لە هەفتەیەکدا هەشت بومەلەرزە لە کرماشان رودەدات
لە سێ پارێزگای رۆژهەڵات ژمارەیەک بومەلەرزە تۆمار دەکرێت
گوندێکی ناوچەی داڵاهۆ لە کرماشان
یەک ساڵ لەمەوپێش
بومەلەرزە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بوە و زۆربەیان لە ورمێ و کرماشان رو دەدەن.
ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ تەنها لە هەفتەی رابردودا هەشت جار بومەلەرزە ناوچەکانی پارێزگای کرماشانی گرتوەتەوە کە گوڕەکەیان لە نێوان 2.5 بۆ 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر بوە.
ئەو بومەلەرزانە ناوچەکانی قەسری شیرین و داڵاهۆ-ی لە کرماشان گرتوەتەوە و رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردو کاتژمێر 8:21 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر لە داڵاهۆ رویدا و وتەبێژی مانگی سوری کرماشان رایگەیاند؛ بومەلەرزەکە زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە و تەنها تیمەکانیان کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوە لەو هەفتەیەدا زیاتر لە دوو بومەلەرزە لە شاری خۆی و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای ورمێ بە گوڕی 2.5 بۆ 3 بە پێوەری ریختەر رویداوە.
هاوکات لەگەڵ کرماشان و ورمێ زیاتر لە دوو بومەلەرزە لە کامیاران سەر بە پارێزگای سنە رویداوە کە گوڕەکانیان لە نێوان 2.5 بۆ 3 پلە بە پێوەری ریختەر بوە.
ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە رایگەیاندوە؛ زیاترین بومەلەرزە لە ماوەی یەک هەفتەدا لە کرماشان تۆمار کراوە و زیانێکی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە.