاودیا ڕۆت وەزیری ڕۆشنبیری و میدیای ئەڵمانیا و هەروەها بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکانی ئەڵمانیا. بەرپرسانی نەیجیریا دەڵێن، پەیکەر و  ئاسەوارەکانی بێنین بۆ ماوەی دوو سەدە لە ئەڵمانیادا  دەستیان بەسەرداگیرابوو، ئەو پەیکەرانە زۆربەی لەلایەن بەریتانیاوە داگیرکران وبران لەکاتی هەڵکوتانە سەر شانشینی بینین لەساڵی ١٨٩٧ و دواتریش لە مەزادەکاندا دانران و برانە نیولەندا و ئەمریکا  و ئەڵمانیا. وەزیری دەرەوەی نایجیریا دەڵێت، پێدەچێت ئەم ڕادەستکردنەوەیەی ئەڵمانیا فشار لەسەر لەندەن درووست بکات بۆ ئاشکرا کردن وگەڕاندنەوەی ئاسەوارەکانی بێنین کە وابیرەکەنەوە زۆرترین پەیکەرو ئاسەوارەکان لە مۆزەخانەکانی بەریتانیادا بن، هەروەها داوای ئاشکراکردنی ٩٠٠ دانە پەیکەر و ئاسەواری کرد لە لەندەن.

هاوڵاتی پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند هەشت کچی هەرزەکار بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێکی تەمەن ٥٩ ساڵ دەستگیرکراون وتەمەنی کچەکان لە نێوان ١٣ بۆ ١٦ ساڵدایە وپێدەچێت لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە یەکییان ناسیبێت و شەوی ڕوداوەکە کە شەوی شەممە دەکات بۆ یەکەم جار کۆبونەتەوەو لە نزیک شوێنی ڕوداوەکە ڕاستەوخۆ دەستگیر کراون. سێرجێنت تێری براون، لێکۆڵەری پۆلیسی تۆرۆنتۆ بە میدیاکانی گوتتوە: قوربانییەکە دەسترێژی کراوەتە سەرو دواتر بە چەقۆ کوژراوە،هەروەها باوەڕمان وایە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە کە ئەو پیاوە خواردنەوەی ئەلکحولی پێبووە. وتیشی: ژمارەیەک کەس کە بە شوێنی ڕوداوەکەدا ڕۆشتون پیاوەکەیان دۆزیوەتەوە و دوای بردنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، هەروەها ژمارەیەک چەکیان دۆزیوەتەوە باڵام ئاماژەی بە جۆرەکەی نەدا. ئاماژەی بەوەشدا بۆ ماوەی سێ دەقە بە بەردەوامی هێرشکراوەتە سەر قوربانییەکە،هەروەها نامۆی ئەم ڕوداوە لەوەدایە کە کچەکان پێش ڕوداوەکە هەرگیز ڕوبەڕوو یەکییان نەبینیوە و لە بەشی جیاجیای ئەو شارەوە هاتون ولە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە و تاوانبارەکان دەستگیر کراون. هاوکات ئەم ڕوداوە  تەنها چەند کاتژمێرێک پێش تەقەکردنێکی بەکۆمەڵ لە ڤاون، ئۆنتاریۆ، شارێکی بچووک لە دەرەوەی تۆرۆنتۆ ڕویداوە.

هاوڵاتی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، دوو ڤاکسینی نوێ  بۆ ڤایرۆسی جۆری زایر ئیبۆلا لە توێژینەوەیەکدا تاقیکرایەوە  کە توانی لەدوای ١٤ ڕۆژ لە کوتانی یەکەم و دووەم دژە تەن دژی ڤایرۆسەکە پەیدا بکەن، بەشێوازی جیاواز لە منداڵان و گەنجاندا.  ڤاکسینەکە لەلایەن  کۆمپانیای جۆنسن و مێرک پەرەی پێدراوە، لەو تویژینەوەیەدا کە ماوەی ساڵێکی خایاندووە لە باشوری ئەفریقا کە تێیدا ١٤٠٠ کەسی سەروو تەمەن ١٨ ساڵ و ١٤٠١ منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان یەک ساڵ بۆ ١٧ ساڵدا بوو بەشداربوون، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە بەڕێژەیەکی باش دژی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە جۆری زایر کاریگەری هەبووە ودژە تەن بەرهەمهاتووە لە لەشی بەشداربووەکاندا. لە تویژینەوەکەدا ژەمە ڤاکسینێکیان  دۆزی ڤاکسینی جۆنسۆنی تاقیکردەوە، دواتر ڤاکسینێکی کۆمپانیای دەرمانسازی دانیمارکی باڤاریان نۆردیکی تاقیکردەوە، لە کاتێکدا گرووپەکەی تر  دوو ژەمی ڤاکسینی مێرکی تاقیکردەوە کە هەشت هەفتە لە نێوانیاندا بوو، وە گرووپی  بژاردەی سێیەم دوای یەکەم ژەمی مێرک بەکارهات لەگەڵ پلاسیبۆ. دکتۆر ئێچ کلیفۆرد لەین، کە یەکێکە لە تویژەرەکان و هەروەها بەڕێوبەری کلینیکی لە پەیمانگای نێشتیمانی ئەمریکا بۆ هەستیاری ونەخۆشیە گوازراوەکان وتی، پێموایە هەریەک لە ڤاکسینەکان بەباشی کار دەکەن دژی ڤایرۆسەکە. توێژەرانی ئەم تاقیکردنەوە زانستیە ئاماژەیان بەوەکرد، کە بەهۆی ئەوەی هیچ یەک لە بەشداربوووەکان تووشبووی ئیبۆلا نەبوون بۆیە  نەیانتوانیووە ئاستی کاریگەری ڤاکسیینەکە لەسەر لەناوچوونی ڤایرۆسەکە دیاری بکەن، هەروەها بەشداربووەکان پێویستە بۆ ماوەیەکی درێژ چاودێری بکرەێن تاوەکوو بزانرێ کەی ژەمە ڤاکسینی زیادەیان پێویست دەبێت. ڤایرۆسی جۆری زایر ئیبۆلا، لەناو پێنج جۆری ڤایرۆسی ئیبۆلادا کوشندەترینە، لە ساڵی ٢٠١٤ -٢٠١٦ بووە هۆی مردنی ١١ هەزار کەس لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، ئاستی کوشندەیی ڤایرۆسەکە %٩٠.    

هاوڵاتی ڤلادیمێر زێلێنسکی دوای ٣٠٠ ڕۆژ لە دەستپێکردنی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سەردانی ئەمریکا دەکات، بڕیاریشە لە کۆنگرێس وتارێک پێشکەش بکات. ڤلادیمێر زێلنسکی لە تویتەری خۆی ڕایگەیاندووە کە لەڕێگادایە بەرە واشنتن، ئامانجی سەرەکی گەشتەکەی بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری سەربازی وپشتگیری زیاتری واشتنە بۆ سیستەمی بەرگری ئۆکرانیا. سەرۆکی ئۆکرانیا لەماوەی گەشتەکەی دا لەگەڵ ڕاوێژکارانی باڵای ئاسایشدا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە و لەبەرنامەی گەشتەکەیدا لە کاپیتەڵ هیڵ لە کۆبونەوەیەک کە تێیدا هەریەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وکۆنگرێسی ئەمریکا بەشدارن وتارێک پێشکەش دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژانامەوانیدا بەشداردەبێت بە ئامادەبوونی جۆو بایدن. وتەبێژی کۆشکی سپی، جین پێیرئاماژەی بەوەکرد، مەبەستی سەرەکی سەردانەکە بۆ جەختکردنەوەیە لەهاورکاریەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا، هەروەها وتیشی هاوکاریەکان لە ڕووی مرۆیی وسەربازی وئابوریەوە بۆ ئۆکرانیا بەردەوام دەبن. هاوکات هەر لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیاوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا وتی، بەپێی سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا وهاوکاریەکانی ئەمریکا بێت  پێدەچێت سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری خەرجکردنی ٢ ملیار دۆلاری دیکە بدات بۆ هاوکاری ئۆکرانیا. لەسەرەتای جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هاوکاریەکی بەرچاوی ئۆکرانیای کردووە بە بری ٢٠ ملیار دۆلار ئەوەش بە پێدانی تۆپهاوێژەکان وسیستەمی موشەکی لەوانەش سیستەمی موشەکی ناسامس؛ بڕیاریشە لە لە هاوکاریەکانی داهاتوویدا سیستەمی پاتریۆتیشی تێدابێت بۆ بەرگری ئۆکرانیا دژ بە موشەکەکانی ڕووسیا.

هاوڵاتی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی روسیا (کرێملین) ئه‌مڕۆ چوارشەممە رایگه‌یاند، کە ناردنی چەکی نوێی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا تەنها ململانێکان لەگەڵ روسیا "گەورەتر دەکات". دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی كۆشكی ڕوسیا بە ئاماژەدان بە ناردنی چەکی نوێ بۆ کیێڤ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، رایگه‌یاند، "هەمو ئەمانە بە دڵنیاییەوە ململانێکان گەورەتر دەکەن و ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئۆکرانیا". ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی روسیا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ڤۆلۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له‌ دوای نزیكه‌ی 10 مانگ له‌ ده‌ستپێكردنی هێرشی روسیا بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌ردانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌ كۆده‌بێته‌وه‌. هاوکات لە تویتەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە  بەرەو ئەمریکا دەڕوات بۆ "بەهێزکردنی خۆڕاگری و توانای بەرگری" ی وڵاتەکەی.      

هاوڵاتی: بریکاری ماددە هۆشبەرەکانی ئەمریکا: دەستمان بەسەر ٣٧٩ ملیۆن ژەمە دەرمانی فێنتانیڵ گرتووە، ئەو بڕەش بەسە بۆ لەناوبردنی هەموو ئەمریکا بریکاری ماددە هۆشبەرە فیدراڵیەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر ٣٧٩ ملیۆن ژەمە دەرمانی فێنتانیڵ دا گرتووە، ئەو بڕە دەرمانەشی دەستی بەسەردا گیراوە بەسە بۆ لەناوبردنی ٣٣٠ ملیۆن تاکی ئەمریکی. ئیدارەی جێبەجێکردنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، بڕی ٤،٥٠٠ کیلۆگرام فێنتانیڵ لەگەڵ زیاتر لە  پەنجا ملیۆن و٦٠٠ هەزار حەبی فینتانیل دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها وتیشی ئەو دەرمانە پەنجا جار لە ماددەی هۆشبەری هێرۆین بەهێزترە. هاوکات ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەکات ئەو بڕە دەرمانەی دەستی بەسەردا گیراوە، دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە ساڵی ٢٠٢١ گیراوە، هەروەها وتیشی  ئەو دەرمانانە بەشێکی زۆریان  لە وڵاتی مەکسیکەوە بە قاچاخ دەهێنرێنە ناوخۆی ئەمریکا ولە کارگە نهێنیەکانی مەکسیک بەتایبەتی لەکارگەکانی سینالۆا و جالیسکۆ بەرهەمدەهێنرێن کە سەرچاوەی دەرمانەکانیان لە چینەوەیە.   ئان میلگرام، بەڕێوبەری ئیدارەی جێبەجێکردنی ماددە هۆشبەرەکان وتی، کاری سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکانمان شکستپێهێنانی هەردوو کارگەی سینالۆا وجالیسکۆیە، کە بە پلەی یەکەم بەرپرسیارن لە بەرهەمهێنانی ئەو بڕە فێنتانیڵەی کەدەستی بەسەرداگیراوە لە ئەمریکا. جگە لەو بڕە لە فێناتنیل کەدەستی بەسەرداگیراوە، هاوکات  دەست  بەسەر ١٣١ هەزار پاوەند میتامفیتامین و زیاتر لە  ٤٣٠٠پاوەند هێرۆین و زیاتر لە ٤٤٤ هەزار پاوەند کۆکاین دا گیراوە. ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی ئەمریکی بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، کە زیاتر لە دوو لەسەر سێان بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی فێنتانیڵ بووە.

سوپای ئۆکراینا خستنەخوارەوەى ژمارەیەک  فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى راگەیاند کە لە لایەن روسیاو-ە بەکارهێنراوە. یوری ئیھانت، وتەبێژی ھێزی ئاسمانی سوپای ئۆکراینا بڵاوی کردەوە؛ لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا، ٦٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی ئێرانیان خستوەتە خوارەوە. ئاشکراکردوە کە ئەو فڕۆکە بێفرۆکەوانانەی کە خراونەتەخوارەوە، لە ماوەی رابردودا لەلایەن ئێرانەوە رادەستی روسیا کراون. بەپێى وتەى وتەبێژی ھێزی ئاسمانی سوپای ئۆکراینا، پێشتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوچەکانی کریمیا و خێرسۆن ئاڕاستەی ئۆکراینا کراون بەڵام ئێستا لە ھەرێمی کراسنۆدار رۆژھەڵاتی دەریای ئازۆڤەوە ئاراستە دەکرێن. بەپێى ئامارێکى وەزارەتى بەرگرى ئۆکرانیا تائێستا 127 فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و 300 موشەکى کروز ئاراستەى وڵاتەکە کراون و بەشێکیان خراونەتەخوارەوە.  

سێ مانگ و چوار رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە شێوەی جیاواز بە مانگرتن و خۆپیشاندن و بایکۆت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و جارێکی دیکە کاسبکارانی شارەکانی سەقز و سنە ، کامیاران و کرماشان و چەند شارێکی دیکە دوکان و بازاڕەکانیان لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان دژی سەرکوت و سێدارە و ئەشکەنجەی گەنجان نەکردەوە و بە شەویش رێپێوان و نارەزایەتیی لە تاران و کەرەج بەردەوام بو. سەرچاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەستگیرکردنی گەنجان و لاوانی ئەو بەشە لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوامە و ئەمڕۆش زیاتر لە 10 گەنجی دیکە دەستگیرکراون کە ئەوانیش چارەنوسیان هاوشێوەی دەستگیرکراونی رۆژانی رابردو نادیارە. ئەمڕۆ سەربازێکی ئێران وەک ناڕەزایەتیی بەرامبەر لەسێدارەدانی دەستگیراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە، لە بنکەیەکی سەربازیی لە شەقامی شەریعەتی لە شاری تاران پەتی سێدارەی خستە ملی خۆیەوە. تا ئیستا دوو خۆپیشاندەر لە ئێران لەسێدارە دراون و زیاتر لە 50 کەسیش لەو وڵاتە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیی لەسێدراەدانیان لەسەرە. ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردوەتەوە لە 94 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 503 کەس کوژراون و زیاتر لە 18 هەزار کەسیش دەستگیر کراون و هاوکات ژمارەی دەستگیراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە حەوت هەزار کەس نزیک بوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاوی کردەوە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (گۆنگرێس) دەیانەوێت پڕۆژە یاسایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوە و ڤیزای ئەمریکا لەسەر کوڕان و کچانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران پەسند بکەن و ئەو بڕیارەش لە کاتێکدا بە وتەی پەرلەمانتارێکی سەر بە باڵی توندڕەوی دەسەڵات، زیاتر لە پێنج هەزار کوڕ و کچی بەرپرسانی ئێران لە ئەمریکا دەژین و مافی مانەوەیان لەو وڵاتە پێدراوە. ئەندامانی دەستەی ئاشکراکردنی راستی روداوەکانی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان دەستنیاشان کران کە هەر سێ کیان ژنن . ئەو سێ ژنە بریتین لە سارا حسێن، خەڵکی بەنگلادش و یەکێکە لە ناودارترین ژنانی یاسایی جیهان کە سەرۆکایەتیی دەسەتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات، دوەم شاهین سەردار عەلی، خەڵکی پاکستنان و مامۆستای یاسایە لە زانکۆکانی بەریتانیا، ئەو دەیان دۆسیەی تاوانی نێودەوڵەتیی یکلایی کردوەتەوە، سێیەم ڤیڤیانا کریستیچڤیچ بە رەچەڵەک ئارژانتینی کە بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی داد و مافە نێودەوڵەتییەکان (CEJIL)ـیە. بە پێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاو کراوەتەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گردبونەوەیەکی جەماوەریدا لە وەڵامی هاوڵاتییەکی خەڵکی ئێران و دانیشتوی ئەمریکا دەڵێت: بەزۆر هۆکار ناتوانم مەرگی رێککەوتنی ئەتۆمیی بە فەرمی راگەیەنم بەڵام ئەو رێککەوتنە مردوە و کۆتایی پێهاتوە. ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوشیەتی: ئەزانن کە دەسەڵاتی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نوێنەرایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتەیان پێناکرێت بەڵام نابێت ئەو دەسەڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران رۆژی سێشەمە لە وتارێکیدا رایگەیاند؛ هەڕەشەی رۆژانە 50 هێرشی لە ئیسرائیل کرد و وتیشی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە فشار لە رێڕەوی خۆی لانادات. ئەو لە بەشێکی دیکەدا وتوی: سوپای پاسداران تابلۆیەکی گەورەی بەرگرییە و سعودیە نرخی ئەوەی نییە بە دوژمن لەقەڵەم بدرێت و چونکە ئەو وڵاتە بە شێوازی بێڕەواشتانە کاری راگەیاندن و لە دژی ئێران دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرکوتو بوە. قائانی ئاماژەی بەوەکردوە کە سەرجەم کاری میدیایی و راگەیاند لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لای خۆیان تۆمار کردوە و ئەوەی دژایەتی دەسەڵاتی وڵاتەکەی کردبێت وەڵام دەدرێتەوە گورزی بەردەکەوێت.

هاوڵاتی دەزگای کەشناسی بەریتانیا پێشبینی دەکات ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە ٢٠٢٢ گەرمتر دەبێت. بەپێی پێشبینیەکانی کەشوهەوا پلەکانی گەرما بۆ ماوەی دە ساڵە لەسەریەک یەک پلەی سیلیزی لەسەروو ئاستی مامناوەندیەوەیە، هەروەها باسیشی لە کاریگەریەکانی مرۆڤ لەسەر گەرمبونی زەوی کرد. هەروەها بەڵگە زانستیەکان باس لەوە دەکەن کە گۆڕانەکانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمان، لە ئێستادا پلەکانی گەرما 1.1 پلەی سیلیزی گەرمترن بەبەراورد بە پلەکانی گەرما لەماوەی پێش شۆڕشی پیشەسازی و سوتاندنی ئەو بڕە زۆرەی سوتەمەنی بەردین کە بووە هۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای بەرگەهەوا. هاوکات بەهۆی مەترسیەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهان حوکمەتەکان لەهەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازەژەهراویەکان وەک گازی CO، ئەمەش بەمەبەستی هێشتنەوەی پلەکانی گەرما لەژێر 1.5 سەدی.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 کۆتایی پێهاتوە و رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. بە پێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاو کراوەتەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گردبونەوەیەکی جەماوەریدا لە وەڵامی هاوڵاتییەکی خەڵکی ئێران و دانیشتوی ئەمریکا دەڵێت: بەزۆر هۆکار ناتوانم مەرگی رێککەوتنی ئەتۆمیی بە فەرمی راگەیەنم بەڵام ئەو رێککەوتنە مردوە و کۆتایی پێهاتوە. ئەو لە بەشێکی دیکەدا وتوشیەتی: ئەزانن کە دەسەڵاتی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نوێنەرایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتەیان پێناکرێت بەڵام نابێت ئەو دەسەڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. بڵاوبونەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمیی لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئێران هەوڵی رازیکردنی ئەوروپا دەدەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ڤیەننا بە مەبەستی چاڵاککردنەوەی رێککەوتنەکە بە تایبەت کە چارەنوسی فرۆشتنی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتەکە بەو رێککەوتنەوە بەستراوەتە. جۆزێپ بۆڕێل: هەوڵەکانمان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا: رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی  

هاوڵاتی وەزیری باڵای پەروەردەی ئەفغانستان خوێندنی زانکۆی لە ژنان قەدەغەکرد و پێشبینی ئەکرێت بڕیارەکە دەستەبەجێ جێبەجێ بکرێت. بەپێی نوسراوێکی فەرمی وەزیری باڵای پەروەدەی ئەفغانستان، چیتر ژنان بۆیان نیە لە زانکۆکان لەخوێندن بەردەوام بن،هەروەها ڕاشیگەیاند پێشبینی ئەکرێت بڕیارەکە دەستەبەجێ جێبەجێ بکرێت. ئەم بڕیارەی وەزیری پەروەردە لەکاتێکدایە کە سێ مانگ لەمەوبەر ژنان و کچان لە ئەفغانستان تاقیکردنەوەیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ ئەنجامدا، سەرەڕای ئەوەی کە چەند بەشێکی وەک ئەندازیاری، پزیشکی ئاژەڵان، کشتوکاڵ و ڕۆژنامەگەری بەتووندی سنوردارکرابوون. هاوکات دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتەوە دەست لە ئەفغانستان، دەرگای چونە ژوورەوەی زانکۆ و هەروەها پۆلەکانی خوێندن لەنێوان ژن و پیاودا جیاکرانەوە و خوێندکارە ژنەکانیش تەنا بۆیان هەبوو لەلایەن مامۆستا پیاوە بەتەمەنەکانەوە یاخود مامۆستای ژنەوە وانە بخوێنن.

نەتەوەیەکگرتوەکان ئەندامانی دەستەی لێکۆڵینەوە لە راستی روداوەکانی ئێرانی دەستنیاشان کرد کە هەر سێ کیان ژنن و لە روی یاساییەوە خاون پێگەن لە جیهاندا. ئەو سێ ژنە بریتین لە سارا حسێن، خەڵکی بەنگلادش و یەکێکە لە ناودارترین ژنانی یاسایی جیهان کە سەرۆکایەتیی دەسەتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات، دوەم شاهین سەردار عەلی، خەڵکی پاکستنان و مامۆستای یاسایە لە زانکۆکانی بەریتانیا، ئەو دەیان دۆسیەی تاوانی نێودەوڵەتیی یکلایی کردوەتەوە، سێیەم ڤیڤیانا کریستیچڤیچ بە رەچەڵەک ئارژانتینی کە بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی داد و مافە نێودەوڵەتییەکان (CEJIL)ـیە. شارەزایانی یاسایی دوای دەستنیشانکردنی ئەو سێ ژنە رایانگەیاندوە هەنگاوەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دەستنیشانکردنی سێ خانمی بەهێز لە بواری یاسای نێودەوڵەتیدا رونە و پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر سەرکوت و سێدارەی گەنجان لە ناڕەزایەتییەکان لاواز دەبێت و تەنانەت دور نییە ئەوە هەنگاوێک بێت بۆ کۆتایی دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکە. لە 35ەمین کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەهۆی توندوتیژیی دەسەڵاتی ئێران دژی ناڕەزایەتییەکان و خەڵکی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بە دروستکردنی دەستەیەک بۆ ئاشکراکردنی دەیان دۆسیەی توندوتیژیی و پێشێلکاریی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە بەرامبەردا تاران رایگەیاند بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی ئەو دەستە ناکەن و رێگە نادەن بێنە وڵاتەکەوە.

هاوڵاتی جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان لەگەڵ ئێران بەردەوامی دەبێت بۆ دووبارە چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران. ئەمڕۆ کۆنفڕانسی بەغدا لە ئوردن بەڕێوەچوو، لە میانەی کۆنفڕانسەکەدا جۆزێپ بۆرێڵ وتی، لەگەڵ وەزیری دەرەوە ئێران، ئەمیر عەبدوڵاهیان کۆبونەتەوە و باسیان لە هەوڵەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکە کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا داوایان کردووە ئێران دەستبەجێ سەرکوتکاری و توندوتیژیەکانی سەر خۆپیشاندەران ڕابگرێت. هەروەها سەرکۆنەی ئێرانیشی کرد لەبەرامبەر پێشێلکاری و سەرکوتکاریەکانی ئێران و هاوکاریکردنی ڕووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا، بەتایبەت بەهۆی پێدانی درۆنی ئێرانی بە ڕووسیا. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەوە وتیشی، پێویستە ڕێکەوتنەکە بەپێی گفتوگۆکان و ڕێکەوتنەکەی ڤییەنا بێت و هەروەها داوای کردووە جگە لە گرژیەکانی ئێران، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران باسیان لە ڕاگرتنی هاوکاریەکانی ئێران بۆ ڕووسیا کزدووە. ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران ساڵی ۲٠١٥ لەنێوان ئێران و هەر پێنج وڵاتی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کە هەریەک لەوڵاتانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و بەریتانیا و چینە، لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ڤییەنا ئیمزاکرا بۆ بۆ ڕێگریکردنی ئێران لە بەدەسهێنانی چەکی ئەتۆمی؛ بەڵام ساڵی ۲۰۱٨ لەسەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ ، ئەمریکا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ بومولەرزەیەک لە باشووری کالیفۆرنیا بە گوڕی ٦.٤ روویدا، بەهۆی بومەلەرزەکەوە لەناوچەی هامبوڵت زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس بێ کارەبا بوون ودوو کەسیش برینداربوون. بەپێی ڕاپۆرتی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا، سەرلەبەیانی رۆژی سێسەممە کاتژمێر ٢:٣٤ خولەک لە باشوری کالیفۆرنیا، بومەلەرزەیەک بە نزیکەی ٢٤ مایل لە دووری کەناراوەکانی شاری یوریاکای روویداوە و تیایدا زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس بێ کارەبا بوون ودوو کەسیش برینداربوون. میدیا ناوخۆییەکانیش لەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکەوە ئاماژەیان بەوەدا، بومەلەرزەکە بووەتە هۆی دزەکردنی غاز و تێکدانی سیستەمی کارەبا، هەروەها لەسەرانسەری پارێزگای هامبوڵت کارەبا بڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسی فێرنداڵ بەهۆی درزبردنی پردێک لە پارێزگاکە ڕێگاکەیان داخست. بەهۆی زیانگەیاندی زۆر بە سیستەمی ئاو و غاز وکارەبا، بەرپرسانی ناوچەی هامبوڵت داوایان لە هاوڵاتیان کرد کە سیستەمی ئاو وغازی ماڵەکانیان بپشکنن ودڵنیابنەوە لەوەی کە دزەیان نەکردووە. سەنتەری نیشتیمانی هۆشیاری تسونامیس دەڵێت، " بومەلەرزەکە پێشبینی نەکرابوو".

هاوڵاتی: سەرۆکی ڕووسیا  گەیشتە بیلاڕووسیا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووسیا تاوتوێی جەنگی ئۆکرانیا بکەن دوای زیاتر لە ٣ ساڵ ونیو، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دوێنێ گەیشتە شاری مینسکی بیلاڕووسیا و لە لایەن لۆکاشینکۆی سەرۆکی بیلاڕووسەوە  بە گەرمی پێشوازی لێکرا. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی ئینتەرفاکس کە پشت بەست بە ڕاگەێدنراوی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بڵاوی کردۆتەوە، سەردانەکەی سەرۆکی ڕووسیا و لۆکاشینکۆ بۆ گفتوگۆکردنە دەربارەی بەهێزکردن وبەرگری هەردوو وڵات لەبەرامبەر فشار وسزاکانی ڕۆژئاوا. بەگوێرەی وتەکانی دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین بڕیارە لە کۆبونەوەکەدا بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە هەیە پوتین تاوتوێی پرسە سەربازیەکانیش بکات لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووس. بڕیاریشە هەریەک لە سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕووسیا و ڤیکتۆر خرێنین وەزیری بەرگری بیلا ڕووس بەشداری کۆبونەوەکە بن. ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی زانیاریەکانی  وەزارەتی دەرەوە لە مۆسکۆ، لاڤرۆڤ لەگەڵ سێرگی ئەلینیک کە تەنها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرتووە، سەبارەت بە جەنگی رووسیا دژ بە ئۆکرانیا گفتوگۆیان کردووە. فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئۆکرانیاش، سێرهی نایڤ پێش هاتنی پوتین بۆ بیلارووس، بیلاڕووسی بەوە تاوانبارکرد کە لەلایەن ڕووسیاوە فشاری لێدەکرێ بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی زیاتری سەربازی دژ بە ئۆکرانیا و وتی، " لە کۆبونەوەکەدا پرسی دەستدرێژی زیاتر بۆ سەر ئۆکرانیا و بەشداریکردنی بەرفراوانی هێزەکانی بیلاڕووس لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئۆکرانیادا دەخریتە سەرمێزی گفتووگۆ. هاوکات هەریەک لە بیلاڕووس و کریملین ئەم تۆمەت ودەنگۆیانەیان ڕەتکردۆتەوە وبە بێ بنەما وەسفیانکردووە. لەسەرەتای جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕووس ڕێگەی بۆ مۆسکۆ کردەوە کە وڵاتەکەی وەک دەروازەیەک ومەیدانێکی جەنگ دژ بە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت، ئەمەش پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بەهێزترکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ڤلادیمێر پوتین پستگیریەکی زۆری بۆ لۆکاشینکۆی سەرۆکی بیلاڕووس دەربڕی لەکاتی خۆپیشاندان وگرژیەکانی ساڵی ٢٠٢٠ کە دژ بە حوکمەت کرا. هاوکات، ئەم سەردانەی پوتین لە دوای ساڵی ٢٠١٩ و پێش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شەپۆلی ناڕەزاییە توندەکانی بیلارووسی دژ بە حکومەت، یەکەم سەردانی ڤلادیمێر پوتینە بۆ بیلارووس.