ئەمریکا فشار لە ئێران دەکات درۆن بە روسیا نەفرۆشێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
رۆژنامەی فایننشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە کە ئەمریکا فشاری لەسەر ئێران دروستکردووە تا ئەوەی فرۆشتنی درۆنی ئێرانی بە روسیا رابگرێت، بەڵام تاران دەڵێت، درۆنەکانی ئەوان لەلایەن روسیاوە لە جەنگی ئۆکرانیا بەکار نایەت.

لە راپۆرتێکیدا فایننشاڵ تایمز لە سازی سەرچاوەیەکی ئاگادار نوسیویەتی، ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر ئێران بەوەی فرۆشتنی درۆن بە رووسیا رابگرێت و رێککەوتننامەیەکی نەنووسراو لە نێوانیاندا هەیە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و کۆنتڕۆڵی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران."

بەپێی ئەم راپۆرتە ئەم گفتوگۆیانە هاوکات لەگەڵ گفتووگۆ بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان بەڕێوەچووە کە لە هەفتەی رابردووەوە ئازاد کردنی زیندانییەکان و لە بەرامبەردا ئازاد کردنی شەش میلیار دۆلار پارەی ئێران چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

بەڵام چەند بەرپرسێکی ئێران بە فایننشاڵ تایمزیان راگەیاندووە، "تاران بە فەرمی ئەوەی رەت کردووەتەوە کە درۆنی ئێرانی لە جەنگی ئۆکرانیا لە لایەن رووسیاوە بەکارهاتبێت و چەندین جار داوای لە مۆسکۆ کردووە بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانە رابگرێت، بەڵام واشنتن خوازیاری هەنگاوی جیدیتر و کاریگەرترە."

ئەمریکا و ژمارەیەکیتر لە وڵاتانی رۆژئاوایی و بە تایبەت ئۆکراین ، بەردەوام ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە درۆنەکانی خۆی خستووەتە خزمەت رووسیاوە و مۆسکۆ لەهێرشە ئاسمانییەکانیدا بەکاری هێناوە دژ بە ئۆکرانیا.

ئەم راپۆرتەی فایننشاڵ تایمز لە کاتێکدایە کە لە رۆژانی رابردوودا پێشانگای سەربازی رووسیا بەڕێوەچوو و ئێران بەشداری چالاکانەی لەو پێشانگایەدا هەبوو کە تێیدا چەند چەکێکی نمایش کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار