تورکیا، سوید و فینلەندا حەوتی تەمووز کۆدەبنەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سکرتیری گشتی ناتۆ رایگەیاند، بەرپرسە گەورەکانی تورکیا و سوید و فینلەندا کۆدەبنەوە و پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە ئەندامێتی سوید دەبێت لە ناتۆدا.

یانس ستۆڵتەنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە بروکسێلی پایتەختی ناتۆ، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسی ئەنجامدا و وتی، " ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئێمە وەک ناتۆ پێشوازی لە سوید بکەین."

یانس ستۆڵتەنبێرگ باسی ئەوەشی کرد شاندە دانوستانکارەکانی وەزیرانی دەرەوە و راوێژکارە هەواڵگریەکانی هەر سێ وڵاتی تورکیا، سوید و فینلەندا رۆژی حەوتی تەمووز کۆدەبنەوە. سوید داوا دەکات، بەر لە کۆبونەوەی ناتۆ کە بڕیارە ١١ی تەمووز لە لیتڤانیا بەڕێوە بچێت، ئەنقەرە ئەندابوونی لە ناتۆدا پەسەند بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ 28ی مانگ، کەسێکی بەرەگەز لە سوید قورئانی سووتاند و ئەمەش کاردانەوەی توندی تورکیای لێکەوتەوە.

لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا ، کاتێک روسیا هێرشی کردە سەر ئوکراین، فینلەندا و سوید پێکەوە داواکاریان بۆ ئەندامێتی ناتۆ پێشکەش کرد. تورکیاش وەک ئەندامێکی ناتۆ رایگەیاند، ئەو ئامادە بە مەرجێک ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا قبوڵ بکات کە هەردوو وڵات و بە تایبەتی سوید ژمارەیەک کەسایەتی رادەستبکاتەوە بە تورکیا. بەڵام سوید نەچووە ژێرباری تورکیا و بۆیەش رەجەب تەیب ئەردۆغان تەنیا ئەندامێتی فینلەندای قبوڵ کرد و تاوەکو ئێستا ئەندامێتی سویدی قبوڵ نەکردووە.

هاوپەیمانی ناتۆ لە ٣١ وڵات پێک دێت. بەگوێرەی بەندی پێنجی پەیمانەکە کە لە ساڵی ١٩٤٩ واژۆکرا، هەر هێرشێک لەدژی وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆدا ئەنجام بدرێت، وەک هێرشی سەر هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا لێکدەدرێتەوە و پێکەوە وڵامی دەدەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار