ئێران ئایفۆن 14 قەدەغە دەکات
رێگە بە گەشتیاران نادرێت مۆدێلە بەرزەکانی ئایفۆن لە ئێران بەکاربهێنن
ئایفۆن 14
2 ساڵ لەمەوپێش
بە بڕیارێکی فەرمی حکومەت لە ئێران لە (20/2/2023) نابێت رێگە بە مۆبایلی (ئایفۆن 14) و مۆدێلەکانی دواتری ئایفۆن بدرێت بچێتە ناو وڵاتەکە.
بە پێی بڕیارەکە تەنانەت گەشتیارانیش ناتوانن (ئایفۆن 14) لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ئێران و چالاکی بکەنەوە چونکە سیستمی تۆڕەکانی مۆبایلی ئەو وڵاتە رێگا بە کارکردنی ئەو جۆرە لە مۆبایلانە نادات.
لە بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە تەنانەت بە پۆست یان رەوانەکردنی لە وڵاتێکی دیکەوە نابێت ئەو مۆبایلە بگاتە ناو خاکی ئێران.
پێشتر حکومەتی ئێران بڕیاری دابو ئەو جۆرە مۆبایلانەی کە نرخیان لە 600 دۆلار زیاترە نابێت بەشێوەی رەسمی لە رێگەی گومرگەوە بێتە ناو وڵاتەکەوە.
بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، ئێران روبەڕوی قەیرانی قوڵی ئابوریی بوەتەوە و داهاتی کرێکارێک کە سەرجەم 30 رۆژی مانگێک کاربکات ناگاتە 150 دۆلار و ئەوەش وای کردوە توانای کڕین بەشێوەی بەرچاو دابەزێت بۆیە حکومەت بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی ئەو کاڵا و کەلوپەل و ئامێرانە دەدات کە بە ناپێویست ناویان دەهێنێت.