هاوڵاتی کەشوهەوایەکی سارد رووی لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە؛ هاوکات کارەبای سەروو ملیۆن و نیوێک ماڵ بەهۆی بای بەهێزەوە بڕاوە و چەندین گەشتی تایبەت بە کریسمس هەڵوەشێندراونەتەوە. کەشوهەواکە کاریگەریی گەورەی هەبووە. بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی فلایتوێری فڕۆکەوانیی ئەمریکا، کەشوهەوا ساردەکە کە بایەکی بەهێز لەگەڵدایە، رۆژی شەممە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەروو سێ هەزار و 300 گەشتی ئاسمانی و دواخستنی حەوت هەزار و 500 گەشتی دیکە. رۆژی پێشتریش شەش هەزار گەشتی هاوشێوە هەڵوەشێندرابوونەوە. هەروەها هەزاران گەشتیاریش لە فڕۆکەخانەکان گیریانخواردووە و فڕۆکەخانەکانی کردووەتە شێڵتەری مرۆیی. خزمەتگوزاری کەشوهەوای نەتەوەیی لە سیۆکس فۆڵس (داکۆتای باشوور) دەڵێت پلەی گەرمی لەوێ (بە هۆی ساردبوونەوەی با) نزم بۆتەوە بۆ -53F (کە -47.2C). کاثی هۆچول پارێزگاری نیویۆرک گوتی ئەم گەردەلولی سەرمایە یەکێکە لە خراپترینەکانی مێژوو، ئەوەشی وت کە چەندین بارهەڵگری ئاگرکوژێنەوە و ئامبولانس لە بەفردا گیریان خواردووە. بەرپرسانی کەنەداش هۆشداری تووندی کەشوهەوایان داوە. سەدان هەزار کەس لە پارێزگاکانی ئۆنتاریۆ و کیوبیک بێ کارەبا ماونەتەوە؛ هاوکات "ژمارەیەکی زۆری" گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەکانی ڤانکۆڤەر، تۆرۆنتۆ و مۆنتریال هەڵوەشێنراونەتەوە. بەرپرسانی کەشناسی پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی هەفتە، دۆخی ساردی مەترسیدار لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت پێش ئەوەی پلەی گەرما بگەڕێتەوە بۆ کەشی ئاسایی لە هەفتەی داهاتوودا.
ئێران ئیدانەی تیرۆکردنی چالاکوانانی کورد لە پاریس دەکات و داوای دانبەخۆداگرتنی پۆلیسی فەڕەنسا بەرامبەر خۆپیشاندەران دەکات. لە 100 رۆژ ناڕەزایەتیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستداوە و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش داوا لە فەڕەنسا دەکات توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیدانەکردنی تیرۆری ژمارەیەک چاڵاکوانی کورد لە پاریس، رایگەیاند؛ تاران نیگەرانە لە کوشتنی موسوڵمانان و کۆچبەران لە فەڕەنسا. کەنعانی داوای لە پۆلیسی فەڕەنسا کردوە توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت و رێگەی بە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازنە لەو وڵاتە بدرێت. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 506 کەس کوژراون و دو کەس لەسێدراەدراون و 60 کەسیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.
100رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و 99 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ئەو بەردەوامە ئەمڕۆش لە زانکۆکانی تاران تا شەقامەکانی سنە بە شێوازی جیاواز یادی ژینا و کوژراوانی خۆپیشاندانەکان کرایە و رێکخراوێکیش هۆشداریی دەدات کە 60 دەستگیرکراو مەترسیی لەسێدارەیان لەسەرە. ئەمشەو لە چەند شوێنێکی شاری سنە گەنجان بە کردنەوەی ئاگر وەک شەوانی دیکەی دروشمیان دژی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە وتەوە شاری سنە مێژوی 100 رۆژ بەردەوامبون لە ناڕەزایەتیی دوای مەرگی ژینا ئەمینیی تۆمار کردوە و بە ناوەندێکی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دەدرێت و تەنها لەو شارە 18 کەس تا ئێستا کوژراون. هاوکات لەگەڵ سنە خۆپیشاندان لە شاری مەشهەد لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران دەستی پێکردەوە و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەشی گرتەوە. شەوی شەممە لە چەند شەقامێکی تارانی پایتەخت و لە شارە گەورەکانی وەک ئەسفان و کەرەج و قەزوێن دەستی پێکردەوە و گردبونەوەی ناڕەزایەتی و رێپێوانی جەماوەریی لەو شارانە بەڕێوەچو. لە شاری کەرەج سەرەڕای بەفربارین و کەشی سارد رێپێوانی بەرفراوان بەڕێوچو کە بە رێپێوانی بێدەنگی ناودەهێنرێت و سەدان کەس پێکەوە رێپێوان دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی. رۆژی شەممە لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، دانیمارک و تورکیا خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو. یەکێتی خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران رۆژی شەممە ئاشکرای کرد لانیکەم 300 خوێندکاری زانکۆ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە بەڵام دادگاکانی وڵاتەکە ئەو سزایانە ئاشکرا ناکات بە پێی ئامارەکان زیاتر لە دو هەزار خوێندکاری زانکۆ لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون. دادگای باڵای ئێران رایگەیاند پێداچونەوە بۆ سزای سێدارەی سامان سەیدی (یاسین) دەکات و هاوکات پێداچونەوە بۆ سزای سێدارەی محەمەد قوبادلو دەکات. یاسین کە هونەرمەندێکی شاری کرماشانە پێشتر وەک ناڕەزایەتییەک بە ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی لە زیندان بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی لە زیندان دا و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەکرا. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە تا ئێستا 60 کەس مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و جێبەجێکردنی سزای 11 کەسیشیان لە ئان و ساتدایە. لە لایەکی دیکەوە سزای چوار سال زیندانیی بەسەر پارێزەرێکی دۆسیەی هەینی خوێناوی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان سەپێنرا. مستەفا نیلی، پارێزەری دۆسیەی کوژراوانی زاهیدان لە پارێزگای سیستان پێش گەیشتنی بەو پارێزگایە لە فڕۆکەخانەیەکی شاری تاران دەستگیر دەکرێت و دوای ماوەی زیاتر لە سێ هەفتە دەستبەسەربون لە لایەن دادگایەکی ئێران چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش لە کاتێکدایە دادگاکانی ئێران خۆیان دەستنیشانی دەکەن چ کەسێک پارێزەری دۆسیە یان دەستگیراوانی ئەم دواییانە بێت و رێگریی لە پارێزەرانی تایبەت دەکرێت کە ئامادەیی خۆیان بۆ پارێزگاری لە دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان دەربڕیوە. لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان تا ئێستا 44 پارێزەر لە ئێران بە تۆمەتی پشتیوانیی نایاسایی لە ناڕەزایەتییەکان و دەستگیرکراوان ، دەستبەسەر کراون. تۆمارێکی ڤیدیۆیی نوێی موژگان کاوسی، خانمە نوسەر و تێکۆشەری کورد بڵاو دەکرێتەوە کە بەشێوازێکی پڕ لە هەست تەنبور دەژەنێت. ئەو خانمە کوردە کە هاوکات یەکێک لە تێکۆشەرانی خوێندن بە زمانی دایک، تا ئێستا چەند جارێک بۆ نزیکەی سێ ساڵ زیندانیی کراوە و دوای ئازادکردنیشی لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا دەستگیرکرا و بە پێی ئەو تۆمەتەی لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە دراوەتە پاڵی، سزای سێدارە دەیگرێتەوە. ڤیدیۆیەکی نوێی چۆپیشکێشان و هەڵپەرکێی داریوش عەلیزادە کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە کوژرا و ئاریان موریدی کە سەلاسی باوجانی کوژرا، جارێکی دیکە ئازاری مەرگی ژینا و ئازایەتیی ئەو گەنجانە دەردەخات کە بە هیواوە لە پێناو مافەکانیان تێکۆشاون و گیانیان بەخت کردوە ئەوان بەرەوپیری ئازادی چون و تارای سوری شۆڕش بو بە ئاڵا و رەمزیان.
هاوڵاتی لە نامەیەکدا حوکمەتی تاڵیبان داوا لە ڕێکخراوە ناحوکمیە ناوخۆیی و بیانیەکان دەکات کارکردنی ژنان ڕابگرن و ڕێگەنەدەن لەکارەکانیان بەردەوام بن. لەو نامەیەدا کە ڕۆژی شەممە لە لایەن عەبودلڕەحمان حەبیب، وتەبێژی ئابوری تاڵیبانەوە پشتڕاستکرایەوە باس لەوە کراوە کە داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکان کراوە کە ڕێگەنەدەن ژنان بچنەوە سەر کارەکانیان تاوەکوو ڕێنمایی نوێ دەردەچێت. هاوکات حوکمەتی تاڵیبان ڕێکخراوەکانیشی ئاگادارکردۆتەوە، هەر ڕێکخراوێک پابەند نەبێت بە بڕیارەکەوە مۆڵەتی کارکردنی لە ئەفغانستان لێدەسەنرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی ئابوری تاڵیبان ئەم بڕیارەی بۆ پابەندنەبوونی ژنان بە شێوازی جل و بەرگی ئیسلامیەوە گەڕاندۆتەوە. ئەم بڕیارەی تاڵیبان، تەنها دوای چەند ڕۆژێک لە بڕیاری قەدەغەکردنی چوونی ژنانی ئەفغانستان بۆ زانکۆکان دێت، کە بەهۆیەوە چەندین کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و بڕیارەکەیان سەرکۆنە کرد.
بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داهاتی کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە ئێران بۆ نیوە دادەبەزێت و بازاڕی VPN گەرم دەبێت. پێگەی (لایف وێب) ئاشکرای کردوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دەسەڵاتی ئێران بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوەی ڤیدیۆ و هەواڵی خۆپیشاندانەکان، خێرایی ئینتەرنێتی خاو کردوەتەوە و هاوکات فیلتەر و چاودێریی لەسەر هێڵەکانی پەیوەندیی و بە تایبەت ئینتەرنێتی مۆبایل زیاد کردوە. پێگەکە ئاشکرای کردوە؛ کۆمپانیای (هەمرای ئەوەل ) و (ئیرانسێل) کە خاوەنی زۆربەی هێڵەکانی مۆبایلن، لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی دەسەڵاتی ئێران گرتوەیەتیەبەر داهاتایان بە رێژەی 40% کەمی کردوە. کۆمپانیای ئیرانسێل دانی بەوەدا ناوە؛ تەنها لە ماوەی 40 رۆژی خۆپیشاندانەکاندا 800 ملیارد تمەن کە دەکاتە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتوە. هاوکات (هەمرای ئەوەل )کە کۆنترین کۆمپانیای بواری گواستنەوە و هێڵی مۆبایلە رایگەیاندوە؛ بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت 936 ملیارد تمەن کە دەکاتە زیاتر لە 23 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتوە. بە گشتی زیانەکانی سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل بە 70 تریلیۆن تمەن خەمڵێنراوە کە دەکاتە زیاتر لە یەک ملیارد و 728 ملیۆن دۆلار. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای رایتێل تایبەت بە هێڵەکانی ئینتەرنێتی مای فای و LTE لە ئێران ئاشکرای کردوە؛ ترافیکی رۆژانەی لە هەزار و 500 تێرابایت بۆ 700 تێرابایت کەمی کردوە و رۆژانە زیانی 14 ملیارد تمەن کە دەکاتە نزیکەی 35 هەزار دۆلاری بەردەکەوێت و 86%ی داهاتەکەی لەدەستداوە. ئاماژە بەوە کراوە دۆخی ئینتەرنێت بەهۆی رێوشوێنەکانی دەسەڵاتەوە تا ئێستا زیان بە 415 هەزار کاری ئینتەرنێتی و فرۆشگای ئۆنلاین گەیەشتوە . دانیشتوان و گەنجانی ئێران ناچارن بۆ ئەوەی سود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئەلیکترۆنییەکان و تەنانەت یارییە ئۆنلاینەکان ببین، VPN بەکار بهێنن و ئەوەش وای کردوە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی VPN لەو وڵاتە لە دو ملیۆنەوە بۆ زیاتر لە هەشت ملیۆن زیاد بکات و هەندێکیش ئەو ئەپلیکەیشنە دەکڕن کە لە ئێستادا خواستی زۆر لەسەرە. دەسەڵاتی ئێران رایگەیاندوە؛ هەوڵی دروستکردنی ئینتەرنێتی ناوخۆیی دەدەن بۆ ئەوەی ناچارنەبن چاودێریی هێڵەکانی ئینتەرنێت بکەن و داهاتی وڵاتەکەش بڕواتە دەرەوە ، ئەوەش بوەتە مایەی سەرسوڕمانی وڵاتانی جیهان کە چون دەبێت لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی وڵاتێک بیر لە نەهێشتنی ئینتەرنێت بکاتەوە.
هاوڵاتی لە هەرێمی سیبریای رووسیا ئاگر لە خانەیەکی بەساڵاچوواندا کەوتەووە و لە ئاکامدا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا. ئاژانسی هەواڵی TASSی رووسی لە هەواڵێکدا بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری لەناکاو، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە بەهۆکارێکی نەزاندراو ئاگر لە خانەیەکی بەساڵاچووانی دوو نهۆمی لە شاری کەمەرۆڤ کەوتووەتەوە. ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان لە رووداوەکەدا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداووە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان بەتەواوەتی ئاگرەکە بکوژێننەوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن. ئەوەش زانراوە کە نهۆمی دووەمی خانەکە کە بەهۆی ئاگرەکەوە بەتەواوی داڕووخاوە، بەشێوەیەکی نایاسایی دروست کراوە.
هاوڵاتی رۆژنامهی واشنتن پۆست بڵاویكردهوه، له لێكۆڵینهوهیهكدا كه 9 مانگی خایاندووه، ئاشكرایان كردووه، ئهو لیژنهیهی مستهفا كازمی، سهرۆك وهزیرانی پێشووی عێراق درووستیكردبوو بۆ بهرهنگاربوونهوهی گهندهڵی، دهستدرێژی سێكسی و كارهبا لێدان و ئهشكهنجهی بهكارهێناوه بۆ ئهوهی دانپێدانانی بهرپرسان و بازرگانان وهربگرێن. كازمی له مانگی ئابی 2020 لیژنهیهكی باڵای بۆ بهدواداچوونی دۆسییهكانی گهندهڵی پێكهێنا. بریكاری وهزارهتی ناوخۆ بۆ كاروباری ههواڵگری، فهریقی یهكهم، ئهحمهد ئهبو رهغیف سهرۆكی لیژنهكه بوو، دهسهڵاتێكی فراوانی پێدرابوو. ئهو لیژنهیه دهستیكرد به دهستگیركردنی كهسایهتییه سیاسییه باڵا و ناسراوهكان، كه تێوهگلابوون له گهندهڵی. لێكۆڵینهوهی رۆژنامهكه چاوپێكهوتنی لهگهڵ 20 كهسدا كردووه، 5یان لهوانه بوونه كه خۆیان دهستگیركراون، 9یان ئهوانه بوون كه كهسوكاریان دهستگیركراوه، 11شیان بهرپرسی عێراق و خۆرئاوایی بوون و چاودێری كاری لیژنهكهیان كردووه. له لێكۆڵینهوهكهدا دهركهوتووه، ئهو لیژنهیه ههموو رێگهیهكی نامرۆڤانهی بۆ ئازار و ئهشكهنجهدانی دهستگیركراوهكان بهكارهێناوه. یهكێك له دهستگیركراوهكان وتویهتی: كارهبایان لێداوم، كیسی پلاستیكیان كردووهته سهرم، به بنمیچهوه ههڵیانواسیوم، دهستیان له پشتهوه به توندی بهستووم و رووتیان كردوومهتهوه. یهكێك لهو كهسانهی كه دهستگیركرابوو له ژێر ئهشكهنجهدا مردووه، كه قاسم حموود مهنسوور، بهڕێوبهری گشتیی كۆمپانیای خۆراك بووه له وهزارهتی بازرگانی. كهسوكاری مهنسوور، وێنهیان ههیه، كه به هۆی زهبری لێدانهوه زۆربهی ددانهكانی كهوتوون. رۆژنامهكه ئاشكرایكردووه، بهرپرسانی ئهمهریكا له فڕۆكهخانهی بهغدا بوون و ئاگاداری ئهو بابهته بوون، بهڵام گوێیان پێ نهداوه. دهستگیركراوهكان باسیان لهوه كردووه، له ناوچهی سهوز له ژێر زهمینێكدا زیندانی كراون. بازرگانێك باسی لهوه كردووه، بۆ ماوهی 13 رۆژ ئهشكهنجهیان داوه و ئینجا دواتر پرسیویانه بهرتیلت به كێ داوه و چهندت پێداوه. لیژنهكهی ئهبو رهغیف، 156 دۆسیهی كردبوویهوه، بهڵام دواتر دادگای باڵای ئیتیحادی ههڵیوهشاندهوه و رایگهیاند، ئهو لیژنهیه نادهستوورییه.
هاوڵاتی کۆلێژی پزیشكیی زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو رێنوێنییە پزیشکییانەی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە پیاوان دەدرێن، جیاوازە لەوەی بە خانمان دەدرێن. توێژینەوەکە لەلایەن دامەزراوەی پێشکەوتنی زانستی ئەمریکی لە کۆنفڕانسی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ پێشکێشکرا و توێژەران رێنوێنی خانمان دەکەن کە شێوازی ژیانیان باشتر بکەن، لەکاتێکدا بۆ پیاوان واباشترە دەرمانی دابەزاندنی چەوریی ستاتینەکان بخۆن. لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020ـی نەخۆشانی راپرسیی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ پشکنینی تەندروستی و خۆراک NHANES بەکارهات بە بەشداری زیاتر لە هەشت هەزار خانم و پیاو، دەرکەوت 80%ـی خانمان کاریگەرییەکانی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیان بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست کەمتر دەبووەوە، بەڵام 60%ـی پیاوان بۆ ئەم مەبەستە زیاتر سوودیان لە دەرمانی ستاتینەکان وەردەگرت. دکتۆر پرێما وۆلانداری، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی پزیشکیی هارڤارد دەڵێت: ''کێشڕێکی، وەرزش و خۆراکی تەندروست مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە خانماندا کەمدەکەنەوە، بەڵام پێشنیازدەکرێت پیاوان پەنا ببەنە بەر دەرمانەکانی دابەزاندنی چەوری، لەکاتێکدا ئەو دەرمانانە بۆ خانمانیش کاریگەرییان هەیە''. سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان لە هەردوو رەگەزدا وەکویەکە و سەرەکیترین رێگەی پێشگیریکردن رێکخستنی شێوازی ژیان و وەرزشکردنە. کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا چەند ئامۆژگارییەکی گشتی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: 1- کەسانی پێگەیشتوو هەفاتانە 150 بۆ 300 خولەک وەرزشی مامناوەند و 75 بۆ 150 خولەک وەرزشی تووند بکەن. 2- وازهێنان لە جگەرەکێشان 3- رێژیمی خۆراکیی تەندروست و دەوڵەمەند بە 'دانەوێڵەی تەواو، سەوزە، میوە، گوێز و ماسی' پەیڕەوبکرێت و رێژەی خواردنی خوێ بۆ پێنج مللیگرام لە رۆژێکدا کەمبکرێتەوە. 4- ئەوانەی کێشیان زیادە و قەڵەون پێویستە کێشیان داببەزێنن، یاخود لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی ستاتینیان بۆ بنوسرێت.
هاوڵاتی تۆماس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆژی پێنج شەممە لەدوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، لە لێدوانیکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆکانیان بەرەوپێش چووە وکۆوبونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامداوە. لەبارەی کۆبونەوەکەیانەوە، مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی سوید هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ جێبەجێ کردنی مەرجەکانمان، بەڵام پێویستی بە کاری زیاترە، هاوکات هەر لەوبارەیەوە تۆماس بیلسترۆم ئاماژەی بەوەدا کە هاوڕایە لەگەڵ داواکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا وهێشتا کاری زۆرتریان لەپێشە کە سوید ئەنجامی بدات بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ. تۆماس بیلسترۆم لە ئەنجامی کۆوبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی لەوەکرد کە سوید گەمارۆی چەکی لەسەر تورکیا هەڵگرتووە، هەروەها وتیشی هیوادارە بەر لە مانگی حەوت کە تێیدا کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەدەچێت، تورکیا داواکەی سوید پەسەند بکات بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ. ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی هەریەک لە سوید وفینلاند دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داوای بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ کرد، تورکیا لەکۆی ٣٠ وڵاتی ئەندام دژی داواکەی ئەو دوو وڵاتە وەستایەوە و تۆمەتباری کردن بە لەخۆگرتن وداڵدەدانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی پەکەکە وئەندامەکانیان و کۆمەڵێک مەرجی بۆ هەریەک لە سوید وفینلاند دانا لە بەرامبەر پەسەندکردنی داواکەیان لەبارەی بوون بە ئەندامی ناتۆ. جگە لە وڵاتی تورکیا، هاوکات هەنگاریاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تاوەکوو ئێستاش داواکەی سوید وفینلاندی پەسەند نەکردبوو بەڵام پەرلەمانی هەنگاریا ڕایگەیاند کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ داواکەیان بۆ بونە ئەندامی ناتۆ پەسەند دەکات. هاوکات، سەرەتای مانگی کانوونی دووەم سوید پەیوەست بە جێبەجێکردنی داواکانی تورکیا ( مەحمود تات) ئەندامێکی پەکەکەی ڕادەستی تورکیا کردەوە، مەحمود تات سزای ٦ ساڵ وسێ مانگ زیدانی هەبوو لە تورکیا بە تۆمەتی بوون بە ئەندام لە پارتی کرێکارانی کوردستان وساڵی ٢٠١٥ داوای مافی پەنابەری کردبوو لە وڵاتی سوید.
هاوڵاتی لە هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیادا بۆ سەر شاری خێرسۆن بە لایەنی کەمەوە ٧ کەس کوژران ودەیانی دیکەش برینداربوون. ڤلادیمێر زێلینسکی لەبارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، هیچ یەکەیەکی سەربازی لە ناوچەکە نیە، هاوکات بەهۆی هێرشەکانەوە بیناکانی نێستەجێ بوون و کارگێڕی لەناوەراستی شارەکە زیانیان بەرکەتووە. لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بلاوبونەتەوە دیمەنی بریندارەکان وکوژراوەکان دەردەکەون و ئۆتۆمبێلەکان گڕیان گرتووە، هاوکات بیناکانیش زیانیان بەرکەوتووە، ڤلادیمێر زێلینسکی لەبارەی ئەم دیمەنانەوە وتی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەم دیمەنانە بە هەستیار دادەنێین بۆ رێگری لە بڵاوبونەوەیان، بەڵام ئەمانە دیمەنی ڕاستەقینەی ژیانی ئۆکرانیا وئۆکرانیەکانە. خێرسۆن دەکەوێتە باشوری ئۆکرانیا، دوای داگیرکردنی لەلایەن ڕووسیاوە، مانگی ڕابردوو لەلایەن ئۆکرانیاوە دووبارە ئازادکرایەوە، لەوکاتەوە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لەو دیو ڕووباری دنیپرۆ شارەکە کراوەتە ئامانج ، سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا بەردەوام ڕەتی کردۆتەوە کە خەڵکی مەدەنی بە ئامانج گرتبێت. سەرۆکی ئۆکرانیا هێرشەکانی بە هەوڵدان بۆ ترساندن و چێژوەرگرتن لە کوشتنی ئۆکرانیەکان وەسفکردووە.
بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران بۆ زیاتر لە 40 هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێک بگاتە 50 هەزار تەمەن. نرخی هەر دۆلارێک رۆژی شەممە لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 40 هەزار و 300 تمەن و پێشبینی دەکرێت دابەزینی تمەن لەبەرامبەر دۆلاردا بەردەوام بێتو هاوکات لەگەڵ دۆلار نرخی یەک یۆرۆ گەیشتە 42 هەزار و935 تمەن. پێگەی (ئێقتیساد 24) لە ئێران کە تایبەتە بە شیکردنەوەی ئابوری لە زاری شارەزایانی ئابوریی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ نرخی هەر دۆلارێک لە کۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە 50 هەزار تمەن. دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رۆژانە بەهای تمەن لە بەرامبەر زۆربەی دراوەکانی جیهاندا بەردەوام بوە لە دابەزین و بە پێی نوێترین راپۆرتی ئابوریش دراوی تمەن تا ئێستا زیاتر لە 95٪ی بەهاکەی لە بەرامبەر دراوی دۆلاردا لەدەستداوە. لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی هاوبەشی بازرگانیی ئێران و کەنەدا ئاشکرای دەکات لە ساڵێکدا 70 ملیار دۆلار سەرمایەی وڵاتەکە رەوانەی وڵاتانی جیهان کراوە و بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار جارێکی دیکە سودی بانکیی بەرز بوەتەوە. ئەنجومەنەکە ئاشکرای کردوە کە لە ماوەی ساڵێکدا سەرمایەدارانی ئێران لانیکمە 70 ملیار دۆلار لە سەرمایەکانیان بۆ وڵاتانی دیکە گواستوەتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتەوە سودی بانکیی وڵاتەکە بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن لە 20٪ بۆ 21٪ بەرز بوەتەوە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و سزا نێودەوڵەتییەکانەوە ئابوریی ئێران روبەڕوی قەیرانی زۆر ببێتەوە.
هاوڵاتی لە ئیسلام ئابادی پاکستان، لە ئەنجامی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکەوە بەرپرسێکی پۆلیس کوژرا وچەندین بریناری لێکەوتەوە کە لەنێویاندا ٤ پۆلیس هەیە. دوای تەقینەوەکە، تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و وتی " ئێمە بەرپرسیارێتی خۆمان لە هێرشە خۆکوژیەکەی دژی دوژمنانی ئیسلام ڕادەگەێنین" بەپێی وتەکانی سوهەیل زەفار، سەرۆکی هێزەکانی پۆلیسی ئیسلام ئاباد، باسی لەوەکرد کە تەقینەوەکە خۆکوژی بووە وژن وپیاوێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، تەقینەوەکە لە نزیک بارەگایەکی پۆلیس ڕوویداوە دوای ئەوەی خاڵی پشکنینیان تێپەڕاندووە، بەهۆی ئەوەی پۆلیس شوێنیان کەوتووە خۆیان تەقاندتۆتەوە. وەزیری ناوخۆی پاکستان لەبارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە پڕبووە لە تەقەمەنی وئامانجێکی تری هەبووە بۆ کردە تیرۆریستیەکە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکە تەقیەوە، وتیشی ئەگەر بگەشتایەتە ئەو شوێنەی کە پلانیان بۆ دانابوو، ئەوا زیانەکانی زۆرتر دەبوو. لەبارەی هێرشەکەوە، سەرۆک وەیزرانی پاکستان، شەهباز شەریف وتی، بەهۆی ئەوەی لە کە پۆلیس لەکاتی خۆیدا توانی کردەکە ئاشکرا بکات، توانیان ڕێگری بکەن لە زیانێکی زۆر وخوێنڕێژیەکی گەورە. ئەم هێرشەی تاڵیبان لە پاکستان لەکاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو، ئاگربەستی نێوان تاڵیبانی پاکستان وحوکمەتی پاکستان کۆتای پێهات، هەروەها هێرشەکە تەنها دوای دوو ڕۆژ لە ڕووبەڕووونەوەی هێزە ئەمنیەکانی پاکستان وتاڵیبان لە بنکەیەکی پۆلیسدا روویدا، کە تێیدا ٣٥ چەکداری تاڵیبان کوژران.
هاوڵاتی لە سەروبەندی دواین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢ دا، شەپۆلێکی سەما و زریانی بەهێز ئەمریکای گرتۆتەوە، کە کاریگەری لەسەر ٢٠٠ ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی هەبووە، بەجۆرێک هۆزەکانی ویلایەتی داکۆتای باشور لە ئەمریکا جلوبەرگ دەسوتێنن بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەهۆی کەمی سوتەمەنی. بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و زریانی بەهێزەوە کە لە باکور و باشوری ئەمریکا بۆ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی گرتۆتەوە، تا ئێستا لانی کەم ١٢ کەس گیانی لەدەست داوە. هاوکات هەزاران گەشتی فڕۆکەوانی هەڵوەشاونەتەوە و سەدان هەزا سەرنشین لە فڕۆکەخانەکان ماونەتەوە. لە کەنەدا و لە پارێزگاکانی ئۆنتاریۆ و کیوبیک لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، زریان و پەستانی سەرما بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای سەدان هەزار کەس
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە تویتێکدا هاوخەمی خۆی بۆ رووداوەکەی دوێنێی فەرەنسا دەربڕی، ئەوەش دوای هێرشکردنە سەر ناوەندێکی رۆشنبیری کوردی لە فەڕەنسا کە تیایدا سێ کورد کوژران. ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی تویتهر بڵاویكردهوه، "هاوخەمی خێزانی قوربانیانی هێرشەکەی دوێنێم کە کرایە سەر سەنتەرێکی کوردی لە پاریس" وتیشی ، "لەم ڕۆژە ناخۆشەدا بیرم لە لای کۆمەڵگەی کوردی و خەڵکی فەڕەنسایە " ئەم تویتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە رۆژی هەینی، 23-12-2022، پیاوێکی تەمەن ٦٩ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ هاونیشتمانی کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون. هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکەی پاریس و کوژرانی سێ کورد، سەرەخۆشی لە کوردانی فەرەنسا کرد و رایگەیاند، "کوردەکانی فەرەنسا لە نێوەندی شاری پاریس بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە و دڵمان لای قوربانییان، برینداران و خێزان و کەسوکارەکانیانە."
ئەڵمانیا رایگەیاند بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران ئاسانکاریی بۆ هەناردەکردن و سەرمایەی نێودەوڵەتی لە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە راگرەتوە. وەزارەتی ئابوریی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئەو ئاسانکاریی و دڵنیاییانەی کە دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی بۆ هەناردە و وەگەڕخستنی سەرمایەی نێودەوڵەتیی لە ئێران ئێران کراو،ە سەرجەمیان رادەگیرێن ئەوەش وەک سزایەک دژی سێدارە و سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە. بە پێی بەیاننامەکە، ئەڵمانیا چیتر ئاسانکاریی ناکات بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی و سەرمایەدارانی جیهان هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەشی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن. وەزارەتی ئابوریی رونی کردوەتەوە لە ساڵی 2016 و دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 وڵاتی، ئەڵمانیا لە روی ئابورییەوە ئاسانکاریی کردوە بۆ هەناردە و وەگەڕخستنی سەرمایەیەی بیانی لە وڵاتە بەڵام بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و سەپاندنی سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سەرجەم ئەو ئاسانکارییانە جارێکی دیکە هەڵدەپەسێردرێن. ئەڵمانیا جەختی کردوەتەوە ئەو سزایانە کەرتی تەندروستی و ئەو بوارانە ناگرێتەوە کە پەیوەندیی بە مافەکانی مرۆڤەوە هەیە. بڕیارەکەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە 43 پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە داوایان کردوە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.