هاوڵاتی هەشت كاندیدی پارتی پارێزگاران متمانەو پشتگیری 20 پەرلەمانتاری پارتەكەیان بەدەستهێنا بۆ ئەوەی لە كێبڕكێدا پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن. تەنها دوو كەس نەیانتوانی پشتگیری 20 پەرلەمانتار مسۆگەر بكەن بۆ ئەوەی بگەنە خولی یەكەمی دەنگدان، بەمەش هەشت كەس لە گۆڕەپانەكەن بۆ ئەوەی زۆرترین پشتیوانی حزب بەدەستبهێنن، كە بەڵێنی كەمكردنەوەی باج و زیادكردنی بودجەی بەرگری و دەستپاكی و باشتركردنی دۆخی تەندروستی تاییبەت بە كۆرۆناو باشتركردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان دەدەن. نەدیم زەهاوی بە رەگەز كوردو لیز تروس وەزیری دەرەوە ركابەری توندی ریشی سوناك دەكەن، هەروەها كاندیدەكانی دیكەش بریتین لە( كیمی بادنۆك، سوێلا بریڤەرمان، جێرمی هانت، بێنی مۆردۆنت، تۆم تۆجنهات). بەهۆی شەڕی رووسیا بەرانبەر ئۆكرانیاو ئابووری بەریتانیا ڕووبەڕووی هەڵاوسانی گەورە بوەتەوەو بەریتانییەكان لە ژێر فشاری گەورەدان بەهۆی قەیرانی وزە لە وڵاتەكەیاندا. بۆریس جۆنسن بڕیارە لە تشرینی یەكەم(مانگی 10) دەست لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەكێشێتەوە. هەركەسێك پۆستی ببێتە بڕاوە لەو كێبڕكێیەدا دەبێتە سەرۆكی پارتی پارێزگاران و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەكە بەدەست دەهێنێت.
هاوڵاتی كەناڵێكی فەرمیی توركیا ئاشكرای دەكات كە حكومەتی سوید لیستی ناوی 10 ئەندامی (پە.كە.كە)ی ئامادەكردووە بۆئەوەی بەپێی یاداشتنامە و رێككەوتننامەی نێوانیان، ڕادەستی ئەنقەرەی بكاتەوە و ئامینە كاكە باوە بەدواداچون دەكات. كەناڵی TRT Haberی توركی لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، یاداشتنامەی لەیەكتێگەیشتنی نێوان توركیاو سوید بەردەوامەو لەوچوارچێوەیەدا ستۆكهۆڵم لیستێكی ئامادەكردووە كە لە10 ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) پێكهاتووە بۆئەوەی ڕادەستی ئەنقەرەی بكاتەوە. كەناڵەكە ئەوەی بیرهێناوەتەوە كە لەنێوان ساڵی 2019 بۆ 2022 حكومەتی سوید لەكۆی 16 داواكراو، تەنها سێ داواكراوی ڕادەستی حكومەتی توركیا كردۆتەوە، بەڵام لەدوای واژۆكردنی یاداشتی لەیەكتێگەیشتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە، پرۆسەكە خێراتركراوە و لەمدواییەدا دەزگا ئەمنییەكانی سوید لیستێكیان ئامادەكردووە كە لە10 ئەندامی پەكەكە پێكهاتووە بۆئەوەی دەستگیریان بكاتو ڕادەستی ئەنقەرەی بكەنەوە. دەزگاكانی ڕاگەیاندنی سوید ئاشكرایانكرد، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان سویدو توركیا كە مانگی ڕابردوو واژۆی لەسەركرا، حكومەتی سوید چوار هاوڵاتی توركیا كە ڕەگەزنامەی سویدیان هەبووە، ڕادەستی ئەنقەرە كردۆتەوە"ئەو چوار كەسەی ڕادەستی توركیا كراونەتەوە، كەسانی سیاسی نەبوون، بەڵكو ئەوكەسانە تۆمەتباربوون بەئەنجامدانی چەندین تاوان لەتوركیا پێشئەوەی وڵاتەكەیان بەرەو سوید جێبهێڵن". دوێنی ئامینە كاكە باوە پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی سوید ڕایگەیاند، بەدواداچوونی كردووە كە حكومەتی سوید چوار كەسی ڕادەستی توركیا كردوەتەوە، بەڵام دیارنییە هەموویان كوردن یان نا، بەڵام یەكێك لەو چواركەسە توركە. هەروەها ئامینە كاكە باوە بەڵێنی داوە لەوبارەیەوە لەسەر بەدواداچونەكانی بەردەوام بێت. پاش رێككەوتنی سوید و فینلاند لەگەڵ توركیا بۆ ئەندامبوونیان لەهاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی(ناتۆ) حكومەتی سوید رووبەرووی رەخنەی توندی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و رێكخراوە مەدەنییەكان بووەتەوە كە سازشی زۆری بۆ توركیا كردووە، بەشێكیان دەڵێن:" سوید هیچ كێشەی نەبووە بوون بەئەندامی لەناتۆ وڵاتەكە تووشی شەڕ و ململانێی سیاسی لەگەڵ روسیاو ئەو وڵاتانە دەكات كە لەگەڵ روسیادان".
هاوڵاتی گۆتابایا راجاپاكسای تەمەن 73 ساڵ سەرۆكی سریلانكا، لەگەڵ هاوژین و پاسەوانێكی، بە فڕۆكەیەكی سەربازی وڵاتەكەی بەجێهێشت و نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی تەسلیمی سەرۆكی پەرلەمان كردووە. دوای خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەرفراوان، بەرپرسانی سریلانكا رایانگەیاند، سەرۆكی وڵاتەكەیان بە فڕۆكەیەكی سەربازی وڵاتەكەی جێهێشتووە و روویكردووەتە دوورگەكانی ماڵدیڤ. بەرپرسانی سریلانكی دەڵێن، گۆتابایا راجاپاكسای تەمەن 73 ساڵ، لەگەڵ هاوژین و پاسەوانێكی، بە فڕۆكەیەكی جۆری ئەنتۆنۆڤ 32 لە فڕۆكەخانەی سەرەكیی وڵاتەكەیەوە بەرەو دوورگەكانی ماڵدیڤی دراوسێ رۆشتووە. راجاپاكسا رۆژی سێشەممە 12ی تەموزی 2022 نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی واژۆكردووە و رادەستی سەرۆكی پەرلەمانی كردووە بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە رابگەیێندرێت. راجاپاكسا بەڵێنی دابوو كە رۆژی چوارشەممە دەستلەكاربكشێتەوە و رێگە لەبەردەم "دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بكاتەوە،" ئەوەش دوای ئەوەی كە تووڕەیی خەڵك لە بەرامبەر قەیرانی ئابووری تەقییەوە. شەممەی رابردوو هەزاران خۆپێشاندەر هەڵیانكوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی لە كۆڵۆمبۆی پایتەخت، سەرۆكی سریلانكا لە ماڵەكەی هەڵهات.
هاوڵاتی وەزیرە كوردەكەی بەریتانیا، هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ متمانەی پارتەكەی دەستپێكرد تا پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وەربگرێت و بەڵێن دەدات ئەگەر سەركەوتوو بێت باج لەسەر هاوڵاتیان كەمدەكاتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تەموزی 2022، نەدیم زەهاوی لە كورتە ڤیدۆییەكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە كە لەماوەی شەش كاتژمێردا 51 هەزار كەس بینویەتی باسی لە وێستگەكانی كاركردنی لەو وڵاتە و سەركەوتنەكانی دەكات. زەهاوی بۆ ماوەیەك كرابە وەزیری پێدانی ڤاكسێن دوای دەستلەكاركێشانەوەی ریشی شوناك، وەزیری دارایی بەریتانیا، نیشانەی ناڕەزایی بەرامبەر بە بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی وازی لە پۆستەكەی هێنا زەهاوی ئەو پۆستەی بە دەستەوە گرت. زەهاوی پێش لەوەی وەك وەزیری دارایی دەستبەكاربێت، وەزیری پەروەردە بووە. ئەو ساڵی 2010 متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێنا و بوو بە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا. ناوبراو، چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دیدار و كۆبوونەوەی هەبووە. بێجگە لە زەهاوی 10 كاندیدی دیكە لە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران دان. بڕیار وایە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا كەسێك لەنێو پارتی پارێزگارانی بەریتانیاوە وەك سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكرێت. زەهاوی بڕیاری داوە ئەگەر متمانەی پارتەكەی بەدەست بهێنێت، باج لەسەر هاووڵاتیانی بەریتانیا كەم بكاتەوە و بودجەی وەزارەتی بەرگریش زیاد بكات.
هاوڵاتی بۆ یەكەمجار نرخی یۆرۆ هاوتای دۆلاری ئەمریكی بووەوە و لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخی یەك یۆرۆ یەكسانە بە یەك دۆلاری ئەمریكی. رۆژ بە رۆژ نرخی یۆرۆ لە دابەزیندایە و ئەمڕۆ سێشەممە نرخەكەی كەمترین ئاستی لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا تۆماركرد، كە ١٠٠ یۆرۆ هاوتای ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بووەتەوە. بەهۆی بەردەوامی شەڕی ئۆكرانیا و روسیاوە، كاریگەریی لەسەر نرخی یۆرۆ و هەبووە و پێشبینیش دەكرێت، زیاتر داببەزێت و بەهای دۆلار بەرزتر بێت لە یۆرۆی ئەوروپی
هاوڵاتی جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و بەشێك لە ئەندامانی ئیدارەكەی بەشداربوون لەگەڵ بەرپرسانی ئاژانسی نیشتمانی بۆ فڕینەكانی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكا (ناسا) یەكەمین وێنەی تێلسكۆپی جەێمس وێب-ی بڵاوكردەوە. تۆڕی هەواڵی بی بی سی، بڵاویكردەوە، بێڵ نێڵسن، بەرپرسی یەكەمی دەزگای ناسا كەمێك بەر لە ئێستا رایگەیاند، بەبڵاوكردنەوەی یەكێك لە وێنە سەرجڕاكێشەكانی جەیمس وێب، ئێستا لە یەكەمین دەركەوتن گەردون و دروستبونی دەڕوانین كە وێنەكە 13 ملیار ساڵ بەر لە ئێستای گەردونمان نیشان دەدات بەتایبەتیش گەلە ئەستێرەی (SMACS 0723). هەروەها راشیگەیاند:" ئەوەی ئێمە لە ئێستادا لێیدەڕوانین، بریتییە لە وێنەی گەردون بەر لە 13 ملیار و 500 ساڵ پێش ئێستا، ئێمە ئێستا لە چركەساتەكانی سەرەتای دروستبونی گەردونەوە نزیكین". بەرپرسەكەی ناسا ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئێمە ئیدی لێرەوە پرسیارە بێوەڵامەكان وەڵامدەدەینەوە و بۆ ئەو هەسارانە دەگەڕێین كە بۆ ژیانكردن دەست دەدەن و پانتاییەكی گەردونی زۆر خێرا دەبڕین بە بەراورد بە چەند دەیەی بەر لە ئێستا". ئەركی ئەم تێلسكۆپە بریتییە لە دیاریكردنی ئەو هەسارە دور مەودایانەی كە لە كۆمەڵەی كاكێشانەوە دورن و ئەركی دوەمیشی بریتییە لە پیشاندانی یەكەمین دەركەوتنی گەردون. ئەوەشی خستەڕو، جەیمس وێب بە پڕۆسەیەكی زۆر زانستیانە وەڵامی چۆنیەتی ئەم كارە ئاشكرا دەكات، بەشێوازێك یەكەم نزیكەی 8 خولەك دەخایەنێت بۆ ئەوەی روناكی خۆر بگات بە ئێمە و درك بە بونی خۆر بكەین، كەواتە ئەگەر بێتو خۆر لەبەر چاوانمان ون ببێت ئەوە ماوەی 8 خولەكی پێ دەچێت تا درك بەو كارە بكەین، بۆیە كاتێك لە ئاسمانەوە تەماشای یەكێك لە روناكییەكانی نزیكترین ئەستێرە دەكەین و لە ئاسمان دەیبینن، ئەوا نزیكەی چوار ساڵ بەر لە ئێستا ئەو روناكییەی دەركردوە و ئێستا ئێمە لە شەواندا دەیبینین.
هاوڵاتی نەدیم زەهاوی بە رەگەز كورد و وەزیری پێشوی دارایی حكومەتی بەریتانیایە بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كاندید كرد. ئەمڕۆ 9ی تەموزی 2022، ماڵپەری سكای نیوزی بەریتانیا ئاشكرای كرد:"نەدیم زەهاوی بە فەرمی چووە كێبركێی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و لە چەند رۆژی داهاتوو كەمپینێك بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەستپێدەكات". هەفتەی رابردو، وەزیری تەندروستی و دارایی حكومەتی بەریتانیا دەستیانلەكاركێشایەوە و دواتر نەدیم زەهاوی وەكو وەزیری دارایی دەستنیشان كرا. دوو رۆژ دوای دەستبەكاربونی، زەهاویش دەستی لەكاركێشایەوە و داوای لە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كرد دەستبەرداری پۆستەكەی بێت. بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەستیلەكاركێشایەوە و راشیگەیاند تا مانگی تیشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی پارتەكەی كەسێك لەبری ئەو بۆ ئەو پۆستە رادەسپێرێت.
هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە پارێزگای مووسڵەوە داوایەك ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان دەكات و باسی پێشمەرگەش دەكات. ئەمڕۆ 9ی تەموزی 2022 وەك یەكەم رۆژی جەژنی قوربان، بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانی سەردانێكدا بۆ موسڵ، مستەفا كازمی رایگەیاند"هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن زۆر گرنگە، پارێزگای موسڵیش چەندین دەرفەتی گەورەی لەپێشە، پێویستە هەموومان بە گیانی هاوكاری و یارمەتیدان كاری لەسەر بكەین". كازمی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی موسڵ وتی "پێنج ساڵ لەمەوبەر هێزەكانمان شاری مووسڵیان ئازاد كرد، ئەم یادەش خۆشی جەژن دەكاتە دوو خۆشی، مووسڵ بە رۆژانێكی زۆر سەختدا تێپەڕیوە، بەڵام خۆڕاگر بوو". هەروەها راشیگەیاند:" مووسڵ لەلایەن قارەمانەكانی سوپای عێراق و دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و پێشمەرگە و جەماوەر و سەرجەم هێزە ئەمنییەكان لەژێر دەستی داعش ئازاد كرا". هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراق داواشی لە لایەنە سیاسیەكان كرد بەرپرسیارێتی خۆیان لەم دۆخەی ئێستای وڵات بگرنە ئەستۆ.
هاوڵاتی لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێكدا بۆ لایەنگرانی بەمەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن، دەستڕێژی گولە لە شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی پێشوی ژاپۆن كرا و بە سەختی برینداركرا، دوای چەند كاتژمێرێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا. شینزۆ ئابی كە تەمەنی لە سەرەتاكانی ٦٧ ساڵیدایە لە كاتی پێشكەشكردنی وتاری بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شاری نارا تەقەی لێكرا و دواتریش، میدیاكان بڵاویانكردەوە تەقەكەرەكە دەستگیر كرا كە سەربازێكی ٤٠ ساڵی خانەنشین بووە. شینزۆ ئابی لە خێزانێكی سیاسی لە دایك بووەو لە ساڵی ١٩٨٢ دەستی بە كاری سیاسی كردووە و و یەكەم پۆستیشی لە حكومەتدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بووە و لە ساڵی ١٩٩٣ بووەتە ئەندام پەرلەمان. ئابی لە ساڵی ٢٠٠٣ وەك سكرتێری گشتی حیزبی لیبڕاڵی دیموكراتی هەڵبژێردرا و لە ٢٠٠٦ بووە سەرۆكی ئەو حیزبە، دواتر لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا وەك سەرۆك وەزیرانیا یابان هەڵبژێردرا. دوای ساڵێك لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بە هۆی خراپی دۆخی توندروستییەوە دەستی لە پۆستەكەی كشاندەوە و دوای ئەوەش حیزبەكەی زۆربەی كورسیەكانی پەرلەمانی لەدەستدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئابێ هەڵوێستێكی تووندی بەرامبەر كۆریای باكوور پێشاندەدا، بەڵام لە هەمانكاتدا، هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەمریكا و ئێران دەدا. ئابی پەیوەندییكی تایبەتی نزیكی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكادا هەبوو و هەوڵی دەدا بەرژەوەندییەكانی ژاپۆن لە سیاسەتی "ئەمریكا پێش هەموو شتێك"ـی ترەمپ بپارێزێت. لە ساڵی ٢٠١٢دا دووبارە ئابی وەك سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن هەڵبژێردرایەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ش دووبارە بەسەر ركابەرەكانیدا سەركەوت و لە پۆستەكەیدا مایەوە. گیانلەدەستدانی ناوبراو كاردانەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناو لەوبارەیەوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند، ئەو هێرشە ناشرینە كراوەتەسەر شینزۆ ئابی هەمووانی شۆكی كردووە، بۆیە فەرەنسا پاڵپشتی لە گەلی ژاپۆن دەكات. هاوكات، بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی بەریتانیا رایگەیاند، " ئەم رووداوە نیگەرانی كردوین، بۆیە لەم كاتە خەمناكەدا بەریتانیا لە پشتتان دەوەستێت." بە هەمن شێوە ماتیوسز مۆراویكی، سەرۆكوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاندوە، ئەمە رووداوێكی شۆكهێنەرەو هەموان خەم دەردەبڕن.
هاوڵاتی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیی ڕاپۆرتی گروپێك پارێزەری نێودەوڵەتیی ئەوە دەخاتەروو "توركیا بۆ هێرشكردنە سەر كورد ڕاهێنانی بە داعش كردووە". لە ڕاپۆرتێكی تایبەتدا، كە ڕۆژنامەی گاردیان بڵاویكردووەتەوە ژمارەیەك ڕەخنەگر و پارێزەر لە سوریا و عێراق ئاماژەیان بەوە كردووە؛ توركیا دەستی هەیە لە كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكاندا و داوایان كردووە لە دادگای نێودەوڵەتیدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت. ئەو گرووپە پارێزەرە، كە بە گروپی دادپەروەریی بۆ ئێزدییەكان ناسراون (YJC) لە ڕاپۆرتەكەیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە: توركیا تۆمەتبارە بە تێوەگلان لەو كۆمەڵكوژییە، چونكە بە مەبەست سنوورەكانی كردووەتەوە و ڕێگەی داوە چەتەكانی داعش بە ئاسانیی و ئازادیی بچنە ناوچەكە. هەروەها لیژنەی پارێزەران باسیان لەوە كردووە لە مانگی نیسانی ٢٠١٤ بەرپرسانی تورك لە ئاست بەكۆیلەكردن و بازرگانیكردن بە ژن و منداڵانی ئێزدیی چاویان داخستووە، تەنانەت بۆ هێرشكردنە سەر كوردەكان ڕاهێنانی سەربازیی بە چەكدارانی داعش كردووە. لەو ڕاپۆرتە ٢٧٨ لاپەڕەییەدا بڵاوكراوەتەوە، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤دا عێراق داوای لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە دان بەو كۆمەڵكوژی و تاوانانەدا بنێت، كە داعش لە ناوچەكەدا ئەنجامیداوە، لە هەمانكاتدا حكومەتی عێراقی بەوە تاوانبار دەكەن، كە هەماهەنگ نەبوون لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ ڕێگریكردن لە گەیشتنی داعش بۆ شەنگال و پاراستنی ئێزدییەكان.
سازدانی: سەركۆ جەمال سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق ئەوە ئاشكرا دەكات كە" حكومەتی هەرێم و عێراق بۆ ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران لەگەڵ بەریتانیا رێككەوتوون، دوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی هەڵمەتی دەستگیركردنی پەنابەرانی كورد دەستپێكرد". دەشتی جەمال، سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:" بەریتانیا بەنیازبوو چەندین پەنابەری كورد رەوانەی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، تائێستا 170 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا بێسەروشوێنن". هاوڵاتی: ئەو كۆچبەرانەی لەبەریتانیا مەترسی ناردنیان لەسەربوو بۆ هەرێمی كوردستان، پاشان تكتەكانیان هەڵوەشایەوە، بڕیارەكە بەچی گەیشت؟ دەشتی جەمال: بڕیارەكە هەڵنەوەشاوەتەوە بەڵكو رێككەوتنێك كراوە لەنێوان حكومەتی بەریتانیا و حكومەتی عێراق ئێمە دەقی ئەو رێككەوتنەمان ئاشكراكردووە. دوای رێككەوتنەكەش بەریتانیا پێشوازی لەجێگری وەزیری دەرەوەی عێراق كردووە، بەتایبەتیش لەدوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا حكومەتی بەریتانیا ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانەی دەستگیركرد كە خەڵكی هەرێمی كوردستانن و بڕیارەكە دەیانگرێتەوە، ئەو كەسانە زۆربەیان ساڵانێكی زۆرە لەبەریتانیا ژیان بەسەر دەبەن خێزان و منداڵیان هەیە، بڕیاربوو 31-5-2022 بیاننێرنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەی هەولێر، ئێمە پێش ئەوەی بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت هەڵمەتێكمان دەستپێكرد كە نەیەڵین ئەو كارە رووبدات و بەربەستی بۆ دروست بكەین. دوای هەڵمەتەكەش ژمارەیەكی زۆر لایەن و رێكخراوی مافی مرۆڤ لەوانەش سكرتێری پێشووی پارتی كرێكاران (لەیبەر پارتی) نامەی ناڕەزایەتییان ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا كرد، لەچەند ئاستێكدا ئەو كەمپینەمان بردە پێشەوە، ئاستێكیان لەناوخۆی بەریتانیاو دووەمیش لەئاستی ئەوروپاو پاشانیش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان و پرۆژە بڕیارێكمان بردە پەرلەمانی عێراق و 104 پەرلەمانتار واژۆیان كرد كەهیچ فڕۆكەخانەیەك نەخرێتە خزمەتی ئەو وڵاتانەی بەزۆر پەرلەمانتار دەنێرنەوە. هەروەها سزادانی ئەو كۆمپانیایانەی بەشدارن لەبەزۆر ناردنەوەی پەنابەران، ئەوەبوو لیستی ناوەكانمان بۆ ناردن جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق وتی رێككەوتنەكە هەڵناوەشێتەوە بەڵام ئەو لیستی ناوە رێگەنادرێت بنێردرێنەوە، سەرئەنجام توانرا لەدواساتەكاندا مەسەلەكە راگیرا، بۆیە بەزۆر ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە راگیرا، بەڵام بڕیارەكە هەڵنەوەشاوەتەوە. تائێستاش 13 كەس لەكەمپی بەزۆر ناردنەوە ئازادكراون، بەڵام ئەڵقەیان لەقاچ كردوون، ژمارەیەكی تریشیان تائێستا ماونەتەوەو پارێزەریان بۆ گیراوە، ئێستاش زیاتر لە 40 پەنابەر راگیراون بەشێكیشیان ئەو پەنابەرانەن كە ئەمساڵ گەیشتوونەتە بەریتانیا و بڕیاربوو بیاننێرن بۆ رواندا، بەڵام ئەوانیش پارێزەریان بۆ گیراوە كە سیانیان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون و سەرئەنجام ناردنەوەیان بۆ ئەو وڵاتە لەلایەن دادگای ئەوروپاوە راگیرا. هاوڵاتی: ئەو رێككەوتنەی بەریتانیا لەگەڵ رواندا كردوویەتی چی بەسەرهات؟ دەشتی جەمال: ئەو بڕیارە هەموو پەنابەرێك دەگرێتەوە كە لەسەرەتای ساڵی 2022ەوە چووبێتە بەریتانیا رێككەوتنەكە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە كەبەناوی بوژاندنەوەی ئابووری رواندا ئەنجامدراوە، مەبەستیش لێی بەپێی رێككەوتنەكە رێگرییە لەبازرگانیكردن بەمرۆڤ لەلایەن قاچاغچیەكانەوە ئەوانەی كە بەڕێگەی شاحینە و چووپ دەگەنە بەریتانیا، ئەو سیاسەتەش سزادانی پەنابەرانە، چونكە پەنابەران بەهۆی دۆخی وڵاتەكانیان روو لەوڵاتانی دیكە دەكەن، بەمجۆرە دەیانەوێت لەڕێگەی سزادانی پەنابەرانەوە ژمارەی پەنابەران كەمبكەنەوە، ئەمەش لەلایەن زیاتر لە 160 رێكخراوی مافی مرۆڤەوە ئیدانەكراوەو رای گشتی بەریتانیاش دژ بەو سیاسەتەن، ئێستاش ئەو دۆسیەیە لەدادگایە بڕیارە 19ی مانگی داهاتوو بڕیاری لەبارەوە بدرێت لەچوارچێوەی ئەو رەخنانەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گرتوویەتی. لەماڵپەڕە بەریتانیەكان وێنەی مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بڵاوكراوەتەوەو ئاماژە بە رێككەوتنیش كراوە كە پەنابەران بنێردرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە پێشوازی لەو پەنابەرانە بكات هاوڵاتی: چ لایەن و رێكخراوێك رۆڵی هەبووە لەڕاگرتنی ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران؟ دەشتی جەمال: میدیاكان و پەنابەران دەبێت بڕیاری ئەوە بدەن، ئێمە رۆڵێكی گرنگمان هەبوو لەگەڵ خودی پەنابەران خۆیان بەپشتیوانی پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی داكۆكیكار لەمافی پەنابەران و مافی مرۆڤ، كە ئەوەش لەئەنجامدا بڕیارەكە راگیرا. هاوڵاتی: واتا ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە؟ دەشتی جەمال: ئەوە كارەكانی ئایندە دەریدەخات كە ئایا ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە یاخود نا، تا هەڵنەوەشێتەوە ئەگەری ناردنەوەی پەنابەران هەیە، ژیانی سەدان پەنابەرو خێزان دەخاتە مەترسییەوە، چونكە ئەو كەسانەی رۆیشتوون بەشێكی زۆریان بوونەتە هۆكاری بەخێوكردنی خێزانەكانیان لەكوردستان بەهۆی ئەو دۆخەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دروستیان كردووە. ئەو كەسانەی خۆیان بەداكۆكیكار لەمافی پەنابەران دەزانن كەس دەستی نەگرتوون دەتوانن فشار بكەن و سەرۆكی حكومەتی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان بكەن كە بەچی مافێك رێكەوتنیان لەسەر ژیانی خەڵكی پەنابەر كردووە و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە. هاوڵاتی: واتا بەفەرمی پێتانوایە سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران بووە؟ دەشتی جەمال: لەماڵپەڕە بەریتانیەكان وێنەی مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بڵاوكراوەتەوەو ئاماژە بە رێككەوتنیش كراوە كە پەنابەران بنێردرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە پێشوازی لەو پەنابەرانە بكات، ئەوەش دژی مافی مرۆڤە ئەگەر ئەو كەسانە كارێكی نایاسایشیان كردبێت سزای خۆیان وەرگرتووە، حكومەتی هەرێم ئاسانكارییان بۆ دەكات و تكتیان پێدراوە. هاوڵاتی: ئایا حكومەتی هەرێم بەبێ ئاگاداری حكومەتی عێراق ئەو كارەی كردووە؟ دەشتی جەمال: بەڵگەمان هەیە كە ئەو رێككەوتنە سێ لایەنەیە، بەریتانیا لەگەڵ هەرێم و عێراق رێككەوتنی كردووە، ئەوان سوپاسی حكومەتی عێراقییان كردووە بۆ ناردنەوەو ئاسانكاری بۆ بڕیارەكەو دروستكردنی پاسپۆرت بۆیان و لابردنی ئاستەنگەكان. هاوڵاتی: سەبارەت بەو كۆچبەرانەی لەبیلاروسیاوە ویستیان بچنە وڵاتانی ئەوروپا، زانیاری لەسەر ئەوان چییە؟ دەشتی جەمال: ئێستاش كۆچبەرێكی زۆر لەكەمپەكانی لیتوانیا و پۆڵەندا هەن، لەدۆخێكی خراپدان ژمارەیەكی زۆریان داوای مافی پەنابەرییان كردووە، بەڵام لەوێش حكومەتی عێراقی كاریان بۆ ناكات و مامەڵەیەكی نامرۆڤانەیان لەگەڵدا كراو بەشێكی زۆریان ناچاركران رێگەی گەڕانەوە بگرنە بەر، بەشێكیشیان لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا داوای مافی پەنابەرییان كردووە هەرچەندە زۆربەیان داوای مافی پەنابەرییان رەتكراوەتەوەو وەك زیندانی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ئێمە لەوبارەیەشەوە داوای سەیركردنی كەیسەكانی ئەوانەمان كردووەو داواشمان كردووە مافیان پێبدرێت. هاوڵاتی: هیچ ئامارێك لەبەردەستە كەچەند خەڵكی هەرێم داوای پەنابەرییان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە؟ دەشتی جەمال: هیچ ئامارێكی ژمارەی پەنابەرانی هەرێم لەبەردەستدا نییە، بەڵام ساڵی رابردوو 32 كەسی هەرێم گیانیان لەدەستداوە لەڕێگای گەیشتن بەئەوروپا، بەداخەوە ئاماری گیانلەدەستدان و بێسەروشوێن بوون ساڵ بەساڵ زیاتر دەكات، تائێستاش زیاتر لە 170 كەسی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێسەروشوێنن.
هاوڵاتی بڕیارە بۆریس جۆنسن دەست لەپۆستی سەرۆكی پارتی پارێزگارانی حزبەكەی و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هەڵبگرێت. پاش دەستلەكاركێشانەوەی چەند وەزیرێكی كابینەكەی حكومەتەكەی جۆنسن، فشارەكان لەسەری زیادیان كردووەو بڕیارە لە چەند كاتژمێری داهاتوو دەست لەكاربكێشێتەوە. هەرچەندە میدیاكانی بەریتانیا ئەوە دەخەنەروو كە بۆریس جۆنسن ئامادەیە لە پۆستی سەرۆكی پارتی پارێزگاران دەستلەكاربكێشێتەوە، بەڵام نیەتی ئەوەبووە تا سێ مانگی دیكە لەپۆستی سەرۆك وەزیراندا بمێنێتەوە، بەڵام فشارەكانی حزبەكەی و وتەی وەزیرە دەستلەكاركێشاوەكان و پەرلەمانتارانی پارتەكەی وای لێ كردووە كە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆك وەزیرانیش بدات. بۆریس جۆنسن لەو كاتەوەی بووەتە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، لەندەن لەناوخۆی ولاتەكەدا سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیووە بەتایبەت دوای دەرچونیان لە یەكێتی ئەوروپاو فشاركردن بۆ بەزۆرناردنەوەی پەنابەران و پارێزگاری نەكردن لەمافەكانی مرۆڤن حكومەتەكەی جۆنسنی تووشی دەیان كێشە كردووەتەوە. نەدیم زەهاوی دوای ئەوەی تەنها دوو رۆژ پۆستی وەزیری دارایی وەرگرت دەستیلەكاركێشایەوەو لەتویتەری خۆی نوسیویەتی:" جۆنسن كارە راستەكە ئەنجام بدە كە دەستلەكاركێشانەوەیە".
هاوڵاتی وەزیری دادی حكومەتەكەی ئەردۆغان ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەكاتی رێككەوتن لەگەڵ سویدو فینلاند بۆ ئەندامبونیان لەناتۆ لیستێكی داواكراوان هاوپێچی رێككەوتنەكە كردووە. بەكر بۆزداغ، وەزیری دادی توركیا رایگەیاند:" دوو نووسراوی فەرمییان لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە ناردووە بۆ سوێد و فینلاند بۆ رادەستكردنەوەی ئەو داواكراوانەی توركیا لە كاتی دانوستاندنەكان داوای كردبوو، پێیان راگەیەندراوە كاتی جێبەجێكردنی هاتووە و لەگەڵ نووسراوەكانیشدا لیستی ناوی داواكراوەكانیان هاوپێچ كردووە". هەروەها راشیگەیاند:"پێشتر بە نووسراوی فەرمی داوای رادەستكردنەوەی چەند داواكراوێكمان لە سوێد و فینلاند كردبوو، بەڵام هەردوو وڵات رەتیانكردبووەوە رادەستیان بكەنەوە، هەروەها وەڵامی رادەستكردنەوەی چەند كەسێكی دیكەشیان تا ئەم ساتە نەداوەتەوە، وەزارەتی داد ئەو دوو نووسراوەشی هاوپێچ كردووە و بە لیستێكی نوێ دووبارە ناردوویەتی و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی سوێد و فینلاند كراوە". هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كرد گە لە بڕگەیەكی یاداشتنامە واژۆكراوەكانی نێوان توركیا، سوێد و فینلاند لە دانوستاندنەكانی مەدرید، توركیا مەرجی داناوە كە دەبێت لیژنەیەكی هاوبەشی پێكهاتوو لە دامەزراوەكانی دادوەری، ئاسایش و هەواڵگری پێكبهێندرێت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی یاداشتنامەكە و لە نووسراوەكەشیاندا داوای دەستنیشانكردنی چەند كەسێكیان كردووە لە فینلاند و سوێد بۆ پێكهێنانی لیژنە هاوبەشەكە. وەزیری حكومەتەكەی ئەردۆغان ئەوەشی روونكردەوە كە پرسی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە تەنیا بەربژێرن و رێكاری زۆر هەن بۆئەوەی جێبەجێ بكرێن، بەڵام سەرباری هەموو ئەو رێكارە پێویستانە، مەرجە داواكارییەكانی توركیا جێبەجێ بكرێن"بە پێچەوانەوە ئەگەر توركیا ڤیتۆ كارا بكاتەوە، بەربژێربوونیان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ سفر دەبێتەوە".
هاوڵاتی نەدیم زەهاوی ئەو وەزیرە كوردەی بووە وەزیری دارایی حكومەتی بەڕیتانیا دەستی لەكاركێشایەوە. نەدیم زەهاوی لە دوو رۆژی رابردوودا پۆستی وەزاری دارایی وەرگرت، وەزیرە كوردەكە و ٥٣ بەرپرسی دیكەی حكومەتەكەی جۆنسن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە تا ئێستا و بۆریس جۆنسن لە قەیرانێكی قوڵدایە. نەدیم زەهاوی لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ لەپێناو وڵاتەكە و ئەو ئەركانەی پێی دەسپێردرێن بەڵام داوا لە جۆنسن دەكات دەست لە كار بكێشێتەوە. هەروەها دەشڵێت:" كاتێك داوای لێكراوە پۆستەكە وەربگرێت، ئەو لە وەفاداری خۆیەوە بۆ وڵاتەكە ئەو كارەی كردووە نەوەك بۆ پیاوێك و یەك رێگە هەیە كە خزمەتی هاوڵاتیان و راستكرنەوەی هەڵیكانە و ئەگەر بزانێت ئەو كارە ناكرێت دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت. هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە پێویست بوو جۆنسن گوێی لە هاوڕێ ٣٠ ساڵەكەی بگرتایە و دڵى شكاوە كە گوێى بۆ نەگرتووەو لە نزیك ئەو هەموو شتێك لەدەست بدات لە كۆتا خولەكەكاندا. لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی نەدیم زەهاوی و وەزیری نوێی پەروەردە و فێركردن، كە دوو رۆژ لەمەو بەر پۆستەكەیان وەرگرت لەدوای كشانەوەی وەزیرەكانی پێش خۆیان، لە ئێستادا جۆنسن لە قەیراندایە و چاوەڕێ دەكرێت دەست لە كار بكێشێتەوە.
هاوڵاتی سیناتۆر لینزی گرام پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبوییەوەو تێیدا دۆخی پرسی كورد لە سوریا خراوەتەروو. بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تەموزی 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سیناتۆری ناوداری ئەمەریكی لینزی گرام و شاندێكی یاوەری كرد كە لە خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عیراق و جەنەرال جۆن برێنان فەرماندەی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ژمارەیەك دیپلۆماتكار و پلەدارانی سەربازیی ئەمەریكی پێكهاتبوو. لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی عێراق و پرۆسەی سیاسیی وڵات، دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، دۆخی سووریا و پرسی كورد لەو وڵاتە، تاوتوێ كران. هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە كردەوە و كۆك بوون لەسەر ئەوەی مەترسیی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی داعش هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەیە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی عیراق و سووریا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە، پێویستە ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە پارێزراو بێت و هەمووان لەم پێناوەدا هەوڵ و كۆششیان بخەنە گەڕ. هاوكات نێچیرڤان بارزانی، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستان بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی ئەمەریكا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا، دووپاتیكردەوە كە كلیلی سەقامگیری و چارەسەكردنی كێشەكانی عێراق، چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا یە بە گفتوگۆو بەپێی دەستوور. پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو.