مامۆستایەکی کورد لە هۆڵەندا زمانی کوردی فێری فێرخوازانی تورک دەکات

9 مانگ لەمەوپێش



ڤانە باهیر

باوەڕ ئاگری، نووسەرو مامۆستای زمانی کوردی، کەخەڵکی باکوری کوردستانە، ماوەی دوو ساڵە لەتورکیا هەڵهاتووە بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئەوەی وانەی کوردی وەکو زمانی دایک وتووەتەوە، بەڵام لەئێستادا لەهۆڵەندا درێژە بەکارەکەی دەدات و لەنێو خوێندکارەکانیشدا کەسانی تورکی و بیانی هەن کەدەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن.

باوەڕ ئاگری لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوڵاتی باسی ئەو گرفتانە دەکات لەتورکیا هاتوونەتە بەردەمی و دەڵێت، حکومەتی تورکیا لەڕێگەی هەڕەشەوە دەیەوێت کوردانی «هۆشیارو پێشەنگ بترسێنن و بێدەنگیان بکەن»، تەنانەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆش بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت.

هاوڵاتی: چۆن بڕیارتدا دەست بەوتنەی زمانی کوردی بکەیت لەتورکیا؟

باوەڕ ئاگری: لەساڵی ٢٠١٤ چوومە خولی زمانی کوردی لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ، پاشان لەساڵی ٢٠١٩ بڕوانامەی مامۆستاییم بەسەرکەوتوویی وەرگرت و دەستم کرد بەو کارە.

هاوڵاتی: ئەزموونی ئێوە وەک مامۆستایەکی کورد لەتورکیا چییە؟

باوەڕ ئاگری: نزیکەی ماوەیەک لەپەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی زمانی کوردیم وتەوە. لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا تازە دەرکەوتبوو. پێشتر رووبەڕوو وانەی کوردیمان دەوتەوە، دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە لەهەموو شوێنێک بڵاوبووەوە، ناچار بووین وەک هەموو کەسێک ئەو کارە بکەین و بەئۆنلاین وانەی کوردیمان دەوتەوە. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەک لە ژێر چەتری پەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی کوردیم بەئۆنلاین دەوتەوە. پاشان بەتەنیا وانەی تایبەتم دەدا. ئەمە نزیکەی ساڵێک بوو. لەو نێوەندەدا ڤیدیۆی وانەکانی کوردیشم دروستکردو لەکەناڵی کوردی تایبەت بەخۆم بڵاوم کردەوە کەبینەرەکانی زیاد لە «دە هەزار» کەسی تێپەڕاندووە لەماوەیەکی کورتدا. هەندێک جار ڤیدیۆ دروستدەکەم و لەکەناڵەکەم دایدەنێم. ئەوانەی دەیانەوێت دەتوانن لە یوتیوب کەناڵەکەم بدۆزنەوەو بینەری وانەی کوردی بن.

هاوڵاتی: ئایا خوێندکارەکان تەنها کوردن؟

باوەڕ ئاگری: لەم دواییانەدا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زمانی کوردی سەرنجێکی زۆری بۆ دێت. هەردوو کورد و تورک دەیانەوێت فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بن و بیانییەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن. کاتێک بە شێوەی ئۆنلاین وانەم دەگوتەوە، لەنێو خوێندکارەکانمدا خوێندکاری تورک و ئەوروپیم هەبوو. هەندێک لەتورکەکان لەیوتیوب فۆڵۆی کەناڵەکەم دەکەن . هەندێک جار پرسیار دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە. بەکورتی دەکرێ بڵێین جگە لەکورد، بێگانەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن.

هاوڵاتی: ئاستەنگەکانی حکومەتی تورکیا چین بۆ ئەوکەسانەی لەبواری زمان و کولتوری کوردی  کاردەکەن؟

باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورکیا هەرگیز نەیهێشتووە کورد بەئاسانی فێری زمانی کوردی ببێت و لەژیان یان بڵاوکراوەی خۆیدا بەکاری بهێنێت. پێشتر فشار لەسەر کورد هەبووەو ئێستاش فشار لەسەر کورد هەیە. زۆرێک لەو دامودەزگایە کوردیانەی کەپۆلی کوردییان دەوتەوە لەسەردەمی ئەم حکومەتەی ئێستادا داخران یان قەدەغە کران. بۆ نموونە دەوڵەتی تورک گۆرانی کوردی قەدەغە دەکات، رێگە نادات ئەکتەرە کوردەکان شانۆگەری کوردی پێشکەش بکەن، رێگە نادات کتێبی کوردی چاپ بکرێت، رێگە نادات فیلمی کوردی فیلم بگیرێت، رێگە نادات کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کوردی بکرێتەوە. رەنگە لەبیرتان بێت کە دەوڵەتی تورکیا چەند ساڵێک لەمەوبەر تەلەفزیۆنی زارۆکی قەدەغە کردو لەمانگی دەستکردی تورک-سات لایبرد. کەناڵی زارۆک، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، تەنها کاریکاتێری بۆ منداڵان بەرهەم دەهێناو هیچ کارێکی سیاسی نەدەکرد بەڵام حکومەتی تورکیا قەدەغەی کرد.

هاوڵاتی: چ ئەزموونێکی خۆتان هەیە کەحکومەتی تورکیا هێرشی کردبێتە سەر پەیمانگای کوردی لەئیستەنبوڵ بۆ  خوێندنی کوردی؟!

باوەڕ ئاگری: ساڵی ٢٠١٧ لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ کە لەوکاتەدا خەریکی وانە خوێندنی کوردی بووین، رۆژێک وەک هەمیشە چوومە پۆل سەیرم کرد مامۆستا سامی تان و هاوڕێکانی تر لە دەرگاکەدان. لەو کاتەدا پۆلیسی تورکیا دەرگای پەیمانگاکەیان شکاند و کاغەزەکانیان لێسەندەوە و دەرگاکەیان مۆر کرد. ئەمەم بەچاوی خۆم بینی ئەمەش بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت حکومەتی ئاکەپە لەوانی تر باشترە.

هاوڵاتی: بەبەراورد لەگەڵ ٢٠ ساڵی رابردوو بەربەستەکان کەم بوونەتەوە یان گۆڕانکاریان بەسەرهاتووە؟!

باوەڕ ئاگری: وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، دەوڵەتی تورک هەمیشە ئاستەنگی لەدژی کورد داناوە. بەڵام لەتۆڕه کۆمەڵایەتیەکاندا بەرپرسانی ئاکەپه دەڵێن ئێمه هیچ ئاستەنگێک له بەرامبەر کورد دروست ناکەین و کورد ئازاده بەڵام راست نیە.

هاوڵاتی: لەئێستادا لەهۆڵەندا دەژیت، بۆچی تورکیات بەجێهێشت؟

باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی فاشیستە، جگە لەتورک و زمانی تورکی هیچ گەلێک و هیچ زمانێک ناناسێت. سەد ساڵە بەم شێوەیە بووە. بەتایبەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆ بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. لەئێستادا جگە لە کوردە سیاسییەکان، بەسەدان مامۆستا و ئەکادیمیست و پرۆفیسۆری کورد لەزیندانەکانی تورکیا زیندانی کراون، چونکە خەبات بۆ دۆزی کورد دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کەکورد ناتوانێت لەتورکیا بژی. من یەکێکم لەو کەسانەی کە هێرشم کراوەتەسەرو هەڕەشەم لێکراوە. بۆیە، ناچار بووم بڕۆم.

هاوڵاتی: چەند جار هەڕەشەتان لێکراوە و لەسەر چی بووە؟!

باوەڕ ئاگری: لەژێر ماڵەکەماندا چایخانەیەک هەبوو. پۆلیس هەمیشە لەوێ بوو. ئەوان تەنها بۆ من نەبوون، بەڵکو زۆرجار لەڕێگامدا وەستابوون. رۆژێک تەلەفۆنیان بۆ کردم و داوایان لێکردم بچمە بنکەی پۆلیس و  پێیان نەگوتم بۆچی بانگم دەکەن، بەڵام چوومە بنکەی پۆلیسەکە، پێیان وتم گلەیی لەتۆ هەیە. پرسیم کێ گلەیی کردووەو هۆکارەکەی چییە؟ بەڵام وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، دواتر پرسیارێکی هاوشێوەم لێکرا، پێت وایە لەتورکیا مافی کورد رێزی لێدەگیرێت یان نا؟ پێکەنیم و پێم وتن ئەگەر رێز لەمافی کورد نەگیرێت، کەواتە بۆ پەیوەندیتان پێوەکردم و منتان هێناوەتە بنکەکە؟ بۆ ئەم پرسیارەش بەپێی بۆچوونی خۆم چەند وەڵامێکم دایەوەو  پێم وتن بۆچی ئەو کەسانە ناهێنن کە بەئینگلیزی و عەرەبی یان زمانێکی تر دەنووسن  و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکەن؟ دیسان وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، زۆر روونە کە ئەوان دەیانەوێت کوردانی ئاگادار یان پێشەنگ بترسێنن و بێلایەنیان بکەن. هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەمەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار