ئەڵمانیا بە فشار و هەڕەشە لە توركیا پەرلەمانتارە كوردەكەی ئازادكردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەندیكای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە 14-8-2023 لەبەیاننامەیەكدا هۆشدارییدایە رۆژنامەنووسان كە نە بەهۆی كاری رۆژنامەوانی نە بەهۆكاری تایبەت سەردانی توركیا نەكەن، ئەو بەیاننامەیەش دوای ئەوەدێت لەمانگی ئابی ئەمساڵدا پەرلەمانتارێكی ئەو وڵاتە بەهۆی پۆستەكانی فەیسبووكی لەتوركیا دەستگیركرا.
سەندیكای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا ئەم لێدوانەی پاش ئەوە بڵاوكردەوە كە دەركەوت گۆكەی ئەكبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا، لەسەرەتای مانگی هەشتدا بەهۆی پۆستەكانی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لەتوركیا دەستگیركرا.
سەبارەت بەو پرسە فرانك ئۆبێرال، سەرۆكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا رایگەیاند: رووداوەكەی ئەم دواییە جارێكی دیكە نیشانیدا كە خۆسەپێنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رەخنەگرانی خۆی وەك دوژمنی چەكداری دەوڵەت دەبینێت و هەركاتێك دەرفەت رەخسا، گۆشەگیریان دەكات.
ئوبێرال وتیشی: بەپێی زانیارییەكانیان، پەرلەمانتار ئەكبولوت دوای فشارێكی زۆر لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە ئازادكراوە، ئەگەر تەنانەت پارێزبەندی پەرلەمانیش كەسێك لەدەستبەسەركردن لەتوركیا نەپارێزێت، مەترسی لەسەر رۆژنامەنووسان زۆر زۆرە.
سەرۆكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا هۆشداریشی بەڕۆژنامەنووسان دا خۆیان لەچوون بۆتوركیا بپارێزن و وتی: ئەگەر رۆژنامەنووسێك لەهەواڵ و سۆشیال میدیاكانیدا رەخنەی لەتوركیا، سەرۆك ئەردۆغان یان پارتی دەسەڵاتداری ئاكەپە گرتبێت، پێویستە لەتوركیا دووربكەوێتەوە.
دەستگیركردنی ئەو پەرلەمانتارە كوردە لەسەر پۆستەكانی فەیسبووكی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای هێنایە دەنگ و حكومەتی فیدراڵی سەبارەت بەئاستی مەترسی بۆ رۆژنامەنووسان لەتوركیا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
لەو بەیاننامەیەی ئەڵمانیادا باس لەوەكراوە كە لەتوركیا گرتن و تۆمەتباركردن و دادگاییكردن و قەدەغەكردنی چوونەدەرەوەی وڵات زیاتر بەدیدەكرێت، بەتایبەتی بەرامبەر رەخنەگران و خەڵكی عەلەوی و بەڕەچەڵەك كورد.
هەروەها حكومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا راشیدەگەیەنێت هەندێك جار تەنها لایكێك لەسۆشیال میدیا بەسە بۆ تۆمەتباركردن و لەوانەیە تۆمەتی سوكایەتیكردن بەڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بخرێتە پاڵ ئەو كەسانە.
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا دەركەوت كەپەرلەمانتار گۆكەی ئەكبولوت، لەسێی ئاب كاتێك چووە توركیا بۆ ماوەیەكی كورت دەستبەسەركراوە.
ئەكبولوت كە بەڕەچەڵەك كوردو عەلەوییە، دوای ئازادكردنی لەژێر فشاری حكومەتی ئەڵمانیا وتی: لەسەر چوار پۆستی ساڵی 2019ی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتۆمەتی پروپاگەندەكردن بۆ رێكخراوی تیرۆریستی دەستگیركراوە.
ئەكبولوت كە لەساڵی 2017ەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیایە، لەسۆشیال میدیا زانیاری لەسەر دەستگیركردنی بڵاوكردووەتەوەو دەڵێت «كێشە نییە ئێوە بەبڕیاری گرتن من ناترسێنن.»
گۆكەی ئەكبولوت بەبەشێك لەمیدیاكانی راگەیاندووە كاتێك چووەتە توركیا بۆ سەردانی كەسوكارەكەی، لەفڕۆكەخانەی ئەنتاڵیا دەستبەسەركراوە.
دەشڵێت تەنانەت دوای ئازادكردنیشی هەڕەشەی كوشتنی زۆری لێكراوە، هەربۆیە سەردانەكەی كورتكردووەتەوەو بۆ هەمیشە توركیای بەجێهێشتووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت ئەو دەستبەسەركردنە ناتوانێت بێدەنگی بكات.
ئەو پەرلەمانتارە كۆڵی نەداوەو دەڵێت لەمانگی 10 بڕیارە لەگەڵ وەفدێكی پەرلەمانی سەردانی توركیا بكاتەوە.
هەرچەندە ئەو پەرلەمانتارە بەزەحمەت لەتوركیا ئازادكراوەو وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لەئەنقەرەو كونسوڵخانەی ئەنتاڵیاش لەكاتی دەستبەسەركردنەكەدا لەگەڵیا لەپەیوەندیدا بوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەشڵێت: حكومەتی فیدراڵی لەئاستێكی بڵنددا كاری كردووە بۆ ئازادكردنی ئەو پەرلەمانتارەو حكومەتی فیدراڵی لەئاستێكی بەرزو شەڕانگێزی و بەشێوەیەكی جۆراوجۆر دەستتێوەردانی كردووە بۆ ئازادكردنی ئەكبولوت.
ئەكبوڵوت هاووڵاتییەكی ئەڵمانی لەدایكبووی توركیایە، لەساڵی 2017ەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە.
ئەڵمانیا گەورەترین رەوەندی كوردی و توركی تێدایە، بەڵام پەیوەندیەكانی بەرلین و ئەنقەرە لەم ساڵانەی دواییدا ئاڵۆزی تێكەوت بەهۆی ئەو رەخنانەی حكومەتی ئەڵمانیا ئاڕاستەی توركیای كرد بەهۆی هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوانان و نەیارانی دەسەڵاتەوە، بەتایبەت دوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016 كە بەهۆیەوە سەرۆك كۆماری توركیا هەڵمەتێكی گەورەی دەستگیركردنی نەیارانی سیاسی خۆی دەستپێكرد، هاوكات پەیوەندیەكانی ئەو دوو وڵاتە دوای هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان لەساڵی 2019 جارێكی دیكە ئاڵۆزبووەوە.
هۆكاری راستەقینەی دەستگیركردنی ئەكبوڵوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كاتێك لە 2019 توركیا هێرشی كردەسەر رۆژئاوای كوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی ئەڵمانیا كە بەڕەگەز كوردە لەفەیسبووكی خۆی پۆستێكی كردووەو هەڵمەتەكەی توركیای بەوەحشیگەرانە دژ بەكورد ناوبردووە لەناوخۆو دەرەوەی توركیا.
گۆكەی ئەكبوڵوت یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی ئەڵمانیا كە لەڕابردوودا چەند جارێك داوای لەوڵاتەكەی كردووە پارتی كرێكارانی كوردستان لەلیستی تیرۆر دەربكات، هاوكات لەساڵی 2022 دا داوایكردووە رێكخراوی رێگری لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی لێكۆڵینەوە لەگەڵ توركیا دەستپێبكات بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژ بەهێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزە كوردیەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان.
ئەكبوڵوت باسی لەوەكردبوو بەڵگەی زۆری لەبەردەستدایە كە دەیسەلمێنێت توركیا چەكی كیمیایی دژ بە شەڕڤانانی كورد بەكارهێناوە، تەنانەت دەڵێت:»خۆم چەند شەڕڤانێكم بینیوە كەجەستەیان شوێنەواری چەكی كیمیایی پێوەبووە كاتێك لەگەڵ هێزەكانی توركیا لەشەڕدابوون».
هاوكات ئەو پەرلەمانتارە كوردە لەساڵی 2018 داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی لەوكاتەوە لەشاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا هەوڵەكانی دەستپێكردووە.