تۆم باراک: دەبێت مافی کورد و رێککەوتنی هەسەدە پارێزراو بێت
15 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا (بە نوێنەرایەتی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ) لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و وردەکاریی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمەریکای ئاشکرا کرد: دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە سزاکانی سەر سوریا هەڵبگرێت بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بدات" بە حکومەتە نوێیەکە بۆ بوژانەوە و سەقامگیری.
تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: ئەمڕۆ بەناوی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ وبیۆ وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریاو ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەو ئەندامانی تیمەکەیان لە دیمەشق کۆبوومەوە، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب هەنگاونان لە قۆناغی گواستنەوەی مێژوویی سوریا.
باراك لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: سەرۆک ترەمپ پێی وایە ئەم ساتە نمایندەی دەرفەتێکی سەرەکی دەکات بۆ سوریایەکی نوێ، دەوڵەتێكی یەکگرتوو کە هەموو پێكهاتەكانی بە عەرەب، کورد، دروز، مەسیحی، عەلەوی، تورکمان، ئاشوری و ئەوانی دیکەشەوە، بە ڕێز و شكۆوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بەشدارییەکی ماناداریان پێبدرێت لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و ئاسایشدا، بە داننان بەم دەرفەتە، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەڵگرتنی سزاکان بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بدرێت بە سوریا" بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت.
حکومەتی ئەمریکا پێشوازی لە گواستنەوەی مێژوویی سوریا دەکات و پشتگیری لە حکومەتی سوریا دەکات بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع ، ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی لە هەوڵەکانی شکستپێهێنانی داعش و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە سوریا کردووە، لەوانەش لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی پێداگری پۆڵاین و هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە قوربانیدانەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی هەمیشەیی لە دژی تیرۆر زۆر گرنگ بووە.
لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی سوریا پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی یەکگرتن دووپاتکردەوە کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات واژۆکرابوو، کە چوارچێوەیەک بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە دامەزراوە نیشتمانییەکاندا بە شێوەیەک دابین دەکات کە مافەکانی کورد بپارێزێت و یەکێتی و سەروەری سوریا بەهێز بکات.
پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب کە پێدەچێت تەحەدای مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە بکەن، بە قووڵی نیگەرانکەرن، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئەوپەڕی دان بەخۆگرتن پیادە بكەن و دەستبەجێ واز لە شەڕ و پێکدادانەکان بهێنن و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان بە پێی رێککەوتنەکانی ١٠ی ئازار و ١ی نیسانی ٢٠٢٥، لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات.
توندوتیژی هەڕەشەی تێکدانی ئەو پێشکەوتنانە دەکات کە لە دوای رووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە بەدەست هاتووە و دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکیدا دەکاتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کەس ناکات.
تیمی روبیۆ لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئاسانکاری بۆ بەشداریکردنی بونیادنەر لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ پێشخستنی پرۆسەی یەکگرتنی هەمەلایەنە و بەرپرسیارانە- پرۆسەیەک کە ڕێز لە یەکێتی سوریا بگرێت، بنەمای یەک دەوڵەتی خاوەن سەروەری دووپات بکاتەوە و پشتگیری لە ئامانجی یەک سوپای نیشتمانی شەرعی بکات.
ئامانجی کۆتایی سوریایەکی خاوەن سەروەری و یەکگرتووە لە ناوخۆدا و لەگەڵ دراوسێکانیدا بە ئاشتی بژی، کە یەکسانی و دادپەروەری و دەرفەت بۆ هەموو هاوڵاتیانی گەرەنتی بکرێت.
داوا لە دراوسێکانی سوریاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پشتگیری لەم دیدە بکەن و هاوکاری و پشتیوانی پێویست پێشکەش بکەن و یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ببێتە واقیع.
