یۆنان کەمپەکەی پەکەکەی لە ئەسینا داخست و ژن و منداڵانی دەرکرد
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پۆلیسی یۆنان هەڵییان کوتایە سەر کەمپی لاڤریۆی پەکەکە لە نزیک ئەسینای پایتەختی یۆنانە و پەنابەرانی لە کەمپەکە دەرکرد.
میدیاکانی پەکەکە رایانگەیاند، پۆلیسی یۆنان هەڵیکوتاوەتە سەر کەمپەکە و نزیکەی 50 کەس کە زۆربەیان منداڵ و ژنن بە زۆر لە کەمپەکە دەرکراون و باسی ئەوەش کراوە کە ئەو پەنابەرانە بەسەر کەمپەکانی دیکەدا دابەش دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە میدیا فەرمیەکانی یۆنان کەمپەکەیان وەک کەمپی 'تیرۆریستان' بەناو کرد.
ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە لەم مانگەدا کۆبونەوەی ناتۆ ئەنجام بدرێت و داواکاریەکانی تورکیا لەبەرامبەر ئەندام و بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە کۆبونەوەکاندا قسەی لەسەر بکرێت.
هەروەها وەزارەتی پەنابەرانی یۆنان رایگەیاند، لەسەر داوای پەنابەران، کەمپەکە داخراوە. ناوەندی کەلتوری کورد لە یونانیش ئەو بانگەشەیەی وەزارەتی پەنابەرانی رەت کردەوە و داوای کرد خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت. بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 5ی ئێوارە لەبەردەم ئەکادیمی ئەسینا خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت.