محەممەد بن سەلمان: نزیکین لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جینیشینی سعودیە رایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت ئەوا "ئێمەش دەبێت بەدەستیبهێنین."

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی کاتێک محەممەد بن سەلمان پرسیاری چۆنیەتی دانوستانەکانی لێکرا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەنددییەکانی سعودیە و ئیسرائیل، رایگەیاند، "هەر رۆژێک تێپەڕێت زیاتر نزیک دەبینەوە" لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. 

وتەکانی بن سەلمان لەکاتێکدایە کە ئیدارەی بایدن لە هەوڵی جدیدایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کە هەردووکیان هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە رێی پەیماننی ئەبراهام یان رێککەتننامەی ئاشتی ئەمریکا تا ئیستا چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە کە بریتین لە بەحرەین، ئیمارات، سودان و مەغریب.

لە دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سعودیە داوای گەرەنتی ئاسایش لە ئەمریکا و بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی دەکات لەگەڵ سازانی ئیسرائیل لەسەر بابەتی فەلەستین.

"بۆ ئێمە پرسی فەلەستینییەکان زۆر گرنگە، پیویستە ئەو بابەتە چارەسەر بکەین و تا ئیستا ستراتیجیەتێکی باشمان هەیە لەسەر ئەو بابەتە، هیوامان وایە ژیانی فەلەستینییەکان ئاسان بکەین"، بن سەلمان وای وت.

محەممەد بن سەلمان سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی رایگەیاند، "ئەگەر چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنن ئێمەش دەبێت هەمان بێت بۆ هۆکاری ئەمنی و هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەوە رووبدات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار