ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕەتی دەکاتەوە هیچ ئەندامێکیان خۆی ڕادەست کردبێت
15 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان کە تائێستاش بەرامبەر سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی دیمەشق، لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بەرگری دەکەن، ڕایگەیاند، هەواڵی گواستنەوەی هێزەکانیان بە پاس بۆ ڕۆژهەڵاتی فوڕات "درۆ و چەواشەکارییە"، ئەوانەشی لە ڤیدیۆکان دەرکەوتوون خەڵکی مەدەنین کە بەزۆر کۆچیان پێکراوە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب بڵاویکردەوە، میدیای حکومەتی دیمەشق و سوپای عەرەبی سووریا، وێنەی ژمارەیەک پاسی بڵاوکردووەتەوە کە خەڵکی ئاوارەکراوی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە ژێر تۆپباران و کردنە ئامانجی خۆیاندا دەگوازنەوە، بە "درۆ و چەواشەکارییش دەڵێن ئەوە گواستنەوە هێزەکانی ئاسایشن" بەرەو ڕۆژهەڵاتی فوڕات.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب دەشڵێت، ئەم هەواڵە سەرلەبەری "درۆ و ناڕاستە"، ئەوانەی لە ڤیدیۆکان دەرکەوتوون خەڵکی مەدەنین کە بە زۆر لە ناوچەکانیان ئاوارە کراون، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بێ ماڵ و حاڵ بوون، جگە لەوەش ئەم گرووپانە دوو گەنجی مەدەنییان شوێن بزرکردووە و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
