هەڵمەتێکی گەورە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی دەستیپێکردووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەڵمەتێکی فراوان بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە هاشتاگی #ئازادی_بۆ_شێروانی #الحریة_لشیروانی #freedom_for_sherwani دەستیپێکردووە بەمەبەستی فشارخستەنەسەر سەر دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماوەی سزای رۆژنامەنوسەکە.

ژمارەیەک لە چالاکوان، رۆژنامەنوسان و نوسەران لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە بە ئامانجی ئەوەی فشار لەسەر دادگای تەمیز دروست بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردنی شێروانی لەلایەن دادگای هەولێرەوە.

لە 20ی مانگی رابردوو شێروان شێروانی بە تۆمەتی ساختەکاری سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. بڕیارەکە کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بە "نادادپەروەرانە" وەسفیان کرد کە بەپێی تۆمەتەکە شێروان شێروانی لەبری هاوڕێکانی پەنجەمۆری ساختەی کردووە.

ئەم بڕیارە وایکرد کە شێروان شێروانی ماوەی زیندانییەکەی درێژببێتەوە بەوپێیەی دەبوو مانگی داهاتوو ئازاد بکرایە. لە مانگی ئابی 2020 شێروان شێروانی و چەندین رۆژنامەنوس و مامۆستا لە پارێزگای دهۆک بەتۆمەتی سیخوڕیکردن سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا.

ئەو هەڵمەتە فراوانەی دروست بووە مەبەست لێی ئەوەیە تەواوی نوسەران و ئازادیخوازان و چالاکوانان لە بڵاوکردنەوە و بەرفراوانکردنیدا بەشداربن بۆ ئەوەی فشارێکی ڕاستەقینە دروست ببێت و دەسەڵاتی دادوەریی پێداچوونەوەی جدی بە دۆسیەکەی شێروان شێروانیدا بکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار