هاوڵاتی ئیسرائیل بووەتە مۆتەكەی پێگەی ئێران لەناوچەكەداو بە رادەستكردنی زانیارییە نهێنییەكانی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران جارێكی دیكە ئەو وڵاتە دەخاتە لێواری سزادانی نێودەوڵەتییەوە. زیندوكردنەوەی رێكەوتنی ئەتۆمیی لەخەونی گەورەی ئێرانەوە بۆ رێككەوتنێكی بێگیان گۆڕاوەو گرەوی ئێستای واشنتۆن لەئێستادا تەنها راگرتنی پەیكەری ئەو رێككەوتنەیە لەپێناو ئەوەی نەبێتە ئیمتیاز و بەهێزبوونی پێگەی ئابوری و سیاسیی تاران لەئاستی جیهاندا. ئیسرائیل بە راشكاوی رایگەیاندووە؛ هەموو هەوڵەكانی بۆ پەكخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەخاتەگەڕ، تەنانەت ئەگەر ئەمریكا رێككەوتنی ئەتۆمیی یان هەر جۆرە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ تاران بكات». ئەمریكا سەرەڕای ئاشكراكردنی بژاردەی نوێ بۆ هێشتنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەسڕكراوی دەیەوێت نەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئێران و لەو پێناوەشدا ئیسرائیلی دەستكراوە كردووە بۆ پەكخستنی پلانە ئەتۆمییەكانی ئێران. ئیسرائیل ئاشكرای كردووە لەچوارچێوەی پلانێكی سەربازیی بەناوی كەشتیی نوح ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەنجامدانی هەنگاوی سەربازیی دژی بنكەو پێگە سەربازییەكانی ئێران لەناوخۆو دەرەوەی ئەو وڵاتە و ئامانجی سەرەكیشی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانە. لەبەرامبەر هەڕەشەو كردارەكانی ئیسرائیل لەدژی ئێران ئەوەی لەتاران و فەرماندە سەربازییەكان بەدی دەكرێت تەنها هەڕەشەی لەناوبردنی تەلئەبیب و هێرشی ئەلیكترۆنیی دژی ئەو وڵاتەیە كە لەلایەن گروپێك بەناو (گۆچانی موسا) ئەنجام دەدرێت. ئیسرائیل لەماوەی 20 ساڵدا زۆرترین زانای ئەتۆمیی ئێرانی كوشتووە بەبێ ئەوەی تاران سەرەڕای هەڕەشەكان توانیبێتی لەئاستی تەلئەبیبدا وەڵامی پێویستی هەبێت. ئیسرائیل بەكەشتی نوح بەرەنگاری ئێران دەبێتەوە رۆژێك دوای بەیاننامەی كۆشكی سپی و لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە (2/6/2022) تەلئەبیب مانۆڕێكی سەربازیی بەناوی (گالیسكەكانی ئاگر) لەدەریای ناوەڕاست و دەریای سوور دەستپێكرد. سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد ئەو مانۆڕە سەربازییە لەساڵی 2021 بەرنامەی بۆ دانراوە، بەڵام ئەمساڵ جێبەجێ كراوە كەئەویش لەپێناو ئامادەكارییە بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەڕەشە سەربازییەكانی ئێران لەدژی ئیسرائیل و ئاوەكانی كەنداو. ئەو سوپایە رایگەیاندووە؛ مانۆڕەكە ئامادەكارییە بۆ ئەو سیناریۆیانەی كە لەئەگەری هێرشی سەربازیی ئێران لەناوچەكدا روودەدات. مانۆڕەكەی سوپای ئیسرائیل هاوكات بوو لەگەڵ لێدوانی بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی وڵاتەكە، كە رایگەیاند؛ تەلئەبیب پلانی سەربازیی ئامادەكراوی دژی ئێران هەیە بەناوی (كەشتی نوح) لەكاتێكدا ئیسرائیل پێشتر و لەساڵی 2002 بەو ناوەوە دەستی بەسەر 15 ملیۆن دۆلار چەكی ئێراندا گرت كەبڕیاربو ئەو چەكانە راستی حزبوڵای لوبنان و چەكدارانی فەلەستین بكات». ئێران بەگۆچانی موسا هێرشی ئەلیكترۆنیی دەكاتە سەر ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بەیەكێك لەبەرهەمهێنەكانی پڕۆگرامی هەواڵگریی لەبواری ئینتەرنێت و كۆمپیوتەر لەجیهان ئەژمار دەكرێت بەڵام ئێران و هەندێك گروپی هاككەر لەم ساڵانەدا دامودەزگا سەرەكییەكانی ئیسرائیلیان كردووەتە ئامانجی هێرشە ئەلیكترۆنییەكانیان. گروپی هاككەری (گۆچانی موسا) بەیەكێك لەو گروپانە ئەژمار دەكرێت كە لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەكرێن و لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا زۆرترین هێرشی ئەلیكترۆنییان كردووەتە سەر دامەودەزگاكانی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە. گروپی گۆچانی موسا تائێستا زانیاریی تایبەتیی و كەسیی دەیڤد بارنیە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و ژمارەیەك لەبەرپرسانی ئەو دەزگایە و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەیان بڵاوكردووەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی مۆساد ئەو گروپە پێگەی سەرەكییان لەناو خاكی فەلەستیندایە، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەكرێن. هاوكات لەگەڵ گۆچانی موسا گروپێكی دیكەی هاككەر بەناوی قاسم لەماوەی رابردوودا زۆربەی میدیاو راگەیاندنە فەرمییەكانی ئیسرائیلیان كردە ئامانج و بەپێی زانیارییەكانی دەزگای مۆساد ئەو گروپەش لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە دەكرێن و تەنانەت ناوی گروپەكە ئاماژەیە بەناوی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس-ی سەر بەسوپای پاسداران. تەلئەبیب و تاران زیاتر لە 40 ساڵە لەدۆخی جەنگدان دژ بەیەكترو لە 20 ساڵی رابردوودا زۆرترین زانای ئەتۆمیی ئێران بەدەستی ئیسرائیل لەناوخۆی وڵاتەكەدا كوژران و دوایین نموونەشیان موحسین فەخریزادە بوو كە بەباوكی ئەتۆمیی ئێران ناو دەهێنرا، بەڵام لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت بەرپرسانی سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لەتەلئەبیب دەكەن هیچ بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلیان نەكردووەتە ئامانج. ئیسرائیل و ئەمریكا دوو ئامانجی هاوتەریب لەئێران دەپێكن ئەمریكاو ئیسرائیل لەنوێترین كۆبونەوەی بەرپرسانی باڵای ئاسایشیی وڵاتەكەیان لە واشنتۆن رایانگەیاند ئامانجی سەرەكیی هاوكاریی ئەو دوو وڵاتەیە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكتر و راگرتنی جموجۆڵە نائاساییەكانی ئێرانە لەناوچەكەدا. رۆژی چوارشەممە (1/6/2022) دوای كۆبوونەوەی جەیك سۆلیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكاو ئیلا خولاتا، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی لەواشنتۆن، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند؛ بەرپرسانی باڵای دوو وڵاتەكە سەبارەت بە پرسیی ئەتۆمیی ئێران كۆبوونەوەتەوەو هاوڕان بۆ پابەندكردنی تاران بەپێوەرە نێودەوڵەتییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم بەمەبەستی ئاشتیخوازانە. ئەگەرچی ئەمریكا دوای هەر كۆبوونەوەكەی بەرپرسانی واشنتۆن و تەلئەبیب جەخت لەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەكاتەوە بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل هەر دوای ئەو كۆبوونەوانە لێدوانی توند دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بڵاو دەكەنەوە. یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەگەڵ تەواوبوونی كۆبونەوەی سۆلیڤان و خولاتا بە رۆژنامە (جۆرۆسەلیم پۆست)ی وڵاتەكەی راگەیاند؛ تەلئەبیب لە دەرەوەی بازنەی رێككەوتنی نێودەوڵەتیی ئێران و وڵاتانی 5+1 بڕیار دەدات و هیچ رێككەوتنێكی نهێنی و ئاشكرای واشنتۆن و تاران وا ناكات ئیسرائیل لە هەنگاوەكانی دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پاشەكشە بكات. لاپید وتوویەتی: ئێران لە ئیستادا ئاستی یۆرانیۆمی پیتێنراوی گەیاندووەتە 60% لەكاتێكدا ئەگەر ئەو رێژەیە بگاتە 90% ئەوا تاران دەبێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆم و كێشەی گەورە بۆ ناوچەكە دروستدەكات، بۆیە ئیسرائیل بڕیاری داوە هەر جووڵەیەكی نائاسایی و هێرشێكی ئێران لەنزیك سنورەكانی ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرش لەناوخۆی ئێران وەڵام بداتەوە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەوە كردوەتەوە وڵاتەكی پلانی سەربازیی ئامادەكراوی هەیە دژی ئێران و بەدڵنیاییەوە رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی. گڵوپی سەوزی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل چارەنووسی پرسی ئەتۆمیی كەوتووەتە دەست ئیسرائیل و ئاماژەكانی ئەوەش بە رادەستكردنی زانیارییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بەئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئەتۆم دەركەوتووە. رۆژنامەی نیویۆك تایمز بڵاوی كردووەتەوە رۆژی هەینی (3/6/2022) تەنها سێ رۆژ پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، نەفتالی بێنێت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ رافائیل گروسی، سەرۆكی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئۆرشەلیم كۆبووەتەوە و سەرجەم ئەو زانیارییە نهێنیانەی كە تەلئەبیب لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەدەستی هێناوە رادەستی گروسی كردووە. گروسی دوای كۆبوونەوە لەگەڵ بێنێت هیچ لێدوانێكی سەبارەت بەو زانیارییانەی ئیسرائیل لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكە نەداو تەنها رایگەیاند ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزە لەسەر بنەمای زانیارییەكانی خۆی بڕیار لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەدات. رۆژنامەی نیۆیۆرك ئاشكرای كردووە بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئیسرائیل لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەستی كەوتووە، تاران گەیشتووەتە قۆناغێك لە پیتاندنی یۆرانیۆم كە تەنها كاردانەوەی سەربازیی توند دەتوانێت وڵاتەكە لەگەیشتن بەچەكی ئەتۆمیی رابگرێت چونكە پیتاندنی یۆرانیۆمی لەهەندێك دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە 60%. ئێران كە نیگەرانیی خۆی لە كۆبوونەوەی نێوان گروسی و بێنێت راگەیاندووە لە بەیاننامەیەكدا داوای لەئاژانسی ئەتۆمیی و ئەمریكاو سێ وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا كردووە نەكەونە ژێر كاریگەریی ئیسرائیل و دەنگ نەدەن بەپێش نووسی ئەو بڕیارەی كە خودی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئامادەیان كردووە. پێگەی ئەكسیۆس لەئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا، نایەوێت رێككەوتنی ئەتۆمیی بەتەواوەتی هەڵوەشێتەوە و مەرگی ئەو رێككەوتنە رابگەیەنێت لەساڵی 2015 لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 كراوە لەو پێناوەشدا دەیەوێت فشارەكانی سەر تاران زیاد بكات و یەكێك لەفشارەكانیش هەنگاوەكانی تەلئەبیبە لەدژی ئێران بەم مەبەستەش گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە تا تاران ناچار بكات بگەڕێتەوە بۆ مێزی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا. ئاژانسی ئەتۆمیی لەسەر زانیارییەكانی ئیسرائیل بڕیار لەچارەنووسی ئێران دەدات ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم ئاشكرای كردووە ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی 18 هێندەی پێوەری ناو رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرز كردوەتەووە و بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60٪ی وڵاتەكەش لە 33 كیۆگرام بۆ 43 كیلۆگرام زیادی كردووە. لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 نابێت رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لە 3.5٪ زیاتر بێت . رافائیل گروسی رۆژی دووشەممە (6/6/2022) لەكاتی دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم رایگەیاند ئێران بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی چەند هەنگاوێكی كەمی ماوە. گروسی بە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك بەڵگە ئاشكرای كردووە ئێران ژمارەی كورە ئەتۆمییەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد كردووە كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەوڵەكانی تاران لەپێناو گەیشتن بەتەكنەلۆژیای پێشكەوتووی ئەتۆمیی. پێدەچێت وڵاتانی ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە كە بەشێكی سەرەكیی سەرچاوەكەی هەمان ئەو زانیارییانەیە كە ئیسرائیل رادەستی سەرۆكی ئاژانسەكەی كردووە، بەیاننامەیەك لە دژی ئێران بڵاو بكرێتەوە و ئەوەش وا دەكات سزای زیاتر بەسەر تاراندا بسەپێنرێت. بڕیاڕە رۆژی پێنجشەممە (9/6/2022) رەشنووسی ئامادەكراوی بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لەئاژانسی ئەتۆمیی بخرێتە دەنگدانەوەو 13 وڵات لەكۆی 35 وڵات چارەنووسی ئێران یەكلایی دەكەنەوە. یۆنان لەمانگی رابردوودا دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری روسی بەناوی (لارا)دا گرت كە بڕی 700 هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی دەگواستەوە، دوای سێ هەفتەش لە راگرتنی كەشتییەكە، نەوتەكەی رادەستی ئەمریكا كرد لەبەرامبەردا دوو رۆژی دوای رووداوەكە رۆژی هەینی رابردوو ئێران دەستی بەسەر دوو كەشتیی یۆناندا گرت كە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقیان پێبوو. سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی هەینی (29/5/2022) رایگەیاند دەستیان بەسەر دوو كەشتیی نەوتهەڵگری یۆناندا گرتووە كە سنوورە ئاوییەكانی ئێرانیان بەزاندووە دوای چەند رۆژێكیش لەو رووداوە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوانێكدا لە رێوڕەسمی یادی 32یەمین ساڵی مردنی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی، رایگەیاند وڵاتەكەی بە دەستبەسەراگرتنی ئەو دوو كەشتییە نەوتهەڵگرە نەوتی خۆی وەرگرتووەتەوە. خامنەیی وتی: ئێران بەو هەنگاوە نەوتە دزارەوەكەی خۆی لەئەمریكاو هاوپەیمانانی سەندووەتەوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری ژمارەیەك دیپلۆماتكاری ئەوروپا بڵاوی كردووەتەوە: بەریككەوتنەكانی ئەمریكاو ئێران لەناوچەكەدا زیادی كردووە و ئەوەش ئاماژەیكی روونی راگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەكانە، چونكە واشنتۆن پلانی دیكەی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ فشارخستنە سەر ئێران و هاوكات دەیەوێت رێككەوتنی ئەتۆمیی تەنها وەك پەیكەرێكی بێگیان یان بێهۆش رابگرێت. رۆیتەرز ئاماژەی بەوە كردووە دەستبەسەراگرتنی نەوتی ئێران و وەڵامەكەی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوو كەشتیی یۆنان دەرەنجامی بنبەستی دانوستانەكانی ڤیەننایە بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی
سازدانی: كاوەڕەش. بەریتانیا ئەو كوردەی بووە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئەركێكی دیكەشی پێسپێردرا كە بەزۆرینەی دەنگ وەك (جێگری پارێزگار - لەندەن لامبس) هەڵبژێردراو بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» كۆكردنەوەی هەموو وزەو تواناكان زامنی ئەوە دەكات لۆبییەكی باش بۆ كورد دروست بكەین». سەرباز سەید عەلی بەرزنجی، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ژمارەیەكی ئێجگار زۆری كورد لەهەموو ئاست و باكگراوندی ئەكادیمی و پسپۆڕی جیاواز پشتگیریان كردووین بەچەندان رێگای جیاواز، ئەو رووحە یەكگرتووییە هەستێكی خۆشت پێدەبەخشێت كە هەستی یەكبوون و گەورە بیركردنەوە دەبینیت، خەڵكی ئێمە زۆر مەردو لەخۆبووردوون». هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە»پەنابەران دەبێت شەرەفمەندانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت ناكرێت وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و بخرێنە ناو جیاوازیە سیاسییەكانی حزبەكانی بەریتانیاو بكرێنە چەكی ململانێی سیاسی، ئەوان پێویستیان بەهاریكاری و سۆزە». هاوڵاتی: ئەگەر خۆت بتەوێ وەك چیرۆكێكی كورت، ژیانی خۆت بەیان بكەی؟ سەرباز بەرزنجی: ناوم سەرباز سەید عەلی بەرزنجی لەسەرەتاكانی تەمەنمەوە لە لەندەن دەژیم، لەقۆناغەكانی قوتابخانەی ئامادەییەوە لە لەندەن خوێندوومە. وەك پەنابەر هاتوومە بەریتانیا، بەڵام ئێستا (هاوڵاتی بەریتانیم) وەك دەزانن پەنابەر ناتوانێت خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سیاسی، ساڵانی زۆر كارو چالاكی سیاسیمان هەیە لەناو سیاسەتی بەریتانیا چەندان پۆستی حزبیمان وەرگرتووەو تەكلیف كراوین بۆ زۆر بەرپرسیاریەتی تر. پێش ئەوەی ئەو بەرپرسیاریەتیە وەربگرم و ئێستا كە بەرپرسیاریەتیم هەیەو دوای تەواوبوونی بەرپرسیاریەتیەكەم هەروەك خۆمم، باوەڕبوونم بەتێكۆشان بۆ چاكەی گشتی و خزمەتی خەڵك ناگۆڕێت، هەر بەردەوام دەبم لەخزمەتی كۆمەڵگاو خەڵك و كارئاسان كردنی ژیانی خەڵك بەپێی توانای خۆمان هاوڵاتی: وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە وەك كوردێك چی لەژیانی تۆدا دەگۆڕێت؟ سەرباز بەرزنجی: كە باسی لەندەن دەكەین خۆشە وەك خۆی تێی بگەی باسی زیاتر لە 10 ملیۆن مرۆڤ دەكەین، هەرێمی لەندەن، لەندەن ریجن بەتەنها لەندەن چەند هێندەی هەرێمی كوردستانە، سەنتەری ئابوری ئەوروپا، ناوەندی بڕیاری جیهانە، دەسەڵاتەكانی مەیە لەندەن لەهەرێم زیاترە، پڕۆژەی ستراتیژی و گواستنەوە، فڕۆكەخانەكان تەنزیم دەكات. ناتوانین بەراوردی بكەین بەسیستمی كوردستان، هەر وڵاتەو هەیكەلیەتی ئیداری جیاوازە، لێرە لامەركەزیە، لەئەمریكا پێی دەڵێن گاڤنە لەبەریتانیا پێی دەڵێن مەیە، مەیە Mayor گەورەترین دەسەڵاتی شارە، لەئەڵمانیا بەسەرۆكی وڵات دەڵێن راوێژكار. لەبەریتانیا بەسەرۆكی پەرلەمان دەڵێن سپیكەر كەتەرجومەی كوردی بكەیت واتە قسەكەر، تێگەیشتن لەسیستمی وڵات بەگوگڵ ترانسلەت ناكرێت. وەك ئاگادارن لە ٥/٥/٢٠٢٢ هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لەوڵاتی بەریتانیا ئەنجامدران. بۆ ئەو مەبەستە دوای كێبڕكێیەكی دیموكراسیانەو بەدەنگی راستەوخۆی هاووڵاتیان وەك ئەندامی ئەجومەنی شارەوانی متمانەی دەنگدەرانمان بەستهێنا لەو بازنەیەی لێی كاندید كرابووین. دواتر لەڕۆژی ٢٥/٥/٢٠٢٢ لەڕێوڕسمێكی شایستەو تایبەتدا، ئەنجومەنی شارەوانی بەبەشداری سەرجەم ئەندامە هەڵبژێردراوەكانی و بەئامادەبوونی ژمارەیەك ئەندام پەرلەمان و نوێنەری تایبەتی خاوەن شكۆ شاژن، لەپڕۆسەیەكی روون و دیموكراسیانەدا، سەرەڕای ئەركی ئەنجومەنی شارەوانی ئەركێكی ترم پێسپردرا، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن وەك جێگری پارێزگار - لەندەن لامبس هەڵبژێردراین، لای ئێمە 2 هەزارو 400 كارمەندی هەیە. ئەو بەرپرسیاریەتیەم بۆ ئەوە وەرنەگرتووە ژیانی خۆم بگۆڕم، چونكە پێش ئەو بەرپرسیاریەتیەش ژیانم باش بووەو لەبواری تایبەتمەندێتی خۆم سەركەوتوبووم، وای دەبینم من دەبێت چ بكەم بۆ ئەركەكەم نەك ئەرك و مەسئولیەتەكە چی بۆ من دەكات. پێش ئەوەی ئەو بەرپرسیاریەتیە وەربگرم و ئێستا كە بەرپرسیاریەتیم هەیەو دوای تەواوبوونی بەرپرسیاریەتیەكەم هەروەك خۆمم، باوەڕبوونم بەتێكۆشان بۆ چاكەی گشتی و خزمەتی خەڵك ناگۆڕێت، هەر بەردەوام دەبم لەخزمەتی كۆمەڵگاو خەڵك و كارئاسان كردنی ژیانی خەڵك بەپێی توانای خۆمان . ئێمە هەموو هەوڵێك دەقۆزینەوە بۆ ئەوەی بەكۆمەڵگای بەریتانیا بڵێن كە پەنابەران تاوانكار نین هاوڵاتی: ئەوەندەی ئاگاداربین بەڕیزتان و دوو كوردی دیكە، لەشارەوانیەكانی لەندەن بوونتان هەیە، لەهەمانكاتدا ئەندام پارلەمان و وەزیری پەروەردەش كوردە، بۆ رەوشی كورد، كاریگەری چیتان دەبێت بۆ هەر چوار پارچەكەی كوردستان؟ سەرباز بەرزنجی: ئێمە كاركردنمان بەو ئاراستەیەیەو هیواداریشن بتوانین بەهەموومان كاریگەریمان هەبێت، بەداخەوە لەزۆرێك لەوڵاتانی جیهان و لەبەریتانیاش ژمارەیەكی بەرچاوی كورد بوونی هەیە، خەڵكی زۆر بەتواناو دڵسۆزمان هەیە، بەڵام وزەو تواناكان نارێكخراون، پەرت و لێك دوورن، كۆكردنەوەی هەموو وزەو تواناكان زامنی ئەوە دەكات بەهەموومان لۆبییەكی باش بۆ دۆزی رەوای كورد دروستبكەین. بێگومان منیش هەوڵی تەواوی خۆم دەدەم تا ئەو لێك نزیكبوونەوەیە دروست بكەین، نەك هەر لەنێوان سیاسییەكان، بەڵكو سەرجەم تووێژەكان، ئەكادیمی و پیشەیی و كۆمەڵایەتی ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی ئێمە لەڕێگای پێگەكەمان لەحكومەتی بەریتانی و لەحزب دروستمان كردووە، بێگومان هاوكاری باش دەبێت، زۆر ئاسانتر دەتوانین دەنگمان بگات بەناوەندی بڕیاری بەریتانیا. وەك چۆن لەڕابردوو ئەو هەلانەمان قۆستۆتەوە بۆ خزمەتی دۆزی رەوای كوردو گەیاندنی ئازارەكانی كورد لەداهاتووش بەردەوام و سوورتر دەبین لەسەر ئەو رێگایە. هاوڵاتی: لەلەندەن سەدان نەتەوەو كلتوری جیاواز بوونی هەیە، وەك كوردێك، كێن ئەوانەی دەنگیان بەتۆ داوە؟ ئایا بەپشتیوانی كوردەكان یان متمانەی ئینگلیزەكانیشت بەدەستهێناوە؟ سەرباز بەرزنجی: لەڕاستیدا ئێمە وەك كورد ژمارەو رێژەمان هێندە كەمە هەر پلەبەندیشمان بۆ نەكراوە چ جای بگاتە ئەوەی كاریگەری هەبێت لەسەر هەڵبژاردن، لێرە كەسێك جنسیەی بەریتانی نەبێت ناتوانێت بەشداری پڕۆسەی سیاسی بكات و دەنگ بدات، بۆیە دەنگدەرانی ئێمە خەڵكی بەریتانی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خۆشحاڵ بووم چەندان گەنجی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەر ئەركێك بتوانن بیكەن بۆ پشتگیری ئێمە. ژمارەیەكی ئێجگار زۆری كورد لەهەموو ئاست و باكگراوندی ئەكادیمی و پسپۆڕی جیاواز پشتگیریان كردووین بەچەندان ێگای جیاواز، كۆمێنت بڵاوكردنەوە، پەیوەندی، ئەو رووحە یەكگرتوویە زیاتر دڵخۆشم دەكات ئینشاڵا زیاتر پەرەی پێبدەین، هەستێكی خۆشت پێدەبەخشێت كە هەستی یەكبوون و گەورە بیركردنەوە دەبینیت، خەڵكی ئێمە زۆر مەردو لەخۆبووردوون. هاوڵاتی: لەئێستادا بڕیارێك هەیە بۆ رەوانەكردنی پەناخوازان بۆ رواندا، رەنگە بەشێك لەكوردە پەناخوازەكانیش بگرێتەوە، دەتوانن چی بكەن لەو بارەیەوە؟ سەرباز بەرزنجی: ئەو بڕیارە بەتەنها بۆ كورد نیە بۆ هەموو پەناهەندەیەكە لەهەر وڵاتێكی جیهانەوە بێت، بەڵام بۆ كورد سەختترو گرانترە، بڕیارەكە تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو هیوادارین جێبەجێش نەكرێت، ئێمە پێمانوایە پەنابەران دەبێت شەرەفمەندانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، ناكرێت وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و بخرێنە ناو جیاوازیە سیاسییەكانی حزبەكانی بەریتانیاو بكرێنە چەكی ململانێی سیاسی، ئەوان پێویستیان بەهاریكاری و سۆزە. ئێمە هەموو هەوڵێك دەقۆزینەوە بۆ ئەوەی بەكۆمەڵگای بەریتانیا بڵێن كە پەنابەران تاوانكار نین، لەگەڵ دەسەڵاتداران قسە دەكەین، لەگەڵ حكومەت و لەڕێگەی دۆست و هاوكارانمان لەپەرلەمان نەهێڵین بەئاسانی بڕیاری لەو شێوەیە تێپەڕێندرێن، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین بەربەست و پاڵنەرە سیاسیەكانی پشت ئەو بڕیارە زۆر جددین و ئاسان نیە بڕیارێكی ئاوا بوەستێندرێت، بەجددی هەوڵی خۆمان دەدەین هەرچیەك بكرێت درێغی ناكەین. هاوڵاتی: لەئێستادا ژمارەیەكی بەرچاوی رەوەندی كوردی لەبەریتانیا بوونی هەیە، پەیامی ئێوە چیە بۆ ئەوان، تابتوانن خۆیان بنیادبنێن و كەسانی بەسودیان لێدەرچێ، بەكۆمەڵگای كوردی و بەریتانی؟ سەرباز بەرزنجی: پەیامی ئێمە بۆ هەموو كوردێك ئەوەیە لەهەر بوارێكدا كار دەكەیت بۆ خزمەتی خۆت و خەڵك بەكاری بهێنە، رابرووی خۆتان لەیاد مەكەن، بەڵكو خۆتانی پێ مۆتیڤەیت بكەن بۆ چاكەی گشتی، قیاسی سەركەوتن بەرژەوەندی كورت و تەسكی شەخسی نیە، ئەو ئیمپاكتەیە كە تۆ لەسەر مێژوو و میللەتت بەجێتدەهێڵیت. ئەوە تاكە كۆمەڵگا دروست دەكات، ئەوە تاكە كە بەدەستەجەمعی ئیش دەكات گۆڕانكاری دروست دەكات، هیوادارین نموونەی بەرزی بەها باڵاكان و پێكەوەژیان بن لەكۆمەڵگای بەریتانی. خۆم بەنوێنەر و هاوكارو برای هەموو كوردێك دەزانم لەهەر شوێنێكی دنیا بێت و پاڵپشتی و دەستخۆشیم بۆ هەموو كەسێكە كەژیانی خۆی بۆ خزمەتی چاكەی گشتی تەرخان دەكات. هاوڵاتی: لەكاتی سوێندخواردن بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی شارەوانی، جلوبەرگی كوردیت لەبەردابوو، ویستتان لەو رێگەیەوە پەیامێك بگەیەنن؟ سەرباز بەرزنجی: بەشداربوونمان لەم رێوڕەسمەدا بەجلوبەرگی كوردی هەموو حساباتێكی سیاسیم بۆ كردووەو مەسجێكی نەتەوەیی بووە، هەموو كەسیش پێی خۆش نەبووە، لەوانەیە خەڵكی رەگەزپەرست زۆر دژیشی بووبن، چەند پەیامێكی تیدابوو مەبەستمان بوو پشانی جیهانی بدەین كە لەندەن هەلی وەرگرتنی پۆست و دەسەڵاتیش لەسەر بنەمای لێهاتوویی بۆ هەموان رەخساوە. جلوبەرگیش سیمایەكی هەرە گرنگی كلتوری كوردییە، ئێمەش بەشوناس و باكگڕاوندی خۆمان شانازی دەكەین، ویستمان بەڕای گشتی بەریتانیا بڵێین ئێمەش بەشێكین لەبنیاتنانی كۆمەڵگای بەریتانی و دەتوانین خزمەتی وڵاتەكە بكەین
هاوڵاتی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی كۆنگرێس، پڕۆژەیاسایەكی پەسەندكرد، كە تێیدا هەموو چالاكییەكانی درۆنی ئێرانی لە ناوچەكە قەدەغە دەكات و تێیدا باسی هێرشەكەی سەر هەولێر دەكات. لە ڕاگەیەنداوێكدا لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەكردووە" ئەمریكا هەموو هەوڵێك دەدات بۆڕاگرتنی درۆنەكانی ئێران و بەرنامەی دروستكردنی ... كڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ئێران قەدەغە دەكرێت و هەر لایەنێك پابەند نەبێت ڕوبەڕوی سزا دەبێتەوە." هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە" ئەمریكا بەڵگەی پێویستی لەبەردەستە كە ئێران بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردووەتەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان و ماڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق". شەوی چوارشەممەی رابردوو درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لەسەر رێگای سەرەكی (هەولێر- پیرمام) تەقیەوە، كە بەهۆیەوە سێ كەس برینداربوون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەركەوت. میدیاكانی ئێران ئەوەیان بڵاوكردەوە كە لەو هێرشەی هەولێردا بەرپرسێكی موسادی ئیسرائیل و هاوەڵاكانیان كردووەتە ئامانج، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رەتیكردەوە.
هاوڵاتی لەم رۆژانەدا مەرج و گوشارەکانی تورکیا بەڤیتۆکردنی داوای سویدو فینلاند بۆ ئەندامبوونیان لەناتۆدا بووەتە بابەتێکی گەرمی ناوەندە سیاسی و میدیایی و لایەنە جۆراوجۆرەکان لەڕوسیاوە تاوەکو ئەمریکا. ڤیتۆکەی تورکیا راستەوخۆ پەیوەندیی بەکوردەوە هەیە، بەڵام ئامینە كاكە باوە پەرلەمانتار ستۆپی بەداواکاریەکەی ئەردۆغان هێناو سەرۆک وەزیرانی سویدیش رایگەیاند:» بەپەیوەندیەکاندا دەچنەوە لەگەڵ توركیا». تورکیا هەموو مەرجەکانی و ڤیتۆکەی بۆ ئەوەیە سویدو ئەوروپاو ناتۆو ئەمریکا زیاتر پاڵپشتیی بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە. رێگریش لەوە بکات، کە سوید پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. هەروەها گەمارۆی چەک و هەندێک لە سزاکانی سەر تورکیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە هەڵبگیرێن، کە ئەو سزانەش پەیوەندییان بەشەڕی تورکیا لە دژی کورد لە باکوورو رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا هەیە. لەم نێوانەدا بەپێی میدیاکانی تورکیاو سوید، تورکیا داوای رادەستکردنی ٣٣ کەسی لە سوید و فینلاند کردووەو ئەو کەسانەی بە «تیرۆریست» ناساندووەو لەوەش زیاتر رۆیشتووە وڵاتانی سویدو فینلاندی بەلانەی تیرۆر پێناسە کردووە. لێپرسینەوەی ناوخۆیی پەکەکە لەقۆناغی سەرەتای شەڕی چەکداریدا پەکەکە ٤٤ ساڵ لەوەوپێش وەک گروپێکی گەنج بەپێی هەلومەرج و کەشی شۆڕشگێڕیی باوی جیهانی و تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکان دامەزرا. بە کردەوەو بە دروستکردنی تۆڕی رێکخستن کاریان بۆ سەرخستنی شۆڕشەکەیان کرد. کاتێک تورکیا کودەتای ١٢ی سێپتەمبەری ١٩٨٠ی ئەنجامداو هەموو دەرەتانەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنی نەماو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەکەکە کوژران و دەستگیرکران، پەکەکە لەساڵی ١٩٨٤ شەڕی چەکداریی لە دژی تورکیای ئەندامی ناتۆ هەڵگیرساند. هاوکات پەکەکە لە ئەوروپا تۆڕێکی فراوانی لە رێکخستن دروستکردو گەنجانی پڕ لە وزە رێکخستنەکانی پەکەکەیان بەڕێوەدەبرد. وەک زۆربەی هێزە شۆڕشگێڕەکان و وەک ئەوەش، کە بە درێژایی مێژوو روویداوە پەکەکە لە لێپرسینەوەی ناوخۆیدا بەرامبەر ئەو کەسانەدا، کە لە رێکخستنەکاندا بۆ کارکردن بەدوژمنەوە گلابوون توندو یەلاکەرەوە بووە. وەک نەریتێکی لەمێژینەی هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەو کەسانەی لە دۆخی خەباتی نهێنیدا خیانەتیان بکردایە سزای شۆڕشگێڕی دەدران و پەکەکەش پەیڕەویی لەو یاسایە کردووە. وەک بەشێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، پەکەکە لەسوید ٢ کەس و لە ئەڵمانیاش ٢ کەسی لە ناو رێکخستنەکانی خۆیدا لەسەر تۆمەتباربوونیان بە خیانەت سزا داوە. سزادانی کەسانێک، کە لەخیانەتەوە گلاون مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لەسەردەمی راپەڕینی سپارتاکۆسەوە تاوەکو ئێستا هێزە شۆڕشگێڕەکان پشت بە لێدانی گورزی گورچکبڕ لە دوژمن و دەستوپێوەندەکانیان بەستووە. هیچ هێزێکی چەکداری زرگاریی نیشتمانی و دژ بە داگیرکەری و دیکتاتۆری نییە، کە پەیڕەویی لەو شێوازو میتۆدە نەکردبێت. بە دیوەکەی تریشدا ئیستاش لە یاسای هەموو وڵاتەکاندا خیانەت بە تاوانی گەورە پێناسە دەکرێت و قورسترین سزاکانی بۆ دانراوە. خەباتی نهێنی و چەکداری، پاراستنی رێکخستن و ئەندامان و نهێنییەکانی حزب، جموجوڵەکان و کاروباری دارایی بۆ هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا کارێکی قورسە و بەهۆی تایبەتمەندیی ئەو دۆخەوە ئەگەری ئەوەش هەیە هەڵە رووبدات. هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا ناتوانێت وەک دەوڵەتێک مامەڵە بکات و لەدامەزراوەی دادگاو بە ئامادەبوونی پارێزەرو هێزی ئەمنی و پۆلیس لێکۆڵینەوە لەکەسێکی تۆمەتبار بە خیانەت بکات و لە شوێنێکدا وەک زیندان بۆ ماوەی چەندین ساڵ رای بگرێت. سەرباری ئەوەش سیستمی داد لەوڵاتەکاندا هەڵە دەکەن و روویداوە، کەسانێک لەسەر تۆمەتێک زیندانیکراون، کە هیچ پەیوەندییان بەو تۆمەتەوە نەبووەو ساڵەهای ساڵی تەمەنیان لە زینداندا بەسەربردووە. بەزمانێکی سادەش خیانەت ئەوەیە، کە کەسێک لەناو هێزەکەی خۆیدا کار بۆ دوژمنەکەی بکات. مرۆڤ و سیستمە مرۆییەکان بەدەر نین لەهەڵە، بەڵام گرنگ ئیرادەیە بۆ چاککردن و تێپەڕاندنی هەڵە بۆ ئەوەش پەکەکە چەندیجار داوایکردووە لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر ئەوەی روویداوە پێبکبهێنرێت بۆ ئەوەی راستییەکان روون بێتەوە. پەکەکە و سەرکردایەتیی پەکەکە لە چەندین چاوپێکەوتن و بابەتەدا لە پرۆسەکانی ئاشتیدا بەڕوونی داوایانکردوە، لیژنەی لێکۆڵنەوە لە ڕووداوەکان و بۆ روونبوونەوەی راستییەکان دروست بکرێت... پەکەکەو لایەنە سیاسیەکانی پێش خۆی پەکەکە لەسەرەتای دامەزراندییەوە لەلایەن نەوەی پێشووی سیاسیی کورد وەک گروپێکی گەنج و «بێ ئەزموون» و «توندڕەو» سەیر دەکران و چاوەڕێ بوون پەکەکە گوێڕایەڵیان بێت و ئامۆژگارییەکانیان بۆ هەندێک پەیوەندیی سیاسی و هەندێک لەوڵاتان قبوڵ بکات، کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو نەوە سیاسییە جیاوازەی کورد لەو سەردەمەدا گەیشتە قۆناغێک، کە پەکەکە نەوەی پێش خۆی بە نەوەیەکی ناچالاکی سیاسی و ناشۆڕشگێڕ دەزانی، چونکە حساب بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و بنەماڵە و هەندێک هێزو وڵات دەکەن و خۆیان بۆ شۆڕش و ئازادی یەکلایی نەکردووەتەوە. لایەنی بەرامبەریش پەکەکەی بەسەرئێشە و هێزێک دەزانی، کە پێچەوانەی ئاو مەلە دەکات و پێداگرییان لەوە دەکرد، کە دەبێت پەکەکە دەستبەرداری خەباتی چەکداری و شێوازی کاری رێکخستنی خۆی بێت. هەرچۆنێک بێت بە تێپەڕبوونی کات پەکەکە گەشەی کردو بەشێکی زۆر لە هێزەکانی تر لەگۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا رۆڵێکی بەرچاویان نەما. ململانێی نێوان ئەو دوو نەوەیە گەیشتە ئاستێک، کە بەشێک لە ئەندامانی لایەنەکانی تر چالاکییەکان و لێپرسینەوەکانی پەکەکەیان بە «تیرۆر» پێناسە دەکردو هەوڵی دابڕاندن و تەریکخستنی پەکەکەیان دەدا. تەنانەت لەوەشدا سودیان لە پەیوەندییە کۆنەکانیان لەوڵاتانی ئەوروپی وەرگرت. تورکیا پشتیوانیی ناتۆی بۆ شەڕ لەدژی پەکەکە بەدەستهێنا لەسەردەمی جەنگی ساردو شەڕەکانی زرگاریی نیشتمانیی لە ئەفریقا تاوەکو ئەمریکای لاتین و باڵکان دەیان هێزو لایەنی شۆڕشگێڕیی دژ بەداگیرکەری و دیکتاتۆری لەهەوڵی رزگارکردنی وڵاتەکانیان، یان دامەزراندنی سیستمێکی تری سیاسی بوون. ئەو دۆخە دونیای بەسەر دوو بەرەی سۆڤیەت و ئەمریکادا دابەشکردبوو. بەرەی سۆڤیەت یارمەتیی گروپە شۆڕشگێڕەکان و راپەڕیوانی دژ بەدەوڵەتەکان دەداو ئەمریکاش بە ناوی پاراستنی دۆخی باو یارمەتیی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی وەک پینۆشە، شای ئێران، ئەتاتۆرک و کەنعان ئەڤرەن لەتورکیا، سەدام و سوهارتۆ لە ئەندەنوسیا، باتیستا دیکتاتۆری کوبا، سوموزا دیکتاتۆری نیکاراگوا و داگیرکەران دەدا. تورکیاش وەک ئەندامی ناتۆ لەبەرەی ئەمریکادا بوو و کاتێک پەکەکە شەڕی چەکداریی راگەیاند، کەنعان ئەڤرەن لە کۆبوونەوەی ناتۆدا پەکەکەی وەک هێزێکی سەر بەسۆڤیەت، کە دەیەوێت کۆماری تورکیای ئەندامی ناتۆ بەو جیۆپۆلتیکە گرنگەیەوە بڕوخێنێت و سیستمێکی سەر بەسۆڤیەتی تیادا دابمەزرێنێت بە ئەندامانی ناتۆ ناساند و ناتۆ پشتیوانیی لەشەڕەکانی تورکیا لەدژی پەکەکە کرد. تورکیا سوودمەند بوو لەپرۆژەی دژە تیرۆری پنتاگۆن بۆ لەناوبردنی گروپە چەکدارەکان، پنتاگۆن لە نیکاراگواو ئەمریکای لاتین و ئەفریقا کۆمەڵێک گروپی بۆ پاراستنی رژێمەکان و شەڕ لەدژی گروپە شۆڕشگێڕەکان دروستکردبوو، کە بە کورتی پێیان دەوترێت گلادیۆ و لەهەر وڵاتێک ناوێکیان هەبوو. ئەوە لەکاتێکدابوو، پەکەکە کەمترین پەیوەندیی بەسۆڤیەتەوە هەبوو. پەکەکە رەئاڵ سۆسیالیزمی سۆڤیەتی رەخنەکردبوو. ئەوەش وایکردبوو، سۆڤیەت گرنگی بە پەکەکە نەدات. لەو سەردەمەدا تەنها حزبی کۆمۆنیستی ئەلبانیا دووجار لەگەڵ پەکەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدابوو. هەروەها پەکەکە لەجیاتی دەوڵەتەکان پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ خۆی کردبووە بنەمای کارەکانی و بۆ ئەوەش پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕیەکانی جۆرج حەبەش و نایف حەواتمەی فەلەستینی لەلوبنان هەبوو. تورکیا لەو سەردەمەوە تاوەکو ئێستا بە چەک و پارەو پلانی ناتۆ لە دژی پەکەکە شەڕ دەکات. تورکیا دۆسیەی پەکەکەی بەڕادەیەک لە ناتۆدا گەورەو مەترسیدار پیشانداوە، کە هەموو کارەکانی خۆی لە ناتۆدا بەستووەتەوە بەشەڕ لەدژی پەکەکە و لەناوبردنی پەکەکە. سزادانی پەکەکە لەسویدو ئەڵمانیا و تیرۆرکردنی پاڵمەو دانانی پەکەکە لە «لیستی تیرۆر» ئۆلاف پاڵمە لەساڵی ١٩٦٩دا لەحزبی سۆسیال دیموکرات بووە سەرۆک وەزیرانی سویدو تاوەکو ساڵی ١٩٧٦ لەو پۆستەدا بوو. دواتریش لەساڵانی ١٩٨٢ تاوەکو کاتی تیرۆرکردنەکەی لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا بووەوە بە سەرۆک وەزیرانی سوید. پاڵمە کەسایەتییەکی ئازادیخواز بوو. لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا سەردانی ئەمریکای نەکرد. لە دژی شەڕی ڤێتنام، سیستمی رەزگەپەرستیی ئەفریقای باشوور (ئاپارتاید) و سەرکوتکارییەکانی سۆڤیەت لەئەوروپای رۆژهەڵات بوو. پشتیوانیی لەهێزە شۆڕشگێڕەکان لەسەرتاسەری جیهان دەکرد. بۆ نمونە پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئەمریکا پشتیوانیی دەوڵەتی کوباو هێزە شۆڕشگێڕەکانی نیکاراگوا بوو. لەساڵی ١٩٨٠ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بەنوێنەری ناوبژیوان بۆ کۆتایهاتن بە شەڕی ئێران و عێراق. هاوکات دۆستی گەلی کورد بوو و پلانی هەبوو کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد رێکبخات. ئەوانەش وایکردبوو پاڵمە دوژمنی زۆر بێت، بەڵام کێ پاڵمەی تیرۆرکرد؟ کێ بەرپرسیاریی تیرۆرەکەی هەڵگرت؟ ئەوانە هیچی دیار نەبوون. کێ لەکوردو پەکەکە بێ پشت و پەناترە بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتەیان بەسەردا ساغ بکرێتەوە، چونکە هیچ هێزو کەسێک ئامادە نییە بەرگرییان لێبکات. دوای ماوەیەکی کەم بەخێرایی تورکیاو ئەڵمانیا و ساپۆ (پۆلیسی ئاسایشی سوید) پەکەکەیان وەک تاوانباری تیرۆری پاڵمە ناساند. سەرباری ئەوەی لیسبێت پاڵمە هاوسەرەکەی پاڵمە وتبووی ئەو کەسەی پاڵمەی تیرۆر کردووە سەروچاوی سکاندیناڤیی هەبوو نەک دەموچاوێکی رۆژهەڵاتییانە، بەڵام کەس گوێی لێنەگرت. هەموو میدیا گەورەکانی سویدو ئەڵمانیا و تورکیا پێکەوە دەستیانکرد بەبڵاوکردنەوەی هەواڵ و راپۆرت لە دژی پەکەکەو تاوانبارکردنی پەکەکە بەکوشتنی پاڵمە. گەرچی پەکەکە لەو کاتەدا راگەیاندراوی بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندیی بە تیرۆرکردنی پاڵمەوە نییە، بەڵام ناتۆو تورکیا و ئەڵمانیاو ساپۆی سوید گوێیان لەوە نەگرت و پێداگریان لەسەر تاوانبارکردنی پەکەکە کرد. پۆلیسی سوید لەو کاتەدا رایگەیاند، پسپۆڕی کێشانەوەی وێنەی تاوانبارەکەیان نییە، بۆیە دەڕۆن بۆ ئەڵمانیا و بەهاوکاریی ئەوان وێنەی دەموچاوی تاوانبارەکە دەکێشنەوە. ئەو کارەیان کرد و لەئەنجامدا وێنەی دەموچای کەسێکی وەک کوردیان کێشایەوە و لەهەموو میدیاکانیاندا بڵاویانکردەوە. کورد وەک نەتەوەیەکی تیرۆریست وێنا کرا... لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەدۆسیەی کوشتنی پاڵمە ٦٠٠ ملیۆن کرۆنی سویدی تێچووە. لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١٠ هەزار کەس کراوە و ١٣٠ کەسیان دانیان بەکوشتنی پاڵمەدا ناوە. هانس هولمێر بەڕێوەبەری پۆلیس و لێکۆڵینەوەی ئەوکاتە لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا راگەیاند، سەدا ٩٥ لەوە دڵنیان، کە کورد لەپشت تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرەوەیە. لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە لە ٥٨ کوردی دانیشتوی سوید کرا. لەدوای لێدوانەکەی هولمێر چەندین دوکان و کارگەو شوێنی کاری کوردان داخران. کوردەکان تەریکخراون و وەک گروپێکی تاوانکار سەیر کران. کوردەکان خرانە ژێر چاودێرییەوە و دۆخێکی قورسیان بۆ دروستکرا. تەنانەت لەو سەردەمەدا نزیکەی ٧٠ کەسی کوردی سەر بەلایەنە نەیارەکانی پەکەکە لە سوید راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پەکەکەیان بەتیرۆرکردنی پاڵمە تۆمەتبارکرد! خالیس ئیکینجی سۆی لەساڵی ١٩٨٠ەوە لەسوید دەژی و یەکێک لەکوردە قوربانییەکانی دۆسیەی کوشتنی پاڵمە دەڵێت، هەموو هەفتەیەک دەبوو بڕۆن بۆ بنکەی پۆلیس و بەڵگەی خۆ سەلماندن واژۆ بکەن. پۆلیس بۆ ماوەی ١٠ ساڵ گوێی لە هەموو پەیوەندییە تەلەفونیەکانمان دەگرت. پۆلیس ناوە ناوە و لەپڕ دەیدا بەسەر ماڵەکانمان و شوێنی کارەکانماندا و دەستیان بەپشکنین و لێکۆڵینەوە دەکرد. کەلەبچەی ئیلکترۆنیان خستە قاچمان و بۆمان نەبوو لەگەڕەکەکەی خۆمان دوور بکەوینەوە. ئەگەر بەهەڵە سنوری گەڕەکەمان لێ تێکبچووبایە پۆلیس خێرا هەڵیدەکوتایە سەرمان و گوشاری زیاتریان لەسەر دروست دەکردین... بەڵام دوای ٣٤ ساڵ لەکوشتنی پالمە سەرۆکی داواکاری گشتیی سوید کریستەر پێتەرشۆن لە رۆژی ١٠ی حوزهیرانی ٢٠٢٠دا رایگهیاند، ستیگ ئێنگسترۆم، كه پێشتر چهندین جار وتەی لێوهرگیراوه و به «سکاندیامانەن» ناسراوه، بكوژی راستهقینهی ئولۆف پاڵمهیه. لەبەرئەوەی ستیگ ئینگسترۆم لەساڵی ٢٠٠٠دا گیانی لەدەستداوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەکوشتنی پاڵمە دادەخرێت!. نووسهری كورد شۆڕش رهشی كتێبێكی به ناوی «پالمه، پهكهكه و گلادیۆ» نووسیوه و دهڵێت: «كوشتنی پاڵمه ههم لهكوردستان، ههم لهسوید، ههم له ئاستی نێودهوڵهتی زیانی بهكورد گهیاند. زیانی ههرهبهرچاو لهڕووی سیاسییەوە بوو و كوردانی دانیشتوی سوید کرانە ئامانج». کوشتنی پاڵمە کرا بە بەهێزترین بەڵگەو ئارگۆمێنت بۆ ئەوەی پەکەکە بخرێتە لیستی تیرۆرەوەو تائێستاش پەکەکە لەو لیستەدایە، بۆیە ئەوانەی استەوخۆ بوونەتە قوربانیی ئەو تاوانەو پەکەکەو کەجەکە و دۆستانی کورد لەسوید داوا دەکەن، حکومەتی سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و سوید، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. بەوە دۆخی تورکیا ئاڵۆز بووە و لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا و بەتایبەتی لەم دوو ساڵی رابردوودا سوید بەپشتیوانی تیرۆر تاوانبار دەکات!. داوای سویدو فینلاند بۆ بوونە ئەندامی ناتۆو ڤیتۆی تورکیا دوای سێ مانگ لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین، وڵاتانی سویدو فینلاند بۆ ئەوەی خۆیان لەئەگەری هێرشی رووسیا بپارێزن و وەک ئۆکراینیان بەسەر نەیت داوایانکرد ببنە ئەندامی ناتۆ. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ناتۆ هەر وڵاتێک ببێتە ئەندامی ناتۆ دەبێت بەڕەزامەندیی هەموو وڵاتانی ئەندام بێت و هەموو وڵاتانیش مافی ڤیتۆیان هەیە، چونکە نابێت لە ناو ناتۆدا لەنێوان ئەنداماندا ناکۆکی هەبێت! تورکیاش راستەوخۆ داواکەی سویدو فینلاندی ڤیتۆ کردو ژمارەیەک داواکاری و مەرجی بۆ سویدو فینلاند دانا، کە لەبنەڕەتدا هەموویان پەیوەندییان بەکوردەوە هەیە. بەپێی رۆژنامەی حوڕیەتی تورکیا وەزارەتی دادی تورکیا داوای لەوەزارەتی دادی فینلاند کردووە شەش ئەندامی پەکەکە و ٦ ئەندامی گروپەکەی گولەن و داواشی لەسوید کردووە، ١١ ئەندامی پەکەکە و ١٠ ئەندامی گولەن رادەستی ئەنقەرە بکەنەوە. لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە باسی سەرەکی بووە باسی کورد و سویدو مەرجەکانی تورکیا و ژمارەیەک دۆسیە بوونە بابەتی رای گشتی. جگە لەوە تورکیا داوا دەکات گەمارۆی چەکی لەلایەن سویدەوە لەسەر هەڵبگیرێت، کە لەساڵی ٢٠١٩ و لەدوای هێرشەکەی بۆ سەر کورد لەعەفرین بەسەریدا سەپێنراوە. داواشیکردووە، سوید موشەک و درۆن بۆ یەپەگە نەنێرێت. سویدش ئەوەی رەتکردووەتەوە چەکی بۆ ئەو هێزانە ناردبێت و سوید هیچ جۆرە چەکێکی بە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان نەداوە و تەنها بەشێوەیەکی سنووردار هاوکاریی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان دەکات. تورکیا داواش دەکات لەشەڕی دژ بە «تیرۆر»، کە مەبەستی شەڕە لەدژی پەکەکە و هێرشەکانیەتی بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، سوید و فینلاند هەماهەنگیی لەگەڵ بکەن. ئەوانەش دەریدەخەن هەموو داواکانی تورکیا لەسوید و فینلاندا بۆ دژایەتیکردنی کوردە. ئان لیند وەزیری دەرەوەی سوید لە بەرامبەر ئەو داوایانە و تۆمەتەکانی تورکیا وتی، سیاسەتی سوید بەرامبەر بە پەکەکە نەگۆڕاوە و هەر پەکەکە بەهێزێکی «تیرۆریستی» دەزانن. لیند راست دەکات و هێشتا پەکەکە لە لیستی تیرۆری سویددایە و ناوەکەی دەرنەهێنراوە. لیند لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت، سوید لە دوای تورکیا یەکەم وڵات بووە، کە لەسەردەمی پاڵمەدا پەکەکەی خستووەتە «لیستی تیرۆر». لیند دەیەوێت بە تورکیا بڵێت، گەرچی کوشتنی پاڵمە لەسەر پەکەکە نەماوە، بەڵام پەکەکە لەسەردەمی ئەودا لەو لیستەدایە و ئێمە هەر پابەند دەبین بە مانەوەی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا. ئەگەر بێتو سوید داوای لێبوردن لەکورد بکات، کۆمەڵێک پابەندبوونی یاسایی و سیاسیی بۆ دروست دەبێت. هەر چۆن ئەگەر تورکیا دان بەکۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا بنێت، کۆمەڵێک پێبەندنی و کۆت و بەندی بۆ دروست دەبێت و هاوکات دانانە بەو تاوانەدا، بۆیە رەنگە بەشێک لەڕێچکەی سیاسەت لە سوید چاو لەو سیاسەتەی تورکیا بکەن و ئامادە نەبن داوای لێبوردن لە کورد بکەن. ئەگەری ئەوەش هەیە سوید هەوڵبدات خۆی لەو پابەندییە لابداو گوشارەکانیان لەسەر پەکەکە بەردەوام بێت و ناوی پەکەکە لەلیستەکەیاندا بهێڵنەوە. بەوەش تورکیا رازی بکەن و پەکەکەو کوردیش بەو لیستەوە قەتیس بکەن. سوید لەدۆسیەی جولیان ئاسانژ دامەزرێنەری ویکیلیکس دا هاوکاریی ئەمریکای کرد. پێشتریش بەناڕەوا پەکەکەی بە بکوژی پاڵمە ناساند، بۆیە سیستمی سیاسیی سوید ئەو بەهەشتە دیموکراتییە بێخەوشەش نییەو هەموو کات ئەگەری مامەڵەو سەودای بەهەندێک کەیسی هەستیارەوە لێدەکرێت. سوید بەدروستکردنی مینی دژە نەفەرو دینامیت و موشەک هاوکاریی زۆرێک لەدەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانی کردووە، کە ئەو دەوڵەتانە لە بری دیموکراسی لایەنی شەڕانگێزییان لەسوید وەرگرتووە. سوید بۆ ئەوانەش گرێبەست و سەفەقاتی زۆر گەورەی ئەنجامداوە و یەکێکە لەهەناردەکارە گەورەکانی چەک بۆ سەرتاسەری جیهان، کە لەئەنجامدا چەک بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت. جگە لەوانەش سوید لەساڵی ٢٠٢٠دا رەسوڵ ئۆزدەمیری رادەستی تورکیا کرد. بەچەند پەنابەری تری کوردیشیان راگەیاندووە، دۆسیەکانیان وەرنەگیراوە و رادەستی تورکیا دەکرێنەوە. لەبەر نیگەرانیەکان ١٧ رۆشنبیری سویدی لە نامەیەکی هاوبەشدا، کە هاوکات لە پێنج رۆژنامەی سویددا بڵاوکرایەوە داوایانکرد، دەوڵەتی سوید هیچ رۆژنامەنووس و رۆشنبیرو نووسەرێک رادەستی تورکیا نەکات. تورکیا داوای کێ لەسوید دەکات بەپێی میدیاکان، تورکیا داوایکردووە، ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئێستای سوید، ئەڤین ئینجیر پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکانی سوید، ئەڤین چەتین پەرلەمانتاری پیشووی سویدو محەمەد سیراج بیلگین نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد، کە پێنج ساڵ لەوەو پێش لە سوید کۆچی دوایی کردووە رادەست بە تورکیا بکرێنەوە. جگە لەوانەش دەوترێت تورکیا داوای رادەستکردنی پێنج کەسی سویدی کردووە، کە یەکێکیان پیتر هولتکویست وەزیری بەرگریی ئێستای سویدە. تورکیا پێیوایە لەبەرئەوەی موشەک و درۆنی سویدی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لەدژی داعش بەدەست یەپەگە گەیشتووە و یەپەگەش ئەوانەی لەشەڕی دژ بەداعشدا بەکارهێناوە، ئەوا وەزیری بەرگریی سوید پاڵپشتیی لە تیرۆر کردووە، بۆیە دەبێت رادەست بەتورکیا بکرێت!. دوو ساڵ لەوەو پێش لەڕاپۆرتی رێکخراوی سیتای سەر بەدەوڵەتی تورکیادا ناوی هەموو ئەو کەسانە وەک پشتیوانیانی تیرۆر هاتووە، بۆیە ئەو ناوانە لەئێستادا زۆر باسیان لێدەکرێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا لەمێژ بووبێت بەدوای ئەو کەسانەوە بێت و لەئەگەری ئەوەدا سوید رادەستیان نەکات وەک تیرۆرکردنی ساکینە جانسزو هاوڕێکانی ئەمانیش تیرۆر بکات
هاوڵاتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرای دەكات شەپۆلێكی برسێتی زۆربەی ناوچەكانی جیهان دەگرێتەوە و پشێوی كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەبێت. ئەنتۆنیۆگۆتێریس، سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند:" جەنگی ئۆكرانیا كاریگەری بۆ سەر ملیارێك و 600 ملیۆن كەس دروستكردووە". گۆتێریس لەمیانی پێشكەشكردنی راپۆرتی دووەمی كاریگەرییەكانی جەنگی ئۆكرانیا راشیگەیاند، لێكەوتەكانی جەنگی ئۆكرانیا خێراتر دەردەكەون، مەترسیدارن. هاوكات سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە جەنگ هەڕەشە لەگشت خەڵكی جیهان دەكات، راشیگەیاند:" بەهۆی كاریگەرییەكانی جەنگی ئۆكرانیا شەپۆلێكی برسییەتی، بێ پەناگەیی زۆربەی ناوچەكانی جیهان دەگرێتەوە، بەهۆیەوە پشێوی كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەبێت. جەنگی ئۆكرانیا لە 24 شوبات 2022وە دەستیپێكردووە و كاریگەری بۆ سەر بازاڕەكان و ئابووری جیهان دروستكرد.
هاوڵاتی ئامینە كاكە باوە، لەپەرلەمانی سویدەوە بەرانبەر ئەردۆغان وەستایەوە كە ئەو داواكاریانەی هەیانە لەحكومەتی سوید، سوید رەتیبكاتەوەو بەو مەرجە دەنگی بەلێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری دادو ناوخۆ نەداو لەپەرلەمانیشەوە رایگەیاند:» ئەرتەشی توركیا 25 ساڵە هێرش دەكاتەسەر كوردەكان و خەڵكی بێتاوان دەكوژێت». دوێنێ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی سوید تایبەت بە لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری داد دەنگی ئامینە كاكە باوە یەكلاكەرەوە بوو. ئامینە كاكە باوە، لەپەرلەمانی سوید وتی:» لەماوەی بیست و پێنج ساڵی رابردوودا ئەرتەشی توركیا بە بەردەوامی سنوورەكانی عێراقی بەزاندووە و هێرشی كردووەتە سەر كوردەكانی عێراق». هەروەها وتیشی:» ئەرتەشی توركیا بە بەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانی گوندەكانی كوردانی كردووەو سەدان كوردی بێتاوانیان كوشتووە، ١٤٠ گوندیان وێران كردووە و هەزاران كەسیش ئاوارە بوون. خەڵكی ئەو دەڤەرە لەترس و دڵەڕاوكێدا دەژین، زەوی كشتوكاڵ، دارستان، باخ و بەروبوومی ئەو خەڵكە وێران بوون و لەناوچوون». هاوكات ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوەی توركیا لەكوردستانی عێراق دەیكات هیچ جیاوازیەكی نیە لەگەڵ ئەوەی لەعەفرین روودەدات» واتە بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خەڵكی سڤیل و بنپێكردنی مافەكانی مروڤ». كاكە باوە وتیشی:» پرسیاری من لەوەزیری دەرەوەی سوید مارگوت ڤالستروم ئەوەیە: ئایا سوید سەبارەت بەو بابەتە چ هەنگاوێكی هەڵێناوەتەوە كە لەڕێگەی نەتەوەیەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپاوە توركیا ناچار بەپاشەكشە لەكوردستانی عێراق بكات؟ مارگوت ڤالستروم وەزیری دەروەی سوید لەوەڵامدا وتی:» ئێمە بەردەوام ئەم مژارەمان لێرەدا لەمینبەری پەرلەمانەوە خستووەتە بەرباس و من شتێكی باشترم نیە لەوەی ئامینە باسی كرد بۆ ئاماژەدان بەڕەوشی ناوچەكە، بێگومان ئێمە لەڕێگەی پەیوەندی تایبەتی خۆمان و لەڕێگەی یەكێتی ئەوروپاوە كە ٢٨ وڵات لەخۆدەگرێ و پێكەوە بەهێزترو كاریگەرتر دەبین، فشار دەخەینە سەر توركیا سەبارەت بەم بابەتەو ئەو هەڵوێستانەی ئێمە هەمانە». وەزیری دەرەوەی سوید وتیشی:» ئێمە بەردەوام چالاك دەبین لەباسكردنی مافەكانی مروڤ و توندوتیژیەكان و ئەوانە كێشەی بەرچاون لەتوركیادا و بەردەوام بەرفراوان دەبنەوە. ئەوە كێشەیەكی گەورەیە لە توركیادا ئەگەر باسی پرسی كورد بەگشتی نەكرێ». هاوكات وەزیری دەرەوەی سوید ئەوەی دووپاتكردەوە كە خوازیارن كە پرسی كورد بكەوێتە رۆژەڤەوەو دانوساندنەكان دەستپێبكەنەوە و دانیشتنەكان بۆ باسكردنی ئاشتی بێت لەداهاتوودا. لەبەرانبەردا ئامینە كاكە باوە باسی لەوەكرد كە سێشەمەی رابردوو لەپەرلەمان دوو میوانیان لەكوردستانەوە هەبووە كە»شیروان شیروانی و تارا حوسێن» رۆژنامەوان و چالاكی سیاسی و مافەكانی مرۆڤن و داوایان لەپەرلەمان و دەوڵەتی سوید ئەوە بووە كە پێش بەم بۆردومان و هێرشانەی توركیا بگرن، هەر لەکاتی ئەو قسانەیان هەواڵ بڵاوبووەوە كە چوار كەس لە بۆردومانەكانی توركیادا كوژراون كە كوردی سڤیلن». ئامینە پرسیاری ئەوەی كرد كە ئایا دەوڵەتی سویدو وەزیری دەرەوە واتە بەڕێزتان، ئەمە دەخەنە بەرباس لەگەڵ توركیادا كۆتایی بەم وەزعە بێنێت، چونكە ئەو شوێنانەی بۆردومانیان دەكات پ ك ك-ی لێ نیە و تەنیا خەڵكی سڤیل لەوێدا دەژین؟ لەوەڵامدا، مارگوت ڤاڵستروم وتی:» ئاواتەخوازم بمتوانیایە بڵێم كە دەستبەجێ كۆتایی بەو بۆردومانانە بێنن، ئەوە ویستی شەخسی خۆمە، بێگومان ئێمە دەبێ هەموو رێگاو رێبازە سیاسییەكان بگرینەبەرو فشار بخەینەسەر توركیا كە بەپێی پرنسیپەكانی مافی مروڤ بجوڵێتەوەو رێبازێكی ئاشتیانە بگرێتەبەرو ئێمە یارمەتیدەری قوربانیانی بۆردومانەكان بین و كەڵك لەهەموو ئامرازەكانمان وەربگرین». ئامینە كاكە باوە دەنگی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری دادو ناوخۆ نەداو بەو هۆیەوە حكومەتی سوید بەسەرپەرشتی سۆشیالیستەكان بەردەوام دەبێت كە لیبراڵەكان(راستڕەوەكان) داوایان كرد كە متمانەی لێوەربگیرێتەوە. ئەو وتانەی ئامینە كاكە باوە حكومەتی سوید ناچار دەكات ئەو داواكاریانەی توركیا هەیەتی بۆ تەسلیمكردنی دەیان داواكراو سوید رەتیبكاتەوە كە یەكێكیان ئامینە كاكە باوە، پەرلەمانتاری سویدە.
هاوڵاتی ئامینە كاكە باوە لەناو پەرلەمانی سوید رایگەیاند:" چۆن ئەردۆغان لەوسەری دنیاوە دێت سوید بەڕێوە دەبات و كورد بە كیمیایی دەكوژێت"، حكومەتی سوید ڕازی بوو بە داواكارییەكانی ئامینەكاكە باوە بۆ بەردەوامیدان بە پشتگیریكردن لە دۆزی كورد بە تایبەت لە ڕۆژئاڤای كوردستان و ئەویش دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت نەدا. مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، بە مەرجی پشتیوانی كرد لە دۆزی كورد بە تایبەت ڕۆژئاڤای كوردستان ئامینەكاكە باوە، وەك تاكە دەنگی یەكلایی كەرەوە دەنگی بە كابینەی سۆسیال دیموكراتەكانی سوید دا و توانیان حكومەت دروستبكەن، لە بەرامبەردا لیبراڵەكان بوون بە ئۆپۆزسیۆن. ئامینەكاكە باوە لەناو پەرلەمانی سویددا دەنگی یەكلاكەرەوەیە لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حكومەتدا، بەو پێیەی سۆسیال دیموكراتەكان كە پێكهێنەری حكومەت خاوەنی 274 دەنگن و ئۆپۆزسیۆنیش خاوەنی 274 دەنگە. دوای ساڵێك لە پێكهێنانی حكومەتی سوید لەلایەن سۆسیال دیموكراتەكانەوە، پرسی بە ئەندامبوونی سوید لە ڕێكخراوی ناتۆدا هاتە ئاراوە، دەوڵەتی تورك كە ئەندامی ناتۆیە، لە بەرامبەر ڕازی بوونیدابۆ بەئەندام بوونی سوید، چەند داوایەكی خستە بەردەم حكومەتی سوید گرنگترینیان بە تیرۆرست ناساندنی "یەپەگە و یەپەژە" و بڕینی هاوكارییەكان بۆ ڕۆژئاڤا و فرۆشتنی چەك بە توركیا. ئامینەكاكە باوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێستی وەرگرت و هەڕەشەی ئەوەی كرد لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی سویددا دەنگدەدات بە متمانە وەرگرتنەوە لە وەزیری داد كە پرۆژەكە لەلایەن لیبراڵەكانەوە پێشكەشكرابوو. حكومەتی سوید لە بەرامبەر هەڵنەوەشاندنەوەیدا ناچاربوو مل بۆ داواكارییەكانی ئامینەكاكە باوە بدات، بۆیە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی سویددا ئامینەكاكە باوە دەنگی نەدا بە وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری داد. لە وتارێكدا ئامینەكاكە باوە كە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا پێشكەشی كرد رایگەیاند:" چۆن ئەردۆغان لەوسەری دنیاوە دێت سوید بەڕێوە دەبات و كورد بە كیمیایی دەكوژێت". ئامینە كاكە باوە، لە گوندی تورجانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە ساڵی 1992ەوە لەسوید دەژی، 17 ساڵە لەناو پارتی چەپی سوێدیەو ماوەی دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی سویدە.
هاوڵاتی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا ناڕەزایەتیی زۆر بەرامبەر توركیا سەریهەڵدا و پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە ڕاپۆرتی تایبەت بە دۆخی توركیادا، چەندین ناڕەزایەتییان بەرامبەر سیاسەتەكانی ئەردۆغان و داگیركارییەكانی لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان نیشاندا. بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، راپۆرتێك لەبارەی پێشێلكاری و داگیركارییەكانی ئەردۆغان بخرێتە دەنگدانەوە و هەڵوێستێكی توند بدەنە حكومەتی توركیا. لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپادا كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستیپێكردووە، ڕاپۆرتێكی تایبەت لەبارەی دۆخی توركیا خوێندرایەوە، لەبارەی بارودۆخی ئازادیی ڕادەربڕین و دیموكراسیی و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر كوردستان. ناچۆ سانچێز ئامۆر، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ڕاپۆرتەكەی خوێندەوە و ڕایگەیاند:" ڕۆڵی جیۆپۆلەتیكی توركیا هەرچییەك بێت یەكێتیی ئەوروپا بێدەنگ نابێت بەرامبەر پێشێلكردنی ئازادییە بنچینەییەكان". وتیشی: توركیا جیۆپۆلەتیكەكەی بەرامبەر ڕۆژئاوا قۆستووەتەوە و سیاسەتی هێرشكردن بەڕێوەدەبات، لە ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكاندا دەردەكەوێت كە بنەماكانی دیموكراسیی لە چ كارەساتێكدان. هەروەها باسی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)ی كرد كە خاوەنی شەش ملیۆن دەنگە و زیاتر لە سەد شارەوانییە، كە لە چەند مانگی ڕابردوو بڕیاری نایاساییبوون بەسەر سێیەم گەورەترین پارتی وڵاتەكەدا سەپێندراوە، وتیشی:" دەبێت مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن وەك یەك بێت، توركیا لە پێگەی داگیركەردایە لە ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان". هاوكات دیمیتریۆس پاپادیمۆلیس، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند:" ئەگەر ئێمە دەمانەوێت لە توركیا دیموكراسیی بەدی بێت، ئەوا پێویسمان بە هەڵوێستێكی بەهێز هەیە بەرامبەر ئەردۆغان".
هاوڵاتی پەرلەمانتارێكی سوید كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە دەنگی یەكلاكەرەوەیە بۆ هەڵوەشانندەوەی حكومەتی سوید كە دەیانەوێت هاوكاری حكومەتەكەی ئەردۆغان بكەن لەپێناو بوون بە ئەندامبوونیان لە ناتۆدا. ئێستا سۆسیال دیموكراتی سوید كە حكومەتیان بەدەستەوەیە دەیەوێت دژی كورد هاوكاری دەوڵەتی توركیا بكات لەپێناو بوون بە ئەندامبوونی وڵاتەكەیان لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی(ناتۆ)، لەوبارەیەوە ئامینە كاكە باوە هۆشداری داوەتە حكومەتی سویدی. ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، پەرلەمانی سوێد بۆ دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە مۆرگان جۆهانسۆن، وەزیری داد و ناوخۆی سوێد كۆدەبێتەوە. ماگدالینا ئاندێرسۆن، سەرۆكی حكومەتی سوید رایگەیاند: "متمانە لە وەزیری داد بسەندرێتەوە منیش دەستلەكاردەكێشمەوە". ئەوانەی دەیانەوێت متمانە لە وەزیری داد و ناوخۆی سوید بسەننەوە خاوەنی 173 كورسی پەرلەمانن و پێویستیان بە دەنگی ئامینە كاكە باوە و پەرلەمانتارێكی دیكەیە كەناوی(ریچهۆڤ رۆگل) بۆ ئەوەی متمانە لە جۆهانسۆن بسەندرێتەوە. ئامینەی كاكە باوە نوێنەری ناوچەی ستۆكهۆڵمی پایتەختی سویدە، ئێستا وەك نوێنەرێكی بێلایەن كاردەكات، پێشتر نوێنەری حیزبی چەپی سویدی بووەو ئەمڕۆ دەنگی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دادو ناوخۆی سوید. بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە كە لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بڵاوكراوەتەوە، كاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ لەسەر داوای 47 پەرلەمانتار، دەنگدان بۆ سەندنەوەی متمانە لە مۆرگان جۆهانسۆن، وەزیری داد و ناوخۆی سوێد بەڕێوەدەچێت. ئامینە كاكە باوە كێیە؟ ـ سیاسەتمەدارێكی كوردی سویدیە و لە ساڵی (٢٠٠٨)دا بووەتە ئەندام پەرلەمانی سوید. ـ لە ساڵی (١٩٧٠) لە گوندی (تورجان)ی سەر بە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. ـ لە تەمەنی (١٣) ساڵیدا پەیوەندی دەكات بە كۆمەڵەی كوردستانی ئێرانەوە و دەبێتە پێشمەرگە. ـ لە ساڵی (١٩٩٢) كە تەمەنی دەگاتە (١٩) ساڵ كۆمەڵە بەجێدەهێڵێت و دەچێتە سوید و ساڵانی دواتر دەبێتە پەرلەمانتار. ـ بەكالۆریۆسی لە بواری ڕاوێژی كۆمەڵایەتی و بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی ستۆلهۆڵم وەرگرتوە. ئامینە كاكە باوە لەگەڵ وەزیری دادی سوید
هاوڵاتى سهرۆک کۆمارى تورکیا پهیوهندییهکى تهلهفونى لهگهڵ سکرتێرى گشتیى ناتۆ ئهنجام دهدات و باسى پارتى کرێکارانى کوردستانى بۆ دهکات. بهپێى ئاژانسى ئهنادۆڵى تورکی، کهزمانحاڵى حزبهکهى ئهردۆغانه ئهوهى ئاشکرا کردووه که رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆک کۆمارى تورکیا پهیوهندیهکى تهلهفۆنى لهگهڵ یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێرى گشتیى ناتۆ ئهنجامداوه و داواکاریى سوید و فینلاندیان بۆ ئهندامبون له ناتۆ، تاوتوێ کردوه، ئهردۆغان جهختى لهوهکردهوه، که "پێویسته ههردو وڵات (سوید و فینلاند) به رونى ئهوه بخهنهڕو که وازیان له پاڵپشتیکردنى تیرۆر هێناوه، ئامادهن هاوسۆزیى هاوپهیمانى نیشان بدهن". ههروهها ئهردۆغان به سکرتێرى گشتى ناتۆى راگهیاندووه که نیگهرانییه ئهمنییهکانى تورکیا سهبارهت به داواکارییهکانى سوید و فینلاند بۆ ئهندامێتى لهسهر بنهماى دادپهروهرانه و رهوا دامهزراوه". هاوکات ئهردۆغان جارێکى دیکه ئهوهى دووپاتکردووهتهوه که رهزامهندى وڵاتهکهى بۆ بون به ئهندامى سوید و فینلاند له ناتۆ پهیوهسته به بهوهى ئهو وڵاتانه تا چ ئاستێک رێز له ههستیارییهکانى تورکیا دهگرن، بهتایبهت له بابهتى رادهستکردنهوهى کهسانى داواکراو به تورکیا، بهپێچهوانهوه ناهێڵن بێنهناو ناتۆوه. رۆژى 18ى ئایارى 2022 سوید و فینلاند داواکارییان بۆ ئهندامبونیان له ناتۆ به فهرمى بهرزکردهوهو داواکارییهکه لهلایهن زۆرینهى ئهندامانى رێکخراوهکه به گهرمى پێشوازى لێکرا، بهتایبهت جۆبایدن، سهرۆکى ویلایهته یهکگرتووهکانى ئهمریکا، بهڵام ئهردۆغان له دژى بڕیارى به ئهندامبونى ئهو دو وڵاته وهستایهوه و بیانووى ئهوهى هێنایهوه که ئهو دوو وڵاته ئهندامانى پارتى کرێکارانى کوردستانى تێدایهو دهبێت رادهستى تورکیا بکرێنهوه. پێشتر، وهزیرى دهرهوهى سوید ئهوهى خستبووه روو که تورکیا لیستێکى 30 کهسى ئاماده کردووه و لهرێگهى باڵوێزى تورکیا پێیان گهیشتووهو یهکێک لهوانه ئامینه کاکهباوه، پهرلهمانتارى سویده، ئهمهش کاردانهوهى توندى سویدییهکانى لێکهوتهوه. لهلایهکى دیکهوه بهرپرسانى فینلاند ئهوهیان دووپاتکردهوه که رێز لهمافى مرۆڤ دهگرن و ناچنه ژێر بارى داواکارییهکى تورکیاوه که پێشێلکردنى مافى هاوڵاتییهکانى بێت.
هاوڵاتى سهرۆکى ئۆکرانیا ههموو ئهو ناوچانهى لهلایهن روسیاوه داگیرکراوه ئاشکرا دهکات و دهشڵێت:"سهرکهوتن بۆ ئێمهیه". ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکى سهرۆکى ئۆکرانیا له وتارێکى ڤیدیۆییدا له پهرلهمانى لوکسهمبۆرگ ئاشکرایکرد، تا ئێستا روسیا تهنها 20٪ى خاکى ئۆکرانیاى داگیرکردووه. ههروهها رایگهیاند"پێویسته بهردهوامبین له بهرگریکردن له خۆمان له دژى سوپاى روسیا و سهرجهم ئهو پلانه جهنگیانهى رووسیا بۆ دهستدرێژیکردنه سهر خاکى ئۆکرانیا." جهنگى روسیا بهرانبهر ئۆکرانیا له 24ى شوباتى ئهمساڵدا دهستى پێکردووهو تا ئێستا ماوهى سهد رۆژى تهواوه بهردهوامهو هێڵهکانى شهڕ به درێژایى ههزار کیلۆمهتر درێژبوونهتهوه.
سازدانی: کاوه ڕهش.بهریتانیا کچه کوردێک له بهریتانیا یهکێکه له کاندیدان بۆ شاجوانى ئهو وڵاتهو دهڵێت:"بهتهنها جوانی ڕووکهش و ڕوخسارو لهش ولار مهرج نیه، بهڵکو کاره خۆبهخشیهکان و خێرخوازى و ژینگه دۆستى پێوهرن بۆ بهشداریکردن. ڕۆزا کوردۆ تهمهن 25 ساڵ کانیدید کراوه بۆ بهشداری لهههڵبژاردنی شاجوانی که دهرگای زیاتر دهکاتهوه بۆ تێکهڵاو بوون لهگهڵ کهسانی سیاسیی و هونهری و چالاکوانانان. رۆزا لهم چاوپێکهوتنهیدا لهگهڵ هاوڵاتى وتى:" یهکێکم لهکاندیدهکانی پێشبڕکێی شاجوانی و هیوادهخوازم تاجی شاجوانی ئینگلتهرا بۆ ساڵی 2022 لهسهر بکهم". رۆزا ئاماژهى بهوهشکرد که کاتێک پێم وترا دیدارهکه بۆ ڕۆژنامهی "هاوڵاتی"یه، زۆرخۆشحاڵ بووم، وتیشى:"باوکم ههمیشه خوێنهرێکی بهردهوامی رۆژنامهو سایتى هاوڵاتی"یه. ناوبراو ئاماژهى بهوهکرد که ههربهم دوایانهش لهگهڵ دایک و باوکى بانگهێشتکراون بۆ چاوپێکهتنێک لهڕۆژنامهی میرۆری بهریتانی، لهسهر کاری خۆبهخشی لهلایهن ئهندام پهرلهمانی بهریتانی (باڕۆنیس نیکۆڵسۆن) کهئافرتێکه زۆر دۆستی کوردهو زیاتر له30ساڵه لهنزیکهوه کارلهسهر ڕهوشی عێراق و کوردستان دهکات، وتیشى:" دهمهوێ سوپاسی پشتگیری دایک و باوک و خاڵم بکهم، کهئهوان ههمیشه هاندهرو ڕێخۆشکهرم بوون، تابگهم بهخهونهکانم". وهک ڕۆزا خۆی دهڵێت، یهکێک لهمهرجهکانی ئهوانهی دهپاڵوێرێن بۆ پێشبڕکێ شاجوانی ئینگلتهرا، بریتیه لهوهی ئهو کاندیده دهبێ کهسێکی چالاکی بوارهکانی مرۆڤ دۆستی و ژینگهپارێزی و کارى خۆبهخشى بێت، وتی:" لهو پێشبڕکێیهدا، بهتهنها جوانی ڕووکهش و ڕوخسارو لهش و لار مهرج نیه، بۆ ئهوهی بهشداریبیت، بهڵکو کارو کردهوه خۆبهخشیهکانى وهک ژینگه دۆستى و کارى خۆبهخشى پێوهرن بۆ بهشداریکرد ". ڕۆزا کوردۆ، جگهلهوهی کهخوێندکاری ساڵی چوارهمی زانکۆی وێستمینستهره، لهشاری لهندهن لهبهشی (biomedical sciences) هاوکات کاری پهرستاریش دهکات، لهیهکێک بهناوبانگترین سهنتهرهکانی پزیشکی (NHS) لهناوچهی هارلی شاری لهندهن. ئهو کچه کورده، دهشڵێت که ههرلهتهمهنی 16ساڵیهوه، خولیای بوارهکانی نوسین و هونهری تابلۆ کێشانى ههبووهو بهشداری چهندین پێشانگای تایبهت و بهناوبانگی نمایشکردنی تابلۆکانى کردووه لهبهریتانیا. ههروهها لهبواری نوسین و کتێبدا، دهیهوێ زیاتر برهو بهتواناکانى بدات و ئێستا کتبێکی نوێى ئامادهیهو چاپ و بڵاوی دهکاتهوه بهناوی(journey of a thousand Kurds) کۆچی ههزارهها کورد، وتیشى:" یهکهمجار به زمانى ئینگلیزى بڵاویدهکهمهوهو دواتریش بۆ خوێنهری کوردزمانیش وهری دهگێڕین". ڕۆزا ساڵی 2018 لهسهر بانگهێشتی ڕۆژنامهی میرۆری بهریتانی بهشداری کۆنفراسێکی تایبهتی پهرلهمانی بهریتانیاى کردووه دهربارهی ڕهوشی کوردستانی عێڕاق. ئهو کچه کورده لهڕێی نوسین و چاوپێکهوتنهکانیدا لهڕۆژنامهکان دهخوازێ نههامهتی و کۆمهڵکوژیهکانی سهرکورد لهمێژوودا بهدونیای دهرهوه بناسێنی، لهدیدارێکی ئهم دوایانهی ڕۆژنامهی میرۆری بهریتانی دهڵێت:" بهشێکی زۆری ئهوکێشانهی ئێستا لهباشوری کوردستان ههن، ڕهگ و ڕیشهیان دهگهرێتهوه بۆ سهردهمی ڕژێمی سهدام حوسهین و ڕژێمهکانی پێشوتر کهدهستیان ههبووه لهکۆمهڵکوژیی و ئهنفال و کیمیاباران و ئاوارهبونی کورد بۆ دهرهوه". بۆیه دهڵێت:" وهک کوردێکی پهناههندهو مرۆڤدۆست، زۆر نیگهرانم لهدواین بڕیاری حوکمهتی بهریتانیا بۆ ڕهوانهکردنی پهناخوازان بۆ ئهفریقاو بهکارێکی قێزهونی دهزانم دژ بهژیانی پهناخوازان، چونکه ئێمهش بهو ڕۆژگاره سهختانهی ئاوارهیی و پهناههندهی تێپهڕیووین". ڕۆزا ڕوونی دهکاتهوه، کهچۆن کاتێک لهگهڵ خێزانهکهی گهیشتوونهته بهریتانیا، تهنانهت نهیانتوانیوه بهئینگلیزی بدوێن و پهیوهندی بکهن، بهڵام پاش ههوڵ و تێکۆشان، ئێستا لهخێزانهکهیاندا کهسانی پارێزهرو کارمهندی تهندروستی و پیاوی بازرگان بوونیان ههیه. "ههموو ئهوانهی فێری بووین و پێی گهیشتوین لهئهنجامی باوهش بۆکردنهوهو پێشوازی لێکردنی ئهم ووڵاته بووه بۆکهسانی وهک ئێمه، ههموومان کهلتوورو حوکمهتی بهریتانیامان خۆش دهوێت بهوهی پێی بهخشیون و کار دهکهین بۆئهوهی پاداشتی کۆمهڵگای بهریتانیا بدهینهوه، کۆچبهرانی وهک ئێمه دهتوانن ببن بهبهشێک لهبهڕێوهبردن و هاوکاری کردنی ووڵات لهههموو بوارهکانی ژیاندا"، رۆزا واى وت. ڕۆزاو خێزانهکهی، ههڵگری ڕهگهزنامهی بهریتانیان و ماوهی 18 ساڵه لهگهڵ خێزانهکهی، لهشاری (پلیمۆس) ژیاون و دواتر ڕۆزا بۆ کارو خوێندن ناچار بووه بچێته لهندهن. ڕۆزا دهڵێت ئامانجی سهرهکی بۆ پێشبڕکێی شاجوانی ئهوهیه که"بتوانم لهو ڕێگایهوه پڕۆژهیهکی خێرخوازیی دروست بکهم و سوودم بۆ کۆمهڵگا ههبێت، تابتوانم داهاتویهکی گهش بنیادبنێم". ههموو کهسێک دهتوانێت بهشداری دهنگدان بکات لهڕێگای ئهپێکهوه بهناوی miss England دهنگ بدات، داوا دهکهم پشتیوانیم بکهن. ڕۆزا کوردۆ، ئهو کاتهی تهمهنی تهنها پێنج ساڵان دهبێت، هاوشانی دایکی، ڕێگای پڕمهترسی و مان و نهمانی ههندهران دهگرنهبهر بهدوای ژیانێکی باشترو پارێزراودا دهگهڕان و بهڕێگای زهمینی و دهریادا، دوای گهشتێکی پڕنههامهتیی و ترسناک، خۆیان گهیاندۆته بهریتانیا. "ئێمه ههموو بهو ناخۆشیانهدا تێپهڕیوین، بۆیه ئهوه بهشێکه لهژیانی ڕابردووی ئێمه. بۆیه من ئێستا ههست دهکهم کهمن کێم. من ئهو کهسهم کهئێستا لهبهر ئهو شتانهی بهسهرماندا هاتووه دهبێ بڕواو متمانهی زیاترمان بهخۆ بێت و ههوڵی چونهپێشهوه بدهین بۆ خزمهتکردنی کۆمهڵگاو مرۆڤایهتی"، رۆزا وا دهڵێت.
هاوڵاتى وهزیرى دهرهوهى ئهمریکا هۆشداریى دهداته رهجهب تهیب ئهردۆغان له ئهنجامدانى ههر هێرشێک بۆ سهر باکوورى سووریا و رۆژئاڤاى کوردستان که بههدست هێزهکانى سوریاى دیموکراتهوهیه. ئهمڕۆ چوارشهممه ئهردۆغان، سهرۆککۆمارى تورکیا ههڕهشهى کۆنتڕۆڵکردنى شارۆچکهى تهل رهفعهت و شارى منبجى کرد، بلینکن داواى له تورکیا کرد پابهند بێت بهو رێککهوتنى ئاگربهستهی، که له ساڵى 2019 واژۆکراوه. ئەنتۆنی بلینکن، وهزیرى دهرهوهى ئهمریکا رایگهیاند: "ههر هێرشێکى نوێى تورکیا بۆ سهر باکوورى سووریا، شتێکه ئێمه دژایهتیى دهکهین". ههروهها راشیگهیاند که" ئهو نیگهرانییهى ههمانه ئهوهیه که ههر هێرشێکى نوێ دهبێته هۆى تێکدانى سهقامگیریى ههرێمی، دهرفهت بۆ لایهنه شهڕانگێزهکان دهرهخسێنێت بۆ ئهوهى سهقامگیرى بۆ مهرامهکانى خۆیان بقۆزنهوه." "ئێمه بهردهوامین له شهڕى دژى داعش بهشێوهیهکى کاریگهر له رێگهى هاوبهشهکانمانهوه له نێو سووریادا و نامانهوێت هیچ شتێک مهترسى بخاته سهر ههوڵهکانى هێشتنهوهى داعش لهو سندووقهى که خستوومانهته نێوی"، وهزیرى دهرهوهى ئهمریکا وا دهڵێت.
هاوڵاتى ئێف بى ئاى ئهمریکا رایگهیاند، ڤلادیمیر پوتن بههۆى سهختى نهخۆشى شێرپهنجهکهی، لهلایهن پزیشکهکانهوه تهنها سێ ساڵى بۆ داندراوه که له ژیاندا دهمێنێتهوه و بینایشى لهدهست دهدات. دهیلى مهیلى بهریتانى له زارى سیخوڕێکى ئێف بى ئاى ئهمریکییهوه بڵاویکردهوه که ڤلادیمیر پوتن سهرۆکى روسیا، له دوو بۆ سێ ساڵ زیاتر ناژى و شێرپهنجهکهى سهختهو زۆر ئهزێتى دهدات و بینایى چاوهکانى ورده ورده لهدهست دهدات. ههواڵى تێکچوونى تهندروستى پوتن چهند جارێک بڵاوکراوهتهوهو بهتایبهت پاش دهرکهوتنى لهگهڵ ئهلێکساندهر لوکاشینکۆ سهرۆکى بیلاروسیا که بهشێوهیهکى نائاسایى قاچهکانى بهیهکدا ئاڵاندبوو. پوتن، سهرۆکى روسیا له 24ى شوباتى ئهمساڵ جهنگى بهرانبهر ئۆکرانیاى دراوسێى راگهیاند و تا ئێستا 30 ههزار سهربازى کوژراوهو زیاتر له بیست ههزارى دیکه برینداربوون به پێى ئامارى فهرمى وهزارهتى بهرگرى ئۆکرانیا. ههریهک له ئهمریکاو کهنهداو بهریتانیاو وڵاتانى ئهوروپا گهمارۆى ئابووریان خستۆته سهر رووسیاو بهو هۆیهوه روبڵى رووسى بههاکهى بهرانبهر به دراوى ئهمریکى کهمبووهتهوهو پوتن فشارى زۆرى لهسهره لهلایهن وڵاتانهوه، بهڵام سووره لهسهر داگیرکردنى ئۆکرانیا.
هاوڵاتى روسیا چالاکییه سهربازییهکانى له ئۆکرانیا چڕتر دهکاتهوه و دهیهوێت له پایزدا جهنگى سهرکهوتن بهسهر ئۆکرانیا رابگهیهنێت، سهرۆکی ئۆکرانیاش رایگەیاند:" بە دڵنیاییەوە لەم جەنگەی بەسەرماندا سەپێنراوە سەردەکەوين". میدیاکانى روسیا بڵاویانکردهوه که بهرپرسانى روسیا گفتوگۆى هێرشکردنه سهر پایتهختى ئۆكرانیا( کێڤ) دهکهن و هێرشهکان فراوانتر دهکهن و دهیانهوێت له پایزى ئهمساڵدا جهنگى سهرکهوتن رابگهیهنن. پێتر، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتهبێژى وهزارهتى بهرگریى روسیا، رایگهیاندووه که سوپاى وڵاتهکهى له رێگهى مووشهکى زۆر ههستیارهوه ناوهندهکانى فهرماندهیى سوپاى ئۆکرانیایان کردووهته ئامانج. لاى خۆیهوه، ڤۆڵۆدمیر زلێنیسکی، سهرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند:" بە دڵنیاییەوە ئۆکرانیا لەم جەنگەی کە بەسەریدا سەپێنراوە سەردەکەوێت و ئەو بابەتەش لەسەر پرسەکانی کات، توانای سەربازی ئۆکرانیا، دانوستانەکان لەگەڵ ڕوسیا و هاوکارییەکانی رۆژئاوا بۆ کیێڤ یەکلایی دەکەنەوە". زیاتر له سێ مانگه هێرشهکانى روسیا بۆ سهر ئۆکرانیا بهردهوامه و له سهرهتاى جهنگدا روسیا رایگهیاند، لهماوهى ٤٨ کاتژمێردا کیێڤى پایتهختى ئۆکرانیا کۆنترۆڵ دهکهن، بهڵام هاوکارییه سهربازییهکانى ئهمریکاو وڵاتانى ئهوروپاو کهنهدا توانا سهربازییهکانى ئۆکرانیایان بۆ رووبهرووبونهوهى سوپاکهى پوتن بههێز کردووه.