zhyr

بەریتانیا گروپی ڤاگنەری ڕووسی خستە نێو لیستی تیرۆری وڵاتەکەیەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بە پشت بەستن بە بڕیارەکەی 6ـی ئەم مانگەی پەرلەمانی وڵاتەکەیان بۆ قەدەغەکردنی گرووپی ڤاگنەر، بڕیاریانداوە ئەو گرووپە وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنن.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، هەر شتێک پەیوەندی بە گروپی سەربازی ڤاگنەرەوە هەبێت یان هاوکاری ئەو گروپە بکات وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سزای 14 ساڵ بەندی بەسەردا دەسەپێندرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو سوەیلە برێڤەرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڤاگنەری وەک داردەستی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا ناوبرد.

ڤاگنەر دەبێتە رێکخراوى ژمارە ٧٩ لەنێو “لیستى تیرۆر”ـى بەریتانیاندا، کە سەرەتاى ئەم مانگە یاساى قەدەغەکردنەکەى پێشکەشى پەرلەمانى بەریتانیا کرابوو.

وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا ئاشكرایکرد، بڕیارەکە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و بەوەش هاوسۆزی و پێشکەشکردنى هاوکارى بە رێکخراوەکە، بە تاوان هەژماردەکرێت لە بەریتانیا، سزاکەى بەندکردن کە دەگاتە ١٤ ساڵ یاخود پێبژاردن دەبێت .

دیارترین رێکخراوە قەدەغەکراوەکان لە بەریتانیا بریتین لە ( چەتەکانی داعش، قاعیدە و حیزبوڵڵاى لوبنانى).

لێکۆڵینەوەیەکی "بی بی سی" لە گروپی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەکردووە، دیمیتری ئوتکین ئەفسەری پێشووی سوپای رووسیای تەمەن 51 ساڵ، پێدەچێت ئەو کۆمپانیای "ڤاگنەر"ی دامەزراندبێت.

گرووپی ڤاگنەر بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکان دەکەن لە ژمارەیەک وڵات کە شایەتحاڵی ململانێ ناوخۆییەکانن، لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادایە، لە بەرامبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبەن.

هەروەها سەرکردەی گروپی ڤاگنەر یەڤگینی پریگۆژین بوو، لە ساڵی 1961 لەدایک بووە بە شێفەکەی پوتن ناسرابوو، لە ساڵی 2014 لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گرووپی ڤاگنەریان دامەزراند، ئەم گرووپە لە وڵاتەکانی رووسیا، بێلاڕووس، ئۆکرانیا، سووریا، سودان، مۆزەمبیق، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، مالی و لیبیا، چالاکییان هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار