خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە ٧٢ شار

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە شەشەم ڕۆژدایە و لە ٧٢ شاردا ئازادیخوازان و دەنگە ناڕەزایەتییەکان ڕژاونەتە سەر شەقام، بەپێی دوایین ئاماریش لانیکەم ١١٩ خۆپیشاندەر دەستگیر کراون و حەوت کەس کوژراون و ٣٣ کەسیش بریندار بوون.

ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران لەبارەی ڕەوشی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە، لە شەشەم ڕۆژیدا دوایین زانیارییەکانی خستەڕوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ماوەی شەش ڕۆژە خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و لە ٧٢ شاردا ئازادیخوازان و دەنگە ناڕەزایەتییەکان ڕژاونەتە سەر شەقام، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی.

ئاماژە بەوەشکراوە، خۆپیشاندانەکان چووەتە قۆناغێکی بەرفراوان و گرژیی تێکەوتووە لەوانە، تەقەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە و هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی حکومەت و پێکدادانی سەختی شەقامەکان و سووتاندنی بنکەکانی پۆلیس، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە توڕەیی خەڵک لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.

باس لەوەشکراوە، خوێندکارانی زانکۆکان بە درووشمی وتنەوەی مەرگ بۆ دیکتاتۆر هاتوونەتە پاڵ خۆپیشاندەرەکان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، پێکدادان لە نێوان گەنجانی خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە، بەشێکی زۆری شارەکان کەتوونەتە دەستی ئازادیخوازان و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران هەڵاتوون، کە تەنها لە لوڕستان ١٣ کارمەند بریندار بوون و کەسێکیش کوژراوە.

بەگوێرەی ئاماری میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەتا دوێنێ ٢٩ خۆپیشاندەر دەستگیر کراون، کە ١٤ کەسیان کوردە، هەروەها سێ خۆپیشاندەر لە لوڕستان کوژراون، ئامارەکانی گرتن و کوشتن و برینداربوون، زۆر لەو ژمارانە زیاترن بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕژێمی ئێران ئامارەکان دەشارێتەوە، تا ئێستا ئاماری ڕاستەقینە بەردەست نییە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانە ئاشکرای کرد، لە ماوەی پێنج ڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا، لانیکەم ١١٩ خۆپیشاندەر دەستگیر کراون و حەوت کەس کوژراون و ٣٣ کەسیش بریندار بوون.

جێگای ئاماژەیە، لە ڕۆژی یەکشەمەوە خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانیان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، داوای جێبەجێکردنی داواکارەکانیان دەکەن، هەروەها داوا دەکەن مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئیران و عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران دەست لەکار بکێشنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار