ئەو پۆلیسەی بووە هۆی ئاڵۆزبونی دۆخی خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا دەستگیرکرا
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەو پۆلیسەی لە پاریس تەقەی لە مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ کرد، تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی درایە پاڵ.
ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاویکردەوە، پاسکال براچ، داواکاری گشتی شاری نانتێر تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی خستەپاڵ ئەو پۆلیسەی رۆژی سێشەممە 27ـی مانگ تەقەی لە مێرمنداڵەکە کرد.
داواکاری گشتی پێی وایە کە مەرجە یاساییەکانی بەکارهێنانی چەک جێبەجێ نەکراون، داوای راگرتنی ئەو پۆلیسەشی کرد کە تۆمەتەکەی دراوەتە پاڵ، کە بەپێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەم داواکاریە لەمجۆرە حاڵەتانەدا، بژاردەیەکی دەگمەنە.
هاوکات بەگوتەی پارێزەرەکەی، پۆلیسەکە داوای لێبوردنی لە خێزانی مێرمنداڵەکە کردووە.
پارێزەری پۆلیسەکە گوتیشی: ئەو پۆلیسە 38 ساڵە فەرەنسیە بە بینینی ڤیدیۆکە تووشی شۆک بووە و تەواو رووخاوە، چونکە ئەو بەیانیان لەخەو هەڵناستێت بۆئەوەی خەڵک بکوژێت.
دایکی مێرمنداڵەکەش کە خەڵکی جەزائیرە پێی وایە، رووداوی کوشتنەکە پاڵنەری رەگەزپەرستی لەپشتە.
کوژرانی مێرمنداڵێک بەناوی نائل بەدەستی پۆلیسی فەرەنسا، تووڕەیی و کاردانەوەی فەرەنسییەکانی لێکەوتەوە و، لە پاریس و شار و شارۆچکەکانی دیکە خۆپیشاندان دەستی پێ کرد و تا ئێستا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی خۆپیشاندانەکانەوە، زیاتر لە 150 کەس دەستگیرکراون.