زیاتر لە ٢٠ فڕۆکەی چینی هێڵی ئاسمانی گەروی تایوانیان بەزاند
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24 فڕۆکەی جەنگی چینی، لەنێویاندا فڕۆکەی جەنگی و بۆمبڕێژکراو، لە نزیک تایوان، تا کاتژمێر 8:00ی بەیانی بەدیکراون
ڕاشیگەیاندووە تایوان فڕۆکە و کەشتیی ناردووە بۆ ئاگادارکردنەوەی چالاکییەکانی چین، لەکاتێکدا سیستەمی موشەکی چاودێرییان دەکرد.
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی تایوان بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی راگەیاندوە، پێدەچێت چالاکییەکانی ئەمڕۆ هەینی چین لە وەڵامی سەردانێکی شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مایک ڕۆجەرز، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تایپە بێت.
چین لە مانگی نیساندا لە دەوروبەری دورگەکەدا مانۆڕی ئەنجامدا، ئەوەش وەک وەڵامێکی توڕەیی بۆ کۆبونەوەی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی تەقەمەنی و پێداویستی لۆجستی بە تایوان بە دو گرێبەستی جیاواز بە بەهای تا 440 ملیۆن دۆلار پەسەندکرد.