دوو مووچەى ساڵى ڕابردوو کراون بە سپاردە و پاشەکەوت نەکراون
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى ڕاپۆرتێکى میدیاکانى یەکێتى و بەگوێرەى بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەوانى مووچەى هەردوو مانگى 11 و 12ـى 2025، خراوەتە بەشى ئەماناتى وەزارەتەکەوە، ئەمەش بەواتاى ئەوەى کەس چاوەڕوانى هاتنى مووچەى ئەو دوو مانگە نەبێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بە میدیاى یەکێتى ڕاگەیاند، بۆ ئامادەکردنى (حساباتى خیتامى) ژمێرەى کۆتایی ساڵ، مووچەى مانگەکانى 11 و 12ـى ساڵى 2025 کە لە بەغدادەوە ڕەوانەى هەرێمى کوردستان نەکراوە، لە بەشى خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان، بڕگەى مووچە کراوەتە بەشى (ئەمانات) واتە کراوەتە سپاردە و لە وەزارەتى دارایی دانراوە، هاوشێوەى مووچەى مانگى 12ـى ساڵى 2024 کە کراوەتە سپاردە، بەڵام سێ مووچەى کۆتایی ساڵى 2023 کە دابەشنەکراوە، لە بەشى خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان کراوەتە (ادخار) واتە پاشەکەوت کراوە، هاوشێوەى مووچە پاشەکەوتکراوەکانى دیکەى ساڵانى پێشوو، کە مووچەخۆران وەریان نەگرتووە.
وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، لە 26ـی تشرینی دووەم لیستی مووچەی مانگى 11 و لە 16ـی کانوونى یەکەم، لیستی مووچەی مانگى 12ـى ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کردووە، بەڵام وردبینییان بۆ نەکراوە.
بە کوردى و بە کورتى، کەس بەتەماى مووچەى مانگى 11 و 12 نەبێت، کە وەزارەتى دارایی دەڵێت، خراوەتە بەشى ئەماناتەوە، واتە؛ بەغداد نەیناردووە، هەرکات بەغداد ناردى ئەوا پێدەچێت دابەشبکرێت، وەزارەتى دارایی عێراقیش ئەمڕۆ لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، کۆتاییان بە دابەشکردنى مووچەى مانگى 12 هێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى تەواوى مووچەى 2025یان دابەشکردووە، بەڵام بە وشەیەک باسى مووچەى هەرێمى کوردستانیان نەکردووە.
بەغداد بۆ ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان، پشت بە سێ مەرجى دیاریکراو دەبەستێت، یەکەمیان، ڕادەستکردنى نەوتى خاو بە عێراق کە لە 27ـى ئەیلولى ئەمساڵەوە ڕادەستى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت ( سۆمۆ) دەکرێت، دووەمیان، تەرازووى پێداچوونەوە، سێیەمیش، ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتى مانگانە بە کاش.
وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دەڵێت، لە 26ـی تشرینی دووەم لیستی مووچەی مانگى 11 و لە 16ـی کانوونى یەکەمى 2025، لیستی مووچەی مانگى 12ـى ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کردووە، بەڵام وردبینییان بۆ نەکراوە، ئەمەش بە واتاى ئەوەى پشتگوێ خراوە.
حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ مووچەى مانگى 11 و 12 تەرازووى پێداچوونەوە و داهاتى نانەوتیى بۆ بەغداد نەناردووە، کە دەبوو هەرێمى کوردستان، تەرازووى پێداچوونەوە، کە بریتییە لە خەرجى و داهاتەکان لەگەڵ 240 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى ئەو دوو مانگەى بۆ بەغداد ڕەوانە بکردایە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو داهاتانەی نەناردوە بەغداد لیستى مووچەى ئەو دوو مانگەى پشتگوێ خستووە و وردبینیى بۆ نەکردووە.
بەغداد بۆ ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان، تەنیا لیستى مووچەى لەسەر سیدییەک ناوێت، کە جاران دەیانگوت کۆمپیوتەرەکانى وەزارەتى دارایی عێراق سیدییەکانمان ناخوێنێتەوە! بەڵکو پێویستە داهاتى نانەوتى کە 120 ملیار دینارە، لەگەڵ تەرازووى پێداچوونەوە، کە خەرجى و داهاتەکانى مانگە بنێرێت، بەڵام وەزارەتى دارایی خۆمان، تەنیا لیستەکەى لیستەکەى بە سیدى و بە کاغەز بۆ بەغداد ناردووە، بەتەماشە مووچەى دوو مانگى بۆ بنێرێت!، هەربۆیە ئێستا ئەو لیست و شتە خراوەتە بەشى ئەماناتى وەزارەتى دارایی لە هەولێر.
هاوکات لەگەڵ چوونە ساڵی نوێ وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دەڵێت، ڕاستە داهاتى نانەوتى و تەرازووى پێداچوونەوەیان نەناردووە، بەڵام بۆ تەرازووى پێداچوونەوەى مانگى 11 ئامادە کراوە، بەس نەمانناردووە، نازانرێت بۆ! دەشڵێت، هەفتەیەک پاش ساڵى نوێ، تەرازووى پێداچوونەوەى مانگى 12 ئامادە دەکەین، ئیدى کەى دەینێرن ئەوەیان دیار نییە.
پێشتر میدیاکان ئەوەیان ئاشکراکردبوو، وەزارەتى دارایی گفتوگۆی لەگەڵ بەغداد کردووە بۆ ئەوەى 240 ملیار دینار لە تەمویلى مووچەى مانگەکانى 11 و 12 ببڕێت و مەقاسەى بکات، بەڵام بەغداد ئەوەى قبوڵ نەکردووە، ئەمەش واتە بەغداد هەردوو مووچەکە بنێرێت، بەڵام پێش ناردنى بۆ هەر مانگێک 120 ملیار دینارى لێ دەربکات، لەبرى داهاتى نانەوتى، ئەمەش نەکرا.
بەرپرسێکى دارایی لە بانکى ناوەندى هەرێمى کوردستان لقى سلێمانى، بە گەشبینییەوە قسەى بۆ کردین و گوتى، "لەڕووى ژمێریارییەوە ناتوانن بڵێن ئەو دوو مووچەیە فەوتاوە، بەڵکو کراوەتە سپاردە، دەبێت عێراق لە بودجەى 2026 یاداشتێک زیاد بکات، کە مووچەى مانگى 11 و 12ـى نەناردووە و لە بودجەدا دیاریى بکات، بەڵام ئەوە هەوڵى زۆرى دەوێت".
ئەمە لەکاتێکدایە، بەغداد ئەوەى بڵاوکردووەتەوە پاش پشووەکانى ساڵى نوێى 2026، مووچەى مانگى کانوونى دووەم، واتە مانگى یەکى خانەنشینان و تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى دابەش دەکرێت و کەناڵ8 ئەوەى لە دارایی هەرێمى کوردستان وەرگرتووە لەمانگى داهاتوو کە مووچە ڕەوانە دەکرێت وەک مووچەى مانگى یەکى ساڵى 2026 دابەش دەکرێت.
