بەریتانیا؛ تا ئێستا 15 پەنابەر لەناو کەشتی بیبی ستۆکهۆڵم نیشتەجێکراون
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە دەستی کرد بە گواستنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ کەشتییەکی گەورەی نیشتەجێبوون لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکە وەک بەشێک لە پلانەکانی بۆ پاشەکەوتکردنی پارە و لابردنی ئەو فشارەی لەسەر هۆتێلەکانە بە هۆی وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی بە قاچاخ دەچنە وڵاتەکەوە.
میدیاکانى بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ئێوارەى دوێنێ بەریتانیا بڕیارێکی دژی پەنابەران خستە بواری جێبەجێکردنەوە و یەکەم کاروانى پەنابەرانى گواستەوە بۆ ناو کەشتی بیبی ستۆکهۆڵم، کە لەناو دەریادا دەمێنێتەوە وا بڕیارە تا داواى مافی مانەوەیان لەو وڵاتە یەکلایی نەکرێتەوە ئەوا نەتوانن بگەڕێنەوە بەریتانیا.
لە ئێستادا 15 کۆچبەر نیشتەجێکراون لە بەلەمی بیبی ستۆکهۆڵمدا هاوکات شێرڵ ئاڤێری، بەڕێوەبەری شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند لە هەفتەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر پەنابەر نیشتەجێی بەلەمەکە دەکرێت.
هاوکات وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سارا داینس بە سکای نیوزی ڕاگەیاندوە کەشتییەکە پەیامێک دەنێرێت کە بەریتانیا " شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو پێشکەش دەکات بەڵام شاهانە نییە." وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت کۆچبەران بۆ ماوەی سێ بۆ نۆ مانگ لە بەلەمەکەدا نیشتەجێبن تا کاتی یەکلابونەوەی داوای پەنابەریتییان لەو وڵاتە.
یەکێکی تر لە ڕێوشوێنەکانی بەریتانیا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسای بۆ وڵاتەکەی ئەوەیە کۆچبەران دەگوازێتەوە بۆ شوێنە سەربازییە بەکارنەهێنراوەکان و بەلەمەکانی وەک بیبی ستۆکهۆڵمی سێ نهۆمی خۆڵەمێشی لە پۆرتلاند کە دەتوانێت نزیکەی 500 کەس بگرێت و زیاتر لە 200 ژووری نوستنی تێدایە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستاشدا بەریتانیا لەگەڵ پێنج وڵاتى ئەفریقا لە دانوستاندان بە مەبەستى دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانیان، کە ڕوویان لە بەریتانیا کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 50 هەزار پەنابەر لە هۆتێلەکاندا دەژین حکومەتی بەریتانیا دەڵێت دەڵێت خەرجی هۆتێلەکان ڕۆژانە زیاترە لە 6 ملیۆن پاوەند (7.6 ملیۆن دۆلار) .