ئەمریکا پلانی هەیە چەکی دوورمەودای قەدەغەکراو بۆ ئۆکرانیا بنێرێت

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئیدارەی بایدن نزیکە لەپەسەندکرندی ناردنی موشەکی دوورمەودای بۆمبی هێشوویی (دەستەیی) بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش توانایەکی گەورەو بەرچاو دەداتە کیێڤ تا بتوانێت گورزی کوشندە بدات لەڕوسیا لەناو خکای خۆیدا.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە لەزاری چوار بەرپرسی ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتووە، ئیدارەی بایدن ئەو مووشەکە دوورمەودایانە بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت و چەکەکان دەتوانن زیانی گەورە بگەیەنن بەو ناوچانەی لەژێر دەستی روسیادان.

پێشتر واشنتن چەکی هێشوویی ١٥٥ ملیمی ناردووە بۆ ئۆکرانیاو لەتۆپهاوێژەکاندا بەسەرکەوتوویی تاقیکردووەتەوەو لەجەنگی دژی روسیا بەکاریهێناوە. موشەکی هێشوویی بەو موشەکانە دەوترێت کەچەندین بۆمبی بچوکتری لەخۆی گرتووەو زیانێکی زۆر دەگەیەنێت کاتێک هەڵدەدرێت و رەنگە هەندێکی نەتەقێت، ئەمەش مەترسییەکی ترە بۆ سەر خەڵکی سڤیل کە رەنگە دوای چەندین ساڵ زیانیان پێبگەیەنێت.

بەپێی قسەی سێ بەرپرسی ئەمریکی کە بۆ رۆیتەرز قسەیان کردووە، دوای سەرکەوتنی بەکارهێنانی ئەو بۆمبانە، ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە دوو جۆری تری سیستەمی موشەکی بنێرێت بۆ ئۆکرانیا کە یەکەمیان سیستەمی موشەکی تاکتیکی سوپایەو دەتوانێت ٣٠٦ کیلۆمەتر ببڕێت یان سیستەمی هەڵدەری چەند موشەکی کەتوانای هەیە زیاتر لە ٧٢ کیلۆمەتر ببڕێت و پڕدەکرێت لەبۆمبی هێشوویی.

بەپێی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە، ئەگەر هەرکامیان پەسەند بکرێت، ئەوا ئامادەن بەخێایی بنێردرێن بۆ کیێڤ.

لەئێستادا ئۆکرانیا تۆپهاوێژی ١٥٥ ملیمی هەیە کەتۆپەکانی ٢٨ کیلۆمەتر دەبڕن و دەتوانن ٤٨ بۆمبی بچوک هەڵبگرن.

سیستەمی یەکەم کە لەپێداچوونەوەدایە بۆ ناردن دەتوانێت  زیاتر لە ٣٠٠ بۆمبی بچوک هەڵبگرێت و سیستەمی دووەمیش کەچەند مانگێکە ئۆکرانیا هەیەتی، دەتوانێت زیاتر لە ٤٠٠ بۆمبی بچوک هەڵبدات.

دووان لەسەرچاوەکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی پێشڕەوییەکانی ئۆکرانیا دژی روسیا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە دیوە، ئیدارەی بایدن سوورە لەسەر ئەوەی توانستی سوپای ئۆکرانیا لەم کاتە گرنگەدا زیاد بکات.

هەر چوار سەرچاوەکەی رۆیتەرز باس لەوە دەکەن کە ناردنی هەردوو سیستەمەکە یان یەکیکیان بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوەو رەنگە ئەگەرەکە هەڵبوەشێتەوە. ئیدارەی بایدن چەندین مانگە کێشەی بۆ دروستبووە لەبڕیاردانی ناردنی سیستەمی یەکەم، چونکە ترسی ئەوەی هەیە ناردنیان بۆ ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە وەک هەنگاوێکی زۆر «شەڕانگێزانە» لێکبدرێتەوە.

سیستەمی یەکەم، یان سیستەمی موشەکی تاکتیکی سوپا، بۆ مەبەستی «هێرشی قوڵ لەهێزەکانی دووەمی بەرگری دوژمن» دروستکراوەو دەکرێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی فەرمان، ناوەندەکانی کۆنترۆڵکردن، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی و شوێنە لۆجستییەکان بەکاربهێنرێت، هەروەها بۆ بەشەکانی پشتەوەی بەرەکانی پێشەوەی جەنگیش دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت.

کیێڤ چەندینجار داوای لەئیدارەی بایدن کردووە بۆ رەوانەکردنی ئەم سیستەمە کە دەتوانێت لەهێرشەکانیدا سوودی لێ ببینێت و هێڵەکانی سەرچاوەی سەربازی سوپای روسیا پەکبخات و هێرش بکاتەسەر بنکە ئاسمانی و تۆڕە ئاسنیینەکان لەو ناوچانەی لەلایەن روسیاوە داگیرکراون.

هەفتەی رابردوو دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاو هاوتا ئەمریکییەکەی، ئەنتۆنی بلینکن، گفتوگۆیی ناردنی موشەکی دوورمەدایان کردو وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا هیوای خواست بڕیارێکی ئەرێنی لەبارەوە بدرێت.

یەکێک لەسەرچاوەکان دەڵێت، «ئێستا کاتییەتی» چونکە هێزەکانی ئۆکرانیا لەهەوڵی ئەوەدان بدەن لەهێڵەکانی سوپای روسیا لەباشوری شاری ئۆرکیڤ بەمەبەستی پەرشوبڵاوکردنی هێزەکانی روسیاوهەڕەشە دروستکردنی بۆ سەر هێڵەکانی سەرچاوەی سەربازی سوپای روسیا.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، ئەو دوو سیستەمە بەو توانایانەیانەوە نەک هەر ورەی ئۆکرانییەکان بەرزدەکەنەوە، بەڵکو گورزێکی کوشندەی تاکتیکیش دەدەن لە روسیا.

بەپێی قسەی سەرچاوەکان، پلانەکەی ئەمریکا بەجۆرێکە کە ئەو چەکانە لەخۆبگرێت کە بۆمبی تێدایە. لە ئێستادا ئۆکرانیا تەنها یەک تۆپهاوێژی دروستکراوی ئەمریکی هەیە ئەویش ئەوەیە کە تۆپی ١٥٥ ملیم لەخۆدەگرێت و لەمانگی تەمموزدا راگەیاندرا کە بۆ ئۆکرانیا نێردراوە.

چەکە نوێیەکان توانای ئەو سیستەمە بەهێز دەکەن کە لەئێستادا ئۆکرانیا هەیەتی و مووشەکەکانی توانای بڕینی ٢٨ کیلۆمەتریان هەیە و دەتوانن ١٠٠ هەزار پارچە هەڵبدەن نەک بۆمبی بچوک.

ئەمریکا چەندین جار لەدەستپیکی جەنگەوە چەکی جۆراوجۆری بۆ ئۆکرانیا ناردووە و لەئێستادا ئەو فەرمانەی کەهەیە بۆ ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بە زوویی جێبەجێ دەکرێت کە لەنێوان چەند رۆژێک بۆ چەند هەفتەیەکدایە.

دوو لەبەرپرسەکانی ئەمریکا ئەوەیان بە رۆیتەرز وتووە کەپێش ئەوەی ئەو سیستەمانە بنیردرێن، پێویستە ئەپگریەد یان تازەکردنەوە لەو سیستەمانەدا بکرێت کە ئێستا ئۆکرانیا بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ سیستەمە نوێیەکان بیانگونجێنێت.

بەڵام چونکە بڕیاری کۆتایی نەدراوە لەسەر ناردنی ئەو سیستەمانە، روون نییە کە ئەو چەکانە دەبنە بەشێک لەوانەی کە دیاریکراون بۆ ناردن لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە. رەنگە چەکەکان ببنە پاکێجێکی ناردن لەگەڵ چەکی تردا لەدەوروبەری ١٩ی ئەم مانگە.

بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، رەنگە دژی ناردنی سیستەمەکان بڕیاربدات یان رەوانەکردنیان دوابخات.

چەکی هێشوویی لەلایەن زیاتر لە ١٠٠ وڵاتەوە  قەدەغەکراوە. روسیاو ئۆکرانیاو ئەمریکا لەو پەیماننامەیە بەشداریان نەکردووە کەچەکی هێشوویی قەدەغە دەکات، کە بەپێی پەیماننامەکە بەرهەمهێنانی، عەمبارکردنی، بەرکارهێنانی و گواستنەوەی ئەو جۆرە چەکە قەدەغەیە.

ئەو چەکانە بۆیە قەدەغەن چونکە مەترسییەکی گەورەن و لەجارێکدا ژمارەیەکی زۆر بۆمبی بچوک بەناوچەیەکی فراواندا بڵاودەکەنەوە کە رەنگە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بکوژێت. ئەگەری هەیە کەهەندێکیان نەتەقن و ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵکی سڤیل، تەنانەت چەندین ساڵ دوای کۆتایهاتنی جەنگیش.

لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە کە روسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، واشنتن بەبەهای ٤٠ ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی کیێڤی کردووە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار