پەرستارێک حەوت منداڵی ساوا لە بەریتانیا دەکوژێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

لە دادگایەکی بەریتانیا پەرستارێک تۆمەتی کوشتنی حەوت منداڵ و هەوڵدان بۆ کوشتنی شەش منداڵی تری ساوای بەسەردا سەپێنرا کە یەكێک لە قوربانییەکان تەنها تەمەنی یەک رۆژ بووە. 

میدیاکانی بەریتانیا ئەمڕۆ هەیینی 18ی ئابی 2023، بڵاویانکردەوە کە لوسی لێتبی، پەرستار لە نەخۆشخانەیەکی باکوری رۆژئاوای ئینگلتەرا، تۆمەتی کوشتنی حەوت منداڵی بەسەردا سەپێنرا لە دادگایەکی بەریتانیا و رۆژی دووشەممە سزاکەی دیاری دەکرێت کە رەنگە سزای زیندانی هەتایی بەسەردا بسەپێنرێت.

لوسی تەمەن 33 ساڵ پێنج منداڵی ساوای کوڕ و دوو منداڵی ساوای کچی لەو نەخۆشخانەیە کوشتووە کە کاری تێدا کردووە لەنیوان 2015 بۆ 2016 بە ناوی نەخۆشخانەی "کاونتس چێستەر."

داواکاری گشتی لەسەر دۆسیەکە رایگەیاند، لوسی هەندێک لە قوربانیەکانی بە لێدانی دەرزی ئەنسۆڵین کوشتووە و هەندێکیشیانی ناچار بە هەوا هەڵمژین و شیر خواردن کردووە، کە هەندێک جار چەند جارێک ئەمانەی دووبارە کردووەتەوە تا منداڵەکان مردوون.

تا ئێستا بەروونی نازانرێت لوسی ئەم کارەی بۆ کردووە، بەڵام لێکۆڵەرانی دۆسیەکە نوسینێکیان لە ماڵی تۆمەتبار دۆزیوەتەوە کە ئاماژەیە بۆ هۆکاری کوشتنی منداڵە ساواکان. لە نامەکەدا نوسراوە، "من ئەوانم بە ئەنقەست کوشتووە چونکە من کەسێکی باش نیم تا ئاگام لێیان بێت، من کەسێکی زۆر خراپم، من ئەمەم کرد، من زۆر خراپم."

بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، هەندێک لە قوربانییەکان دوانە بوون و لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا لوسی دوانەیەکی کوشتووە و لە دوو دۆسیەی تردا منداڵێکی لە دوانەیەکی تری کوشتووە و نەیتوانییوە ئەوی تر بکوژێت. بچوکترین منداڵ کە لوسی کوشتویەتی تەنها تەمەنی یەک رۆژ بووە.

دادگاییکردنی لوسی ماوەی 10 مانگە بەرێوە دەچێت و لە دادگا لوسی بەرگری لە خۆی کردووە و رایگەیاندووە، هەرگیز نەیویستووە ئازاری ئەو منداڵانە بدات و تەنها ویستوویەتی ئاگای لێیان بێت و گرنگیان پێ بدات، هاوکات ناسەلامەتی ستاف و پیسی نەخۆشخانەکەی وەک هۆکار داناوە بۆ مردنی منداڵەکان. لوسی ئەوەیشی وتووە کە هەندێک لە پزیشکەکان پیلانیان دژی گێڕاوە و ئەو نامەیەشیان نوسیووە تا کوشتنی منداڵەکان بخەنە ئەستۆی ئەو.

بەڵام داواکاری گشتی دەڵێت، لوسی کەسێکی "درۆزن و خراپەکار و دڕندەیە" کە لە چەند حاڵەتێکدا قسەکانی خۆی گۆڕیووە لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا.

ئاشکرابوونی کارەکانی لوسی کاتێک دەرکەوت کە کۆمەڵێک پزیشکی نەخۆشخانەکە نیگەران بوون لە ژمارەی مردنی ناڕوونی چەندین منداڵ لە بەشی منداڵی ساوا لە نەخۆشخانەکەیان. کاتێک پزیشکەکان نەیانتوانیوە هۆکارێکی پزیشکی و زانستی بدۆزنەوە بۆ مردنی منداڵەکان، پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە کردووە و دەرکەوتووە کاتێک لوسی ئامادەیە لە بەشی منداڵی ساوا دۆخەکە "خراپتر دەبێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار