هاوڵاتی بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە یابان نزیکەی ١٧ کەس مردون و ٩٣کەسی دیکەش برینداربوون لە هەفتەی پێشووەوە شەپۆلێکی بەفربارین ڕوی لە باکوری یابان کردووە و بۆتە هۆی لەکارخستنی چەندین ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان و دواخستنی خزمەتگوزاری گەیاندن و لەگەڵ زیادبونی ڕێژەی بەفر بارین ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست دا گەشتە ١٧ کەس و ٩٣ کەسیش بریندار بوون. بەپێی ئاژانسی بەڕێوەبردنی ئاگرو کارەساتەکان ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی مردون لە کاتی پاککردنەوەی سەربانەکانیان بووە لە بەفر و کەوتونەتە خوارەوە یان کەوتونەتە ژێر ئەو بەفرەی لە سەربان و شوێنە بەرزەکانەوە کەوتووەتە خوارەوە. فەرمانگەکانی شارەوانی لە ناوچە بەفربارینەکان هانی دانیشتوانیان دا کە لە کاتی چالاکی لابردنی بەفردا ئاگاداربن بە تەنیا کار نەکەن. هاوکات بە پێی ڕاپۆرتەکان لە زۆربەی بەشەکانی باکوری رۆژهەڵاتی یابان سێ ئەونەی ساڵانی پێشوو بەفر باریوە. لە یەکێک لە دورگەکانی باکوری یابان بەهۆی بەفربارینەوە بورجێکی کارەبا لە کارکەوت و نزیکەی ٢٠ هەزار ماڵ بێ کارەبا مانەوە. وەزارەتی گواستنەوەش ڕایگەیاند  دەیان شەمەندەفەر و گەشتی ئاسمانی لە باکووری یابان تا ڕۆژی یەکشەممە ڕاگیراون.

ئێران رایگەیاند حەوت هاوڵاتیی بەریتانیای بە تۆمەتی بەشدرایی لە خۆپیشاندانەکان دەستگیر کردوە و لەندەن-یش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە راستیی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە. لقی (ساروڵڵا)ی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرمان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد؛ لە ناڕەزایەتییەکانی ماوەی رابردو لە ئێران ژمارەیەک هاوڵاتیی وڵاتەکەی دەستگیرکردوە کە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانین. لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندوە؛ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ئاشکراکردنی راستیی روداوەکە. پێشتریش هێزە ئەمنییەکانی ئێران رایانگەیاندبو؛ لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 40 کەسیان دەستگیرکردوە کە هاوڵاتیی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بون و ژمارەیەکیشیان تەنها هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەبون. ئێران تا ئێستا چەند جارێک بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی بیانی ئەوانی وەک بارمتە دەستبەسەر و زیندانیی کردوە  و لە هەندێک حاڵەتیشدا بۆ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی لە ئەوروپا و ئەمریکا  ئەو هاوڵاتییە بیانیانەی ئازاد کردوە. بەریتانیالە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژیی و سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە زیاتر لە 350 سزای بەسەر بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە.  

دوای 100 رۆژ ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە لە بۆکان و مەهاباد و کامیاران لە تاران و کەرەج و ئەسفەهان ئەمڕۆش بەشیوازی جیاواز ناڕەزایەتیی بەرفراون بەڕێوچو. لە بۆکان و کامیاران رێوڕەسمی جەماوەریی رێزلێنان بۆ کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەچو و لە شاری مەهاباد گەنجان بە کردنەوەی ئاگر دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە. لە شاری بۆکان یادی 18 کوژراوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە و رێپێوانی جەماوەریی بەرێوەچو و هێزە ئەمنییەکانیش تەقەیان لە بەشداربون رێپێوان و ناڕەزایەتییەکان کرد. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ژمارەیەک کەس بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و چەکدارانی خۆجێی(جاش) لە شاری بۆکان برینداربون. ئەمڕۆ دوکان و بازاڕەکانی شاری بۆکان وەک رێز و وەفا بۆ کوژراوانی شارەکە و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران نەکرانەوە.   هاوکات هەر ئەمڕۆ بە رێورەسمی جەماوەریی یادی چلەی مەرگی بورهان کەرەمی لە شاری کامیاران بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا برای بورهان رایگەیاند؛ ئەو شەهیدی هەمو کوردستانە و تۆڵەی خوێنی رژاوی دەکەنەوە.   كچێک بەهۆی لابردنی سەرپۆشەکەی و دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە تاران، سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. مەهسا پیروی تەمەن 25 ساڵ لە لایەن دادگایەکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری تارانی پایتەخت تۆمەتبار کرا بە "هاندانی بۆ بێڕەوشتیی" و سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. سەرۆکی داواکاری گشتیی ئێران ئاشکرای کرد دۆسیەی توێکاری و لێکۆڵینەوەی پزیشکیی ژینا ئەمینی یەکلایی نەبوەتەوە و چاوەڕێی لیژنەی پزیشکیی دەکەن بۆ راپۆرتی کۆتایی لەسەر روداوەکە..   رۆژی یەکشەممە محەمەدجەعفەر مونتەزری، سەرۆکی داواکاری گشتیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ پزیشکی داد راپۆرتی هۆکاری مەرگی ژینا ئەمینیی رادەست کردوە بەڵام خانوادەی ژینا سکاڵایان بەرامبەر پزیشکی داد و راپۆرتەکەیان تۆمار کردوە و لیژنەیەکی پزیشکی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە سکاڵاکە و پزیشکی داد بەهۆی بڵاوکردنەوەی هۆکاری مەرگەکەی. پێشتر پزیشکی دادی ئێران رایگەیاندبو؛ ژینا ئەمینی لە منداڵیدا گرێ لەسەریدا بوە و نەشتەرگەریی بۆکراوە کە ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی مەرگی ژینا بوە. وەک کاردانەوەیەک بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە پاپا فرانسین لە وتاری تایبەت بە کریسمس نزای ئاشتیی بۆ ئێران کرد. ئەمە یەکەم کاردانەوەی پاپا فرانسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهانە دوای 100 رۆژ ناڕەزایەتیی و کوژرانی زیاتر لە 506 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. رۆبێرت دی نیرۆ، ئەکتەری ناودرای ئەمریکی داوای ئازاکردنی تەرانە عەلیدوستی، خانمە ئەکتەری ناوداری ئێرانی کرد کە بەهۆی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و دژایەتیی سێدارە، زیندان کراوە. کۆنگرێسی ئەمریکا ئەمڕۆ یاسایەکی دژی ئێران پەسند کرد و بە پێی یاساکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت راپۆرتی ئەو بەرپرسە تۆمەتبارانەی ئێران کە دەستیان لە کوشتن یان زیانگەیاندن بە هاوڵاتییانی وڵاتەکەیان و ئەمریکا هەیە بداتە کۆنگرێس و کار بکات بۆ سزادانیان لە سەرتاسەری جیهان. بە پێی یاساکە نابێت هیچ وڵاتێکی هاوپەیمانی ئەمریکا هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک پێشکەشی ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات کە دەستیان لە دەستدرێژیی و سەرکوت و ئەشکەنجەی ژنان و کەمینە ئاینیی و نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە هەیە. لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا دەبێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەژمارە بانکییەکانی بەرپرسانی ئێران لە وڵاتانی دیکەی جیهان چاودێریی بکات و دڵنیا ببێتەوە لە سزادانی ئەو بەرپرسە تۆمەتبارانە، هاوکات هەر بانکێکی جیهان سزاکانی واشنتۆن دژ بە بەرپرسانی تاران جێبەجێ نەکات، ئەوا دەبێت ئەو وڵاتەش سزا بدرێت. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە لەگەڵ ئیدانەکردنی تیرۆری ژمارەیەک چاڵاکوانی کورد لە پاریس، رایگەیاند؛ تاران نیگەرانە لە کوشتنی موسوڵمانان و کۆچبەران لە فەڕەنسا. کەنعانی داوای لە پۆلیسی فەڕەنسا کردوە توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت و رێگەی بە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازنە لەو وڵاتە بدرێت. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 506 کەس کوژراون و دو کەس لەسێدراەدراون و 60 کەسیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.       

هاوڵاتی ئاژانسەکانی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی و ئەوروپی و کەنەدا لە مانگی تەمموزدا ئاهەنگێکیان سازکرد بۆ بڵاوکردنەوەی یەکەم وێنەی ڕەنگاوڕەنگ، کە بەشێكیان لەم دواییانەدا بڵاوکرانەوە کە وینەی گەردوون پیشان دەدەن لە درێژە شەپۆلی ڕووناکی ژێرسوردا کە چاوی مرۆڤ توانای بینی ئەو دریژە شەپۆلەی نیە. زاناکان ئەمە ناوزەند ئەم وینانەی تەلیسکۆبی جەیمس وێب، ناوزەند ئەکەن بە نزیکوبونەوەیەک بەرەو گەردوونی ژێر سور، هاوکات تەلیسکۆبەکە بەم وێنانەی شووێن ومێژووی بونمان لە گەدردووندا پیشان دەدات و هەوڵێکە بۆ گەڕان بەدوای کۆتایی تاریکی دا. تەلیسکۆبی جەیمس وێب، ساڵێک لەمەوبەر جێگیرکرا  لەڕۆژی کریسمس، ئەم تەلیسکۆبە توانای بینینی گەردوونی هەیە لە دریژە شەپۆلی ڕووناکی ژێر سوردا، زاناکانی بواری گەردوون وەک هەوڵێک  بۆ گەڕان بەرەو کۆتایی تاریکی وەسفیان کردووە. تەلیسکۆبەکە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلاری تێچووە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە سێ دەیەی خایاندووە بۆ پلان ودیزاین ودروستکردنی.

هاوڵاتی پاپا فرانسیس، لە پەیامی ساڵانەی جەژنی کریسمسدا ڕایگەیاند، جیهان لە ئێستادا بەدەست " قەیرانی ئاشتی" دەناڵێنێت، هەروەها وتی خۆراک وەک چەکی جەنگ بەکاردەهێنرێت. پاپا فرانسیس، لە پەیامەکەیدا کە ١٠ خولەکی بۆ باسکردن لە جەنگی ئۆکرانیا تەرخانکرد، باسی لەوە کرد کە خۆراک وەک چەکی شەڕ بەکاردێت وئیدانەی جەنگی ئۆکرانیای کرد، لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەوەکرد قەیرانی ئاشتی لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی دوونیا هەیە. پاپا لە میانەی پەیامەکەیدا، باسی لە دۆخی  وڵاتی ئێران و سەرکوتکاریەکانی سەر خۆپیشاندەران کرد و نزای ئاشتەوایی بۆ گەلی ئێران کرد، کە بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئیستا زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی کوژراون و ماوەی سێ مانگە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامە لە ئێران. هاوکات، پاپا فرانسیس بەتایبەتی نیگەرانی خۆی بۆ دۆخی ململانێ وگرژیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میانمار، هایتی وناوچەی ساحێلی ئەفریقا دەربڕی. هەر لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و کاریگەریەکانی لەسەر قەیرانی خۆراک، باسی لەوەکرد کە جەنگی ئۆکرانیا کاریگەریەکی زۆری هەبووە بەتایبەت لە ئەفغانستان و ئەفریقا کەسانێکی زۆر ڕووبەڕوووی برسێتی بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەتەنها ئۆکرانیا زیاتر لە %٣٠ دانەوێڵەی جیهان بەرهەمدەهێنێت ودوای جەنگەکەش نرخەکانی خۆراک بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەوەتەوە. پاپا فرانسیس وتیشی، داوادەکەین لەکاتی جەنگدا ئەو کەسانە لەبیرنەکەین کە برسی دەبن لە کاتێکدا ڕۆژانە برێکی زۆر لە خۆراک بەفیڕۆ ئەچێت، هەروەها بڕێکی زۆری  داهات بۆ جەنگ خەرج دەکرێت. لەکۆتایدا پاپا فرانسیس وتی، ئێمە دەزانین هەموو جەنگێک دەبێتە هۆی برسێتی و خەڵکانێکی زۆر بەدەست برسێتیەوە دەناڵینن، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە ڕێگری لەوە بکرێت کە خۆراک وەک چەکێکی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ داواشی لە سیاسیەکان کرد کە ڕۆڵی گرنگیان هەیە کار بۆ ئەوە بکەن کە خۆراک تەنها وەک ئامڕازێکی ئاشتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. جێگای باسە، ئەمە دەیەمین وتاری ساڵانی جەژنی کریسمی پاپا فرانسیسە لەوەتەی بووەتە پاپا، پاپا فرانسیس کە تەمەنی لە ئێستادا ٨٦ ساڵە وتارەکەی لە بالکۆنیکی بازیلیکادا لە شەقامی سانت پیتەر پێشکەشکرد. پاپا فرانسس: جیهان بەدەست " قەیرانی ئاشتی" دەناڵێنێت پاپا فرانسیس، لە پەیامی ساڵانەی جەژنی کریسمسدا ڕایگەیاند، جیهان لە ئێستادا بەدەست " قەیرانی ئاشتی" دەناڵێنێت، هەروەها وتی خۆراک وەک چەکی جەنگ بەکاردەهێنرێت. پاپا فرانسیس، لە پەیامەکەیدا کە ١٠ خولەکی بۆ باسکردن لە جەنگی ئۆکرانیا تەرخانکرد، باسی لەوە کرد کە خۆراک وەک چەکی شەڕ بەکاردێت وئیدانەی جەنگی ئۆکرانیای کرد، لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەوەکرد قەیرانی ئاشتی لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی دوونیا هەیە.   پاپا لە میانەی پەیامەکەیدا، باسی لە دۆخی  وڵاتی ئێران و سەرکوتکاریەکانی سەر خۆپیشاندەران کرد و نزای ئاشتەوایی بۆ گەلی ئێران کرد، کە بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئیستا زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی کوژراون و ماوەی سێ مانگە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامە لە ئێران. هاوکات، پاپا فرانسیس بەتایبەتی نیگەرانی خۆی بۆ دۆخی ململانێ وگرژیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میانمار، هایتی وناوچەی ساحێلی ئەفریقا دەربڕی. هەر لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و کاریگەریەکانی لەسەر قەیرانی خۆراک، باسی لەوەکرد کە جەنگی ئۆکرانیا کاریگەریەکی زۆری هەبووە بەتایبەت لە ئەفغانستان و ئەفریقا کەسانێکی زۆر ڕووبەڕوووی برسێتی بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەتەنها ئۆکرانیا زیاتر لە %٣٠ دانەوێڵەی جیهان بەرهەمدەهێنێت ودوای جەنگەکەش نرخەکانی خۆراک بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەوەتەوە. پاپا فرانسیس وتیشی، داوادەکەین لەکاتی جەنگدا ئەو کەسانە لەبیرنەکەین کە برسی دەبن لە کاتێکدا ڕۆژانە برێکی زۆر لە خۆراک بەفیڕۆ ئەچێت، هەروەها بڕێکی زۆری  داهات بۆ جەنگ خەرج دەکرێت. لەکۆتایدا پاپا فرانسیس وتی، ئێمە دەزانین هەموو جەنگێک دەبێتە هۆی برسێتی و خەڵکانێکی زۆر بەدەست برسێتیەوە دەناڵینن، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە ڕێگری لەوە بکرێت کە خۆراک وەک چەکێکی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ داواشی لە سیاسیەکان کرد کە ڕۆڵی گرنگیان هەیە کار بۆ ئەوە بکەن کە خۆراک تەنها وەک ئامڕازێکی ئاشتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. جێگای باسە، ئەمە دەیەمین وتاری ساڵانی جەژنی کریسمی پاپا فرانسیسە لەوەتەی بووەتە پاپا، پاپا فرانسیس کە تەمەنی لە ئێستادا ٨٦ ساڵە وتارەکەی لە بالکۆنیکی بازیلیکادا لە شەقامی سانت پیتەر پێشکەشکرد.  

بەهای دۆلار لە ئێران بەردەوامە لەبەرزبونەوە و پەلەمانتارێکش ئاشکرای دەکات لە ماوەی ساڵێکدا تمەن نیوەی بەهاکەی لەدەستداوە و هەشت هێندە لە لیرەی سوری لاوازتر بوە.   ئەمڕۆ یەکشەممە بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 40 هەزار و 500 تمەن و شارەزایانی ئابورییش هۆشداریی دەدەن لە دابەزینی زیاتری بەهای ئەو دراوە. روحەڵڵا ئیزەدخوا، پەرلەمانتاری ئێران رایگەیاند؛ لە سەرەتای دەستپێکردنی کاری کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، بەهای هەر دۆلارێک 26 هەزار تمەن بوە و لە ئێستادا بەهای هەر دۆلارێک بۆ زیاتر لە 40 هەزار و 500 تمەن بەرز بوەتەوە. ئیزەدخوا ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە ماوەی تەمەنی کابینەی رەئیسیدا دراوی تمەن نزیکەی 50٪ی بەهاکەی لەدەستداوە و دراوی لیرە سوری هەشت هێندەی دراوی تمەن بەهێزترە کە 11 ساڵە روبەڕوی جەنگی ناوخۆیی بوەتەوە. لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە دوای ئەوە دەێت کە شارەزایانی ئابوریی ئێران پێشبینیان کردوە بەهای هەر دۆلارێک لەو وڵاتە تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 50هەزار تمەن.    

هاوڵاتی ئەمڕۆ، سەرۆکی روسیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، هەڕەشەی ئەوەیکرد لە ئۆکرانیا، کە ئەگەر لە ئەمریکاوە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بهێننە وڵاتەکەیان، سوپای روسیا بە دڵنیاییەوە 100٪ سیستمەوە وێران دەکات. ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، لە نوێترین کاردانەوەیدا هەڵوێستی خۆی راگەیاند لەبارەی سەردانەکەی ڤلادیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئەمریکا و هەوڵەکانی بۆ هێنانی هاوکاریی سەربازیی زیاتری ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ وڵاتەکەیان، بە تایبەتیی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت. پوتین، لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ کەناڵی روسیای 1، کە بەشێکی لێ بڵاوکراوەتەوە، گوتی: "وڵاتەکەمان ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، هەروەها ئامانجی روسیا لەم جەنگەدا، یەکخستنەوەی گەلی روسیایە". سەرۆکی روسیا ئەوەشی خستەڕوو: وڵاتەکەی لەسەر رێگە راستەکە هەنگاو دەنێت، بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمانەکەمان دەکەین، هیچ بژارەدەیەکی دیکەمان جگە لە بەرگرییکردن نییە. هەروەها دەڵێت: "ئەوە ئێمە نین کە گفتوگۆ رەتبکەینەوە، ئەوانن کە ئامادە نین"، چونکە روسیا لە 2014ەوە خوازیاری ئەوەیە قەیرانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. دوێنی، ڤلادمێر پۆتین، رەزامەندی نیشاندا، کە خزمەتگوزاریی چەکی پێشکەوتووی سارمات (شەیتانی دوووەم) بەردەستبخرێت بۆ سوپا لە جەنگی ئۆکرانیا، ئەوەش پێشهاتێکی دیکەی مەترسیدارە لە پەرەسەندنی مەترسی بەکارهێنانی چەکی ستراتیژی و ئەتۆمیی لە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا. هەفتەی رابردوو، ڤلادیمێر زێلنسکی لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکادا وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا بەفەرمیی داوایکرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و هاوکاری زیاتری سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا بکرێت، ئەوەش لەلان کریملنەوە بە "سوتەمەنی کردن بەسەر ئاگر"دا وەسفکرا.

هاوڵاتی ڕێکخراوە بیانیەکان لە ئەفغانستان دوای بڕیارەکەی تاڵیبان کە داوای لە ڕێکخراوە ناحوکمیە ناوخۆیی و بیانیەکان کرد کارکردنی ژنان ڕابگرن و ڕێگەنەدەن لەکارەکانیان بەردەوام بن کارەکانیان ڕاگرت.  لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕێکخراوە فریاگوزاریە بیانیەکان کە لەنێویاندا ڕێکخراوی کەیر ئینتەرناشناڵ وئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج وساڤی منداڵان ڕایانگەیاند، ناتوانن بەبێ کارکردنی کارمەندە ژنەکانیان بەردەوام بن لەکارەکانیان، هەربۆیە سەرجەم کارەکانیان ڕاگرت. بەڕێوبەرانی ڕێکخراوەکانی چاودێری، ئێن ئاڕ سی و پاراستنی منداڵان ڕایانگەیاند ئێمە نەمانئەتوانی لە  مانگی ئابی 2021 دەستمان بگات بە ملیۆنان ئەفعانی کە پێویستیان بە یارمەتی بوو گەر ستافە ژنەکانمان نەبونایە . لە راگەیەندراوەکەیاندا ئەوەش هاتووە: "لە کاتێکدا ئێمە یاساکەمان لا ڕونە باڵام هەموو بەرنامەو کارەکانمان دەوەستێنین و داوا دەکەین کە ژنانیش بتوانن بە یەکسانی کاربکەن لەگەڵماندا." لە بەیاننامەکەدا ڕێکخراوەکان ڕداوایان کردووە کە تاڵیبان ڕێگە بە کارکردنی ژنانن بدات و بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە. هاوکات عەبدولرەحمان حەبیب، وتەبێژی وەزارەتی ئابووری تاڵیبان ڕایگەیاند، کە کرێکارانی ژن لە گروپە هاوکارییە دەرەکییەکان لەچکیان نەکردووە پابەند نەبوون بەو جلوبەرگەی بۆیان دانراوە. هەروەها تاڵیبان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی هەر ڕێکخراوێکی کرد کە بە خێرایی پابەند نەبێت بەو یاسا نوێیەو ڕێگە لە کارکردنی ژنان نەگرێت. لە هەمان کاتدا ڕامیز ئەلاکبارۆڤ، ڕێکخەری باڵای مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی داوە قەدەغەکردنەکە پێچەوانە بکاتەوە وئەم بڕیارە  "هێڵی سوورە بۆ هەموو کۆمەڵگەی مرۆیی". ئەو بەرپرسە بە بی بی سی ڕاگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئەفغانستان بوەستێنێت ئەگەر دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ڕێگری لە قەدەغەکردنی کرێکارانی ژنان هەڵنەوەشێننەوە. ئەم بڕیارەی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحوکمیە بیانی وناوخۆییەکان تەنها چەند ڕۆژێک لەدوای بڕیاری قەدەغەکردنی خویندنی ژنان وکچانی پاکستان لە زانکۆکان دێت.

هاوڵاتی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو کەسەی کە هێرشەکەی ڕۆژی هەینی  پاریس پایتەختی فەرەنسای ئەنجامدا و سێ كوردی تیرۆركرد، لەژێر رێنمایی پزیشکدا هەڵگیرا و بكوژه‌كه‌ گواسترایەوە بۆ کلینیکی دەروونی. بە پێی هەواڵێکی بی بی سی ئەو پیاوە تەمەن ٦٩ ساڵەی بەرپرسیار بوو لە هێرشەکەی پاریس بۆ سەرناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کە لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون، دوای ئەوەی لە ژێر لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا نا کە کەسێکی ڕاگەزپەرستە گواسترایەوە بۆ کلینیکێکی دەرونی. له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن داواکاری گشتی پاریسه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ئەو پزیشکەی پشکنینی بۆ بكوژه‌ فەڕەنسییە تەمەن ٦٩ ساڵانه‌کە کردووە، به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ کە دۆخی تەندروستی و دەرونی بكوژه‌كه‌ لەگەڵ مەرجەکانی راگرتنیدا، ناگونجێت.ھەر کاتێک رەوشی تەندروستی گونجابوو، دەبرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.  لە ئێستادا بكوژه‌كه‌ بۆ کلینیکی دەروونی لەناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش گوازراوه‌ته‌وه‌ و ئەگەر بارودۆخی تەندروستی رێگە بدات، ده‌برێته‌ به‌رده‌م دادوەری لێکۆڵینەوە. داواکاری گشتی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکە لە رووداوەکە بەردەوامە و تۆمەتبارەکەش کە ناوی ویلیەمە و تەمەنی ٦٩ ساڵە دانی بە تاوانەکە ناوە ".    

هاوڵاتی لە بەریتانیا تۆمه‌تبارێك به‌ چه‌كه‌وه‌ هێرش دەکاتەسه‌ر خانه‌یه‌كی كات به‌سه‌ر بردنی هاوڵاتیان و به‌هۆیه‌وه‌ ژنێك كوژرا و سێ پیاوی دیكه‌ش برینداربون، لێكۆڵینه‌وه‌كانیش له‌ روداوه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌. به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی سکای نیوز یەکشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2022،  رووداوێکی تەقەکردن  خانه‌یه‌كی كات به‌سه‌ر بردنی هاوڵاتیان لە شاری لیڤەرپوولی نێوەڕاستی بەریتانیا روویداوە و "سێ پیاو و ژنێک بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراون. دوای ئەوە ژنەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە".  دەیڤ مەککۆفریەن، ئەفسەری پۆلیس لە لیڤەرپوول ڕایگەیاندووە : ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌قه‌ی به‌ڕوی ئه‌و كه‌سانه‌كردوه‌ كه‌ له‌ نێو خانه‌كه‌دا بون هه‌ڵهاتوه‌، پاش ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی پۆلیس له‌و هێرشه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیمێكی فریاكه‌وتنی خێرا چونه‌ته‌ شوێنی روداوه‌كه‌وه‌ و "ژنێك و سێ پیاویان بۆ نه‌خۆشخانه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ ژنه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانیله‌ده‌ستداوه‌". وتیشی؛" تیمه‌كانمان به‌دوای ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری مێرسیدس-بێنز  پاش ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ له‌ خانه‌كه‌ هه‌ڵهاتوه‌." باسی لەوەشکرد: "لێکۆڵینەوەیە لە قۆناخە زۆر سەرەتاییەکاندایە و تێدەگەین کە ئەمە بەڕاستی رووداوێکی شۆککەر و وێرانکەرە کە پێش رۆژی کریسمس روویداوە".

هاوڵاتی کەشوهەوایەکی سارد رووی لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە؛ هاوکات کارەبای سەروو ملیۆن و نیوێک ماڵ بەهۆی بای بەهێزەوە بڕاوە و چەندین گەشتی تایبەت بە کریسمس هەڵوەشێندراونەتەوە.  کەشوهەواکە کاریگەریی گەورەی هەبووە. بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی فلایتوێری فڕۆکەوانیی ئەمریکا، کەشوهەوا ساردەکە کە بایەکی بەهێز لەگەڵدایە، رۆژی شەممە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەروو سێ هەزار و 300 گەشتی ئاسمانی و دواخستنی حەوت هەزار و 500 گەشتی دیکە. رۆژی پێشتریش شەش هەزار گەشتی هاوشێوە هەڵوەشێندرابوونەوە.  هەروەها هەزاران گەشتیاریش لە فڕۆکەخانەکان گیریانخواردووە و فڕۆکەخانەکانی کردووەتە شێڵتەری مرۆیی. خزمەتگوزاری کەشوهەوای نەتەوەیی لە سیۆکس فۆڵس (داکۆتای باشوور) دەڵێت پلەی گەرمی لەوێ (بە هۆی ساردبوونەوەی با) نزم بۆتەوە بۆ  -53F (کە -47.2C). کاثی هۆچول پارێزگاری نیویۆرک گوتی ئەم گەردەلولی سەرمایە  یەکێکە لە خراپترینەکانی مێژوو، ئەوەشی وت کە چەندین بارهەڵگری ئاگرکوژێنەوە و ئامبولانس لە بەفردا گیریان خواردووە.  بەرپرسانی کەنەداش هۆشداری تووندی کەشوهەوایان داوە. سەدان هەزار کەس لە پارێزگاکانی ئۆنتاریۆ و کیوبیک بێ کارەبا ماونەتەوە؛ هاوکات "ژمارەیەکی زۆری" گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەکانی ڤانکۆڤەر، تۆرۆنتۆ و مۆنتریال هەڵوەشێنراونەتەوە. بەرپرسانی کەشناسی پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی هەفتە، دۆخی ساردی مەترسیدار لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت پێش ئەوەی پلەی گەرما بگەڕێتەوە بۆ کەشی ئاسایی لە هەفتەی داهاتوودا.         

ئێران ئیدانەی تیرۆکردنی چالاکوانانی کورد لە پاریس دەکات و داوای دانبەخۆداگرتنی پۆلیسی فەڕەنسا بەرامبەر خۆپیشاندەران دەکات. لە 100 رۆژ ناڕەزایەتیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستداوە و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش داوا لە فەڕەنسا دەکات توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیدانەکردنی تیرۆری ژمارەیەک چاڵاکوانی کورد لە پاریس، رایگەیاند؛ تاران نیگەرانە لە کوشتنی موسوڵمانان و کۆچبەران لە فەڕەنسا. کەنعانی داوای لە پۆلیسی فەڕەنسا کردوە توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت و رێگەی بە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازنە لەو وڵاتە بدرێت. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 506 کەس کوژراون و دو کەس لەسێدراەدراون و 60 کەسیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

100رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و 99 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ئەو بەردەوامە ئەمڕۆش لە زانکۆکانی تاران تا شەقامەکانی سنە بە شێوازی جیاواز یادی ژینا و کوژراوانی خۆپیشاندانەکان کرایە و رێکخراوێکیش هۆشداریی دەدات کە 60 دەستگیرکراو مەترسیی لەسێدارەیان لەسەرە. ئەمشەو لە چەند شوێنێکی شاری سنە گەنجان بە کردنەوەی ئاگر وەک شەوانی دیکەی دروشمیان دژی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە وتەوە شاری سنە مێژوی 100 رۆژ بەردەوامبون لە ناڕەزایەتیی دوای مەرگی ژینا ئەمینیی تۆمار کردوە و بە ناوەندێکی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دەدرێت و تەنها لەو شارە 18 کەس تا ئێستا کوژراون. هاوکات لەگەڵ سنە خۆپیشاندان لە شاری مەشهەد لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران دەستی پێکردەوە و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەشی گرتەوە. شەوی شەممە لە چەند شەقامێکی تارانی پایتەخت و لە شارە گەورەکانی وەک ئەسفان و کەرەج و قەزوێن دەستی پێکردەوە و گردبونەوەی ناڕەزایەتی و رێپێوانی جەماوەریی لەو شارانە بەڕێوەچو. لە شاری کەرەج سەرەڕای بەفربارین و کەشی سارد رێپێوانی بەرفراوان بەڕێوچو کە بە رێپێوانی بێدەنگی ناودەهێنرێت و سەدان کەس پێکەوە رێپێوان دەکەن  وەک ئاماژەیەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی. رۆژی شەممە لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، دانیمارک و تورکیا خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو. یەکێتی خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران رۆژی شەممە ئاشکرای کرد لانیکەم 300 خوێندکاری زانکۆ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە بەڵام دادگاکانی وڵاتەکە ئەو سزایانە ئاشکرا ناکات بە پێی ئامارەکان زیاتر لە دو هەزار خوێندکاری زانکۆ لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون. دادگای باڵای ئێران رایگەیاند پێداچونەوە بۆ سزای سێدارەی سامان سەیدی (یاسین) دەکات و هاوکات پێداچونەوە بۆ سزای سێدارەی محەمەد قوبادلو دەکات. یاسین کە هونەرمەندێکی شاری کرماشانە پێشتر وەک ناڕەزایەتییەک بە ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی لە زیندان بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی لە زیندان دا و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەکرا. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە تا ئێستا 60 کەس مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و جێبەجێکردنی سزای 11 کەسیشیان لە ئان و ساتدایە. لە لایەکی دیکەوە سزای چوار سال زیندانیی بەسەر پارێزەرێکی دۆسیەی هەینی خوێناوی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان سەپێنرا. مستەفا نیلی، پارێزەری دۆسیەی کوژراوانی زاهیدان لە پارێزگای سیستان پێش گەیشتنی بەو پارێزگایە لە فڕۆکەخانەیەکی شاری تاران دەستگیر دەکرێت و دوای ماوەی زیاتر لە سێ هەفتە دەستبەسەربون لە لایەن دادگایەکی ئێران چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش لە کاتێکدایە دادگاکانی ئێران خۆیان دەستنیشانی دەکەن چ کەسێک پارێزەری دۆسیە یان دەستگیراوانی ئەم دواییانە بێت و رێگریی لە پارێزەرانی تایبەت دەکرێت کە ئامادەیی خۆیان بۆ پارێزگاری لە دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان دەربڕیوە. لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان تا ئێستا 44 پارێزەر لە ئێران بە تۆمەتی پشتیوانیی نایاسایی لە ناڕەزایەتییەکان و دەستگیرکراوان ، دەستبەسەر کراون. تۆمارێکی ڤیدیۆیی نوێی موژگان کاوسی، خانمە نوسەر و تێکۆشەری کورد بڵاو دەکرێتەوە کە بەشێوازێکی پڕ لە هەست تەنبور دەژەنێت. ئەو خانمە کوردە کە هاوکات یەکێک لە تێکۆشەرانی خوێندن بە زمانی دایک، تا ئێستا چەند جارێک بۆ نزیکەی سێ ساڵ زیندانیی کراوە و دوای ئازادکردنیشی لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا دەستگیرکرا و بە پێی ئەو تۆمەتەی لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە دراوەتە پاڵی، سزای سێدارە دەیگرێتەوە. ڤیدیۆیەکی نوێی چۆپیشکێشان و هەڵپەرکێی داریوش عەلیزادە کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە کوژرا و ئاریان موریدی کە سەلاسی باوجانی کوژرا، جارێکی دیکە ئازاری مەرگی ژینا و ئازایەتیی ئەو گەنجانە دەردەخات کە بە هیواوە لە پێناو مافەکانیان تێکۆشاون و گیانیان بەخت کردوە ئەوان بەرەوپیری ئازادی چون و تارای سوری شۆڕش بو بە ئاڵا و رەمزیان.

هاوڵاتی لە نامەیەکدا حوکمەتی تاڵیبان داوا لە ڕێکخراوە ناحوکمیە ناوخۆیی و بیانیەکان دەکات  کارکردنی ژنان ڕابگرن و ڕێگەنەدەن لەکارەکانیان بەردەوام بن. لەو نامەیەدا کە ڕۆژی شەممە لە لایەن عەبودلڕەحمان حەبیب، وتەبێژی ئابوری تاڵیبانەوە پشتڕاستکرایەوە باس لەوە کراوە کە داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکان کراوە کە ڕێگەنەدەن ژنان بچنەوە سەر کارەکانیان تاوەکوو ڕێنمایی نوێ دەردەچێت. هاوکات حوکمەتی تاڵیبان ڕێکخراوەکانیشی ئاگادارکردۆتەوە، هەر ڕێکخراوێک پابەند نەبێت بە بڕیارەکەوە مۆڵەتی کارکردنی لە ئەفغانستان لێدەسەنرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی ئابوری تاڵیبان ئەم بڕیارەی بۆ پابەندنەبوونی ژنان بە شێوازی جل و بەرگی ئیسلامیەوە گەڕاندۆتەوە. ئەم بڕیارەی تاڵیبان، تەنها دوای  چەند ڕۆژێک  لە بڕیاری قەدەغەکردنی چوونی ژنانی ئەفغانستان بۆ زانکۆکان دێت، کە بەهۆیەوە چەندین کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و بڕیارەکەیان سەرکۆنە کرد.

بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داهاتی کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە ئێران بۆ نیوە دادەبەزێت و بازاڕی VPN  گەرم دەبێت. پێگەی (لایف وێب) ئاشکرای کردوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دەسەڵاتی ئێران بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوەی ڤیدیۆ و هەواڵی خۆپیشاندانەکان، خێرایی ئینتەرنێتی خاو کردوەتەوە و هاوکات فیلتەر و چاودێریی لەسەر هێڵەکانی پەیوەندیی و بە تایبەت ئینتەرنێتی مۆبایل زیاد کردوە. پێگەکە ئاشکرای کردوە؛ کۆمپانیای (هەمرای ئەوەل ) و (ئیرانسێل) کە خاوەنی زۆربەی هێڵەکانی مۆبایلن، لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی دەسەڵاتی ئێران گرتوەیەتیەبەر داهاتایان بە رێژەی 40% کەمی کردوە. کۆمپانیای ئیرانسێل دانی بەوەدا ناوە؛ تەنها لە ماوەی 40 رۆژی خۆپیشاندانەکاندا 800 ملیارد تمەن کە دەکاتە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتوە. هاوکات (هەمرای ئەوەل )کە کۆنترین کۆمپانیای بواری گواستنەوە و هێڵی مۆبایلە رایگەیاندوە؛ بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت 936 ملیارد تمەن کە دەکاتە زیاتر لە 23 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتوە. بە گشتی زیانەکانی سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل بە 70 تریلیۆن تمەن خەمڵێنراوە کە دەکاتە زیاتر لە یەک ملیارد و 728 ملیۆن دۆلار. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای رایتێل تایبەت بە هێڵەکانی ئینتەرنێتی مای فای  و LTE لە ئێران ئاشکرای کردوە؛ ترافیکی رۆژانەی لە هەزار و 500 تێرابایت بۆ 700 تێرابایت کەمی کردوە و رۆژانە زیانی 14 ملیارد تمەن کە دەکاتە نزیکەی 35 هەزار دۆلاری بەردەکەوێت و 86%ی داهاتەکەی لەدەستداوە. ئاماژە بەوە کراوە دۆخی ئینتەرنێت بەهۆی رێوشوێنەکانی دەسەڵاتەوە تا ئێستا زیان بە 415 هەزار کاری ئینتەرنێتی و فرۆشگای ئۆنلاین گەیەشتوە . دانیشتوان و گەنجانی ئێران ناچارن بۆ ئەوەی سود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئەلیکترۆنییەکان و تەنانەت یارییە ئۆنلاینەکان ببین، VPN بەکار بهێنن و ئەوەش وای کردوە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی  VPN لەو وڵاتە لە دو ملیۆنەوە بۆ زیاتر لە هەشت ملیۆن زیاد بکات و هەندێکیش ئەو ئەپلیکەیشنە دەکڕن کە لە ئێستادا خواستی زۆر لەسەرە. دەسەڵاتی ئێران رایگەیاندوە؛ هەوڵی دروستکردنی ئینتەرنێتی ناوخۆیی دەدەن بۆ ئەوەی ناچارنەبن چاودێریی هێڵەکانی ئینتەرنێت بکەن و داهاتی وڵاتەکەش بڕواتە دەرەوە ، ئەوەش بوەتە مایەی سەرسوڕمانی وڵاتانی جیهان کە چون دەبێت لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی وڵاتێک بیر لە نەهێشتنی ئینتەرنێت بکاتەوە.