رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات تەنها لە ماوەی پێنج رۆژدا ژمارەیەک ژن لەو وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون کە بە زۆر و لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیرییان کردوە. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا بڵاوی کردەوە؛ لە سەرەتای مانگی بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا 10 ژن لە ئیران کوژراون و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش تەنها لە پێنج رۆژدا چوار ژن کورژراون کە لە تەمەنی کەمدا ناچار کراون بە هاوسەرگیریی. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە زیاترین ژن کە لە تەمەنی کەمدا ناچار بە هاوسەرگیریی کراون لە پاڕێزگاکانی ورمێ و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە ماوەی پێنج رۆژی هەفتەی رابردو تا سێی ئەم مانگە چوار ژن لە گوندەکانی سنە و ورمێ لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەف لە لایەن ئەندامانی خێزانەکانیان وەک باوک و برا کوژراون. ئیعتیماد رونی کردوەتەوە زۆربەی ئەو ژنانە لە تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ ناچار بە هاوسەرگیریی کراون و بونەتە قوربانیی هاوسەرگریی زۆرە ملێ لە تەمنی کەمدا. پێشتر ئەو رۆژنامەیە ئاشکرای کردبو کە لە ماەی نۆ مانگدا لانیکەم 27 هەزار و 448 کچ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسەرگیرییان کردوە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی روسیا رایگەیاند، بەهۆی خواردنەوەی کحولی زیانبەخشەوە 29 کەس گیانیان لەدەستداوە و 61 کەسی دیکەش ژەهراووی بون کە زیاتر لە نیوەیان باری تەندروستییان ناجێگیرە. وەزارەتی تەندروستی روسیا رایگەیاندوە، کۆی گشتی قوربانیانی ژەهراویبون بەکحولی زیانبەخش لەناوچەکانی روسیا 90 کەسن کە لەنێویاندا 29 کەس گیانیان لەدەستداوە، 61 کەسیشیان ژەهراوی بون کە زیاتر لە 30 کەسیان باری تەندروستیان ناجێگیرە. بەگوێرەی میدیاکانی ڕوسیا، قوربانییەکان خواردنەوەیەکی کحولییان خواردوەتەوە بەناوی "مستەر سایدەر" کە میتانۆلی ژەهراوی زۆری تێدابوە، بڕی ئەم خواردنەوەیە بەسەر هەندێک فرۆشگادا دابەشکراوە کە مەی دەفرۆشن دەسەڵاتداران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕوداوەکە کردەوە و فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ئەو بڕە خراپانەی ماددە کحولیەکانیان دەرکردوە، ئەم خواردنەوەیە لە شاری سامارا بەرهەم هێنراوە کە دەکەوێتە سەر ڕوباری ڤۆڵگا
هاوڵاتی رووسیا دەڵێت، هێرشێکی سوپای ئۆکرانیایان بۆ سەر هەرێمی دۆنێتسک تێکشکاندووە. روون نییە هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر دۆنێتسک بەشێکە لەو هێرشە هەڵگەڕاوەیەی کیێڤ لە سەرەتای ئەمساڵەوە بانگەشەی بۆ دەکات یاخود نا. ئیگور کوناشینکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئۆکرانیا ھێرشی کردووەتە سەر پێنج ناوچە لە بەری باشوری ناوچەی دۆنیتسک، بەبێ ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن. وتیشی، ھێزەکانی روسیا بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەرکانی سوپای روسیا بەرپەرچی ھێرشەکەیان داوەتەوە و زیانی گەروەیان پێگەیاندوون، بەشێوەیەک زیانە گیانییەکان ٢٥٠ کەسن لە ھێزەکانی ئۆکراین و ١٦ تانک و ٢١ ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان زیانیان بەرکەوتووە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئۆکرانیا بانگەشە بۆ هێرشی پێچەوانە بۆسەر پێگەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکرانیا دەکات، تاوەکو بتوانێت بەشێک لەو خاکەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە، وەربگرێتەوە. تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاونەکردووەتەوە. هاوکات جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ھێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەکان، ھاوکار دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەندین ناوچەی ستراتیژی، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە. جەختیشی کردەوە لەوەی، واشنتۆن دەیەوێت ھاوکاری کیێڤ بکات بۆ بەرەوپێشچوون لە گۆڕەپانی جەنگدا.
هاوڵاتی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس سیاسەتی نەوتی خۆی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند و بڕیاریداوە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەردوام دەبێت. هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئۆپێك پڵەس كە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك و وڵاتانی نا ئەندام لە ئۆپێك لەخۆدەگرێت، بە سەرۆكایەتی ڕوسیا، ڕێككەوتون لەسەر ئاستی ئامانجی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی 40.46 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا كە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە دەستپێدەكات تا كۆتایی لە ساڵی 31ی (كانونی یەكەم/12)ی 2024. بەپێی زانیارییەکان هەریەکە لە رووسیا و سعوودیە لەلایەن خۆیانەوە خۆبەخشانە ئاستی بەرهەمێنانی نەوتی خۆیان بە 500 هەزار بەرمیل بۆ هەر وڵاتێکیان راگەیاند. بەگوێرەی راگەیەندراوی ئۆپێک پلەس، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، رۆژانە بڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە و سعوودیە رایگەیاندووە تا کۆتایی ساڵی 2024 لەسەر ئەو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بەردەوام دەبن. هاوکات سوهێل مەزروعی، وەزیری نەوتی ئیمارات بۆ رۆژنامەنووسان بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتەڕوو، ئاماژەی بەوەدابوو هەر هەوڵێک گونجاو بێت بۆ هاوسەنگی بازاڕی وزە، ئەوا بڕیاری لەسەر دەدەن. ئاماژە بەوە شكراوە، ڕوسیا، ئەنگۆلا و نەیجیریا لەو وڵاتانە دەبن كە بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2014 كەمدەكەنەوە، هەروەها عێراق كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بە بڕی 211 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا تا كۆتایی ساڵی 2024 درێژدەكردوەتەوە. لای خۆیەوە ئەلێكساندەر نۆڤاك جێگری سەرۆك وەزیرانی ڕوسیا دوپاتیكردەوە، وڵاتەكەی ئامادەی كەمكردنەوەی بەرهەمی خۆبەخشانەی كە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل بو تا كۆتایی ساڵی 2024. سیاسەتی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە کاتێک لە (5ـی تشرینی یەکەمی 2022) بڕیاریدا رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023ـش بڕیاریدا لە مانگی ئایارەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2023 رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکرێتەوە. ئۆپێك هەریەك لە وڵاتانی (سعودیە، جەزائیر، ئەنگۆلا، گینیا، گابۆن، ئێران، عێراق، كوەیت، لیبیا، نەیجیریا، كۆماری كۆنگۆ، ئیمارات، ڤەنزوێلا) لەخۆدەگرێت، هەروەها رێكخراوی ئۆپێك پڵەسیش هەریەك لە وڵاتانی (ڕوسیا، ئازەربایجان، كازاخستان، بەحرەین، برۆنای، مالیزیا، مەكسیك، عومان، باشوری سودان و سودان) و وڵاتانی ئۆپێك لەخۆدەگرێت. هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس لە كۆتایی ساڵی 2016 دروستبو كە 10 هەناردەكاری نەوت لەجیهان لەخۆدەگرێت و بەرهەمی رۆژانەی 40%ی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێكدەهێنێت، ئامانجی سەرەكی هاوپەیمانییەكە ڕێكخستنەوەی دابینكردنی نەوتە بۆ بازاڕی جیهانی.
هاوڵاتی سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانێتیەکەیاندا، بەم نزیکانە سەردانی ئەنقەرە دەکات. یانس ستۆڵتەنبێرگ سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، لە کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجامی ناتۆ، لە ئۆسلۆ قسەی کرد و رایگەیاند، سەرەتای ئەم حەفتەیە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا قسەی کرد و بەم نزیکانە سەردانی ئەنقەرە دەکات. یانس ستۆڵتەنبێرگ رایگەیاند، پرسی سەرەکی سەردانەکەی بۆ تورکیا، ئەندامێتی سویدە لە هاوپەیمانیی ناتۆدا. ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆدا، لەسەر ڤیتۆی تورکیا راگیراوە. دەوڵەتی تورکیا مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە سوید فشار لەسەر نەیارانی تورکیا دروست بکات و بە تایبەتی ئەندامانی پەکەکە، گولەن و پارتە چەپەکان رادەستی تورکیا بکاتەوە. ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رۆژی سێشەممە، داوای لە تورکیا و هەنگاریا کردبوو کە کۆتایی بە ڤیتۆکەیان بهێنن و وتی، " کاتی ئەوە هاتووە کە سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ".
هاوڵاتی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە،هاوڵاتییەکی عێراقی کە لەگەڵ گروپی ڤاکنەرەکان لە ئۆکرانیا دەجەنگا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا کوژراوە و ئەمەش بە یەکەمین هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە لەم جەنگەدا مردبێت. دامەزرێنەری واگنەر یێڤگینی پریگۆژین ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆیتەرزی وتوە عەباس ئەبوتار ویتویت لە 7 نیسان کۆچی دوایی کردوە، ڕۆژێک دوای گەیشتن بە نەخۆشخانەیەکی ڤاگنەر لە شاری لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕوسیادایە. وتوشێتی، "عەباس شەری بەباشی دەکرد و پاڵەوانانە مرد و هەمووکات بۆ ئازادی دەجەنگا و دەیەویست کەسێک بێت بۆ بەرگری کردن لە ئازادی و خۆی شەڕبکات و بە ویستی خۆی هاتوەتە ناو گروپەکەوە." پریگۆژین ئەوەشی بۆ ڕۆیتەرز پشتڕاستکردۆتەوە کە ئەو هاوڵاتییە عێراقییە لە زیندانەوە دامەزرێندراوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ گروپی ڤاگنەرو گوتی ئەو یەکەم خەڵکی ڕەسەنی وڵاتێکی عەرەبی نییە کە لە زیندانەوە پەیوەندی بەو گروپەوە کردبێت. بەپێی زانیاریەکانی ڕۆیتەرز، عەباس لەساڵی 2021 بەهۆی تێوەگلان لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن سزای چوار ساڵ و نیوی بەسەردا سەپێندرا و دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و بەخشرا و لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگدابوە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە داوای لە تورکیا کرد بەزووترین کات ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەند بکات و گوتی ئەو وڵاتەی باکور هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزاییەکانی ئەنقەرە بەرامبەر بە ئەندامبوونی لە ناتۆ. بلینکن ئەو هەواڵانەشی ڕەتکردەوە کە دەڵێن به ڕێوه به رایه تی بایدن ڕه زامه ندی تورکیا له سه ر ئه ندامبوونی سوید لە ناتۆ به فرۆشتنی فڕۆکه چه کداره کانی جۆری ئێف 16 به ئەنقه ره ده به ستێته وه. بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی سوید لە لولیای باکوری سوید وتی واشنتن بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ تەواوکردنی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ تا کاتی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا کە لە ناوەڕاستی مانگی حەوتدا ئەنجام دەدرێت و تیایدا سەرۆکی وڵاتانی هاوپەیمانێتیەکە کۆدەبنەوە. "ئێمە پێمانوایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە نەڕۆین"، بلینکن وایوت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی "هیوادارین ئه م پرۆسه یه له ماوه ی هه فته کانی داهاتوودا ته واو ببێت. ئێمە هیچ گومانێکمان لەوەدا نییە کە دەکرێت و پێشبینی دەکەین." ئەم لێدوانانەی بلینکن چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە تورکیا داوای لە سوید کرد ئەو کەسانە دادگایی بکات کە بەرپرسن لە دانانی ئاڵای پەکەکە و ئۆجەلان بۆ سەر بینای پەرلەمان لە ستۆکهۆڵم لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا کە دەسەڵاتی تەیب ئەردۆغانی درێژکردەوە. بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تویتەر بڵاوکرانەوە لە لایەن کۆمیتەی یەکگرتووی سویدی بۆ ڕۆژئاواوە بڵاوکراوەتەوە، کە ئاماژەیەکە بۆ ناوچە کوردییەکانی سوریا، ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر بینای پەرلەمان نیشان دەدات. وێنەیەکی دیکە کە لەلایەن هەژمارەکەوە بڵاوکراوەتەوە دەقێکی تێدایە کە نووسراوە "ئازادی بۆ ئۆجالان"، کە ئەمیش بە بە پڕۆجێکتەرێک لەسەر بینای پەرلەمانی سوید پشاندراوە. سوید و فینلەندا ساڵی ڕابردوو داوای ئەندامێتییان لە ناتۆ کرد، ئەمەش دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە ، بۆ بە ئەندامبونی وڵاتێکی نوێ لەو هاوپەیمانێتییە پێویستە هەموو ئەندامانی ناتۆ داواکارییەکە پەسەند بکەن، بەڵام تورکیا و هەنگاریا هێشتا داواکارییەکەی سویدیان پەسەند نەکردووە.
هاوڵاتی جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دوای ماوەیەک لە مشتومڕێکی بەردەوام، دانی بەوەدانا کە کوڕەکەی بەهۆی شێرپەنجەی مێشکەوە گیانی لەدەستداوە، نەک وەک پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرد، لەریزەكانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كوژرابێت. ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردۆتەوە، جۆو بایدن دواجار دانی بە هۆکارەکانی مردنی کوڕەکەیدا نا، دوای 11 مانگ لە دوایین لێدوانی پێشوتری كە لە میانەی وتارێکدا بو لە بنکەیەکی ئەمریکی لە ژاپۆن و ئەوكات وتی، "کوڕەکەی لە عێراق لە کاتی شەڕە سەربازییەکاندا کوژراوە". ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرەڕای دانپێدانانی جۆو بایدن بە هۆکارەکانی مردنی کوڕەکەی، بەڵام هێشتا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کوڕەکەی بەهۆی عێراقەوە گیانی لەدەستداوە. سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی وتارێکیدا بۆ بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکان لە گۆڕستانی نیشتمانی ئارلینگتۆن رایگەیاندوە، "شێرپەنجەی مێشکی کوڕەکەی لە ئەنجامی بەرکەوتنی بە گازە ژەهراویەکان لە عێراقدا دروستبووە، کە بەهۆی غازانەی عێراق کە بونە هۆی چاڵی ئاگرین و لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا بۆ ژەهراویکردنی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەکارهێندران. سەرچاوە:New York Post
هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی فرەنسا رایانگەیاند، لە دوو شەوی رابردودا 63 کەس لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بریتانیا بە بەلەمی بچوک لە دەریاوە لە نۆکەندی ئینگلیزی رزگارکران. سەنتەری ئۆپەراسیۆنە ناوچەییەکان بۆ چاودێری و ڕزگارکردن لە گرێ-نی (باکوری فڕەنسا) لە دو شەوی رابردو دو ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی لە گەروی پاس دی کالای ئەنجامدا. 46 کەس لە کۆچبەرەکان لەلایەن کەشتییەکی کۆمەڵگەی نیشتمانیی فریاگوزاری دەریایی فەرەنساوە رزگارکراون کە لە بەلەمێکدا بوون و بزووێنەرەکەی لەکارکەوتووە؛ 17 کۆچبەرەکەی دیکەشیان دوای شکانی بەلەمەکەیان رزگارکردووە. ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکان چەند رۆژێک دێت لە سزادانی 5 ئەفسەری دەریایی فەرەنسا، بە تۆمەتی خەمساردی لە رزگارکردنی 27 کۆچبەر بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە لە نۆکەندەکەدا لە ساڵی 2021 کە بووە هۆی خنکانی کۆچبەرەکان. سەرەڕای مەترسییەکانی بەزاندنی یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێگا دەریاییەکانی جیهان، کۆچبەرانیش تادێت زیاتر لە کەناڵەکە دەپەڕنەوە نزیکەی 46 هەزار پەناخواز لە ساڵی 2022دا کەناڵەکەیان بەزاندوە کە زۆربەیان ئەفغانی و ئێرانی و ئەلبانی بون و هەشت هەزار پەناخوازیش لە ئاوەکانی فڕەنسا ڕزگارکراون.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە ڕەخنەگرتن لە ئێران دەیەوێت لە ململانێکان لەگەڵ روسیا هەوڵی وەرگرتنی یارمەتی و چەکی زیاتر لە رۆژئاوا بدات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانێکی ڤیدیۆیی دایەوە کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە و تیایدا سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە "گەلانی ئێران" کرد کە فشار بخەنە سەر حکومەتەکەیان بۆ دورکەوتنەوە لە "تیرۆریزمی ڕوسیا" و واز لە دابینکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی مۆسکۆ بهێنن کە بەکاری دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان لە ئۆکرانیا. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "دوبارەبونەوەی تۆمەتە ناڕاستەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا دژی ئێران ئامانجی ئەوەیە زۆرترین چەک و یارمەتی دارایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەربگرێت". ئێران لە سەرەتادا رەتیکردەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید بۆ ڕوسیا دابین بکات، بەڵام دواتر رایگەیاند، بەر لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا ژمارەیەکی سنورداریان بۆ دابین کردووە. ڕوسیا لەوکاتەوەی لە مانگی شوباتی 2022 دەستی بە لەشکرکێشی هەمەلایەنەی بۆ سەر ئۆکرانیا کردووە، هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بەهێزتر کردووە.
هاوڵاتی کاربەدەستان و میدیاکانی ڕوسیا ڕایانگەیاند ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زنجیرەیەک هێرشیکردۆتە سەر دامەزراوەو بۆرییە نەوتەکانی ڕوسیا لە قوڵای وڵاتەکەدا لەوانە بۆ سەر وێستگەیەکی خزمەتگوزاری بۆرییەکانی دروزبا و بەلایەنی کەمەوە دووکەس گیانیان لەدەستداوە. لەم هەفتەیەی دواییدا هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا لەناو ڕوسیادا لە زیادبووندایە و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا پێی وایە ئۆکرانیا لەپشت هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەوە بووە بۆ سەر کرێملن. ڕۆژنامەی کۆمێرسانت ڕایگەیاند لە ناوچەی تڤەر کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای مۆسکۆوە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر وێستگەیەک کە خزمەتی هێڵی بۆرییەکانی دروزەبا دەکات، کە یەکێکە لە گەورەترین بۆرییە نەوتییەکانی جیهان. لەو بارەیەوە ئەنجومەنی ناوخۆی تیڤەر ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە نزیک گوندی ئێرۆخینۆ کەوتۆتە خوارەوە کە نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیاوە دوورە. هاوکات قایمقامی هەرێمی بێلگۆرد لە ڕوسیا ڕایگەیاند، بۆردومانەکانی ئۆکرانیا بەلایەنی کەمەوە یەک کەسیان کوشتوە و سێ کەسیش برینداربوون، لەنێویاندا کچێکی تەمەن ۱۵ ساڵ و کوڕێکی تەمەن ۱۷ ساڵ هەن. کێڵگەی نەوتی دروزبا کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دروستکراوە، توانای ئەوەی هەیە ڕۆژانە زیاتر لە 2 ملیۆن بەرمیل پەمپ بکات، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر کەم بەکاردەهێنرێت لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی ئەوروپا هەوڵی کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە وزەی ڕوسیا دەدات دوای ئەوەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ساڵی ڕابردوو هێزی سەربازی نارد بۆ ئۆکرانیا.
هاوڵاتی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، سەدان هەزار تۆپخانەی کۆریای باشور لە رێگەی ئەمریکاوە بەرەو ئۆکرانیا دەڕۆن، ئەوەش دوای ئەوەی سیئۆل لە سەرەتادا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر پڕچەککردنی کیێڤ. جون هاکیو، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشور ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لەگەڵ پنتاگۆن گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە هەناردەکردنی تەقەمەنی، بەڵام ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بە "نادروست" ناوبرد و رەتیکردەوە بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە. سیئۆل، هاوپەیمانی واشنتن و بەرهەمهێنەری گەورەی تەقەمەنی تۆپخانەیە، تا ئێستا ڕەتیکردوەتەوە هاوکاری سەربازی کوشندە بۆ ئۆکرانیا بنێرێت، ئەوەش بەهۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕوسیا و کاریگەریی مۆسکۆ بەسەر کۆریای باکوردا، سەرەڕای زیادبونی فشارەکانی واشنتن و ئەوروپا لەسەری بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا. دوای ئەوەی سەرۆکی باشور مانگی ڕابردوو سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان کۆبونەوەیەکی لوتکەی ئەنجامدا، پێشکەوتنێک لە پێدانی چەک و تەقەمەنی بە ئۆکرانیا هاتۆتە کایەوە.
هاوڵاتی بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی دامەزراوەی گالۆپی ئەمریکی کە لە ئەمساڵدا ئەنجامدراوە رێژەی خەمۆکی لەنێو هاوڵاتیانی ئەمریکادا گەیشتوەتە 29%، کە رێژەیەکی بەرزە. لە توێژینەوەکەی دامەزراوەی گالۆپی ئەمریکیدا هاتووە، "لەکۆی شەش هاوڵاتی ئەمریکی یەکێکیان توشی نەخۆشی خەمۆکی بوون، کە ئەوەش رێژەیەکی بەرزە، ئاماژەی بەوەشکردوە، بەگوێرەی داتا کلینیکییەکان خەمۆکی بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرزبونەوەدایە و زیادیکردوە. باسی لەوەشکردوە، بەراورد بە چینەکانی دیکە نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو چینی گەنجاندا تەشەنەی کردوە، کە تەمەنیان لەخوار 30 ساڵییەوەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە رێژەی توشبون بە نەخۆشییەکە لەناو ژناندا زیاترە وەک لە پیاوان. فۆنیتا دۆتسون، دەرونناسێکی ئەمریکییە باسی لەوەکردوە، یەکێک لە هۆکارەکانی نەخۆشییەکە بایۆلۆجییە و توشبونی ژنانیش بەرێژەیەکی بەرزتر دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی هۆڕمۆن و خانەکانی لەش، هەروەها ژنان لایەنی سۆزدارییان لە پیاوان بەهێزترە. بەگوێرەی دوایین داتاکان، ئەمریکا پێویستی بە زیاتر لە هەشت هەزار راوێژاکاری دەرونی هەیە هەتا لەوبوارەدا کار بکەن، لەماوەی رابردوشدا کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەت هەندێک روێوشوێنیان بەمەبەستی باشترکردنی رەوشی دەرونی کارمەندەکانیان گرتوەتەبەر چونکە خراپی ژینگەی کارکردن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی توشبون بە خەمۆکی.
رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات هاوسەرگریی ئەو کچانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە لە سەرتاسەری وڵاتەکە زۆر بوەتەوە و کۆمەڵناسێکیش هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری هاوسەگریی کچان کەم تەمەن لەقەڵەم دەدات. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە چاپی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ماەی نۆ مانگی سەرەتای زستانی 2021 تا پاییزی ئەو ساڵە لانیکەم 27 هەزار و 448 کچ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران هاوسەرگیرییان کردوە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە. ئاماژە بەوە کراوە لە ساڵی 2017 ریژەی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام دوبارە ئەو رێژەیە لە ساڵی 2019 دەستی بە بەرزبونەوە کردوەتەوە. بە پێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران 31 هەزار و 646 کچی کەم تەمەن لە ساڵی 2020 و 32 هەزار 655 کچی دیکە کە ئەوانیش تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە لەو وڵاتە هاوسەرگیرییان کردوە. شەهەلا کازمیپور، کۆمەڵناس بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هاوسەرگیریی کچانی 13 ساڵ تەمەن بە یاسایی لەقەڵەم داوە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ زۆربونی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ لە یونان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەنگدەران دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بەگوێرەی راپرسیەکان کرییاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیری ئێستا لە پێشەوەیە. ناوەندەکانی دەنگدان لە کاتژمیر ٧ی بەیانیەوە کراونەتەوە و پرۆسەی دەنگدان تاوەکو ٧ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. پارتی سایریزای چەپ کە لە ٢٠١٥ەوە تاوەکو ٢٠١٩ لەسەر دەسەڵات بوو، هەوڵ دەدات، لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت. کرییاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیری یونان لە دوایین کۆبونەوەی جەماوەری خۆیدا رایگەیاندبوو کە بە مەبەستی بنیاتنانی یونانێکی نوێ، جارێکی دیکە هەوڵ دەدەن سەربکەون و بەم شێوەیە کۆتایی بە قەیرانەکان دەهێنن. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان کرییاکۆس میچۆتاکیس لە پێشەوەیە. راپرسیەکان دەڵێن، پارتی بنئاژۆخوازان بە سەرۆکایەتی کرییاکۆس میچۆتاکیس نزیکەی ٣٣٪ی دەنگدەکان بەدەست دەهێنێت. پارتی سایریزای چەپیش ٢٦٪ی دەنگدەکان و پارتی سۆسیالیستی پاسۆک – کینالیش ٨.٣٪ دەنگدەکان بەدەست دەهێنن. بەگوێرەی یاساکانی یونان، ئەگەر تاوەکو مانگی تەمووز حکومەتی نوێ پێکنەهێنرێت، هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە.
