پاشاکانی لۆگال
2 كاتژمێر لەمەوپێش
حسێن ئەحمەد/ فەرەنسا
لە مێژووی کۆندا زۆر ڕووداوی قوڵ و کاریگەر و گەورە هەبوون، یەک لەو ڕوداوانە، ڕۆنانی یەکەمین دەوڵەتە کە بەرواری بونیادنانی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار و سێسەد ساڵ پێش مەسیح، ئەو دەوڵەتەیش لە میزۆپۆتامیا، لە شارەکانی ئوروک و لاگاش و ئوور دروستکران، بە پێی نەخشەو ئەتڵەسی میزۆپۆتامیای کۆن و کارتە هاوجەرخە جوگرافییەکان، شاری ئوروک دەکەوێتە باشووری عێراق، نزیک لە شاری وەراق سەر بە پارێزگای واسیتە.. کە لادێیەکی ئارکیولۆجی کۆنەو مەیدانی لێکۆڵینەوەی توێژەرانی بواری شوێنەوار ناسییە.
ئەگەر چی ناوی کۆی پاشاکانی ناو سیستەمی حوکمی شاری ئوروک لە مێژوودا نادیارو تەماوی و لێڵە، بەڵام بە پێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی شاری ئوروک کۆمەڵێک پاشای هەبووە و دیارترین و نزیکترینیان لە مێژووی ئێمەوە گلگامێش ولوگالزاگێسی بووە کە بە پاشاکانی لوگال ناسراون، ئەوان پێش یاساکانی حاموڕابی، لە سەرەتاییترین و یەکەمینەکانی یاساکانیان دەر کردووە.
ئەوەی تەمای گرنگی ئەم نوسینەبێت بریتییە لەپێشچاو خستنی میتۆدۆلۆژی پاراستن و هێڵانەوەی خاک وەک بوویەکی سەروەر لە مێژودا، کە پاشاکانی لۆگال ئیشیان پێکردووەو پێیەوە پابەند بوون.
یەکێک لەدیارترین یاساکانیان لە چوارچێوەی زیاتر لە پانزە بەندی یاسایی دا بریتییبووە لە یاسای پاراستن و سەروەری خاک، چونکە بۆ پاشاکانی لۆگال خاک موقەدەس و پیرۆز بووە وسەرچاوەی بەدەستهێنانی خۆراک و ئیدارەدانی تەمپل و تقوسە دینییەکان و کۆکردنەوەی سامان و چنینەوەی بەروبومە سروشتییەکان بووە، لە سەروو هەموو ئەمانەوە بۆ پاشاکانی لۆگال، خاک پێدراوێکی خوایی بووە ، بۆیە پاراستن و بەرگری کردن لە خاک، وابەستەیە بە پاراستن و بەرگریکردنەوە لە پەیام و ئامانجەکانی خوا.
ئەگەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پاشاکانی لۆگالدا ویستێک بۆ فراوانخوازی، یان ئیرادەیەک بۆ جەنگ و هەژموون بەسەر گەلانی دیکەدا، ئەگەر تەمایەک هەبووبێت بۆ بەدەستهێنانی ماڵ و سامان و لۆجیستیکی جەنگی لە ڕێگەی جوڵەی سوپاوە، ئەوە هەر جوڵەیەکی سوپا بەناوی خوا، هەر داگیر کارییەک بەناوی ئازادکردنی خوا، هەر دەسکەوتێکی سامان بەناوی ناندانی منداڵەکانی خواوە بووە، بۆیە کۆی ئەو جەنگانەی پاشاکانی لۆگال بەرێوەیان دەبرد لە مێژووی دەسەڵات و حوکومڕانییاندا ، تەواویان جەنگی پیرۆز بوون و هەڵواسینی وێنەی عەشتار و ئینانا لە دەروازەی شاری ئوردا، هەڵواسینی وێنەی دوو هێزی خودایی بوون کە شار و دەوڵەت و پاشایان دەپاراست
لە ئۆنتۆلۆژی هاوچەرخی خاکی دەوڵەتاندا، بەمەزەندە بە خاک لە مێژووی دروستبوونی یەکەمین دەوڵەتەوە لە میزۆپۆتامیا، دەبینین هێشتا خاک نرخی کەمی نەکردووە، بەڵکوو پیرۆزییەکانی زیاتر بوون و خاک لە زمانی بەشێکی نوێ لە فالسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا لەوە دەرچووە کە ڕوبەرێکی جوگرافی بەرد و خاک و خۆڵ و شاخ و کانی و ئاو بێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ سەر شێوەی مرۆڤ بێهودە نییە فەیلەسوفێکی وەک ئەشیل مامبێ لە زمانی وەسفێکی میتافۆڕیدا بۆ فەرەنسا دەڵێت : فەرەنسا لەوە دەرچووە تەنیا خاکێکی بێ گیان بێت، بەڵکو ئەمڕۆ فەرەنسا سەراپا گۆڕاوە بۆ مرۆڤێک، یەکانگیرە لەگەڵ شکۆو کەرامەت و ئەمان و بنەماکانی ئازادییدا.
بەپێی گوتەکەی ئەشیل مامبێ و ئەو ئەنالیزە ڕەخنەییانەی کە لەسەری هەیە، مرۆڤی مۆدێرن، بە تایبەت جیلی نوێ، زەحمەتە بتوانێت لە خاک تێبگات ، هەتاکو لە تەفوکوری خۆیدا نەیگۆڕێت بۆسەر توخمی مرۆڤ و وەک مرۆڤێکی باڵاتر لە مرۆڤ و بە تەواوی پێداویستییەکانی مرۆڤبوونییەوە وێنای نەکات چونکە پێویستییەکانی خاک، هەمان ئەوکاتیگۆریانە لە پێویستین کە مرۆڤ وەک بوویەکی باڵا لە فازای بوندا دروسدەکات و دەشیهێڵێتەوە.
چەمکەکانی وەک:
(سەربەخۆیی، ئازادیی، زمان، ئابووریی، ئەمان، نان، ئاو، پەیوەندیی، گیان، خۆشەویستیی، خاوەندارێتیی، بەها) ، کۆمەڵێک پێدراوی سروشتین بە مرۆڤ و بە خاک،نە دەتواندرێت مرۆڤ لەو پێدراوانە داببڕێنرێت، نە مومکینە خاک بە بێ ئەو پێدراوە سروشتییە تەئریخیانە وەک خاک و لە چوارچێوەی پێناسەماندا بۆ خاک بمێنێتەوە.
توشی دەشهەت دەبین، تائەمڕۆ لە زمانی کەمترین ڕۆشنبیر و دەستەبژێری زۆر کەمی سیاسیی و بچوکترین پاکەتی ڕێسێرچەری لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەوە کوردستان لە ئاستی زمانی میتافۆڕیدا بۆ بەرچاوخستنی نرخ و بەهای زیاتر وەک مرۆڤی تەواو بە کۆی ژانرەکانییەوە پێناسە نەکراوە، بەڵکو وەک مانای ئەبستراکتی لادێیەک پێناسە کراوە کە دەڕوخێنرێت، شەقامێک کە تێک دەدرێت، پنتێکی جوگرافی بێ فەڕ کە شانۆی بەریەک کەوتنی سەربازی وڵاتانەو موزەکەرەی نوسینی ئەنجامەکانی بردنەوەو دۆڕانی قوماری وڵاتانی ناو سیستەمی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە لەگەڵ یەکتریدا.
ئەگەر زمانی ئەدەبیاتی کلاسیکی ئێمە و بەشێک لە ڕۆشنبیرانی سۆسیالیست و سۆسیالدیموکرات و تاقمێک لە کۆمۆنیزمەکانی شۆشی نوێی کوردی پێیان وابووبێت خاک دایکەو لە ڕێگەی بەکاربردنی چەمکی دایکایەتییەوە بۆ خاک لە پرسی مرۆڤبوونێکی ئەویندارانەو عاتیفی نزیکیان کردبێتەوە، ئەوا هەرزوو ئەم پیرۆزییە دایکانەیە بەرنەشتەری ئایدیای دینی کەوتوون، کە بەردەوام شۆڕشگێڕانی دینی ئێمە تەنیا دوو سەرزەمینیان وەک پیرۆزی ڕەها، یاخود وەک موقەدەسی زەمینی باس کردووە، کە ئەوانیش خاکی قودس و شاری مەککەی موکەڕەمەبووە.
لەبەردەم ئایدیای دینیدا هەمیشە ئایدیای نیشتیمانی و ناساندنی خاک وەک مرۆڤ و وەک ڕوبەرێکی فراوانی ڕۆحیی کە خوێن و ئێسقانی لەگەڵ سولالە بە سولالەو جومگە بە جومگەی مرۆڤدا ئاوێتەیە، ئەگەر شکستی قووڵی نەخواردبێت، نەشیتوانیوە گەشەی خیرا بکات..
من نامەوێت لەم پەنجەرە بچوکەوە ڕەخنە لە شۆڕشگێڕانی دینی بگرم لە مێژووی سیاسیی گەلی کوردا، ئەوەندەی گرنگە بەلامەوە هۆشیارییەکی نوێ لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا دروست بکرێت، باوەڕ و تێڕوانینی سونەتی بۆ خاک و نیشتیمان توشی وەرچەرخان و گۆڕانکاری بکات و پیرۆخی و قوڵایی زیاتری بۆ عەشق و ئەڤین پێببەخشێت.
ئەوەی کە خاک دایکە، لە گوتاری سیاسیی شۆڕشگێڕانی ئێمەدا ڕەنگە نەیتوانیبێت بەتەواوی پێداویستییەکانی دایکێک بە منداڵەکانی پێشچاو بخات، بەڵکو بەردەوام لە مێژووی نەتەوەی ئێمەدا فۆڕمێک لە دایکی خۆشەویستی ماندوو کراوی هیلاککراو کەوتۆتە سەر شانۆ، کە بەردەوام پاڵەوانی گەورەی خستۆتەوە تا بتوانێت ماندووتری بکات و خزمەتی زیاتر لە دایکی نیشتیمان وەربگرێت.
جگە لەوەی لە چوارچێوەی مرۆڤبووندا دایک و نیشتیمان ئەشێ لە یەک بچن، بەڵام لە چوارچێوەی بەهاو خزمەتگوزاریدا لەیەک جیاوازن، چونکە مرۆڤبوونی خاک بە مانایەکی کۆمپلێت ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر مرۆڤایەتی لە جیهاندا کە تەواوی مافە بنچینەییەکانی دابین بکات.
جیا لە وێناکردنی خاک وەک دایک لو مێژووی گەلاندا،
ئەگەربمانەوێت پشکنینێکی تەئریخی و فەلسەفی زیاتر بۆ وێناکردنی خاک و زەوی وەک ئەستێرەیەکی خاوەن ڕۆح و جوڵە بکەین و بمانەوێت خەسڵەتی مرۆڤێکی زیندووی پێببەخشین، ئەوا لە فەلسەفەی کلاسیکیدا دەتوانین بەر فەلسەفەی ئەنترۆپۆمۆرفیزمی ئەفڵاتۆن بکەوین، بە تایبەت لە کتێبی تیمائوسدا کە ئەفڵاتۆن بە قووڵی زمانی تەسەور دەخاتە گوێچکەمانەوە و پێمان دەلێت :
سەرزەمین بەشێکی دانەبڕاوە لە گەردونێکی زیندووی یاسا ڕێژ، کەهەر جوڵەیەکی بەشێک لە عقڵانی بوونی وێنا دەکات، یاخود لە مێژووی زانستدا زانایەک و تیۆریسیانێکی وەک جەیمس لۆڤلۆک دەدۆزینەوە کاتێک لە ئەنالیزێی چەمکی گایادا پێی وایە کە سیستەمی ( گایاـ خاکـ ـ زەمین ) سیستەمێکی زیندووی ڕۆحانی چارەسەر کراوە، کە تەواوی یاساکانی رایەڵ دەبێتەوە بە بونیادە ڕۆحییەکانی مرۆڤەوە. یان بریونۆ لاتوور،کە بە یەکێک لە باوکەکانی فەلسەفەی ئەنترۆپۆمۆرفیزمی فەرەنسی هەژمار دەکرێ و بوێرانەتر لەم تەسەورەی لۆڤلۆک دەڕواو تەنانەت لاتوور زەوی دەکات بە کاراکتەرێک هاوشانی مرۆڤ بۆ هەر کارێک کاردانەوەی تایبەت و دیاریکراوی هەیە بریونۆ لاتوور لە پێناسەی چەمکی گایای جەیمس لۆڤلۆکدا دەنوسێت :( گایاـ خاک)، ئەو ئەکتەرە زیندووەیە، کە بەردەوام کار دەکات و کاردانەوەیشی بەرانبەر بە هەرکارێکی مرۆڤ هەیە.
بە مانایەکی تر، لاتوور پێیوایە چیتر ناتوانئن خاک وەک کۆنتێکستێکی بێلایەن و بێقوڵایی تەماشاکەین، بەڵکو بە تێڕوانینی ئەو سەرزەمین لەگەڵ جوڵەی مرۆڤایەتیدا جوڵەدەکات و لەگەڵ کەوتنی مرۆڤایەتیدا دەکەوێت و لەگەڵ کرداری مرۆڤایەتیدا کاردانەوەی هەیە و لەگەڵ باڵابوونیدا باڵا دەکات.
لە ڕێگەی جیهانبینییەکی لەو شێوەیەوە زیاتر تێدەگەین کە خاکیش خودانی تەواوی پێداویستی و داواکارییە فەرهەنگی و ئابووری و ڕۆحی و ئۆنتۆلۆژییەکانی مرۆڤە بە فۆڕمی خۆی، نەخاک دەتوانيت بە بێ مرۆڤ ببيیە ئەستێرەیەکی گەشەکردووی مایەی ژیان و خولقاندن، نە مرۆڤیش دەتوانيت بە بێ هەبوونی سەرزەمینێک تێیدا بژی وەرچەرخێنەری کۆی دیشلییەکانی مێژوو بێت بۆ پێشەوە.
