پاش چوارساڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لەئیسپانیا کرایەوە

یەكەم كاری ئەو نوێنەرایەتییە بەدەستەخوشككردنی هەڵەبجەیە لەگەڵ شارێكی ئیسپانیا

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

پاش ئەوەی لەساڵی ٢٠١٩وە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیا داخرا، ماوەی زیاتر لە 20 رۆژە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیا و پرتوگال کراوەتەوە، بەمەبەستی برەودان بەپەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا.

بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیسپانیا لەئاستێکی مامناوەندا بووە، بەڵام پاش ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ تاڕادەیەک پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاستێکی خراپی بەخۆیەوە بینی، چونکە ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی کەتەلۆنیاو هەرێمی کوردستان پشتگیری ریفراندۆمەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بوو.

لەساڵی ٢٠١٩وە حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی لەئیسپانیا نییە، بەڵام لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال کرایەوە بەئامانجی گەشەدان بەپەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا، وەك نوێنەرایەتیەكە دەڵێت لەڕوانگەی پێشخستنی ئابووری و سێکتەری کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و هاندانی کۆمپانیاکان لەڕێی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە.

لەیەکەم هەنگاویشدا بانگهێشتی سێ وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەگەڵ دەستە خوشکی نێوان شاری هەڵەبجە و شاری گێرنیکای ئیسپانیادا.

دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەئیسپانیا تازە هەڵبژاردن تەواو بووەو چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی نوێن، تا لەگەڵیدا پەیوەندی دروستبکەین لەنێوان وەزارەتەکان بەتایبەت وەزارەتی دەرەوە کەسیاسەتی دەرەوەی ئیسپانیا دادەڕیژێت.

وتیشی: ئامانجمان گرنگیدانە بەسێکتەری گەشتوگوزارو کشتوکاڵ و هاندانی کۆمپانیاکانی ئیسپانیا بۆ وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستاندا بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، هەروەها پلان هەیە هەندێ فێرگەی وەرزشی ئەکادیمی بهێندرێنە کوردستان بەتایبەت ئێستا کار لەسەر ئەتلەتیکۆ مەدرید کراوە کەیاریزانی تۆپی پێ بەشێوەیەکی پیشەیی پێبگەیەنن کەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کارئاسانی دەکات بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی یاریزانەکانی کوردستان.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئیسپانیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بەمەبەستی سودوەرگرتن لەئەزموونی وڵاتی ئیسپانیا بەفەرمی بانگهێشتی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی حکومەتی هەرێممان کردووە بۆ ئیسپانیا، بڕیارە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم سەردانی ئیسپانیا بکەن، هەروەها بانگهێشتنامەی فەرمی نێردراوە بۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش مانگی تشرینی دووەم دێنە ئیسپانیا بۆ سودوەرگرتن لەکەرتی تەندروستی وڵاتی ئیسپانیا.

«پلانێکی دیکەی  درێژخایەنمان گەشەدانە بەپەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا، یەکێک لەئامانجەکانمانیشمان لەنزیکترین کاتدا بریتییە لەئامادەکاری بکەین بۆ دیداری ئاستی باڵا کەسەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا.» دارەوان حاجی حامید وای وت.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال وتیشی: لەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەئیسپانیاو پرتوگالدا هەفتانە حەوت رۆژ دەوام دەکرێت بەبێ بوونی هیچ پشوویەک بۆ ئەوەی ئەو پلانەکانانەی دامانناون بەباشی جێبەجێیان بکەین، یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکانیشمان کردنەوەی کونسوڵخانەی ئیسپانیایە لەڕێی دەستەخوشکی شارەکانەوە.

دەشڵێت: یەکێکی دیکە لەهەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال پارێزگای هەڵەبجە بکرێتە دەستەخوشکی شاری گێرنیکای ئیسپانیا.

شاری هەڵەبجە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیابارانکرا، شاری گێرنیکاش ساڵی ١٩٣٧ بەڕابەرایەتی سەرۆکی دیکتاتۆری ئیسپانی فرانکلین بەهاوکاری هیتلەر کەئەوکات شاری گێرنیکا داوای ئازادیان دەکرد بەو هۆیەوە خاپورکرا.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئیسپانیا باسی لەوەکرد کە لەیەکەم هەنگاویاندا شاری دهۆک و هەڵەبجەیان هەڵبژاردووە چونکە پێشتر شارەکانی هەولێرو سلێمانی چەندین کرانەوەیان هەبووەو دەستەخوشکی دیکەیان هەبووە بۆیە نابێت ئەو دوو پارێزگایەش لەبیربکرێن، پێشنیاری شاری بلباومان کردووە کەببێتە دەستەخوشکی شاری دهۆک، بەڵام هێشتا دڵنیا نین، وردتر دەگەڕێین تاشارێک بکەیەنە دەستەخوشکی دهۆک، بۆیە شاری بلباومان پێشنیارکردووە چونکە لەڕووی کەشوهەواو هەبوونی چیاوە لەدهۆکەوە نزیکە بەڵام هێشتا رێکارەکانی ماوە، لەئێستادا تەنها هەنگاوەکانی دەستەخوشکی هەڵەبجەو گێرنیکامان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دارەوان حاجی حامید ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کەسەردانی شاری گێرنیکایان کردو لەلایەن پارێزگاری گێرنیکاوە پێشوازیان لێکراوە، باسی بیرۆکەی دەستەخوشکییەکەو شاری هەڵەبجەو کیمیابارانکردنی شارەکەیان کردووە، ئەوانیش رایگەیاندووە کە لەگەڵ سێ شاردا دەستەخوشکیان هەیەو دەستەخوشکی زۆر ناکەن کەتەنها بڕیارێک و نووسراوێک بێت و بەکرداری کاری لەسەر نەکرێت، دەبێت هەردوولا سودمەند بن، بۆ ئەوەش پێشنیاری کرد کەپارێزگاری هەڵەبجە بانگهێشت دەکات لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەم و دواتر وەفدێکی ئەوان دێنە پارێزگای هەڵەبجە، پێشنیارکراوە ئەگەر هەموو رێکارەکان باش بەڕێوەبچن لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٤ دەستە خوشکییەکە ئیمزا بکرێت.

ئەگەر دەستەخوشکی نێوان دوو شار بکرێت کۆمپانیاکان، زانکۆکان، کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری ئەو دوو شارە پەیوەندیدار دەبن بەیەکەوە، هەروەها پەیوەندییەکان پێشدەخات و خەڵکی گێرنیکا سەیردەکەن بزانن شارەکەیان دەستەخوشکی چ شارێکی سەردانی ئەو شارە دەکەن بەمەش خەڵکی ئەو شارە هەڵەبجە دەناسن و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی شارەکە هەیە.

دەستەخوشکی شارەکان، ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٥ پاش جەنگی دووەمی جیهانی کاتێک ئەوروپا داڕووخا، کاتێک کلتورو وەرزشی شارەکان زیندوو بکرێتەوە بۆیە دەستەخوشکی لەوکاتەوە لەنێوان شارەکانی فەڕەنساو ئەڵمانیادا هەنگاوی نا، پاشان بۆ هەموو جیهان سەریهەڵدا.

رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندی بەبرپرسانی پارێزگای هەڵیبجەوە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بەو پرسە، بەڵام هیچکامێکیان ئامادە نەبوون لێدوان لەوبارەیەوە بدەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار