سوودانی: دەبێت خەرجییەکان کەم بکرێنەوە
8 كاتژمێر لەمەوپێش
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووریی کرد و جەختی لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی داهات کردەوە.
حکومەتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی توندکردنەوەی ڕێکارە داراییەکان و فرەجۆرکردنی داهاتەکان، ڕزگاری بێت لە وابەستەیی تەواوەتیی بە نەوت؛ ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی جدیی بۆ ڕێکخستنەوەی خەزێنەی دەوڵەت و کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکان لە کاتێکدا کە بازاڕی وزە بەردەوام لە گۆڕاندایە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان، بەتایبەتیش پێشنیازی دیاریکردنی نرخی پاڵپشتیی حکومەت بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و چارەسەرکردنی دۆخی دارایی وڵات".
لەم کۆبوونەوەیەدا کە هەریەکە لە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی و وەزیرانی دارایی، پلاندانان و بازرگانیی تێیدا بەشدار بوون، چەندین پێشنیازی گرنگ تاوتوێ کران. یەکێک لەوانە پاڵپشتییکردنی هەناردەی کاڵای عێراقیی بوو لەرێگەی پێدانی قەرز و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئابووریی نانەوتیی، تاوەکو داهاتەکان تەنها لە یەک سەرچاوەوە نەبن. سوودانی بڕیاریدا لیژنەی جیاواز و پسپۆڕ پێکبهێنرێن بۆ ئەوەی بە وردیی لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو پێشنیازەکان بکەن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدەن، بە جۆرێک کە هەموو هەنگاوەکان پاڵپشتیی لە پلانی چاکسازیی ئابووریی حکومەت بکەن و خەرجییە ناپێویستەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە.
حکومەت دەیەوێت نرخی بەرهەمە نەوتییەکان و شێوازی پاڵپشتییە داراییەکان ڕێکبخاتەوە. بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا زنجیرەیەک بڕیاری نوێ بۆ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی کورتهێنان دەربچێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بودجە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەبێت.
ئابووریی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش هەمیشە حکومەتەکانی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی کردووەتەوە لە کاتی دابەزینی نرخەکاندا.
