لە زانکۆیەکی ئەمریکا تەقەکەرێک سێ کەس دەکوژێت و پێنجی دیکە بریندار دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رووداوێکی تەقەکردن لە زانکۆی ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا روویداو و لانیکەم سێ کەس کوژران و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون. پۆلیس دەڵێت تەقەکەرەکە کە تەمەنی 43ساڵە خۆیشی کوشتووە.
رۆژی سێشەممە، 14ـی شوباتی 2023، کریس رۆزمان، جێگری فەرماندەی پۆلیس لە زانکۆی ویلایەتی میشیگن رایگەیاند، گومانلێکراوەکە کاژێر 8:00ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەکاتی نێوخۆ تەقەی لەنێو کامپەسی زانکۆکەدا کردووە.
دوای ئەوە، بەگوێرەی پۆلیس تەقەکارەکە بەپێ چووەتە بەردەم باڵەخانەیەکی دیکە و لەوێش دەنگی تەقە بیستراوە. دواتر، لە کۆنفڕانسێکی دیکەی رۆژنامەڤانیدا وەک رۆزمان رایگەیاند: "تەقەکەرەکە دوای ئەوەی خۆی بریندارکردووە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە".
کاربەدەستێکی نەخۆشخانەکەی خوێندکارەکانی لێیە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەو پێنج خوێندکارەی لە تەقەکردنەکەدا بریندار بوون، هەموویان لە دۆخێکی سەختدا ماونەتەوە.
تەقەکردنەکان نزیکەی 30 میل لە باشوری ئۆکسفۆرد لە میشیگان ڕوویدا، لەو شوێنەی کە چەکدارێکی هەرزەکار لە ساڵی 2021 تفەنگێکی بەکار هێنا کە باوکی وەک جەژنێکی کریسمەس کڕیبوو بۆ کوشتنی چوار قوتابی لە قوتابخانەی ئامادەیی لەو ناوچەیە.
رۆزمان لەو بارەیەوە گوتی سەدان پۆلیسیان راسپاردووە بۆ ئەوەی ئاسایشی زانکۆکە بپارێزن. گوتیشی تائێستا پاڵنەری پشت رووداوەکە دیار نییە.
بەرپرسانی میشیگن رایانگەیاندووە لەدوای رووداوەکە بۆ ماوەی 48 کاژێر هەموو چالاکییەکی زانکۆی ویلایەتی میشیگن رادەگرن.