عێراق: هێزەکانمان لە سنووری سووریا لەوپەڕی ئامادەباشیدان
7 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەواوی هێزەکانی لە سەرجەم سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا لەوپەڕی ئامادەباشی و چاودێریدان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردنی تێرۆریستان.
لیوا میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا جەختی کردەوە: "سەرجەم سنوورەکانی عێراق ئارامن و ناوچە هاوبەشەکان لەگەڵ سووریا لەوپەڕی پتەویی و چاودێریدان و هیچ مەترسییەک لەسەر سنوورەکان نییە".
ئەم دڵنیاییەی بەغدا لە کاتێکدایە کە هەڕەشەی هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیاد بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا کە زیندانی "شەدادی" لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکان نەماوە.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەرێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و چاودێریی وردی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، هەر جووڵەیەکی گوماناوی لەسەر هێڵی سنووریی دەکەن.
حکومەتی عێراق ئامادەکاریی تەواوی کردووە تاوەکو ڕێگریی لە هەر هەوڵێکی بەکۆمەڵ یان تاکەکەسیی تێرۆریستان بکات کە بیەوێت سوود لە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەربگرێت بۆ تێپەڕبوون بەرەو ناو خاکی عێراق.
دۆخی ناوخۆی سووریا و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی هەندێک زیندانی داعش، فشاری ئەمنیی لەسەر عێراق دروست کردووە، بەڵام بەرپرسانی ناوخۆ جەخت دەکەنەوە کە سوپا و هێزەکانی سنوور لە حاڵەتی "ئامادەباشیی پێشوەخت"دان و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست گیراوەتە بەر تاوەکو ئاسایشی نیشتمانیی بپارێزرێت.
عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا ملیارەها دیناری بۆ دروستکردنی دیوار و خەندەقی سنووریی لەگەڵ سووریا خەرج کردووە؛ ئەم هێڵە سنوورییە کە درێژییەکەی زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هەمیشە وەک مەترسیدارترین ڕێڕەوی گواستنەوەی تێرۆریستان لەنێوان هەردوو وڵاتدا بینراوە.
