تورکیا پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی-کورد لەسەر پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی بە رەگەز کورد رایگەیاند، لەسەر چەند پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە تورکیا دەستگیرکراوە و دەشڵێت، دووبارە سەردانی تورکیا دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە قسەکانی دژی حکومەتی تورکیا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، گۆکەی ئاکبوڵوت، پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکە، لەسەر دەستگیرکردنەی رایگەیاندووە، لە رۆژی 3ی ئابی 2023 لە فرۆکەخانەی ئەنتاڵیا لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بە تۆمەتی دروستکردنی "پروپاگەندەی تیرۆر" دەستگیرکراوە و پاش پەیوەندی کردنی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئازاد کراوە.

ئاکبوڵوت بە رەگەز کوردە و لەسەر پشکی پارتی چەپی ئەڵمانیا لەساڵی 2017ەوە پەرلەمانتارە. ئاکبوڵوت نەیوتووە لەسەر چ پۆستێکی تۆرە کۆمەڵایتییەکانی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراوە بەڵام ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پۆستەکە هی ساڵی 2019 بووە.

بەپێی زانیارییەکانی لە وێبسایتەکەی خۆی، ئاکبوڵوت رەخنەی توند لە حکومەتی تورکیا دەگرێت "لەسەر شەڕ هەڵگیرساندنی بێبەزەییانە بەرامبەر دانیشتوانی کورد لە دەرەوە و ناوەوەی سنوری" تورکیا.

دوای ئازادبوونی، پەرلەمانتارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) نوسیویەتی، "لە مانگی تشرینی یەکەم سەردانی تورکیا دەکەمەوە... وەک هەمیشە وشەکانم ناگۆڕم."

ئاکبوڵوتی تەمەن 40 ساڵ چەندین جار لە پەرلەمانی ئەڵمانیا داوای کردووە کە قەدەغەی سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەڵمانیا هەڵبگیرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار