رێکخراوی تەندروستیی جیهانی :43 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە پێویستە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دوای سەردانەکەی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزەکەی 6ی شوبات داوای 43 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.
تێدرۆس ئەدهانۆم گابرەیسوس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "ئەمڕۆ داوایەکمان بۆ تەرخانکردنی 43 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ پاڵپشتیکردنی هاوکاری بۆ تەندروستیی جیهانی کردووە." گوتیشی، ئەو بڕە بەگوێرەی زیادبوونی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە زیاد دەکات.
ئەدهانۆم سەبارەت بە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا بەهۆی ئەو بەربەستانەی کە هەبوون لە بەرامبەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان رۆژی شەممە سەردانی حەلەبی کرد و گوتی، بەرپرسانی سووریا ئامادەییان دەربڕیوە دەروازەی زیاتر لەنێوان وڵاتەکەیان و وڵاتانی دیکە بکرێنەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان هاوکات تائێستا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی 110 تۆن پێداویستیی پزیشکییان بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکانی رۆژئاوی کوردستان و سووریادا دابەشکردووە.
ئەمەشلەکاتێکدایە،ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە "دەستبەجێ دەنگ بدات" بۆ ڕێگەپێدان وداواکردنی گەیاندنی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆئەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر دەستی یاخیبوواندایە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی تورکیاوە پاش بومەلەرزەی کوشندەی هەفتەی ڕابردوو.
بەگوێرەی نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 4,300 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 7600 کەسیش بریندار بوون.
هەروەها بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستانەوە 29 هەزار و 605 کەسیش لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.