گروپی ڤاگنەر خۆی رێکدەخاتەوە؛ پوتنیش ئامادەسازی دەکات
یەک ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
لەکاتێکدا کەئێستا مەترسی گروپی ڤاگنەر لەسەر روسیا نەماوە، بەڵام ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکە، هێشتا ترسی دانەمرکاوەتەوەو دەستیکردووە بە بەهێزکردنی پاسەوانی نیشتمانی وڵاتەکەی، ئەو هێزە سەربازیەی بەرپرسە لەپاراستنی دەسەڵاتی وڵات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو راپۆرتە جیهانیانەی باس لەوە دەکەن گروپی ڤاگنەر هەزار خێمەی وەک ئامادەکاری لەنزیک سنوری ئۆکرانیا هەڵداوە.
کاتێك یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کردەیەکی «یاخیبوونی» دژی روسیا ئەنجامدا، رەوانەی بیلاڕوسیا کراو لەگەڵ خۆی شەڕکەرەکانی ڤاگنەری برد، بەڵام وادیارە گروپەکە دەستیانکردووەتەوە بە خۆئامادەکردنەوە و لەنزیک سنوری ئۆکرانیا بەشێکیان جێگیربوون.
بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان، گروپەکە شارێکی خێمەیی دروستکردووە بۆ نزیکەی هەزار شەڕکەر لەفرۆکەخانەی سەربازی زیابرۆڤکا لە بیلاڕوسیا کە تەنها ٢٠ کیلۆمەتر لە سنوری ئۆکرانیاوە دوورە.
ئەم هەواڵە سەرەتا لەناوەندی بەرەنگاری نیشتمانی ئۆکرانیاوە بڵاوکرایەوە کە بەپێی ناوەندەکە ئەو کەمپە بۆ «کاروچالاکی تێکدەرانە» بەکاردەهێنرێت لەهەرێمی چێرنهیڤ، کە ناوچەیەکە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئۆکرانیادایە.
پەیمانگەی لێكۆلێنەوەی جەنگ، کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە، دەڵێت گروپی ڤاگنەر چەندین راهێنانی سەربازی لەنزیک شاری برێست لە بیلاڕوسیا ئەنجامداوە.
لەسەروبەندی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، بەنیازە هێزی پاسەوانی نیشتمانی روسیا بەچەکی قورس پڕچەک بکات بەمەبەستی «پتەوکردنی ئاسایشی رژێمەکەی.»
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، لەهەفتەی رابردوودا سەرۆکی روسیا پرۆژەیاسایەکی واژۆکردووە بۆ زیاتر پڕچەکردنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاشکرایکردووە کە پڕچەککردنەکە خۆی دەبینێتەوە لەپێدانی چەکی قورسی وەک تۆپهاوێژو هەلیکۆپتەری هێرشکەر. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لەوبارەیەوە دەڵێت، «ئەم هەنگاوەی [پوتن] بەهێزکردنی سەرچاوەکانی پاسەوانی نیشتمانی روسیایە تا زامنی ئاسایشی رژێمەکەی بکات.»
هێزی پاسەوانی نیشتمانی روسیا لە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز پێکهاتووەو بڕیاری بەهێزکردن و پڕچەککردنیان دوای ئەو هەوڵەی ڤاگنەر دەگەڕێتەوە لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کەهەوڵیاندا سەرکردایەتی پوتن لاواز بکەن و بوونە هەڕەشەیەکی مەترسیدارو جددی بۆ سەر دەسەڵاتی سەرۆکی وڵات.
هەزارەها چەکدار بەسەرکردایەتی یەڤگینی پریگۆژین لە سنوری ئۆکرانیاوە گەیشتنە سنوری روسیا و بەرەو مۆسکۆی پایتەخت رۆشتن و داوای ئەوەیان دەکرد بەرپرسە سەربازییە باڵاکانی وڵات لاببرێن بەهۆی شکستیان لە جەنگی ئۆکرانیادا.
چەندین چاودێرو ناوەندی لێکۆڵینەوەی جیهانی باس لەوە دەکەن کە هەرچەندە هەوڵی «کودەتاکە» زۆری نەخایاندو لەسەرەتای ساتەکانی ئەنجامدانیدا شکستیهێنا، بەڵام بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی پوتن بە لاواز ببینرێت و گومان دروستبکات لە سەرکردایەتی سەرۆکی وڵاتەکە.
لەکاتی پشێویەکەدا، ڤیکتۆر زۆڵۆتۆڤ، سەرکردەی پاسەوانی نیشتمانی روسیاو پاسەوانی پێشووی تایبەتی پوتن رایگەیاند، هێزەکەی بەشێوەیەکی «نایاب» لەبەرامبەر «یاخیبوانی» ڤاگنەردا وەستاوەتەوە بەڵام وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لەمدواییانەدا ئاشکرایکرد کە «هیچ بەڵگەیەک نییە» هێزەکەی زۆڵۆتۆڤ کردەی سەربازیی کاریگەری ئەنجامدابێت.
بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان، لەئێستادا وادەردەکەوێت کە شەڕکەرانی ڤاگنەر بۆ کارو چالاکی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی روسیاو بیلاڕوسیا بەکاربهێنرێن بۆ فشار خستنەسەر وڵاتانی ئەوروپا. باسیش لەوە دەکرێت ئەم هەڵمەتە بۆ ئەوەیە کە فشار دروستبکرێت لەسەر وڵاتانی ئەوروپا تا هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان بۆ ئۆکرانیا بوەستێنن.
لەلایەکی ترەوە، جگە لە ئامادەکاری و پتەوکردنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی لەلایەن ڤلادمیر پوتنەوە، چەند مانگێکە زۆرێک راپۆرتی جیهانی باس لەوە دەکەن سەرۆکی روسیا لەوە دەترسێت بکوژرێت.
ئالان میندۆزا، دامەزرێنەری رێکخراوی هێنری جاکسن لەبارەی ترسی پوتنەوە دەڵێت، «پێموایە ئەگەر وەک پوتن بۆ ئەو هەموو ساڵە لەدەسەڵاتدا بمێنیتەوە، دۆخی ئاساییت لەژیاندا بێمتمانەیی و گومانی زۆر دەبێت.»
«زۆربەی کاتەکان هیچ کەس نازانێت پوتن لەکوێیەو لەکاتی کۆبوونەوەکانیشدا لەگەڵ راوێژکار و سەرکردە باڵاکانی سەربازی لە دوورەوە دادەنیشێت، ئەمەش هەستێک دەردەخات کە کەسانێک هەبن بیانەوێت بیکوژن، ئەمەش هەمیشە لەمێشکی پوتندایە،» میندۆزا وا دەڵێت.
هاوکات دەیڤد لویز، شارەزا لەسیاسەتی جیهانی لەزانکۆی ئێکستەری بەریتانیا بە سکای نیوزی بەریتانی راگەیاندووە، کە «رەنگە هەندێک کەس هەبن بیانەوێت بیکوژن، دوای 25 ساڵ لەدەسەڵات، دوژمنێکی زۆرت بۆ دروستدەبێت، بەڵام بەشێکیشی تەنها خەیاڵە.»
«پوتن هەمیشە هەسێکی بەهێزی نائارامی هەبووە کە رەنگە لەباکگراوندی خۆیەوە سەریهەڵدابێت کاتێک لەدەزگای سیخوری کەی جی بی سۆڤیەتی جاران بووە یان لە داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە سەریهەڵدابێت،» لویز وا دەڵێت.
پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی ئێکستەر دەشڵێت، سەرۆکی روسیا بڕوایوایە کە ئەوە ئەرکی خۆیەتی «هەژمونی رۆژئاوا لەسیاسەتی نێودەوڵەتی تێکبشکینێت و روسیا گەورە بکاتەوە»، بۆیە سەرسوڕهێنەر نییە کە باوەڕی وابێت دەزگا ئاسایشییەکانی رۆژئاوا، دەزگای هەوڵگری ئۆکرانیاو تەنانەت رکابەرەکانی لە روسیاش پیلانی ئەوەیان هەبێت کە دژی ئەو کاربکەن و بیانەوێت بیکوژن.
هاوکات مارک گالیۆتی، بەڕێوەبەری رێکخراوی مایاک ئینتێلەجنس، دەڵێت کە رەنگە ئەو ترسەی پوتن لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە رووخانی یان کوژرانی پوتن «ئەنجامی حەتمی هەموو دەسەڵاتێکی رەها و سیستەمێکی خۆخۆرییە.»