ئەسۆسیەتیدپرێس: ئەمریکا دەیەوێت هێزی سەربازی لە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکانی کەنداو جێگیر بکات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆسیەتێدپرێس، رۆژی پێنج شەممە ٣ی ئاب، لە راپۆرتێکدا لە دەمی پێنج بەرپرسی پلەباڵای سەربازی ئەمریکاوە رایگەیاند، ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی جێگیرکردنی سەربازەکانی خۆیەتی لە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی پەڕینەوە لە گەرووی هۆرمۆز لە کەنداو.

ئەم وتەیەی ئەم بەرپرسە باڵا سەربازیانەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هەزاری کۆماندۆ و سەربازی هێزی دەریایی و مەلەوان بۆ کەنداو لە کەشتی هێرشبەری ( یو .ئێس. ئێس باتان ) و کەشتی ( یو. ئێس. ئێس. کارتەر هاڵ).

ئەم پێنج بەرپرسە سەربازییە نەیانویستووە ناویان بڵاو بێتەوە، بەڵام جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەم بارەوە نەدراوەو بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لە گفتوگۆ و راوێژدان لەگەڵ هاوپەیامنە عەرەبەکانی ئەمریکا لە کەنداو.

ئەو بەرپرسە سەربازییانە باسیان لەوە کردووە، مەلەوان و چەکدارە دەریاییەکان، هەرکات لە لایەن کەشتییە بازرگانییەکانەوە داوایان لێ بکرێت، بەهانای کەشتییەکانەوە ئەچن و ئەمنییەتیان دەپارێزن.

بەرپرسێکی سەربازی پرۆسەکەی بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز ناوبرد و وتی:"  جێگیر کردنی سەربازە ئەمریکاییەکان لە سەر هەر کەشتییەکی بازرگانی، پێویستە لە لایەن ئەو وڵاتەوە کە ئاڵاکەی لە سەر کەشتییەکەیە ڕێگە پێدراو بێت و هەروەها ئەو وڵاتەی کە بەناویەوە تۆمار کراوە". ئەم بەرپرسە کە ناوی نەهاتووە ئەڵێت :" تا ئێستە وا نەبوە کە سەربازەکان لە سەر کەشتییەکان جێگیر بن و رەنگە پێویستی بە کات بێت".

پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە، براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی جێگیرکراو لە بەحرین لەگەڵ رێبەرانی شەش وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، واتە بەحرەین، کوێت، عوممان، قەتەر، سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆبۆوە.

هەرچەن لە راگەیاندنی کۆتایی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بەو بابەتە نەکراوە کە رۆژنامەی ئەسۆشەیتێدپرێس باسی ئەکات، بەڵام لەو راگەیاندنەدا باس لەوە کراوە کە "کۆپەر" لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە دەربارەی بەهێزکردنی هاوکارییەکانیان و کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەییەکان، ڕاو بۆچوونیان گۆڕیوەتەوە.

ئەگەر بێتوو ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان جێگیر بکرێن، ئەمە دەبێت بە هۆی ئەوەی ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی زۆر بکەوێتە سەرشانی بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی کەشتییە بارهەڵگرەکان و لە هەمانکاتدا رێگرییە لە هەنگاوەکانی ئێران و رووسیا و چین لەم ناوچە دەریاییە.

ئەمریکا تەنانەت لە جەنگی ناسراو بە جەنگی نەوت هەلگرەکان، ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هێزە سەربازییەکانی خۆی بەم شێوەیە لەسەر کەشتییە بارهەڵگر و نەوتهەڵگرەکان جێگیر نەکردبوو.

لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران، لە ساڵی ١٩٨٥-١٩٨٨ بە مەبەستی بەرگرتن بە بازرگانیکردن و فرۆشتنی نەوت، هەرکام لە وڵاتانی ئێران و عێراق هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی یەکتر و ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی بازرگانی لە کەنداو.

دوو پاپۆڕی گەورەی " یو.ئێس. ئێس . باتان" و " یو. ئێس. ئێس. کارتەرهاڵ" رۆژی ١٠ی تەمووز بە مەبەستی پاراستنی ئەمنیەتی بازرگانی ئازاد لە گەرووی هۆرمۆز لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران کە هەڕەشەی تێکدان و وەستاندنی بازرگانی ئازاد ئەکات لەم رێگا بازرگانییە نێردراونەتە ناوچەکە. "یو. ئێس. ئێس. باتان" هەفتەی رابردوو لە گەرووی گیبرالتار ( جبل الطارق)ەوە گوزەری کرد بەرەو کەنداو.

ئەمریکا لە مانگی رابردوودا بە مەبەستی وەستانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران، فڕۆکەی جەنگی (ئەی-١٠)، ( تاندرلێبت -٢)، ( ئێف-١٦) و ( ئێف- ٣٥) و هەروەها پاپۆڕشکێنی (یو.اس.اس. تۆماس هادنەر) ناردۆتە کەنداو.  

چەند رۆژ لەوە پێش و رۆژی چوارشەممە ٢ی ئاب، سوپای پاسداران نمایشێکی سەربازی لە کەنداوی فارس و لە سێ دوورگەی ( تونبی گەورە، تونبی بچووک، ئەبوومووسا) بەڕێوەبرد ناوی نابوو " نمایشی هێز و ئامادەیی بۆ بەرگری لە ئەمنیەتی کەنداو و سێ دوورگەکە" حسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسداران دەربارەی ئەم نمایشە سەربازییە وتی :" هیچ پێویستێکمان بە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەوان نییە لە ناوچەکە".

هەڵبژاردنی ئەو سێ دوورگەیە (ئەبوومووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک) بۆ نمایشی سەربازی لەگەڵ ئەوەی پەرچەکردارە بە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هاوکات وەڵامدانەوەیە بە دانیشتنی ٦ وڵاتی کەنداو و رووسیا  دەربارەی خاوەندارێتی ئەم سێ دوورگەیە کە رۆژی ١١ی تەمووز لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو و ناڕەزایەتی گەورەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە.

ئیمارات  خۆی بە خاوەنی ئەو ٣ دوورگەیە ئەزانێت و ئێران هەموو گفتگوگۆ دەربارەی خاوەندارێتی ئەو ٣ دوورگەیە رەت ئەکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار