واشنتن‌و تاران؛ دیلی ئەمریکی لەبەرامبەر ملیاران دۆلاری ئێران

چۆن ئێران سوود لەپارە ئازادکراوەکانی وەردەگرێت؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەچەند هەفتەی رابردووداو بەتایبەت لەناوەڕاستەکانی مانگی تەمموزەوە، کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا زۆر ئاڵۆز دەرئەکەوێت. لەسەرەتای مانگی تەمموزەوە ئەمریکا هێزی ئاسمانی و سەربازی خۆی لەکەنداو زیاتر کردووە. ئەمریکا رایگەیاندووە مەبەست لەپتەوکردن و بەهێزکردنی هێزی سەربازی و فڕۆکەوانی لەکەنداو، رێگریکردنە لەوەی ئێران دەست بەسەر کەشتییە بارهەڵگرەکاندا بگرێت لەکەنداو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس، ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی جێگیرکردنی سەربازە لەسەر کەشتییە بارهەڵگرەکان.

ناردنی فڕۆکەی (ئێف- ١٦) و (ئێف-٣٥) و (ئەی-١٠) بۆ ناوچەکە و ناردنی کەشتی  جەنگی و هێزی سەربازی، دەرخەری قووڵتربوونەوەی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بوو.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەمریکا و ئێران لەڕۆژانی رابردوودا رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کردووە کە بەپێی ئەو رێککەوتننامەیە پێنج هاووڵاتی ئەمریکی دەستبەسەرکراو لەئێران ئازاد بکرێن لەبەرامبەردا ژمارەیەک لەئێرانییە زیندانییەکان لەئەمریکا بەهەمانشێوە ئازاد بکرێن و شەش میلیار دۆلار پارەی ئێران کە لەبانکەکانی کۆریای باشوورە ئازاد بکرێت و بگوزارێتەوە بۆ قەتەرو لەوێوە بگاتە دەست ئێران.

ئەم رێککەوتننە ئاڵۆزە کەدوای چەند مانگ لەگفتوگۆی ناڕاستەوخۆی بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی واژۆ کراوە، سەرەنجام بوو بە هۆی ئەوەی رۆژی 10ی ئاب، چوار کەس لەپێنج هاووڵاتییە ئەمریکییەکان  لەزیندانەکانی ئێرانەوە بگوازێنەوە بۆ هۆتێلێک کە ناوی نەبراوە.

لەهەمانکاتدا بەپێی راپۆرتی ئەسۆشەیەتد پرێس، ئێران رێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ٦٠٪ کەم کردووەتەوەو ئەمەش بەشێکە لە رێککەوتننامەکە.

تا ئێستا وردەکاری شێوەی گواستنەوەی پارەکە و کاتی تەواوبوونی و ئازادی زیندانییەکان دیار نییە. بەڵام بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی  پێیانوایە لەمانگی ئەیلولدا  ئەم رێککەوتننامەیە بەتەواوەتی جێبەجێ دەکرێت.

ئەم رێککەوتننامەیە لەناوخۆی ئەمریکا ناڕەزایەتی کۆمارییەکان و بەشێک لەدیموکراتەکانی لێکەوتووەتەوەو مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی دۆناڵد ترامپ، بە رێککەوتنی خراپ و مەترسیدار ناوی بردووە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەڕێکخراوەکانی  مافەکانی مرۆڤ پێیانوایە ئەمجۆرە رێککەوتننامەیە دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر ئێران هان بدات هاووڵاتیانی وڵاتانی تر بەبارمتە بگرێت بەمەبەستی ئابووری. ئەوان پشت بەقسەکەی موحسین رەزایی، راوێژکاری ئابووری سەرۆککۆماری ئێران دەبەستن کە وتبووی: دەتوانین هاووڵاتیانی ئەمریکی و ئەوروپی بگرین و لەبەرامبەر سەدان میلیۆن دۆلاردا ئازادیان بکەین.

 

چی دەربارەی رێککەوتنامەکە دەزانرێت؟

تائێستا وردەکاری رێککەوتنامەکەی ئێران و ئەمریکا بەتەواوەتی بڵاونەکراوەتەوە. بەڵام ئەوەی زانراوە ئەوەیە ئەمریکا مۆڵەتی بەکۆریای باشوور داوە بەوەی سەرمایە دەستبەسەرکراوەکانی ئێران کە لەبانکەکانیدان، لەدراو وۆنەوە بکرێت بە یۆرۆو ئامادەبکرێت بۆ گواستنەوەیان بۆ ئەو بانکە ئێرانیانەی لەقەتەردان. ئەم پارانە کە گوازراونەتەوە بۆ قەتەر لەژێر چاودێری ئەمریکاو تەنها بەو مەبەستانە بەکاردەهێنرێن کە گەمارۆیان لەسەر نییە، وەک دەرمان و خواردن.

 

گواستنەوەی پارە

ئێران سوورە لەسەر ئەوەی پارەکەی بەدۆلار یان یۆرۆ پێبگات و رایگەیاندووە پێویستە ئەو پارەیە بە دۆلار یان یۆرۆ بێت، لەبەرئەوەی دراوی ۆونی کۆریای باشوور لەبازرگانییەکاندا سوودی بۆ ئێران نییە. بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە کۆریای باشوور ئامادەیی دەربڕیوە ئەم پارەیە بە دۆلار یان یۆرۆ بگاتە دەستی ئێران، بەڵام نیگەرانن لەوەی گۆڕینی ئەم بڕە زۆرە پارەیە بۆ دۆلار یان یۆرۆ، کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە و نرخی پارەی ئەو وڵاتە هەبێت. هەربۆیە پرۆسەی گواستنەوەی پارە بەخاوی ئەڕواتە پێش و ماوەیەکی زۆری پێویستە بەوەی ئەم پارەیە بەتەواوەتی لەلایەن کۆریاوە بگاتە بانکەکانی قەتەر.

جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، «ئێمە بەشێوەی بەربڵاوو هەمەلایەنە لەگەڵ کۆریای باشوور لەم بارەوە کارمان کردووەو هیچ رێگرییەک نییە بۆ ئەوەی ئەم پارانە بگەنە قەتەر».

محەممەد عەبدولعەزیز ئەلخەلیفی، وەزیری ناوخۆی قەتەر لەدەوحە لەو بارەیەوە وتی، «ئەوەی لەم رێککەوتننامەیە دەستمان کەوتووە دەرخەری متمانەی هەردوولایە بە قەتەر وەک وڵاتێک کە نێوەندگیری بێلایەن و هاوبەشی نێونەتەوەییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەمەبەستی ئاشتی و ئارامی».

ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا

ئاخۆ ئەم رێککەوتنە بە مانای کەمبوونەوەی ململانێ و کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکایە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ بۆ رووداوەکانی ئەم چەند مانە بگەڕێینەوە. هەر لەجێگیرکردنی فڕۆکەی (ئێف-١٦) و (ئێف-٣٥) و (ئەی -١٠) و کەشتیی جەنگی و هێزی سەربازییەوە بگرە تائەگەری ناردنی سەرباز بۆ سەر کەشتییەکان. نزیکبوونەوەی سعودیەو ئیسرائیل و گەورەتربوونەوەی رێککەتننامەی ئاشتی ناسراو بەپەیماننامەی (ئیبراهیم) تا ئەو ئاستەی سعودیە باڵیۆزی دیاریکردووە بۆ کاروباری ئیسرائیل. کێشەکانی ئێران و ئیمارات لەسەر سێ دوورگەی (تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوومووسا) و هەروەها کێشەکانی نێوان ئێران و سعودیە و کوێت لەسەر کێلگەی گازی الدرە( ئارەش). هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کەم ناکات و نەیکردووە، بەڵكو ئەم رێککەوتننامەیە تەنها بۆ ئازادکردنی ئەم پێنج زیندانییەیە لەگەڵ ئەو شەش میلیار دۆلارەی ئێران.

 

نیگەرانییەکان و وەڵامی بەرپرسانی ئەمریکی

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە لەتویتێکدا لەتویتەر دەربارەی ئەم رێککەوتننە نووسی، «ئەمریکا بە ئازادکردنی شەش میلیار دۆلار، یارمەتی تیرۆریزم دەدات لەناوچەکە و جیهان، ئەمە باجدانێکی گەورەیە بە گەورەترین سەرچاوەی تیرۆریزم لەناوچەکە».

بەرپرسانی ئەمریکی لەبەرامبەر نیگەرانییەکانی لایەنگرانی مافی مرۆڤ و هەروەها ئیسرائیلدا، رایانگەیاندووە ئەم پارەیە لەژێر چاودێری توندی ئەمریکایدا بەکاردەبرێت و بۆ ئەو مەبەستانەیە کە گەمارۆیان لەسەر نییە.

بەپێچەوانەی وتەی بەرپرسانی ئەمریکی، بەرپرسانی ئێران باس لەوە دەکەن ئەوان سەرپشکن بەوەی چۆن ئەو پارەیە بەکاردەهێنن.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی هەیینی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووە، «کۆماری ئیسلامی ئازادە لەشێوەی بەکارهێنان و کەڵک وەرگرترن لەو سەرچاوەو داراییانەی ئازادکراون و ئەم سەرچاوە مادییانە بەو مەبەستانەی کەبەرپرسانی شارەزا پێیان باش بێت بەکاردەهێنرێن».

هەروەها بە پێچەوانەی راپۆرتەکانی نیۆیۆرک تایمزو CNN و وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، محەممەد مەرەندی، راوێژکاری میدیایی تیمی راوێژکاری ناوکی ئێران، رۆژی پێنجشەممە لەم بارەوە لەتویتێکدا نووسی، «ئێران بەشێوەی راستەوخۆ دەستی بەسەرجەم داراییە ئازادکراوەکان ئەگات هیچ کۆمپانیایەکی قەتەری وەک نێوەندگیر بوونی نییە».

 

رێککەوتننامەی ناوکی بەڕێوەیە؟

زۆرکەس ئەم ریککەوتننامەیەی نێوان ئێران وئەمریکا بەسەرەتایەک ئەزانن بۆ ریكکەوتننامەی گەورەترو گشتیگیرتر کە ئەویش رێککەوتننامەی ناوکییە لەگەڵ ئێران. بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی دۆسیەی ناوکی ئێران و هەروەها نزیکبوونەوە لەوادەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و لەهەمانکاتدا جیاوازییە بەرچاوەکانی هەردوولا لەخواستەکانیان و هێڵە سوورەکانیان، پێناچێت وتووێژە ناوکییەکان دەستپێبکاتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا جەخت لەسەرئەوە دەکەنەوە هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ناەکی لەگەڵ ئێران. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی ٢٤ی تەمموز وتی، « ئیتر دەربارەی گفتوگۆ ناوکییەکان لەگەڵ ئێران قسە ناکات و ئەم باسە داخراوە». هاوکات جەیک سەڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش پێشتر جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە واشنتۆن و تاران زۆر دوورن لەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

بەرپرسانی ئەمریکا باس لەوە ئەکەن پێش چەند مانگێک چوارچێوەو رەشنووسی رێککەوتنی ئازادکردنی زیندانییەکان ئامادە کرابوو و خرابووە بەردەست ئێرانییەکان و ئەوە لایەنی ئێرانی بوو کەکەمتەرخەمی تێدا دەکرد.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار