بەشار ئەسەد دوو دەروازەی دیکە دەکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممە ڕایگەیاند، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بە شێوەیەکی کاتی دوو دەروازەی سنووری زیادە لە تورکیاوە بەکاربهێنێت بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە لە ناوخۆی سوریا.

ئاژانسی هەواڵی فەڕمی سوریا سانا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە وتی: سەرۆک ئەسەد پێویستی هێنانی هاوکاری بەپەلەی بۆ هەموو ناوچەکانی سوریا دووپاتکردەوە، لەوانە ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر داگیرکاری و هەژموونی گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکانەوە.

 

ئەم ڕاگەیاندنە دوای چەند کاتژمێرێک دوای کۆبوونەوەی مارتن گریفیتس، بەرپرسی مرۆیی ناوبراو لەگەڵ ئەسەد و بەرپرسانی باڵای سوریا لە دیمەشق هات، گریفیتس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای کردووە ڕژێمی سوریا  ڕێگەی زیاتر بۆ مرۆڤدۆستان بکاتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆر لایەنەوە کەوتۆتە بەر ڕەخنە بەهۆی  لاوازی و هێواشی وەڵامدانەوەی خەڵک لە ناوخۆی سوریا و بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپەچەکدارەکان و ئۆپۆزسیۆنی سوریادان.

لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ڕووسیا چوار خاڵی هاتوچۆی کەمکردووەتەوە بۆ تەنها یەک خاڵ کە یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات مانگانە بگاتە ٢.٤ ملیۆن سوری لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا.

هاوکات لە دوای بوومەلەرزەکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بە گشتی "٥٨"  بارهەڵگر لە ناوەندەکەی تورکیاوە، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری" باب ئەلهاوە" چوونە  باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە بە شێوەیەکی سەرەکی خێمە  و کەلوپەلی ناخۆراکییان هەڵگرتووە..

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار