لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە ٨٧٥ خۆپیشاندەر دەستگیرکران

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کوژرانی گەنجێکی تەمەن 17 ساڵان لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە، بازنەی ناڕەزایەتییەکانی فراوان کردوە و پەلی هاویشتوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت کۆڵانەکان وەک مەیدانی جەنگیان لێ هاتوە و داوا لە دایک و باوکان دەکات رێگە بە هاتنەدەرەوەی گەنجان لەماڵ نەدەن.

دوای ئەوەی گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە کوژرا، خۆپیشاندەران سێ شەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە کوژرانی نایل لە شارە جیاوازەکانی وڵات رژاونەتە سەر شەقامەکان.

میدیای فەڕەنسا بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بڵاوی کردوونەتەوە، رایگەیاند لە رووداوەکانی شەودا ٨٧٥ کەس دەستگیرکراون.

لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا لەمیانی ئەو خۆپیشاندانەی دوێنی بۆ یادی گەنجە کوژراوەکە بەڕێوەچوو، گرژی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران رووی دا.

به‌پێی ئه‌و هه‌واڵەی له‌ میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، چالاکوانانی ناوچەی ١٢ی پاریس یارییە ئاگرینەکانیان بەسەر بنکەیەکی پۆلیس تەقاند.

لە شاری ئۆبەرڤیلیێرس-ی پاریسی پایتەخت ئاگر لە ١٢ پاس بەردرا و ئەوانەی لە شاری ریمز بەسەر بنکەیەکی پۆلیسیان دادا، جلوبەرگی پۆلیسییان لە بنکەکە دزی.

لە شاری لیل باکووری فەڕەنسا بەشێک لە بینای شارەوانی سووتێنرا و ئاگر لە بینای سەنتەرێکی پەیوەندیکردن لە شاری لیل بەردرا.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ژوری ئۆپەراسیۆنی بۆ روداوەکان دروست کرد، لە پەیامێکیشدا دەڵێت: کۆڵانەکانی فەڕەنسا وەک مەیدانی جەنگیان لێ هاتوە، داوای کرد "پۆستە هەستیارەکان" کە دەبنە هۆی زیاتر تەشەنەسەندنی توندوتیژییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵبگیرێن.

لەلایەکی دیکەوە ئێلیزابێت بۆرن، سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا لەبارەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان رایگەیاند بۆ پاراستنی سیستەمی وڵات هەمو ئەگەرێک کراوەیە بە راگەیاندنی باری لەناکاویشەوە.

رۆژی 27ی حوزەیران لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، لە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک کە سێ کەسی تێدابو و گوێیان بە ھۆشداری "بوەستە"ی پۆلیس نەدا، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بەھۆی دەستڕێژی گوللەی پۆلیسەوە کوژرا.

لەبارەی روداوەکە لێکۆڵینەوە دەستی پێ کرد و ئەو پۆلیسەی گومانی ئەوەی لێ کرا کە تەقەی کردبێت، دەستگیر کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار