ئەو گەنجەی قورئانی سووتاند گۆمەکە بۆ سوید قووڵتر دەکاتەوە

تورکیا، سوید «دەگوشێت»

یەک ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

لەکاتێکدا حکومەتی سوید بەپەلەیە و هەڵوەدانیەتی بۆ چوونە نێو رێکخراوی ناتۆ، بەڵام سوتاندنی قورئان لەنێو وڵاتەکەیدا بووەتە هۆی ئەوەی تورکیا رێگری زیاتری لێبکات و نەهێڵێت بەئاسانی ببێت بە بەشێک لە رێکخراوەکە.

سوتاندنی قورئان لەلایەن سەلوان مۆمیکای تەمەن 37 ساڵ لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کاردانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە و موسوڵمانان بێزاری خۆیان لەو کارە دەربڕی، بەڵام ئەو کارەی پەنابەرە بە رەگەز عێراقییەکە کێشەیەکی گەورەی بۆ سوید دروست کردووە بۆ بە ئەندام بوون لە رێکخراوی ناتۆ.

ئەنقەرە توڕەیە و دەڵێت، ئەوانەی دەیانەوێت ببن بە بەشێك لە ناتۆ، نابێت چاوپۆشی لە ئیسلامۆفۆبیا بکەن، بەڵام ستۆکهۆڵم جەخت دەکاتەوە لەوەی کارەکەی سەلوان «یاسایی» بووە هەرچەندە بە «نەگونجاوی»شی وەسف دەکات.

سوتاندنی قورئان و پەیوەندی بە بەشداربونی سوید لە رێکخراوی ناتۆ

لەدوای هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی ساڵی رابردوو، فینلەندا و سوید لە هەوڵدان بۆ چوونە نێو رێکخراوی ناتۆ تا وەک قەڵغانێک بەکاریبهێنن و روسیا نەتوانێت هەڕەشەی داگیرکارییان لێ بکات.

هەرچەندە فینلەندا بە فەرمی بووە بە ئەندام لە رێکخراوەکە، بەڵام سوید نەیتوانییوە ئەو ئامانجەی بەدیبهێنێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی تورکیا رێگری دەکات ببێتە ئەندامێک لە رێکخراوەکە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەنقەرە دەڵێت، خۆپیشاندانی هاوسۆزی بۆ کورد ئەنجام دەدرێت لە وڵاتەکەدا و سوید شوێنی «تیرۆرستانە» کە مەبەست لێی ئەندامانی پەکەکەیە.

ئێستا کە سەلوان مۆمیکا قورئانی سووتاندووە، تورکیا زیاتر سوورە لەسەر ئەوەی سوید نەبێتە ئەندام لە ناتۆ.

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو رێکخراوی ناتۆ کۆبونەوەی ساڵانەی خۆی لە پایتەختی لیتوانیا ئەنجام بدات و بە فەرمی سوید بکاتە بەشێک لە رێکخراوەکەی، بەڵام پێدەچێت کۆبونەوەکە ئامانجەکەی نەپێکێت، ئەمەش دەبێتە شەەرمەزارییەک بۆ رێکخراوەکە کە نەتوانێت ئەو ئامانجەی دایناوە بۆ خۆی جێبەجێی بکات. بەرپرسانی ناتۆ ترسی ئەوەیا هەیە سەرنەگرتنی ئەو کارە پەیامێکی شەرمەزارکەر و ترسناک بنێرێت بۆ نەیارانی، هەربۆیە پەلەیانە لە ئەنجامدانی کارەکە.

یانس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەسەر ئەندامبوونی سوید وتی، «ئێستا کاتی ئەوەیە پێشوازی لە سوید بکەین وەک ئەندامێکی تەواوەتی ناتۆ.»

لەدوای روداوی سوتاندنی قورئان لەلایەن سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم، پۆلیسی سوید رایگەیاند، لەسەر بنەمای پاراستنی ئازادیی رادەربڕین، رێگەی بەو کارە داوە. ئۆلف کرستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سویدیش لەسەر روداوەکە وتی، کارەکە «یاساییە بەڵام نەگونجاوە.»

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەرزوو لەسەر بابەتەکە قسەی خۆی کرد و بە تووندی هێرشی کردەسەر بەرپرسانی رۆژائاوا کە رێگە دەدەن «بە سوکایەتیکردن» بە ئیسلام.

«رۆژئاواییەکان فێردەکەین کە سوکایەتیکردن بە موسوڵمانان ئازادی رادەربڕین نییە،» ئەردۆغان وای وت.

دوای چەند رۆژێک و لەدوای دروستبوونی کاردانەوەیەکی گەورە، لە یەکشەممەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی سوید بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، «حکومەتی سوید بە تەواوەتی تێگەیشتووە ئەو کردەوەیە کردەوەیەکی ئیسلامۆفۆبیایە... ئەمەش بێڕێزییە بە موسڵمانان، بۆیە بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و بە هیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی بۆچوونی حکومەتی سوید نییە.»

 

سەلوان مۆمیکا کێیە؟

سەلوان گەنجێکی پەنابەری بە رەگەز عێراقییە کە ماوەی پێنج ساڵە لە سوید دەژی. لە 20ی شوباتی 2022 رەگەزنامەی سویدی وەرگرتووە. پێشتر لەکاتی شەڕی داعشدا چووەتە نێو ریزەکانی حەشدی شەعبی و پارتێکی دامەزراندووە بەناوی یەکیەتی سریانی دیموکراتی و بووەتە سەرکردەی باڵی سەربازی پارتەکەی.

مۆمیکا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی ئینستاگرام، خۆی وەک کەسێکی «بێ باوەڕی لیبڕاڵی سیکیولار» دەناسێنێت. هەرچەندە دەڵێت کە بێباوەڕە، بەڵام لەسەر دەستی راستی تاتۆیەک هەیە کە خاچی مەسیحییە.

لەدوای سوتاندنی قورئان و سڕینی پێڵاوەکانی بە هەندێک لە لاپەڕەی قورئان، سەلوان قسەی بۆ سی ئێن ئێنی ئەمریکی کرد و لەسەر هەڵوێستەکەی وتی، «پێویستە ئەم پەرتوکە لە جیهاندا قەدەغە بکرێت بەهۆی ئەو مەترسییەی دروستی دەکات بۆ سەر دیموکراسی، رەوشت، بەهاکانی مرۆڤ، مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان. ئەم پەرتوکە بۆ ئەم کات و سەردەمە نابێت.»

تورکیا کوردو بێرێزیکردن بەئیسلامی کردووەتە بیانوو لەبەرامبەر سوید

بۆ ئەوەی سوید ببێتە ئەندام لە ناتۆ، پێویستە سەرجەم ئەندامی رێکخراوەکە رەزامەندی لەسەر دەرببڕن بەڵام تورکیا و هەنگاریا دژی ئەو هەنگاوەن.

تورکیا دەڵێت هەتا سوید بەرگری لە «بێڕێزیکردن و سوکایەتیکردن» بە ئیسلام و موسوڵمانان بکات و پەناگەیەک بێت بۆ «تیرۆرستان»، ناهێڵێت سوید ببێتە ئەندام لە رێکخراوەکە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەوبارەیە دەڵێت، «قبوڵکراو نییە لەژێر ناوی ئازادی رادەربڕین، ئەم کارانە دژ بە ئیسلام بکرێت.» هاوکات فەخرەدین ئاڵتون، بەرێوبەری پەیوەندییەکانی حکومەتی تورکیا هۆشداری ئەوەیدا کە، «ئەوانەی دەیانەوێت ببنە بەشێک لەناتۆ نابێت چاوپۆشی لە ئیسلامۆفۆبیا بکەن.»

ئەم لێدوانانە ترسی دروستکردووە و میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەنقەرە رێگر دەبێت لە سوید بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ.

بەرپرسێکی ئەوروپی کە ناوی نەهاتووە، بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، «هەر دواخستنێکی سوید لە بوون بە ئەندامی ناتۆ ئەو هەستە دروست دەکات کە ئەردۆغان دەسەڵاتی هەیە بەسەر رێکخراوەکەوە.»

«ئەردۆغان ئەم ساتە بەرکاردەهێنێت تا بەتەواوی سوید بگوشێت،» بەرپرسە ئەوروپییەکە وادەڵێت.

بیانوی ئەنقەرە تەنها سوتاندنی قورئان نییە و دەڵێت هێشتا سوید بەپێی پێویست کاری نەکردووە بۆ رووبەرووبونەی «تیرۆریزم» لە وڵاتەکەی.

لە کۆتایی مانگی رابردوو، سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند رەجەب تەیب ئەردۆغان بە تەلەفون قسەی لەگەڵ یانس ستۆڵتنبێرگ کردووە و پێی راگەیاندووە، گۆڕینی یاساکانی سوید سەربارەت بە «تیرۆرزیم» قایلکەر نییە و «بێمانایە.»

ئەنقەرە پێیوایە کە هێشتا لە سوید خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی پەکەکە دەکرێت و وڵاتەکە هێشتا پەناگەیەکی ئارامە بۆ ئەندامانی پەکەکە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا سوید چەند یاسایەکی نوێی چەسپاند کە مەبەست لێیان راگرتنی پاڵپشتیییە لە وڵاتەکەدا بۆ ئەندامانی پەکەکە.

لە هەفتەی رابردوودا، تۆبیاس بیلیستۆم، وەزیری دەرەوەی سوید، رایگەیاند پێویستە تورکیا بە ئەندامبونیان لە ناتۆ رازی ببێت چونکە پابەندی هەموو خاڵەکانی رێککەوتنەکەیان بوون لەگەڵ ئەنقەرە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار