ئەمریکا فرۆکەی ئێف-16 بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیووە لە رێگەی هۆڵەندا و دانیمارکەوە فرۆکەی F-16 بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە لە نامەیەکی فەرمیدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رەزامەندی بۆ هۆڵەندا و دانیمارک دەربڕیووە کە فرۆکەی جەنگی F-16 بۆ ئۆکرانیا بنێرن لەدوای تەواوبوونی راهێنانی فرۆکەوانی بە فرۆکەوانە ئۆکرانییەکان.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی بە ئەنجامدانی راهێنان بەفرۆکەوانە ئۆکرانییەکان و هاوپەیمانییەتیەکی 11 وڵاتی دروست بوو بۆ دەستپێکردنی راهێنانەکە کە ئەم مانگە دەستیپێکردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا، وڵاتەکە لە ئێستادا 24 فرۆکەی F-16ی ئەمریکی هەیە و 18 دانەی تریشی داناوە بۆ فرۆشتن کە 12یان تا ئێستا فرۆشراون.
فرۆکەی F-16 فرۆکەیەکی جەنگی پێشکەوتوویی ئەمریکییە کە ئۆکرانیا لەسەرەتای جەنگەوە چەندین جار داوای کردووە تا بەکاریبهێنێت دژی روسیا و بە چەکێکی کاریگەر ناوی دەبات کە دەتوانێت ئاسمانی وڵاتەکەی بپارێزێت.