ئێران بانگهێشتی گەورەترین کۆنفڕانسی ئاسایشیی جیهان ناکرێت
ئێران: رۆڵی گرنگمان هەیە لە ئاسایشی جیهان و ناوچەکە
کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونخ
2 ساڵ لەمەوپێش
ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمیی و دژایەتیی ئیسرائیل، بانگهێشت کۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ناکرێت و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی رایدەگەیەنێت؛ رۆڵی وڵاتەکەی لە ئاسایشی جیهان و ناوچەکەدا گرنگە.
دوای ئەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند ئێران و چین و کۆریای باکور بۆ کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونخ (Munich Security Conference) بانگهێشت ناکرێن و وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە رەخنەی لە بەرلین گرت کە تاکلایەنە بڕیاری لەو شێوەی دژی تاران داوە.
ئەمڕۆ دوشەممە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەگەر ئامانجی کۆنفڕانسی میونخ بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانە ئەوا بانگهێشت نەکردنی ئێران هەڵەیەکی گەورەیە لە لایەن ئەڵمانیاوە.
ئامادەکارانی کۆنفڕانسی میونخ ئاماژەیان بەوە کردوە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران وەک نوێنەری ئەو وڵاتە بەشداریی دەکەن چونکە رێگە بە دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان نادرێت بەشداریی لە کۆنفڕانسەکەدا بکەن.
کریستۆفەر هویزگن، بەڕێوبەڕی کۆنفڕانسی میونخ رایگەیاندوە؛ بەهۆی دژایەتی ئیسرائیل و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بانگهێشت کردنی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنفڕانسەکە رەت کراوەتەوە جگە لەو وڵاتەش چین و کۆریای باکور بانگهێشت نەکراون.
بڕیارە (59)یەمین کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونخ بە بەشداریی نوێنەرانی زیاتر لە 90 وڵاتی جیهان لە (17/2/2023) لە شاری میونخ لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت کە بە یەکێک گرنگرترین کۆربەندەکانی جیهان بۆ پرسی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لەقەڵەم دەدرێت کە لە ساڵی (1963) دامەزراوە.