پارە بلۆک کراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوور، کێشەکانی نێوانیان قووڵتر ئەکاتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بڵاوبوونەوەی نامەیەکی ڕەسمی  ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، بۆ پەرلەمانی  ئێران کە سکاڵای لە کۆریای باشوور کردووە کە ئامادە نییە ٧ میلیارد دۆلار قەرزی ئەم وڵاتە بداتەوە لە میدیاکانی ناوخۆی ئێران دەنگدانەوەی زۆری هەبووە.

ئەم نامەیە هەفتەی رابردوو نووسراوەو داوای لە محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کراوە رەشنووسێک ئامادە بکات بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان بانکی ناوەندی ئێران و کۆریای باشوور.

بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە لە کاتێکدایە  بەرپرسانی ئێران  لە مانگەکانی رابردوودا زۆرجار بانگەشەی ئەوەیان ئەکرد لەگەڵ کۆریا رێککەوتوون بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیەی کە لای ئەو وڵاتەیە و بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە ناڕاستبوونی بانگەشەکانیان ئەخاتەڕوو.

دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناسراو بە (بەرجام) و توندترکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کۆریای باشوور بە هۆی ئەو بڕە پارەیەی ئێران کە لە بانکەکانی ئەم وڵاتەدایە و ناتوانن دەستیان پێی بگات، تێکچووە.

حەوت میلیارد دۆلار، پارەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە بۆ کۆریای باشوور، کە کۆریا بە هۆی گەمارۆکانەوە ئامادە نییە ئەم پارەیە بۆ کۆماری ئیسلامی بنێریتەوەو ئێرانیش رێگای جیاوازی تاقی کردۆتەوە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە خاوەنی پارەکەی.

جێگەی ئاماژەیە تا بەر لە چوونە دەرەوەی ئەمرکیا لە بەرجام، کۆریای باشوور یەکێک بوو لە کڕیارە هەمیشەییەکانی نەوتی ئێران.

مانگی دەی ساڵی رابردوو، راگەیاندنە حکوومییەکان لە ئێران باسیان لە رێکەوتن کرد بۆ ئازاد کردنی "حەوت میلیارد دۆلار" پارەی ئێران کە لە کۆریای باشوور کە دەستی بە سەردا گیراوە، لە بەرامبەر ئازادکردنی "باقر نەمازی" هاوڵاتی ئێرانی – ئەمریکایی.

بەڵام چەند رۆژ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئەم رێککەوتنەی بە ناراست ناوبرد.

لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، محەممەد موخەبر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران بە میدیاکانی راگەیاند :" ئەو سەرمایە و پارە بلۆک کراوەکانی ئێران لە هەندێ لە وڵاتەکان ئازاد بووەو لە هەندێ لە وڵاتەکانیش لەوەدایە کە ئازاد بێت و دەستمان پێی بگات".

جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران باسی هیچ وڵاتێکی نەکرد، بەڵام رۆژێک پێشتر سەرچاوە دیپلۆماتیکەکانی  کۆریای باشوور بە رۆژنامەیەکی ئابووری ئەو وڵاتەیان وتبوو، کۆریا و ئەمریکا بە شوێن مێکانیزمێکدا ئەگەڕێن بۆ ئەوەی ٧ میلیارد دۆلاری ئێران کە لە بانکەکانی کۆریا دەستی بە سەردا گیراوە ئازاد بکەن.

دوو هەفتە دوای ئەو هەواڵەی رۆژنامە ئابوورییەکەی کۆریای باشوور، وەزیری دارایی کۆماری ئیسلامی بە گەشبینییەوە باسی لەوە کرد لە داهاتوویەکی نزیکدا و " لە رۆژانی داهاتوو رێگایەک ئەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەم پارانەی ئێران کە دەستی بە سەردا گیراوە ئازاد بکرێت".

بانگەشەکانی بەرپرسانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەربارەی وەرگرتنەوەی ئەم ٧ میلیارد دۆلارە لە کۆریایی باشوور ئەوەندە بڵاو کرایەوە تا وای لێهاتووە میدیاکانی ناوخۆی وڵات وەک "هەواڵی دووبارە" یان " هەواڵ دەرمانی" ناوی دەبەن و بە بێ بنەمای دەزانن.

بۆ وێنە مانگی ئەیاری رابردوو رۆژنامەی "تجارت نیوز"لەم بارەوە نووسیبووی :" هەواڵی وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیە لە کۆریای باشوور، هەموو مانگێک جارێ بڵاو دەکرێتەوەو دەبێ بە مانشێتی راگەیاندنەکان، بە تایبەت ئەو کاتانەی کە بەهای دراوەکان بەرزی و نزمیان هەیە  میدیاکانی سەر بە دەوڵەت دەیانهەوێ بە دووبارە کردنەوەی ئەم بابەتە "هەواڵ دەرمانی" بکەن.

 

جێگەی ئاماژەیە مانگێک لەوە پێش ئەمریکا بڕی ٣ میلیارد دۆلار پارەی ئێران لە بانکەکانی عێراقی ئازاد کرد بەو مەرجەی ئەو پارانە تەنها بۆ بوارە مرۆییەکان و ئەو بوارانەی سزاکانی ئەمریکا نەیگرتوونەتەوە بەکار بهێنرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار