سلێمانی وەرگرتنی دۆلاری سپی بۆ 20% کەم دەکاتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەرگرتنی دۆلاری سپی لە سلێمانی بۆ 20% کەم دەکرێتەوە و بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوێکی لەو جۆرەش هەولێر چاوەڕێی دهۆکە.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارمان داوە وەرگرتنی دۆلاری چاپی سپی لە 30%ـەوە بکەینە 20% و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە کاری پێ دەکرێ."
پێشتر لە مامەڵە داراییەکان بە دۆلار، لە وەرگرتنى دۆلاردا 70%ـی چاپی شین و 30%ـی چاپی سپی بە بەهاى بازاڕ مامەڵەی پێوە دەکرا. ئەگەر رێژەی دۆلارە سپییەکە لە 30% زیاتر بووایە، بە نرخێکی کەمتر وەردەگیرا.
جەبار گۆران رایگەیاند، بەگوێرەى بڕیارە نوێیەکە ئەگەر رێژەى دۆلارى سپى 20% زیاتر بێت بە نرخى کەمتر وەردەگیرێت. ئێستا لە هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆک کار بە رێژەی 30%ـی دۆلاری سپی دەکرێ لە مامەڵەى ئاڵوگۆڕى دراو.
سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر دهۆکیش هەمان هەنگاوی سلێمانی بنێت و وەرگرتنی دۆلاری سپی کەم بکرێتەوە بۆ 20%، ئێمەش هەمان بڕیار دەدەین و ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (4ـی کانوونی دووەم) بڕیار لەو بارەیەوە دەدەین."
بەهای 100 دۆلاری چاپی سپی بەراورد بە چاپی شین لە بازاڕدا، سێ بۆ چوار هەزار دینار کەمترە.
هەردوو بەرپرسەکەى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراو لە هەولێر و سلێمانى ئاماژە بەوەدەدن کە ئەو دۆلارە سپییەى کەوتووەتە بازاڕى هەرێمى کوردستانەوە، وەک ئەوەى بەدواداچونیان کردووە سەرچاوەکەى بەغدا و کۆمارى ئیسلامى ئێرانە.
